Print WWW.SBEIY.COM
 کەرکوک و چیرۆکەکانی ( ٧ )
مه‌لا فه‌رمان
22/03/2014

نەورۆز
چەند رۆژێکە حیزبە کوردیەکان دێن و دەچن و کۆبونەوە دەکەن. لە دوا کۆبونەوە گەیشتن بەو بڕیارەی یادەکانی نەورۆز و راپەڕین و هەڵەبجە چەند یادێکی نیشتمانین و بە حیزبی نەکرێن. لە ئێوارەی ٢٠/٣/٢٠١٤ بە بۆنەی نەورۆز و یادی رزگارکردنی کەرکوک لە ٢٠/٣/١٩٩١ ئەوان و خەڵکێکی زۆر لەسەر قەڵای کەرکوک کۆبونەوە، نەوت بە کۆمەڵە دارەکەدا کرا و پڵیتەکە بەسەر دارێکی زۆر درێژەوە گڕی گرت، زۆر درێژ تر لە باڵای ئەو بەرپرسانەی دەستێکیان بە دارەکەوە بو و روشیان لە کامێرەکان. لەگەڵ یەکەم گڕگرتنی ئاگرەکە و بەرلەوەی ئیمام قاسم بیبینێ ئەم رێکەوتنەش بە دەردی لیستی کوردستانی چو. پارتی دیموکراتی کوردستان بە توڕەییەوە قەڵایان جێهێشت، پێدەچێت لە کۆبونەوەی حیزبە کوردستانیەکان بکشێنەوە. ئاڵا ئامادەکراوە سەوزەکان بەرزکرانەوە، ئۆتۆمبیلەکانیان لەسەر جادە و شەقامەکان خۆیان بادەدا و دەنگیان دەر دەکرد، لێرە و لەوێ بە ئاسمان و سەر ماڵاندا تەقەیان دەکرد، ٤ بریندار گەیشتنە خەستەخانە. دیارە لە کوێ سەوزێ هەبێ، زەردێکیش هەوڵ دەدات سەرقوتکاتەوە و بڵێ "منیش هەم". هەمو رەنگەکانی دیکە بێدەنگ و دڵگرانن، وەک دایکە راستەقینەی مناڵەکە دڵیان بە شار دەسوتێت. لە گەڕەکەکانی خوار شارەوە ئەو گەڕەکانەی کە بەرپرسەکان بۆی ناچن هاوشێوەی سندوقی دەنگدانەکانی حەویجە و ریاز جگە لە ئاڵا شینەکەی بەرەی تورکمانی یەک ئاڵای تری پێوە نیە.

چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی گردبونەوەکەی پێش کۆمپانیای نەوتی کەرکوک دژ بە بەغدا ئەم توڕەبونە دەستی پیکردبێت، ئەگەر پێشی پێنەگیرێ پێشبینی دەکرێت توڕەبونەکان زیاد بکەن و خەڵکی کەرکوک زیانی گەورەی تێدا بکەن.

لە رۆژی نەورۆز لە سلێمانی و چەمی رێزانەوە گەڕامەوە بۆ کەرکوک. قەراغی جادە و دەشت و دەر تا چاو بڕی دەکرد تا چۆک لەدوات بهاتایا جمەی دەهات. لە هەندێ شوێن خۆزگەت دەخوارد پیادە بویتایە. رەنگەکان وا تێکەڵ بوبون، بۆن و بەرام وا چوبو بە ئاسمانا، لە هەر چوار لاوە گوێت لێدەبو چۆن ئاوازی سرودی نەورۆز سەدان ئاوازی جۆراوجۆری کۆکردبۆوە. لەناو ئەو دیمەنە خۆزگەت دەخوارد شێرکۆ و بێکەس و باوکی لە درزێکە چاویان لێبوایا و وەسفێکیان بکردایا.

بەپێچەوانەی ناو شارەوە کە چوار کادری چاوگەشی حیزب دەتوانێ هەمو عەمودی کارەباکان و بۆردی پۆلیسی هاتوچۆ و وێستگەی پاسەکان و شوێنە گشتیان بڕازێنێتەوە لە رێگا جگە لە ئاڵای کوردستان زۆر بەدەگمەن ئاڵای زەوست دەبینی، لە هەمو رێگاکە تا کەرکوک چەند زەردێک و تەنها یەک دانە سور و نیلیم بینی. وەک هەڵسوڕاوێکی گۆڕان خۆزگەم دەخواست ئەو دانەیش نەبوایا، ویستم بچمە خزمەتی و داوای لێبکەم، تەنها ئاڵاکەی کوردستان بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بهێڵێت، بەڵام لەبەر قەرەباڵغی رێگا پێی نەگەیشتم. 

دوا تێبێنیم لە رێگەکە و لەو رۆژەدا تا لە کەرکوک نزیک دەبومەوە رەنگەکان بەرە و زیادبون دەچون، لە دەروازەی شارەوەش بەرە و ناو بازاڕ بەهۆی ئەو چەند کادرەوە تا دەهات شەڕە پەڕۆ گەرمتر دەبو.