Print WWW.SBEIY.COM
 بۆچی گۆڕان وەزارەتی تەندروستی وەرگرێت؟
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
16/12/2013

وەکو هەر بابەتێکی هەستیار و چارەنوسساز، دو رای جیاواز لەسەر مەسەلەی وەرگرتن یا وەرنەگرتنی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە دروستبوە. رای یەکەمیان پێیوایە کە بزوتنەوەکە وەزارەتی تەندروستی وەرنەگرێت باشترە. ئەوانەی ئەم رایە بە پەسەند دەزانن، پێیان وایە بزوتنەوەی گۆڕان لە چاککردنی سیستمە سەقەتەکەی تەندروستی سەرکەوتو نابێت. ئەم گروپە دەڵێن کە کێشەکانی سیستمی تەندروستی ئەوەندە قوڵ و ئاڵۆزن کە ناکرێت بە چوار ساڵ چارە بکرێن و ناشکرێت بە تەنها وەزارەتێک هەمو دەردەکان تیمار بکرێن. دواجار نەخۆشیەکانی سیستمی تەندروستی پەیوەندییان بە کایەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەوە هەیە و بەتەنها چاکسازی لە وەزارەتی تەندروستیدا بەس نابێت.

دەمەوێت زۆر بە راشکاوانە بڵێم کە بەندە دژی ئەو رایەی سەرەوەم و خۆم سەر بە گروپێک دەزانم، کە پێمانوایە نەک پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان وەزارەتی تەندروستی وەربگرێت، بەڵکو دەشبێ شەڕی گەورە لەسەر وەرگرتن و چاککردن و ریفۆرم کردنی وەزارەتەکە بکات.

سەرەتا، ئیهانەیەکی گەروەیە بە بانگەشە و بانگەواز و دروشمەکانی گۆڕان ئەگەر بزوتنەوەکە خۆی لە وەرگرتنی ئەرکێک بەدور بگرێت تەنها لەبەرئەوەی کە ئەگەری سەرنەکەوتنی هەیە لەو ئەرکەدا. ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی لە هێز و حیزب و گروپە رەکابەرەکانی تر جیادەکردەوە ئەوە بو کە بزوتنەوەکە لەپێناوی خۆی دانەمەزراوە و کار ناکات، بەڵکو لەپێناوی بەرژەوەندی هاونیشتیمانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دەستەبەرکردنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. جا چی میکانیزمێک و ئامرازێک کە خزمەت بەو ئامانجە بکات، پێویستە بزوتنەوەکە بیگرێتەبەر بەدەر لە هاوکێشە و حیساباتەکانی سەرکەوتن یا ژێرکەوتن. بەکورتی ئەوەی لێرەدا پێویستە رێپیشاندەری بزوتنەوەکە بێت، ئەوە نیە کە ئاخۆ گۆڕان خۆی سەرکەوتو دەبێت یا نا، بەڵکو ئەوەیە کە ئایە ئەو کارەی کە گۆڕان دەیکات چی کاریگەریەکی دەبێت و ئاخۆ بە قازانجی هاوڵاتیان دەشکێتەوە یا نا. ئەگەر بزوتنەوەکە ئەم میتۆدە لە بیرکردنەوە هەڵگرێت و بەکاربهێنێت، بەدڵنیایەوە سەرکەوتن بۆ ئەوە، بەڵام ئەگەر بەشێوازێکی خودویست مامەڵەبکات ئەوە مەترسی ژێرکەوتن و شکست هەردەم یەکێک دەبێت لە ئەگەرە بەهێزەکان.

بە دیوێکی تردا، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو چاکسازی و لە دەرەئەنجامی گەندەڵی و ناکارامیی لە کارکردنی حکومەتدا دروستبو. بەشێکی گەورەی ئەو گەندەڵی و ناکارامەیی و نەبونی سیستم و بێسەروبەریەی حکومەت تێدا تێدەپەڕێت بەر سیستم و وەزارەتی تەندروستی دەکەوێت. ئەگەریش رونتر قسە بکەین بەشێکی گەورەی شکستی یەکێتی نیشتیمانی بۆ بێ پلانی و کوتلەبازی و ناکارامایی ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە لە ناو وەزارەتی تەندروستیدا، کە لەماوەی ٧ ساڵی رابوردودا بەدەست ئەو حیزبەوەیە. کە هاوڵاتیانی کوردستان دەنگیان بە یەکیتی نیشتیمانی نەدا، بەشێکی گەورەی ئەو پەسەندنەکردنە بەهۆی گەندەڵییە گەورەکانی ناو سیستمی تەندروستی و تەواونەکردنی نەخۆشخانەکان، کێشەی دەرمان و کوێرکردنی هاوڵاتیان و حیزبایەتی کوشندە و گوێنەگرتنی ئەو حیزبە بو لەناو وەزارەت و سیستمی تەندروستیدا. وەرگرتنەوەی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یا حیزبەکەی تری دەسەڵاتەوە، شکستێکی گەورە دەبێت بۆ میکانیزمەکانی دیموکراسی و ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات، چونکە مانەوەی وەزارەتی تەندروستی لای یەکێتی دژە بە زۆرایەتی ناڕازی لە ئەدائی یەكێتی و وەزیرەکانی لە وەزارەتی تەندروستیدا.

راستە بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێی پەرلەمانتار و تەلەفزیۆن و رۆژنامە و کەسە نزیک و هەڵسوڕاوەکانی سیستمی تەندروستی لە بابەتێکی سیاسی بچوک و نزمەوە گواستەوە بۆ کێشە و گرفتێکی سیاسی گەورە، بەڵام ئەوە بە تەنها بەس نیە. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارێتیەکی گەورەتر و مەزنتری لەسەر شانە. ئەوەی کە لە شتێ ناڕازییە دەبێت ئازاییەتی و پلان و بەرچاوڕونیەکی ئەوتۆی تێدا بێت، کە ئەوەی لێی ناڕازیە بگۆڕێت و چاکسازی تێدا بکات. دوای ئەو هەمو رەخنە و قسەکردنە لەسەر وەزارەتی تەندروستی، کورتبینیەکی گەورە دەبێت ئەگەر هەبن بڵێن باش نیە گۆڕان وەزارەتی تەندروستی وەرگرێت، چونکە ئەگەری شکستهێنانی لەو وەزارەتەدا لە سەرکەوتنی زۆرترە.

وەرگرتنی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن گۆڕانەوە تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی و زەرورەتێکی سیاسی نیە، بەڵکو هەلێكی مێژوی و چانسێکی گەورەیە کە کاتی هاتوە و هەمو مەرجەکانی گەیوە. هیچ کاتێک وەکو ئێستا هاونیشتیمانیان لە پاڵ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و تەنانەت سیاسیەکانیش بەدەست سیستمی تەندروستیەوە بیزار نەبون. رەنگە ئەگەر لەم جومگە مێژویەدا،  کە تەنانەت پارتیش وا دەردەکەوێت قەناعەتی کردبێت  کە پێویستی بە گۆڕانکارییە، چاکسازیی نەکەین دەشێت چوار ساڵی تر کێشە و گرفتەکان بە جۆرێک کەڵەکە و ئاڵۆز بن کە لە ئێستا زەحمەتتر و تەنانەت چارەیان مەحاڵیش بن.

لە هەمو ئەوانە گرنگتر، بزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵێک هەڵسوڕاو و دۆست و کەسی نزیکی هەیە کە بای ئەوەندە شارەزایی و ئەزمون و دنیابینیان هەیە کە توانای ئەنجامدانی چاکسازی گەورە بن لە سیستمی تەندروستیدا. هاوکات، هیچ پێویست بەوە ناکات کە بزوتنەوەی گۆڕان بەتەنها پشت بە هەڵسوڕاوەکانی خۆی ببەستێت. بەپێچەوانەوە، گەرەنتی سەرەکەوتنی گۆڕان لە باشکردنی دۆخی سیستم و سیاسەت و وەزارەتی تەندروستی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە تیمێک لە خەڵکی تەکنۆکرات بۆ بەڕێوەبردن و پێشڕەوایەتی وەزارەتی تەندروستی دروستبکات کە تەنها یەک ئامانجیان لە پێش چاو بێت، کە ئەویش کوردستانێکی تەندروست و دوارۆژێکی تەندروستترە بۆ نەوەکانی داهاتو.