Print WWW.SBEIY.COM
 حیزب و کاندید و دروشم
به‌ختیار شاره‌زوری
20/09/2013
هەر گروپ و رێکخراو و حیزبێک کاتێک کاردەکات دەیەوێت لە چوارچێوەى ستراتیژى خۆیدا هەڵگرى کۆمەڵێک دروشم بێ تا کۆمەڵگا ئاراستە بکات بەپێى ئەو سیناریۆ و تاکتیکانەى کە هەیەتى بۆ ئەوەى بتوانێت کار لە کۆى کۆمەڵگا بکات. ئەمەش لە چوارچێوەى ئەو یاسایانەى کە کۆمتمانەیى لەسەرە و دەبێت هەمومان پابەند بین پێوەى.

ئێستا لەم گەرمەى ململانێ و کێبڕکێیانەدا ئەوەى کە زۆرە دروشمە بە تایبەت کە هەڵبژاردنەکان یەک بازنەییە و سنورى کارکردنى کاندیدەکان فراوانە و تاکى دەنگدەریش دەتوانێت بە بێ سنور کام کاندید و کام حیزبى بە دڵ بێت دەنگ بدات، ئەم تاکە ئێستا کەوتوەتە ناو دنیایەک لە ستاتیکاى دروشم و بەهەشتێک دروست بوە لە دروشم کە تاکێک نامێنێت لە ناو ئەم حەشاماتە لە دروشم و بەهەشت شوێنێکى بەرنەکەوێت، بە مانایەکى تر دروشمەکان دنیایەک هیوایان پێیە بۆ ئەم تاکە تا بتوانرێت ببێتە هیوایەکى گەورە بۆ کۆى گشتى.

حیزبەکان پڕن لە دروشم. کاندیدەکان پڕن لە خەندە و دروشم. هەمو ئەمانە بەو مانایە دێت کە لە دواى دروستبونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە توانراوە سندوقى دەنگدان و گەڕانەوە بۆ تاک و بەسەنتەرکردنى ناوەندى بڕیار لاى تاک جۆرێک لە گەڕانەوەى متمانە بۆ تاکى دەنگدەر بگەڕێتەوە کە بۆ خۆى کێبڕکێ و ململانێکان رۆحى بزاوتى بەرەو پێشبردنى کۆمەڵگان ئەمەش بە کردار لە دواى بزوتنەوەى گۆڕانەوە لە دایک دەبێت و سەرەتاى قۆناغێکى نوێ و بڕینى دۆخى چەقبەستوى کۆتایى دێت و تاک لەوپەڕى پەراوێز بونەوە دەبێتە سەنتەر بۆ بڕیاردان لەسەر پڕۆژەیەک یان دروشمێکى حیزبى یاخود بەڵێنى کاندیدەکان کە دەکاتە ئەوەى بتوانین بڵێن لە دواى دروستبونى گۆڕانەوە تاک بە مانا کاراکەى لە دایک دەبێت و سەرەتاى بزاوتى کۆمەڵگا دەست پێ دەکات، لەم نێوەندەدا دەکەوینە بەردەم پۆلێنکردنەوە لە نێوان بەرەى ئۆپۆزسیۆن و بەرەى دەسەڵاتدا لە ناو ئەم دو بەرەیەدا دەکەوینە بەردەم کاندیدەکانەوە کە دەکرێت بپرسین ئایا ئەم دو بەرەیە کامیان نزیکن لە تاکى دەنگدەرەوە؟ کامیان متمانەیان زیاترە؟

لەم نێوەندەدا، ئەوەی راستەو بەرچاوە بەهۆی هاتنەئارای ئۆپۆزسیۆنێکی کاراوە لەماوەی جوار ساڵی رابردودا، ئەم وەرچەرخانانە لە گۆڕەپانی سیاسی و کایەی مەدەنی هاتوەتەئاراوە:
1- شەڕى سڕینەوەى بەرامبەر بگۆڕن بۆ کێبڕکێى یەکتر.
2- کودەتاى عەسکەرى بگۆڕن بۆ ململانێى سەر سندوقەکانى دەنگدان.
3- تاک لە پەراوێزبونەوە بکەنە سەنتەرى بڕیار.
4- بەدەر لە هێزى دوەم شەقام وەک هێزى سێیەم دروست بکەن کە چاودێر بێت بەسەر هەردولاوە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات.
5- رۆڵى دەسەڵاتى چوارەم (میدیاکان) بکەنە رۆڵێکى ئەکتیڤى چاودێرى گشتى.
6- هەوڵدان بۆ بەکلتورکردنى دەستاو دەستکردنى دەسەڵات .
7- هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە جیاکارى جوگرافى کاڵکردنەوەى زۆنى سەوز و زۆنى زەرد.
8- هەوڵدان بۆ بەرگرتن لە جیاکارى جوگرافیاى کۆمەڵایەتى بە خێڵ و تیرە و ناوچەگەرییەوە.
9- هەوڵدان بۆ ستراتیژێکى سەربەخۆى نەتەوەیى هەرێمى دەرچون لە پاشکۆیەتى ستراتیژى وڵاتان.
10- دەرچون لە بەشەرعیەتکردنى پاوانکردنى دەسەڵات بەشەرعیەتى شۆڕشگێڕانە و شاخ.
11- هەوڵدان بۆ رونى لە داهات و خەرجییەکاندا.
12- موتربەکردنى تواناى گەنجان و پیران و ڕۆڵ پێدان بە گەنجان و چونە ناوەندى دەسەڵاتى حیزبییەوە.

لەگەڵ چەندان هەوڵى تر، هەمو ئەمانە وا دەکات کە حیزب و کاندیدەکان ئەگەر چى لە دروشمەکانیاندا هەمویان نزیکن لەیەکەوە، بەڵام بۆ جۆر و چۆنێتى متمانەکان بە پێى حیزب و لیستەکان دەگۆڕێ.