Print WWW.SBEIY.COM
 دەنگدان باشترین چارەسەرە بۆ گرفتەکان
فایەق سەرچناری
03/03/2014

ئەگەر ئاوڕێك لەهەڵبژاردنەکانی 21/9 بدەینەوە، ئەوا دەبینین کە چۆن هاوکێشەی سیاسی گۆڕی و ئەو دو حیزبەی کە هەر خۆیان بە نوێنەری خەڵکی کوردستان ئەزانی و پێیانوابو ئەم هەرێمە ئەوان بەڕێوەی نەبەن ئەوا خەڵکەکەی توشی گیروگرفتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابوری زۆر سەخت ئەبنەوە. بەڵام ئەگەر هێندە خەمی میللەت ئەخۆن و بە تەنگیانەوەن، بۆچی زیاتر لەپێنج مانگە نەیانتوانی حکومەتێکی نیشتیمانی هاوبەش پێکبهێنن و لەوە زیاتر کۆمەڵانی خەڵك توشی دڵەڕاوکێ نەکەن.

پرسیار ئەوەیە ئەگەر هێندە لە خەمی ئەم میللەتەدان و پێیانوایە بێ دەستێوەردانی ئەوان ئەم خەڵکە ناتوانێ بە ئاسودەیی بژی و کێشەی زۆری بۆ دروست ئەبێ و وڵاتیش توشی قەیرانی خراپ ئەبێ. ئەو مافەیان داوە بە خۆیان هەتا ماون هەر سەرۆك و سەرکردە بن، چونکە پێیانوایە زۆر جوانە لێیان و میللەتیش بێ ئەم جوانیەی ئەوان و کارەکانیان کە لەماوەی 23 ساڵدا بۆ خەڵکی ئەم هەرێمەیان ئەنجامداوە و کوردستانیان کردوە بەو وڵاتەی کە یەکێك بێ لەوڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیا و کردویانەتە سیمبوڵی پێشکەوتن و جوانکردن و وڵاتێکی زۆر شارستانی لەڕوی سروشتەوە و خەڵکەکەی هێندە پێیان دڵخۆش بون کە بەبێ ئەوان نە ژیان ئەڕوا و نە وڵاتیش پێش ئەکەوێ و گەشەی ئابوری دەکات.

ئەو هەرێمەی کە لەماوەی 23 ساڵ حوکمڕانی کوردیدا بەڕێوە ئەچێ و دەسەڵاتی دو حیزب و دو ئیدارە و دو حکومەت و دو دەسەڵاتی جیاواز و دو هێزی پێشمەرگە و چەندین دوی تر، ئەو هەرێمەی تەنها خاوەنی سێ شاری بچوك و مەوقیعێکی جوگرافیای کەم. بەڵام هەرێمێکی دەوڵەمەند لە نەوت و داهاتی گومرگ، جگە لەداهاتە ناوخۆییەکان. پرسیار ئەوەیە ئایا چی سیستەمێکی خزمەتگوزارییان بۆ چارەسەر کراوە، هەتا مافە زۆر سەرەتاییەکانی خەڵك، وەك سیستەمی کارەبا، رێگەوبان، تەندروستی، پەروەردە و زۆر شتی تریش کە هەر کاریان لەسەر نەکردوە و باکیان نەبوە.

ئایا  لەم ماوە دورو درێژەی حوکمڕانیدا چیان بۆ ناوچە دابڕاوەکان کردوە و کام ناحیە یان گوندیان گەڕاندۆتەوە ناو باوەشی کوردستان، ئایا کام هێزی سەربازی هاوبەشیان دروستکردوە، کە دور لە دەستی حیزب بێ و بتوانێ وەك هێزێکی نیشتیمانی بەهێز لەروبەڕوبەڕوبونەوەیەکی لەناکاودا بەرگری لەم هەرێمە بکات، جگە لەفەوجی فڵان و لیوای فڵان و هێزی تایبەت بە خۆیان، ئاخر فڵان و فیسار فەوج و لیوایان بۆچیە خۆ ئەمە گەورەترین کارەساتە.

لەم ماوە دورودرێژەی حوکمڕانی کوردیدا، ئەگەر بۆ دو سەعات باران بارین لە پایتەختدا چەندین ماڵ ژێر ئاو کەون و دەوام راگیرێ ئەمە کارەساتە. ئەگەر بۆ ماوەی یەك مانگ موچە لە بەغداوە نەیەت و دوا بکەوێ ئاخر حکومەتی هەرێم نەتوانێ موچەی فەرمانبەران دابین بکات و کوردستان توشی ئەم هەمو قەیرانی ئابورییە بکات ئیتر ئەبێ میللەت توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی هیچ حیزب و لایەنێك بە مەزاجی خۆی کار نەکات و پێیان بسەلمێنن کە ئەمانە ئەبێ خزمەتکاری میللەت بن نەك پێچەوانەکەی.

دەنگی میللەت قەرزێك نیە بتوانێ هەر کاتێ ویستت لە ئاست ئەم هەمو کەموکوڕی و ماڵوێرانیەدا لێیان بسەنرێتەوە، بەڵکو دەنگی میللەت ئەوەیە کە بێتە دەنگ و پێیان بوترێ ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی ئەکەن شکستی هێناوە. باشترین رێگەچارەش ئەوەیە کە دەنگیان پێ نەدرێتەوە، بۆ ئەوەی کوردستان لەوە زیاتر توشی قەیران نەبێت. چونکە ئەم هەمو قەیرانەی کە دروست بوە میللەتیش تێیدا بەشدارە، ئەویش ئەو دەنگەیە کە داویەتی پێیان و ئەو شەرعیەتەی پێداون. بۆیە گرنگی دەنگدان لەوەدایە کە هەمو قەیرانەکان چارەسەر ئەکاو میللەتیش ئەم بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆدایە و بڕیاردەری یەکەمە لە دروستکردنی یان باشکردنی، ئەویش دەنگدان و هەڵبژاردن سەنگی مەحەکە، بۆ گۆڕینی سیستەمی وڵات بەرەو باشکردن.