Print WWW.SBEIY.COM
 گوندەکەمان هیچ دزی لێ نیە!
ئاسۆ حامدی
19/04/2014

ئەمە ناونیشانی چیرۆکێکی گابریل گارسیا مارکیز بو، لەم چیرۆکەدا باس لەگوندێ دەکات کە باوەڕیان وایە هیچ دزی لێ نیە و دواتریش کەسێ کە بلیاردو چایخانەیەک بەڕێوەدەبات پارەکەی هەمو دزیوە. ئەمە نمونەی خەیاڵی مارکیزە. مارکیز لەوەڵامی پرسیارێ کە گوایە کەسێکە بە هزرو بیری خەیاڵاوی بەرز ناسراوە وتی من واقعیترین مرۆڤم و هیچ داهێنانێکم لەخەیاڵدا نەکردوە، بەڵکو من باسی واقعی کۆمەڵگای ئەمەریکای لاتینیم گێڕاوەتەوە بە زمانێکی ئەدەبی. مارکیز رۆماننوسی کۆڵۆمبی کە هەمو ژیانی لەئاوارەیی بەسەربردو لایەنگری ڤیدل و گیڤارا بو، وەکو کەسێکی چەپ لەزۆربەی نوسینەکانیدا ژیانی خەڵکی هەژاری وەکو پێوەرێکی سەرەکی نیشاندەدا و هەوڵی زیاتر کۆکردنەوەی پشتیوانی بو بۆ بزوتنەوەکانی چەپ لە ئەمەریکای لاتیندا.

تواناکانی مارکیز هەر خەڵکی هەژارو شوڕشگێڕانی ئەمەریکای لاتینی نەخستەگەڕ، بەڵکو لەهەمو دونیا رۆمانی سەد ساڵ لەگۆشەگیریدا بە زمانی نوسەر و ئەکادیمە سەرمایەدارەکانیش دەبێ هەمو خوێندەوارێ لەجیهان دا بیخوێنێتەوە.

ئەم مرۆڤە بە توانایە نەک هەر لەخەیاڵ و تێکەڵاوی لەگەڵ واقعدا زۆر بەتوانا بو، بەڵکو لە زمانی ئیسپانی و نوسین بەم زمانە زیندوە توانایەکی بێ وێنەی هەبوە.

تەنها رۆمانی سەد ساڵ لەگۆشەگیریدا زیاتر بۆ سی زمان وەرگێڕدراوە و لە دوای پەرتوکی پیرۆزی ئاینی کریستیان ئینجیل دوەم کتێبە لەزۆری چاپ و بڵاوکردنەوەدا لەئەوروپا و ئەمەریکادا.

لەساڵی ١٩٨٢ نۆبڵیان پێ بەخشی و تواناکانی مارکیز هەر زیاتر بەرەوپێشەوە چون و زیاتر لەسەنگەری بیروباوەری چەپدا نزیک بوە، بە ئاشکرا بەرگری لە مۆدێلی سۆسیالیستی کوبایی دەکرد. ئەگەرچی بزوتنەوە سۆسیالیستەکانی دونیا رەخنەی جۆراوجۆریان لەم مۆدێلە هەیە کە لەواقعدا مۆدێلێکی سیستەمی سەرمایەی دەوڵەتیە بە بنەمایەکی فیوداڵی و کەم دەرامەتی و گۆشەگیریەکی جیهانی دەرەوەی دا.

ئەم مرۆڤە بە توانایە لەکۆتایی ژیانیدا بەقسەی برایەکەی توشی نەخۆشی ئەلزمهایەر بوەو دواتریش لەم رۆژانە چاوی بۆ هەتا هەتاتە لێکنا. چی تر چیرۆکەکان و رۆمانە بە جۆش و خەیاڵی و واقعیاتەکانی جوتیاران و کرێکارانی کۆڵۆمبیا و ئەمەریکای لاتینی بەوشە بەپێزو وێنە رەنگینەکان و بڕگە بە هێزەکانی مارکیز نابیستین و ناخوێنینەوە، ئەمەش خەسارەتێکی گەورەیە لەتەواوی مرۆڤایەتی و دونیای ئەدەب و رۆمان و چیرۆک. بەڵام تا مرۆڤایەتی مابێ سەد ساڵ لەگۆشەگیریش هەر خوێنەری دەمێنێ وەکو رۆمانە بەناوبەنگەکان وەکو شەڕ و ئاشتی و چەندانی تر.

هەرچەندە لەسەر ئەم مرۆڤە بە توانایە و رۆماننوسە بنوسین ناتوانین ئەم توانایانەی ئەو بخەینەڕو، کە مارکیز خاوەنی بو. تەنها دەتوانم بڵێم مارکیز رەمزی ئەدەبی بەرەنگاری بو دژی کۆلۆنیالیستی و سەرکوت و کوشتنی جوتیاران و هەژاران بەهێزی دەوڵەتە مافیاییەکان و رێکخراوە کانی تیلیاک و گەندەڵی لەڕادە بەدەر لەدەزگاکانی حکومی سەرمایەی کۆنری دا. تەنها ئەوەندە بەسە وانەیەک لەمارکیز وەربگرین بڵێین لەگوندەکەی ئێمەش کە کوردستانە هیچ دزی لێ نیە!