Print WWW.SBEIY.COM
 نهێنیەکانی پشت پرۆژەی هەڵبژاردنی کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان
12/11/2013

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ٨ ساڵە بەربەستی بۆ دروستدەکرێت. مادەی ٢٣ لە یاسای ٣٦ ساڵی ٢٠٠٨ ی پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی عێراق دیارترین کۆسپی یاسیی بو. ئەم کۆسپە بە تانە لێدان لە دو بڕگەی ئەو مادەیە لە دادگای باڵای ئیتحادی عێراق تواندرا لاببرێت. دوای لابردنی ئەم کۆسپە وا چاوەڕوان دەکرا بەپێی یاسای ٣٦ی ساڵی ٢٠٠٨ و بەبێ مادەی ٢٣، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وەک هەمو شارەکانی عێراق و هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەبێ هیج تایبەتمەندیەک ئەنجام بدرێ، بەڵام چەند پەرلەمانتارێکی کەرکوکی لە کورد و عەرەب پرۆژەیەکیان ئامادەکرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی کەرکوک، بەمەش جارێکی تر تایبەتمەندی درایەوە بە کەرکوک، لە راستیدا بە بێ وردبونەوە دەردەکەوێ ناوەڕۆکی ئەم پرۆژەیە هاوجوتە لەگەڵ ناوەڕۆکی مادەی ٢٣.

ئەم پرۆژەیە لەم کاتە بۆ؟ ئەم پرۆژەیە هی ئەمڕۆیە یان پێشتر کاری لەسەر کراوە؟ چ نهێنیەکی پشت پەردە هەیە و جەماوەر نایبێنێ؟ چ ئەجندایەک بەدەستەوەیە؟ ئەم پرۆژەیە کەرکوک بەرەوکوێ دەبات؟ کێن ئەوانەی کار بۆ ئەم پرۆژەیە دەکەن و سودی لێ دەبینن؟

بۆ وەڵامی رونی ئەم پرسیارانە و چەندینی تر پێویست دەکات بگەڕێمەوە بۆ رابردو:
لە ٢٠٠٣وە حیزبی کوردی بە دروشمی بریقەدار باس لە گەڕانەوەی کەرکوک دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە واقعیشدا پێچەوانەکەی دەبیندرێت. ئەمەش وای کرد هەمو ئەوانەی لەگەڵ بیرۆکەی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوکن، ئەو خەمساردییەی دەسەڵاتی کوردی لە گوێی خەڵکی کەرکوک بخوێنن، بە خەڵک دەڵێن "بەرپرسانی هەرێم نەوتەکەمان دەدزن و هیچمان بۆ ناکەن". دەشڵێن "ئەی ئەوە نیە خوێندکارانی کەرکوک لە زانکۆکانی هەرێم وەرناگێرێن"، یان "ئەوە حیزبی کوردی نیە داودەزگاکانی کەرکوکی هاوشێوەی هەرێم کردوە بە دو بەشەوە"، یان دەڵێن  ئەی ئەوە هەرێم نیە کارەبامان پێ دفرۆشن" ئەمانە و دەیان دەڵێنی تر... لە دەزگاکانی راگەیاندنیش بەپێچەوانەوە لێدوان دەدەن.

لە ٢٠١١ و ٢٠١٢ چەند کادرێکی کەرکوک سەردانی وڵاتانی نەمسا، هۆڵەندا و ئینگلتەرە دەکەن و لەگەڵ کەرکوکیەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتانە باسی بون بە هەرێمی سەربەخۆی کەرکوکیان کردوە.

لە ٢٠١٢ شاندێکی فراکسیۆنی گۆڕان ( حاکم شێخ لەتیف، شۆڕش حاجی، سەردار عەبدوڵا، شاهێن خان) سەردانی کەرکوکیان کرد، لەو سەردانە بەندە هاوڕێیەتیانی کرد. یەکەم هەنگاو سەردانی پارێزگاری کەرکوک (دکتۆر نەجمەدین کەریم)مان کرد. ئەگەرچی پێشتر هەندێ زانیاریم هەبو لەسەر هەوڵی پارێزگاری کەرکوک بۆ بە هەرێمکردنی کەرکوک، بەڵام لەو دانیشتنە جەنابی بەڕاشکاوی نەیشاردەوە و باسی لە هەرێمی سەربەخۆی کەرکوکی کرد. بەندە و پەرلەمانتارەکانی شاندەکە دژی بیرۆکە کە وەستاینەوە و قسەی خۆمان هەبو. لێتان ناشارمەوە لەوکاتە وێنەی ئەو خوێنەی لە لاشەی خۆم و هەڤاڵەکانم لە پێشمەرگایەتیدا لە پێناوی کەرکوکدا رژابو هاتەوە بەرچاو و بەرچاوم تاریک بو، ئاهێکی قول و پڕ بە گەروم هەڵکێشا. لێرەوە ئەو گومانەی هەمبو لەسەر هەمو لێدوانە تەلەفزیۆنەکانی پارێزگار و هەڤاڵەکانی لام رەوایەوە.

کەسانێکیش هەن بە هەرێمبونی کەرکوک دەدەن بەگوێی ئەمەریکیەکاندا و لەناو خەڵکیش باس لە پشتگیری ئەمەریکیەکان دەکەن لەم بارەوە. وەک خەڵکانێکی پشو کورت، کەسانێک نە لە رابڕدو توانیویانە نە لە داهاتوش دەتوانن ئەمری واقیع بە ئەمەریکا نیشان بدەن. لە یەکێ لە سەردانیەکانم بۆ لای قونسڵی ئەمەریکا لە هەولێر، باسی ئەم بابەتەی کرد، زۆر بە راشکاوی پێم وت "بە هەرێمکردنی کەرکوک غەدرێکی گەورەیە لە کورد دەکرێ، وەک کەرکوکیەکیش من پێم قبوڵ ناکرێت، جگە لەم بیرۆکەیە بەدیلی تر بۆ چارەسەری پرسی کەرکوک هەیە". لە قسەکانی قونسڵ بۆم دەرکەوت لەم بارەوە قسەی لەگەڵ زۆر لە کەرکوکیەکان کردوە.

لە ٢٠١٢ لەگەڵ کاک لەتیف فاتح فەرج و کاک ئەحمەد عەزیز دوای قسەکردن لەگەڵ رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی بەرنامەیەک هەوڵی نزیکبونەوەماندا لەگەڵ زۆرێک لە پێکهاتەی تورکمان. بە کورتی پێمان راگەیاندن کە کورد دەست لە پرسی کەرکوک هەڵناگرێ، دۆستایەتی و شەراکەتی تورکمانمان لە کوردستان زۆر پێ باشە، چونکە کورد و تورکمان بەدرێژایی حوکمڕانی بەغدا ستەمیان لێکراوە. لە دەستوری هەرێمی کوردستان مافەکانی تورکمان پارێزراو بێت و وەک نەتەوەی دوەم و مافی هاوڵاتی بون لە حکومەتی هەرێمدا شەریکی راستە قینە بن. بۆ ئەم مەبەستەش بە زارەکی رێککەوتین هەریەک لای خۆیەوە دەست بکات بە نوسینەوەی پرۆژەیەک بۆ چۆنیەتی پێکەوەژیانی کورد و تورکمان.

بەڵام دوای چەند مانگێک هەستمانکرد بەجۆرێ لە ساردبونەوە لە لایەن ئەو تورکمانانەی قسەمان لەگەڵ کردبون. دوای بەدواداچون دەرکەوت مەسەلەی بە هەرێمبونی کەرکوکیان لەگەڵ باسکراوە. لەمبارەوە دو رایان لا دروست بو بو. بە هەرێمبونی کەرکوک بۆماوەی ٥ یان ٨ ساڵ پاشان راپرسی لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی کەرکوک.

 لایەنێکی تری پشتی پەردەی ئەو پرۆژەیە لە هەستکردنی هەندێ کادری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە باڵادەستیان لە کەرکوک سەرچاوەی گرتوە. یەکێتی لە ٧/٣/٢٠١٠  پێنج کورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە، بەرامبەر بە یەک کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش کە لە ٢٠٠٥وە ئەنجام نەدراوە ژمارەی کورسیەکانیان وەک یەکن. ئەم هاوسەنگیەش پێچەوانەی بەرکەوتەی هەڵبژاردنە و غەدریشە لە یەکێتی دەکرێ. ئەو کادرانە پێیان وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوی کەرکوک زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەن بەدەست دێنن، بەمەش دەتوانن لاسەنگی یەکێتی لە هەرێم و لە پارێزگای موسڵ پێڕاستکەنەوە. ئەمەش بە مافێکی رەوای یەکێتی دەزانم.

ئەوەی زۆر بە ناڕەوای دەزانم لەکاتێکدا مادەی ٢٣ لەلایەن دادگای باڵای ئیتحادی عێراقەوە رەتکراوەتەوە، پەنابردنە بەر پرۆژەی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەم پەنابرندە لە لایەن هەر کەس و حیزبێکەوە بێت.

جێی خۆیەتی هەمو ئەو بەڕێزانەی وەک تاک پشتگیری بە هەرێمبونی کەرکوک دەکەن، دەنگ هەڵبڕن و بە راشکاوی باسی بکەن. بۆئەوەی زۆر شەفافانە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و یەکڕویانە بۆ رای گشتی قسە بکرێت.
من دەڵێم "نا بۆ هەرێمی سەربەخۆ، نا بۆ هیچ تایبەتمەدنیەک بۆ هەڵبژاردنی کەرکوک، بەڵێ بۆ گەڕانەوەی کەرکوک و هەمو ناوچەکانی دیکە بۆ سەر خاکی کوردستان، کەرکوکێک لەناو هەرێمدا خاوەن ئیدارە و میزانیەی خۆی بێت، مافی پێکهاتەکانی لە دەستوری هەرێمدا پارێزراو بێت و شەریکی راستەقینە بن لە حکومەی هەرێمدا"*

هەر لەمبارەوە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانی بەم لینکە بابەتێک بخوێنیتەوە.*
http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=5423&AuthorID=47