Print WWW.SBEIY.COM
 چی لە تەندروستی بکەین؟: نەخشەڕێگایەک بۆ ریفۆرمی تەندروستی لە کوردستاندا
د.گۆران عه‌بدوڵا‌
21/12/2013
 پێشەکی:
ئەم نەخشەڕێگایە ئامرازەکانی چارەسەری کێشەکانی سیستمی تەندروستی بۆ سەر شەش تەوەری سەرەکی دابەشدەکات و بۆ هەر تەوەرەیان کۆمەڵێک چالاکی و ئامانجی دیاریکراو دەستنیشاندەکات:

1. کاڕگێری تەندروستی:

لە زیاد لە بیست ساڵی رابوردودا، حکومڕانی حیزبەکانی دەسەڵات، حکومڕانیەکی حیزبی بوە بۆ سیستمی تەندروستی. لەو ماوەیەدا بەگوێرەی دەسەڵاتی سیاسی دەسەڵاتی تەندروستیش لەنێوان هەردو حیزبی دەسەڵاتدار دابەشکراوە بەجۆرێک لە ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی هەمو بەرپرسە تەندروستیەکان سەر بەو حیزبە یا لایەنگری بون و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە هەمان شێوە. هاوکات زۆربەی ئەوانەی کە بون بە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پۆستە سەرەکییەکانی تری وەزارەتی تەندروستی هەرچەندە زۆربەیان پزیشک بون، بەڵام هیچ شارەزایی و ئەزمونێکیان لە سیستم و سیاسەتی تەندروستی نەبوە و سیستمەکەیان توشی کێشە و قەیرانی گەورە کردوە. بۆ دەربازبون لەم دۆخەی ئێستا پێویستە ئەم میکانیزمانە جێبەجێبکرێن:

A. دەستنیشانکردنی هەمو پۆستە سەرەکیەکانی وەزارەتی تەندروستی (بە وەزیریشەوە) لەڕێی بانگهێشتی ئاشکرا و سیڤی و چاوپێکەوتنەوە.
B. دروستکردنی بۆردێکی بەڕێوەبەردن بۆ وەزارەتی تەندروستی کە لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە سیاسەت و سیستمی تەندروستی پێکبێت و ئەرکی بەڕێوەبەردنی وەزارەتی تەندروستی بەوان پسپێردرێت و وەزیری تەندروستی تەنها جێبەجێکاری ئەو سیاسەت و بەرنامەیە بێت کە ئەم بۆردە دەستنیشانیدەکات.
C. دروستکردنی پۆستێکی تازە بە ناوی 'چاودێری گشتی' بۆ وەزارەتی تەندروستی کە ئەرکی بەدواداچونی کارەکانی گەندەڵی و ناکارامەیی و ئیهمالی بێت لە تەواوی جومگەکانی وەزارەتی تەندروستیدا.
D. دروستکردنی پۆستیكی تازە بەناوی 'راوێژکاری زانستی' بۆ فەراهەمکردنی زانیاری و بەڵگەی زانستی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسەتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیدا.
E. دروستکردنی چەند بۆردێکی راوێژکاری لەناو وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم گروپانەی خوارەوە:
1) بۆردێکی زانستی لە مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرەوەکانی بواری تەندروستی لە زانکۆکاندا.
2) بۆردێکی راوێژکاری بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی.
3) بۆردێکی راوێژکاری بۆ رۆژنامەنوسان.
4) بۆردێکی راوێژکاری بۆ مامۆستایانی ئایینی.
5) بۆردێکی راوێژکاری بۆ ژنان و منداڵان.
F. هینانەکایەی سیستمی لامەرکەزییەت لە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەکان و هاندانیان بۆ ئەنجامدانی زۆرترین کاری کاڕگێری تایبەت بە پارێزگاکانی خۆیان. بەجۆرێک کە وەزارەتی تەندروستی لە پایتەخت بەرپرس بێت لەم کارانەی خوارەوە:
1) دەستنیشانکردنی سیاسەتی گشتی تەندروستی بۆ هەرێم و دەستنیشانکردنی ئامانجی دیاریکراو و داکۆکیکردن لە نەخۆش و هاوڵاتیان.
2) دابینکردنی ستراکتۆرێکی دارایی رون بۆ تەواوی سیستمی تەندروستی.
3) دەستیوەردان لە کاتی رودانی روداوی نەخوازراوی گەورە کە بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیەکان نەتوانن چارەسەریان بکەن.
4) هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەزگاکانی تری حکومەت بۆ پەرەپێدانی تەندروستی هاوڵاتیان (بۆ نمونە وەزارەتەکانی شاراوانی، پەرەوردە، کاروباری کۆمەڵایەتی ...هتد).
 
2. داهاتی تەندروستی:
سەرچاوەی ئەو داهاتەی کە لە کوردستاندا بۆ تەندروستی خەرج دەکرێت، دابەشدەبێت بۆ سەر ئەوەی کە حکومەت لە بودجەی گشتی خەرجیدەکات بۆ تەندروستی و ئەوەیشی کە هاوڵاتیان لە پارەی گیرفانی خۆیانەوە و بەڕاستەوخۆ خەرجی دەکەن. ئەوەی کە حکومەت خەرجی دەکات لە ٥%ی کۆی بودجەی گشتی حکومەت تێپەڕ ناکات، کە بەپێ ستانداردە جیهانیەکان زۆر کەمە. بۆیە هاوڵاتیان ناچارن کە لە گیرفانی خۆیان پارە بۆ تەندروستی و بەتایبەتی لە کەرتی تایبەتدا خەرج بکەن. ئەمە وای کردوە کە ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان بە هۆی خەرجکردنی پارەیەکی زۆرەوە لە کەرتی تایبەتدا توشی هەژاری ببن و یا ناچاری قەرزکردن و ماڵ فرۆشتن ...هتد ببن. بۆ دەرچون لە دۆخە پێویستە:
A. بەشە داهاتی تەندروستی لە بودجەی حکومەت بۆ ١٠%-١٥% زیاد بکرێت.
B. میکانیزمی تر هەبێت بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ تەندروستی وەکو:
1) باج لەسەر جگەرە و تەرخانکردنی ئەو داهاتە بۆ نەخۆشیەکان دڵ و سینگ و شێرپەنجە.
2) باج لەسەر فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و تەرخانکردنی ئەو داهاتە بۆ چارەسەرکردنی قوربانیەکانی رودای هاتوچۆ.
3) باج لەسەر مادە كحولییەکان.
4) باج لەسەر خواردنە چەور و شیرین و زەرەربەخشەکان.
5) بیمەی تەندروستی بۆ ئەو هاوڵاتیانیە کە کاری فەرمییان هەیە.
C. کۆکردنەوەی هەمو داهاتەکە لە تاکە دەخیلەیەکی فەرمییدا و بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران و هاوکاری وەزارەتی تەندروستی.
D. ریفۆرم لە شێوازی خەرجیی تەندروستی.
1) نەهێشتنی شێوازی پێدانی راستەوخۆی پارە لە گیرفانی هاوڵاتیانەوە و بەکارهێنانی میکانیزمی بیمە بۆ کەرتی تایبەتی تەندروستی.
2) هێنانەکایەی سیستمی Capitation بۆ خزمەتی تەندروستی سەرەتایی (تەماشای بەشی خزمەتی تەندروستی بکە) کە بۆ هەر کۆمەڵێک هاوڵاتی کە لەژێر سەرپەرشتی پزیشكێکی دیاریکراو دەبێت، داهاتێکی دیاریکراو دابنرێت بە گوێرەی تەمەن و جەندەر و نەخۆشی و جگەرەکێشان و کێش....هتد. دەستنیشابکرێت.
3) هێنانەکایەی سیستمی پێدانی پاداشت بە گوێرەی ئاستی کواڵیتی خزمەتی تەندروستی بۆ کارمەندان و پزیشکان.
4) تەرخانکردنی زۆرترین رێژەی خەرجی تەندروستی بۆ خزمەتی تەندروستی سەرەتایی.
 
3. هێزیکاری تەندروستی:
کێشە سەرەکییەکانی هێزیکاری تەندروستی (پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی...هتد) خۆیان لە کەمی ژمارە و نەبونی راهێنان و نەبونی بەدواداچون و سەرپەرشتیکردن و نایەکسانی لە دابەشکردنی جیوگرافی دەبنێتەوە. هەروەها بەشێکی گەورەی کێشەکانی هێزیکاری تەندروستی پەیوەندی بە تێکەڵکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتەوە هەیە و ئەمەش وایکردوە کە ژمارەیەکی زۆری پزیشکەکان (بەتایبەتی پزیشکە پسپۆڕەکان) لە یەک کاتدا لە کەرتی گشتی و لە کەرتی تایبەتدا کاربکەن. لە ئەنجامدا زۆرێک لە نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستیە گشتیەکانی تر بەدەست نەبونی پزیشكی پسپۆڕەوە دەناڵێنن و لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆری پزیشك لە کەرتی تایبەتدا بونی هەیە و قەرەباڵەغی و بێسەروبەری لەناو کەرتی تایبەتی تەندروستی دروستبوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستە ئەم میکانیزمانە جێبەجێ بکرێن.

A. گۆڕانکاری لەشێوازی خوێندنی پزیشکی:

1) کەمکردنەوەی ژمارەی ساڵەکانی خوێندنی پزیشكی لە ٦ ساڵەوە بۆ ٥ ساڵ و لە بەرامبەردا زیادکردنی ساڵەکانی مانەوە لە نەخۆشخانەکاندا بۆ مەبەستی فێربون بۆ ٣ ساڵ.
2) گرینگیدان بە خوێندکارانی ناوچە دوردەستەکان و هاندانیان لەڕێی کەمکردنەوەی نمرەی وەرگرتن بۆ ئەوان لە کۆلێژەکانی پزیشکی و دەرمانسازی و ددان و پەرستاری.
3) هێنانەکایەی سیستمی خوێندنی پزیشكی بەردەوام و تازەکردنەوەی مۆڵەتی پزیشکی بە شێویەکی ساڵانە لەڕێی کۆکردنەوەی نمرەی بەشداریکردن لە کۆرسی خوێندن یا چالاکی زانستی تر بۆ پزیشکان بەگشتی و هەبونی تاقیکردنەوە تازەکردنەوەی مۆڵەت هەر پێنج ساڵ جارێک بۆ پزیشکانی پسپۆڕ.
4) کەمکردنەوەی ماوەی بەدەستهێنانی پسپۆڕی لە پزیشکیی خێزان لە ٥ ساڵەوە بۆ ٣ ساڵ بۆ زیادکردنی ئەو پزیشکانەی کە لەم بواردا کار دەکەن. تەرخانکردنی پاداشتی دارایی و مەعنەوەی بۆ ئەو پزیشکانەی ئەم پسپۆڕیە تەواودەکەن.
5) هێنانەکایەی پسپۆڕیەکی تایبەت بە پزیشکیی فریاکەوتن و بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامەیە لە ماوەی ٣ ساڵدا. تەرخانکردنی پاداشتی دارایی و مەعنەوەی بۆ ئەو پزیشکانەی ئەم پسپۆڕیە تەواودەکەن.
6) هێنانەکایەی سیستمی 'تەدروج' بۆ کارمەندانی تەندروستی هاوشێوەی پزیشکان.
7) دروستکردنی دەزگایەکی تایبەت بۆ پێدانی مۆڵەتی پزیشکی و کارمەندی تەندروستی و بەدواداچونی ئاستی زانستی پزیشکان و کارمەندان.

B. گۆڕانکاری لە دابەشکردنی پزیشکان و کارمەندان بەسەر ناوچە جیوگرافیەکاندا:
1) دابینکردنی پاڵپشتی دارای و مەعنەوەی بۆ پزیشکان و کارمەندان بۆ کارکردن لە شوێنە دوردەستەکان.
2) بەهەند وەرگرتنی خزمەتی پزیشکان و کارمەندان لە شوێنە دوردەستەکان لە وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵادا.
3) نەهێشتنی دیاردەی 'بێکاری دەمامکدار' لە سیستمی تەندروستیدا لەڕێی بانگهێشتنکردنی تەواوی ئەوانەی کە ناویان لە دەزگا تەندروستیەکاندا نوسراوە، بەڵام کار ناکەن و پێشکەشکردنی دو بژاردە؛ بژاردەی یەکەمیان فەسڵکردنیانە لە سیستمی تەندروستی و بژاردەی دوەمیان بانگهێشتکردنیانە بۆ مەشقی زانستی بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و سود لێوەرگرتنیان لە جومگە جیاجیاکانی سیستمی تەندروستی.

C. مافە پیشەییەکانی کارمەندان و پزیشکان:
1) سەربەخۆکردنی سەندیکاکانی پزیشکان و کارمەندان لە دەستدێوەردانی حیزبی.
2) سەندنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕیەکانی سەندیکاکانی پزیشکان و کارمەندان و گۆڕینیان بۆ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کە پاڵپشتی و داکۆکی لە پزیشکان و کارمەندان بکەن.
3) هێنانەکایەی میکانیزمی یاسایی و پراکتیکی بۆ داکۆکیکردن لە پزیشکان و کارمەندان لە هەر هەڕەشەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ئابوری.

4. خزمەتی تەندروستی:

خزمەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستاندا پشت بە خزمەتی سێیەم دەبەستێت، واتە گرنگیەکی زۆر بە نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی ناوشارەکان دەدات و بنکە تەندروستی و دەرەوەی شارەکانی پشتگوێخستوە. ئەمە دژە بە هەمو بنەما سەرەتاییەکانی سیاسەت و سیستمی تەندروستی. لەکاتێکدا کە زۆربەی بودجەی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەکان (نەشتەرگەری و دەرمانی گرانبەها و کەرەستی پزیشكی قەبە) کۆمەڵێک خزمەت و پەیداویستی سەرەتایی هەیە، کە هێشتا گرنگیان پێنەدراوە و ئەمەش وایکردوە کە کوردستان لەژێر مەترسی کۆمەڵێک نەخۆشی سەرەتایی بێت، وەکو کۆلێرا و سکچون و رشانەوە و نەخۆشیەکانی سینگ و هەناسە و قەڵەویی و شەکرە و شێرپەنجە. بۆ دەرچون لەم دۆخە پێویستە ئەمانەی خوارەوە جێبەجێ بکرێت.

A. دەستنیشناکردنی پاکیجێک لە خزمەتی تەندروستی سەرەتایی و گرنگ کە هەمو بنکە تەندروستی و نەخۆشخانە و کلینیکەکان پێشکەشیبکەن بە بێ جیاوازی.
B. هێنانەکایەی ستراکتۆرێکی جیاواز بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی تەندروستی لەڕوی کارگێڕیەوە کە ئەم پێکهاتانەی خوارەوەی هەبێت:
1) ماڵی تەندروستی: لە دو کارمەندی راهێناراو پێکهاتبن (ژنێک و پیاوێک). ئەم ماڵە دەکرێت دروستبکرێت یا لە عیادەکانی لاکۆڵان پیکبهێنرێت و ئەرکی چارەسەرکردنی نەخۆشی و درمە باو و کێشە تەندروستیە ئاسان و سەرەتاییەکان بێت.
2) بنکەی تەندروستی بنەڕەتی: ئەو بنکانە بن کە یەک پزیشکی گشتی و پزیشكێکی دان و دەرمانسازێ و کۆمەڵێک کارمەندی تیایە و خزمەت بە ١٥،٠٠٠ هاوڵاتی دەگەیەنێت.
3) بنکەی تەندروستی باڵا: ئەو بنکانەیە کە لە گروپێک پزیشکی خێزانی پسپۆڕ پێکدێت و شوێنی منداڵبون و ژوری فریاکەوتنی تیایە و ژمارەیەک کارمەندی راهێراو کاری تێدا دەکەن و خزمەت بە ٣٠،٠٠٠ هاوڵاتی دەگەینێت.
4) نەخۆشخانە: کۆمەڵێک خزمەتی پسپۆڕیی تێدایە کە لە بنەک تەندروستیەکاندا پێشکەش ناکرێت و خزمەت بە ١٠٠،٠٠٠ هاوڵاتی دەگەیەنیت.
C. هێنانەکایەی سیستمی کواڵیتی کۆنترۆل بۆ خزمەتی تەندروستی و داهێنانی رێنمایەی تایبەت بۆ هەمو خزمەتێکی تەندروستی چی ئەوانەی کە لە کەرتی گشتی پێشکەشدەکرێن و ئەوانەشی کە لە کەرتی تایبەت پێشکەدەکرێن.
D. هێنانەکایەی سیستمی سەرپەرشتیار لە دەزگاکانی سیستمی تەندروستیدا بە جۆرێک بۆ هەر کارمەندێک و پزیشکێک سەرپەرشتیارێک هەبێت کە چاودێری کارەکانی ئەو کارمەند و پزیشکە بکات و رێنمایی بکات و هاوکاری و پاڵپشتی زانستی بۆ دابین بکات.
E. هێنانەکایەی سیستمی پزیشكی خێزان: بۆ هەر ٣٠،٠٠٠ هاوڵاتی، گروپێک لە پزیشک هەبن کە بەرپرسبن لە تەندروستی ئەو هاوڵاتیانەی کە لەو گەڕەک یا ناوچەیە دەژین.
F. هێنانەکایەی هەفتەی تایبەت بە نەخۆشیە باو و گرنگەکان و لەماوەی ئەو هەفتانەدا کەمپینی هۆشیارکردنەوە و خزمەتی تر پێشکەشی هاوڵاتیان بکرێت.
G. پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایەک بۆ پاراستنی مافی نەخۆش و نەهێشتنی دەستدرێژی جەستەیی و مەعنەوەی لەسەر نەخۆش و کەسوکاریان و داهێنانی میکانیزمی تایبەت کە بوار بە نەخۆش و کەسوکاری بدات کە سکاڵا بەرزبکەنەوە لەکاتی روداوی نەخوازراودا.
H. کۆتایی هێنان بە میکانیزمەکانی دروستکردنی لیژنە بۆ بەدواداچونی کێشە و کارەسات و روداوە نەخوازراوەکانی ناوەوەی سیستمی تەندروستی و دروستکردنی دەزگایەکی چاودێری تایبەت بەو کێشانە کە سەربەخۆ بێت لە وەزارەتی تەندروستی و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
I. هێنانەکایەی سیستمی 'موعد' لە بنکە تەندروستیە بنەڕەتی و باڵاکان و نەخۆشخانەکاندا بەدەر لە حاڵەتە کتوپڕ و لە ناکاوەکاندا.
 
 
5. داتا و زانیاری تەندروستی:
یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی سیستمی تەندروستی کوردستان نەبونی داتا و توێژینەوەی زانستیە. وەزارەتی تەندروستی داتایەکی کەم لە سەر هەرێمی کوردستان و هاونیشتیمانیان کۆدەکاتەوە و ئەگەریش کۆیبکاتەوە ژمارەکان بایی ئەوەندە زۆر و کوالیتیەکان بەرز نیە کە بۆ پلاندان بشێن. بۆیە زۆرێک لە بەرنامە و چالاکییەکانی وەزارەتی تەندروستی پشت ئەستور نین بە توێژینەوە و بنەمای زانستیەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێویستە ئەم هەنگاوە بنرێن:

A. کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر:

1) ژمارەی دانیشتوان بۆ هەر ماڵێکی تەندروستی و بنکەیەتی تەندروستی بنەڕەتی و بنکەیەکی تەندروستی باڵا و نەخۆشخانەیەک.
2) زانیاری گرنگ لەسەر تەمەن و جگەرەکێشان و کێش و هەبونی نەخۆشی بۆ هەر هاوڵاتیەک.
3) بە ئیلکترۆنیکردنی داخڵکردنی ئەو داتایانەی سەرەوە لە کۆمپیوتەر لە ئاستی بنکەی تەندروستی بنەڕەتی بەرەو سەرەوە.
4) دەستنیشانکردنی بودجەی دابینکراو بۆ هەر بنکەیەکی تەندروستی بنەڕەتی و باڵا بەگوێرەی ژمارەی دانیشوانی خزمەتکراو لەلایەن ئەو بنکەیە و جۆری نەخۆشی جگەرەکێشان و کێش و تەمەن و هەبون یا نەبونی نەخۆشی.

B. ئەنجامدانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەیان:
5) بڵاوکردنەوەی راپۆرتی مانگانە لەسەر کێشە تەندروستیە سەرەکییەکانی وەکو مردنی دایک لە کاتی منداڵبون و مردنی منداڵی خوار ١ مانگ و خوار ٥ مانگ و نەخۆشیە باوەکان و رێژەکانی جگەرەکێشان و قەڵەوەیی و شەکرە و فشاری خوێن ...هتد.
6) ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر کێشە و گرفتە تەندروستیەکان بە هاوکاری زانکۆکان و بۆردی زانستی وەزارەتی تەندروستی و پشتبەستن بەو توێژینەوانە بۆ پلاندان و داڕشتنی ستراتیژی وەزارەتی تەندروستی.
7) دابینکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ هاندانی توێژەرەوەکان بۆ ئەنجامدانی لێکۆلێنەوە لەسەر بوار و بابەتێکی دیاریکراو کە بەلای وەزارەتی تەندروستیەوە گرنگە.
C. دروستکردنی کارتی زانیاری ئیلکترۆنی بۆ هەر هاوڵاتیەک کە هەمو زانیاریەکی ئەو هاوڵاتیەی تێدا بێت.
 
6. دەرمان و کەرەستەی پزیشکی:
کێشەکانی دەرمان و کەرەستەی پزیشكی یەکێکن لە هەرە گەورەترین کێشەکانی سیستمی تەندروستی کوردستان. قەیرانەکانی ئەم بوارە وای کردوە کە چەندان هاوڵاتی ببن بە قوربانیی و گیانیان لە دەستداوە بە هۆی دەرمانی خراپ و ئیکسپایەر و قاچاغەوە. هەروەها زەرەر و زیانێکی زۆر بە هاوڵاتیان و تەندروستییان کەوتوە وەکو کوێرکردنی هاونیشتیمانیان و سەقەتکردنیان. بۆ دەربازبون لەم دۆخە پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت:

A. چارەسەرکردنی دۆخی دەرمانی قاچاغ و خراپ و ماوەبەسەرچو.
1) پێداچونەوە بە تەواوی ئەو گرێبەستە گوماناوییانەی کە لە گەڵ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆیەکاندا بەستراوە لە بواری دەرماندا.
2) بەرزکردنەوەی ئاستی توانا خۆماڵیەکان بۆ پشکنین و کواڵیتی کۆنتڕۆلی دەرمان.
3) پشتبەستن بە شارەزایی ڕەسن و باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی.
4) ئاشکراکردنی تێوەگلانی بەپرسە حیزبی و حکومیەکان لە بازرگانیکردن بە دەرمانەوە.
5) توندکردنی سنورەکان.
B. دانانی لیستێکی دیاریکراو بۆ ئەو دەرمانانەی کە حکومەت لە کەرتی گشتیدا دابینیان دەکات و حکومەت بەرپرسە لە فەراهەمکردنی ئەو دەرمانانە.
C. دروستکردنی هۆبەیەکی تایبەتی سەر بە چاودێری گشتی بۆ بەدواداچونی گەندەڵییەکانی دەرمان لە نەخۆشخانە و دەزگا گشتیەکانی حکومەتدا.
D. دابینکردنی کەرەستەی پزیشکی بەشێوەیەکی یەکسان بۆ هەمو ناوچە دوردەستەکان.
 



*پزیشک، ماستەر لە سیاسەتی تەندروستی، کاندیدی دکتۆرا لە سیاسەتی تەندروستی نێودەوڵەتی