Print WWW.SBEIY.COM
 ئەردۆگان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد
مه‌لا فه‌رمان
18/11/2013

میدیاکانی تورکیا ئاماژە بە بایەخدانی ئەردۆگان دەکەن بە هەڵبژاردنی ٣/٢٠١٣ ، بە گشتی پێیان وایە بۆ یەکەم جارە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە ناوەو و دەرەوەی تورکیا ئەوەندە بە بایەخەوە کاری بۆ بکرێ. هۆکارەکەشی بۆ ترسی پارتی ئاکاپە دەگێڕنەوە لە شکستهێنان لەو بەرنامەیەی دەستیان پێکردوە بۆ ناوخۆی تورکیا و سیاسەتی دەرەوەیان. ئەم حیزبە سەرەتای پڕوپاگەندەی بە دو تەوەری جیا دەست پێکرد، هەریەکێ لەو تەوەرانەش بە کەسی زۆر بە هێز و بە دەسەڵات سپێردراوە:

یەکەم: تەوەری عەلەوەیەکان

دو هەفتە لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرداانی بەغدا و مەرجەعە شیعیە جیاجیاکانی کرد، تورکیا وەک سەرە جەمسەری سەرەکی مەزهەبی سونە مێژویەکی دورودرێژی هەیە و داکۆکیکاری سەرسەختی ئەم مەزهەبە بوە بەرامبەر تەوژمی شیعە. بۆیە سەردانێکی لەو ئاستە و لەمکاتە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە. ئەم سەردانە جۆرێک لە ترسی لای سونە دروستکردوە، ترسی ئەوەی تورکیا لە جەمسەری سونە دوربکەوێتەوە و سونەی عێراق رادەستی رەحمەتی شیعە بکات.

هەر لەم بارەوە، بەڵام لە ناوخۆی تورکیا سەرۆک کۆماری تورکیا عەبدوڵا گویل لە ١٥/١١/٢٠١٣ بە بۆنەی یادی موحەرەم و عاشوراوە سەردانی پێکهاتەی عەلەویەکانی کرد لە هەرێمی ئەرزنجان (پێکهاتەی عەلەوی نزیکەی ١/٤ دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنن). لە قسەکانیدا ئاماژەی بە شەهیدکردنی ئیمام حوسێندا بەدەستی ئەمەوەیەکان. ئەم سەردانیە هاومەبەستە لەگەڵ سەردانەکەی داود ئۆغلو بۆ بەغدا. لەکاتێکا بە درێژایی دەوڵەتی تورکیا بە ئێستاشەوە پێکهاتەی عەلەوی پەراوێزخراوە. رەخنەیەکی زۆریان لە پاکێچی چاکسازی و کرانەوەی دیموکراتی ئەردۆگان هەیە لەبەرئەوەی لە دورونزیک باس لە مافەکانی ئەم پێکهاتەیە ناکات.

دوەم: تەوەری کورد
بەپێچەوانەی عەلەویەکان گەلی کورد لە تورکیا نەک هەر چەوساندنەوەی نەتەویی لەسەر بوە، بەڵکە تا چەند ساڵێ لەمەوبەر نکۆڵی لە بونی کراوە لە تورکیا. خەباتی گەلی کورد دژ بە ستەمی دەوڵەتی تورکیا گەیشتۆتە رادەی بەرپابونی شۆڕشی چەکداری، لە ناوخۆی تورکیاش خەباتی سیاسی و پەرلەمانی کورد رێگەی دروستی خۆی گرتوە و دەنگدانەوەیەکی سیاسی باشی هەیە. تورکیا گەیشتە ئەو باوەڕەی چیتر ناتوانی بەهێز بەردەوامی بە ستەمکاری بە رامبەر بە کورد بدات. هەنگاونانی ئەردۆگان بەرەو کرانەوەی دیموکراسی زۆر لەسەرە خۆن و بۆ گەلی کوردیش پەیامێکی جدی پێ نیە. بۆیە ئەو هەنگاوەی ئەردۆگان جۆرێکە بە درێژەدان بە ستەمکاری بەرامبەر بە کورد، بەڵام بەشێوازێکی مۆدێرن. ئەگینا مافەکانی کورد وەک میلەتێک دیار و ئاشکران. ئەگەر تورکیا یان هەر لایەنێکی تر مافی کورد لە جلوبەرگ پۆشین، گۆرانی گوتن و یان گوتار خوێندنەوە بە کوردی و بە جلی کوردیەوە دەبێنێ، ئەوا هەڵەیەکی گەورەی کردوە. مافەکانی کورد لە تورکیا و وڵاتانی تر خوێ لە دیاریکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و سنوری ماڵەکەیدا دەبینێت. ئەم هەنگاوەش لە گۆڕینی دەستوری تورکیاوە دەست پێدەکات، جێی خۆیەتی بپرسین، ئایا ئەردۆگان ئامادەیە لە دەستوردا باس لە شەراکەتی کورد و تورک بکات  لە تورکیا؟ یان ئامادەیە تورکیا بکاتە وڵاتێکی ئیتحادی و هەرێمی کوردستان لەناو تورکیا خاوەن سنور و ناسنامەی خۆی بێت؟ نەخێر، تائێستا ئەم دو داوایا لە ئەجندای ئەردۆگان و حیزبەکەی جێیان نەبۆتەوە.

بۆیە داوەتکردنی مەسعود بارزانی بۆ ئامەد جگە لە پڕوپاگەندەیەکی دولایەنەی حیزبی هیچی تر نیە. ئەردۆگان بەم داوەتە دەیەوێ کار لەسەر میحوەری کوردی دەست پێبکات.

مەبەستێکی تری ئەردۆگان لە نزیکبونەوە لە میحوەری کوردی پەیداکردنی هاوشانێکە لە کورد خۆی بۆ دژایەتیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەو رەوشە تازەیەی بۆ کورد هاتۆتە پێشەوە لە سوریا. جگە لەم شێوازە تورکیا رێگا بۆ خەڵکی تونڕەوی ئیسلامی خۆشدەکات تا لە تورکیاوە بچنە سوریا بۆ هاوکاری بەرەی نوسرە و شەڕی کوردانی رۆژئاوا. دیارترین بەڵگە ش لەم بارەوە چونی گەنجە تونڕەوەکانی هەڵەبجە و ناوچەی چۆمانە لە رێگای تورکیاوە بۆ سوریا.