Print WWW.SBEIY.COM
 ئارییل شارۆن جەستەی مرد، بەڵام!
ئاسۆ حامدی
13/01/2014

هەمو سیاسیەک و سەربازێکی هۆشیاری رۆژهەڵاتی ناوەند ئەم پیاوە دەناسن، مرۆڤی جەنگ و بڕیاردان و جەنەراڵی گرتنی بەرەی سوێس و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە بو. ئەم مرۆڤە لە ئیسرائیل بە بلدۆزەر ناسراو بو، لە فەلەستینیش بە تاوانبار. لە ئیسرائیل شین و تازیەی بۆ دادەنرێ و لە فەلەستینیش شیرینی دەبەخشنەوە و پیرۆزبایی لێک دەکەن و دەڵێن قەسابەکە بەبێ دادگایی رۆیشت، رۆژنامەنوسێکی عەرەب نوسی ئەم هەمو شەڕە شارۆنی نە کوشت، بەڵام نەخۆشی کوشتی.

من هەمو ئەو وشانە دوبارە ناکەمەوە کە رۆژنامەنوسەکانی عەرەب و ئیسرائیلی بە دژ و بە پیاهەڵدان بۆیان نوسی، بەڵام ئەوەندە دەڵێم ئەم مرۆڤە مرۆڤێکی بەتوانا بو بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و بیروباوەڕەکەی بێ باکیش بو لە شەڕ و لە نەخۆشی. ئەم توندیەی شارۆن کە کادیمای دروستکرد و گەیاندیە دەسەڵات، زۆر بەڕاشکاوی بەرگری لە ئیسرائیل دەکرد نەک وەکو ئەلترا راسیستتێ، بەڵکو وەکو ناسیونالیستێکی راست و سەرسەخت.

لە لوبنان لە هەشتاکانی سەدەی رابردو، سەبرەو شاتیلای قڕکرد تەنها بۆ ئیسرائیل و پەشیمان بوەوە لەوەی کە عەرەفاتی لەم دەورانە نەکوشتوە، کە توانای هەبو بیکوژێ. بەئاشکرا دەیوت هەرچی بۆمان بکرێت دەیبەین ئەوەش دەمێنێتەوە با بۆ فەلەستینیەکان بێ.

سەرکەوتنی شارۆن لە شەڕ و لە سیاسەتدا تەنها دەگەڕێتەوە بۆ شێلگیری لەم مەیدانەدا، کە لە قازانجی دەوڵەتی بەنی ئیسرائیل بو لە هەمانکات بیروباوەڕەکانی خۆی بۆ چارەسەریەکان و ئەو ئاشتیەی ئەو دەیویست لەگەڵ فەلەستننیەکاندا. لەم سەردەمەی ئەودا فەلەستینیەکان سەرۆک عەرەفاتیان هەبو لەگەڵ سەرەتای گەشەی پان ئیسلامیزم یانی حەماس و بزوتنەوەی جیهاد. هەرسێکیان توانای بڕینی ئەو دیوارەیان نەبو کە شارۆن دروستی دەکرد، شارۆن بەبێ هیچ مجامەلە پیاوی شەڕ و بلدۆزەری بکوژی فەلەستینی و لوبنانیەکان بو. هەمو کۆمەڵگای نەتەوەیش بێ دەنگ بو لە ئاست ئەم کارانە و هەردەم خۆی بێبەری دەکرد لە هەمو تاوانەکان، چونکە بە ئاشکرا دەیوت ئەمانەم بۆ دەوڵەت و گەلی ئیسرائیل کردو.

جەڵتەی دەماغیش هەروا زو دەرەقەتی ئەم بلدۆزەرە نەهات، هەشت ساڵ دژی ئەم نەخۆشیەش لەسەر جێگا مایەوە، بەڵام پرۆسەی ژیان و مردن پرۆسەیەکی ژیانی مرۆڤە و شارۆن هەردەبوا بمرێ وەکو هەر مرۆڤێکی تر، مردنی سیاسی شارۆن لە هەشت ساڵ لەمەوبەر بو، هەروەکو سەرۆکی عێراق بەڕێز تاڵەبانی لە ساڵی پاردا ژیانی سیاسی کۆتایی هات. هەڤاڵانی لە کادیما بەبێ شارۆنیش دەتوانن پەیامەکانی پەرەپێبدەن، بەڵام هەروا ئیسرائیل هەمان گرفتی کۆنی هەیە و لە دونیای عەرەب و ئیسلامی، کینە و قەبوڵ نەکردن و سڕینەوەی لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەند هەر تەواونەبون و بەردەوامن. لەگەڵ ئەوەش توانیویانە خۆیان لە سنورێکی دیاریکراودا و ئاسایشی نەتەوەییان بپارێزن ئەمەش دەسکەوتی هەمویانە بە شارۆنیشەوە. هەروا لە ناوخۆش گرفتی بێکاری و نەبونی و قەبوڵ نەکردنی جولەکە فلاشەکان و جیاوازی جولەکەی رۆژهەڵاتی و رۆژئاواییش هەروا برەوی هەیە.

ئەگەرچی مێژوی ئیسرائیل پڕن لە کوشتن و لەناوبردن هەر لە سەردەمی کۆنەوە تا جەنگی جیهانی دوەم، ئەوە بەڵێنی بەلفۆر و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوانی لە قوربانی گۆڕی بۆ سەرکەوتو. بەڵام ئەم رۆڵگۆڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەند موعجیزە نیە و دەکرێ مێژو دوبارە ببێتەوە.

تاکە وانە لە ژیانی ئەم مرۆڤە سودی هەبێ بۆ هەموان تەنانەت فەلەستینی و لوبنانیەکانیش ئەوەیە مرۆڤ باوەڕی بەجی هەبێ دەبێ ئەوە بکات، خەڵکیش جی دەڵێن با ئەوە بڵێن ئەمەش دانتی لە کۆمیدیای خودایی نوسیویەتی و شارۆن لە پراکتیکدا چەسپاندی و بێباک بو لە هەمو رەزالەتیەکانی. لەم نێوەشدا بە دو وەسفی جیا ناسرا لەلایەک بلدۆزەری ئیسرائیل و پاڵەوانی رۆژانی خۆش و ناخۆشی بۆ گەلی ئیسرائیل لە هەمو دەورانەکاندا، لەلایەن فەلەستینیەکانیش بە قەساب و مرۆڤکوژی سەبرە و شاتیلا ناسرا. هەرچۆنێ بێ شارۆنیش مرۆڤ بو، دۆست و دوژمن هەقیانە هەرچی بڵێن بەس مرۆڤێکە بەڕاستی جێ پەنجەی دیارە لەبەرەی جەنگ و کەنیسەتی ئیسرائیل و بنیاتنانی حیزبی کادیما، جا ئەوەی پێخۆشە و ناخۆشە شارۆن هیچ گرفتی نیە. مردن پرۆسەیەکە شین و شادی مەراسمێکی کەلتورین و هیچ لە ژیان و کارەکانی ئەم مرۆڤە زیاد و کەم ناکەن.

شارۆن جەستەی مرد بەس بڵدۆزەرەکەی ئیسرائیل ئێستاش ماکینەیەکی بەهێزی هەیە توانای روخانی ژێرخان و ئینفراستەکچەری هەمو عەرەب و ئیسلامیزمی هەیە، رۆحی شارۆن وزە و هێزی ئەم بلدۆزەرەن. شارۆن بێباک بو و قودسیش هەر بە کەلتوری جولەکەی دەزانی و وتی یاهود باراک بۆی نیە دەستبەرداری بێ. کێ دەزانێ مێژوی داهاتوی ئەم گەلە چۆن دەبێ کە شارۆن هاوبەشی لەبەردی بناغەی کردوە، بەس ئەم ئینێرژیەی شارۆن گۆلدمایەر هەروا بە ئاسانی رەت نابن و نەوەی نوێ گەلی ئیسرائیل بەرهەمەکانی دەخۆن، شارۆن چۆن بە ئازایی و شێلگیری لەبەرەی جەنگ و سیاسەت بو هەرواش بە ئاسودەی مرد.