Print WWW.SBEIY.COM
 لەئامێزى ١٧ى شوباتدا!
د.تاڤگە ئەحمەد میرزا
16/02/2014
((چێ دەبینن؟!... گەنجانى شارەکەم...
چییان ویست؟!...تەنهاو تەنها ماف و ئازادى...
چى رویدا؟!... کارەسات...
ئیدى وەرچەرخانى گەورە سەربوردەى دەستپێکى چاکسازى، بێ سڵەمینەوە شاباشى ئازادى و ماف... خوێن بو خوێن))!...

شۆڕشى سپى... بنەماى دیموکراسى و ئاوەدانى و سەروەرى یاسا لە توێشەبەرەى گەلانى دونیادا هەمیشە مرۆڤە خۆنەویستەکان سەرقافڵەى وەدیهێنانى ستراتیژى نەتەوە و خاک و نیشتمانەکەیان بون.
 
لەسایەى حکومەت و سیستمە سیاسیە یەک لەدوایەکەکانى عێراق، نەتەوەى کورد هەمیشە عەوداڵ و سەفەرى هات و نەهاتى لەپێناو ئازادى و سەربەخۆیى جەنگاوە.

دەیان کارەساتى جەرگ بڕ و کۆمەڵکوژى و ئەنفال و کیمیاباران و بەجینۆسایدکردن و سوتماکى خاکەکەى پاداشتى بەرخۆدانى بوە.

رژێمى بەعس زیاتر لە (٣٠) ساڵ، ئەوەى لەتوانا و هەگبەى ستەمکارى و فاشیەتدا هەبو دەرهەق بە کورد و خاکەکەى کردى.

راپەڕینى بەهارى ١٩٩١کۆدەنگى گەلێک بو تینوى مافى نەتەوەیى و نیشتمانى بو... وێڵ و رێبوارى رێگەى هات و نەهات بو بەدواى چەمکى مەنتیقى ئازادى و سەرفرازى.

ئەوێ رۆژێ نیشتمان و خەڵک دوانەى نەپساوە و پاڵەوانى داستانە گەورەکەى کۆڕەوى سەرتاسەرى بو.

دەسەڵاتى کوردى چرۆى کردو بوە ئەمرى واقیع، لەسایەى قەڵەمڕەوى حیزبى کوردى گەل و نیشتمان ویستیان ئاهێکیان پێدا بێتەوە...

ئەفسوس بانگەوازى دیموکراسى و قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى کوردى، تا بەئەمڕۆ بەرەو یۆبیلى زیوى هەنگاو دەنێت. لێ، گەنجانى نیشتمان نەوەى راپەڕین باوک و براو کەس و کار و هاوڵاتیان چاوەڕێى ئایندەیەکى گەشتر و بەختەوەرییان دەکرد...

بەڵام... و بەڵام...گوزارشت و گوزەر بەنێو چۆنیەتى قەڵەمڕەوى لەم هەرێمەدا بەداخەوە ویست و ئیرادەى گەلى کوردستان نەبو، دەسەڵاتى کوردى بەدەر لە داب و نەریتى پەیڕەو کراو، بەدەر لەو بانگەشە و گەنگەشانەى کە بەرنامە و پەیڕەوى هەردو حیزب هەنگاویان بۆ هاویشت، خەڵک چاوەڕێى سەرفرازى و ژیان و پاراستنى کەرامەتى تاکى کوردى دەکرد.

دەبو ئاسایى بێبەلاى دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە کاتێک هاوڵاتى ئاشتى کۆمەڵایەتى دەشێوێنرێت، ئارامى و سەقامگیرى پێشێل دەکرێت، ویست و ئیرادەى خوێندنەوەى بۆ ناکرێت، سەرەتایترین مافى لێ دەسەندریتەوە کە مافى (خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە) لەبەرامبەر ناعەدالەتى.

(١٨)ساڵ ئەم دەسەڵاتە هەر وتى و وتیوە، کە ئەزمونەکە ساوایە، حکومەتەکە ساوایە، دیموکراسى ماویەتى، گوێگرتن بە ئارامى لە خەڵک، جیاوازى راو راى جیاواز و بۆچونى جیاواز و هاوبەشى سیاسى هەرماویەتى!... (ئێستا ٢٢ساڵە)...

نەوەى راپەڕین لە١٧ى شوباتدا تەنها ویستیان ئەو ویستانە بو، کە دەیان و سەدان و هەزاران شەهیدى ئەم نیشتمانە گیان و خوێنى خۆیان فیداى ئازادى و ماف کرد!...

لێ لە ١٧ى شوباتدا سەدایەکى جیاواز... دەنگێکى نامۆ... ورتەیەکى بێ تام، توڕەبونێکى بی مانا، لە قوڕگ و مێشکۆلە و سکۆڵەى چەپ و راستى ئەم دەسەڵاتە کەوتەوە...
گەنجانى ئەم دەڤەرە سەرمەشقى چى بون و چییان بەرامبەرکرا؟!...

لەیادى شەهیدانى ١٧ى شوباتدا... رێز و خۆشەویستى بۆ خانەوادەى سەربەرزییان... دڵنیابن ١٧ى شوبات لە ئامێز و دڵى هەموماندا بەردەوامە!...