Print WWW.SBEIY.COM
  مامۆستا لەنێوان بەهەشت و جەهەنەم دا
مەحمود عەبدوڵا
19/05/2014
 
ئەمڕۆ لەزۆربەی وڵاتانی جیهان مشتومڕ لەسەر بژێوی مامۆستایان و فەراهەمکردنی ماف و پێداویستیەکانیان هەیە، لەبەر گرنگی پیشەی مامۆستایی، هاوکات رۆڵی مامۆستا لەپێگەیاندنی نەوەکان و پێشخستن و گۆڕانی کۆمەڵگا و، ئامادەکردنی تاکێکی تەندروست و خاوەن مەعریفە و توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکاریەکان و پێشکەوتنەکاندا هەبێت.

ئەم دو وڵاتە (ژاپۆن و ئەڵمانیا) بە بەهەشتی مامۆستایان ناسراون. ئەمەش بەهۆی شکۆداری و بەرزی ئاستی ئاستی گوزاران و نەبونی کاری دوەمی مامۆستایان، کە لەدو لایەنەوە سودی هەیە- یەکەم: ئاسودەیی مامۆستا لەوەی دەتوانێت ژیانێکی سەربەرزانە بژێت و پێداویستییەکانی رۆژانەی خۆی و خێزانەکەی فەراهەم بکات.

دوەم: مامۆستا ئەوکاتەی کە لەکاردانییە دەتوانێت بەدواداچون بکات و لەگەڵ گۆڕانکارییە زانستییەکان ئەویش زانیاری نوێ بەدەست بێنێت و هەمو وزەی خۆی بۆ پیشەکەی خۆی سەرف بکات. لەبەرامبەردا دەتوانین باس لەڕەوشی نە بەهەشت و نەدۆزەخی مامۆسایان بکەین لەهەرێمی کوردستان.

کوردستان بەهەشتی مامۆستایان نیە، لەبەرئەوەی مامۆستایان نەک هەر کاری دوەمیان هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ژیانیان، بەڵکو زۆرێک لەمامۆستایان پیشەی مامۆستایەتیان کردۆتە پیشەی دوەم! چونکە بەشێکی زۆری کاری رۆژانەیان لەدەرەوەی قوتابخانەیە و کەمترین ماوە لەقوتابخانەن، ئەوکاتە زیادەشی کە هەیانە بەناچاری بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی رۆژانەیان سەرفی دەکەن، چونکە زۆربەی مامۆستایان ئەگەر کارێکی دیکە نەکەن جگە لەمامۆستایەتی، ناتوانن لانی کەمی پێداویستییەکانی ژیانیان فەراهەم بکەن. دیارە ئەمەش زیان بە پڕۆسەی پەروەردە دەگەیەنێت. لەلایەکی ترەوە بەهۆی کرانەوەی هەرێم و کرانەوەی بەڕوی دنیاو سیستەمی سەرمایەداری جیهانی، گۆڕانی پێوەرە کۆمەڵایەتیەکان و هەڵپەی سامان و دروستبونی چینە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئاستی ئابوری و بەرزبونەوەی بەهای پارە و سامان لەچاوی کۆمەڵگادا و، ئاستی گوزەرانی تاک بۆتە پێوەرێک بۆ کەسایەتی تاک و شکۆ و هەروەها، خەڵکی پیشەیەکیان بەلاوە گرنگە، ببێتە هۆی دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی ڕەنگە لەزۆرێک لەوڵاتانی جیهان هەروا بێت. بۆیە شکۆو پیرۆزی مامۆستا و پیشەی مامۆستایەتیش گۆڕانی بەخۆیەوەدیوە، بەجۆرێک کە دەرچوانی ئامادەیش لەسەر ئەو بنەمایە رودەکەنە زانکۆکان، واتە ئەوان سەیری داهاتویان دەکەن سەیرێکی ئێستای گوزەرانی مامۆستایانیش دەکەن و ئامادە نین بچنە کۆلێژێکی نزمی پەروەردەیی! ئەمە جێگای پرسیارە؟ کەواتە پێوەرەکان پێوەرو پاڵنەری ئابورین.

تەقدیم کردن بۆ خوێندن لەسەر بنەمای ئابوری وەستاوە، نەک مەعریفە و حەزی تاکەکان. بەڵام لەوڵاتێکی وەک ژاپۆن شکۆی مامۆستا هێندە گەورەیە کە خەڵک حەز دەکات لەبواری پەروەردە کار بکات، نەک هەر بوارێکی تر کە لێرە پێچەوانەیەو لەوێندەر هەمو کەس ناتوانێتت ببێت بەمامۆستا. زۆر جار ئەم نمونەیە باسدەکرێت: کاتێ پرسیاریان لە وەزیری ئەم وڵاتە کرد هۆی چییە ژاپۆن بۆتە ئیمپراتۆری تەکنەلۆژی و پێشکەوتن، لەوەڵامدا دەڵێت: ئێمە موچەی وەزیرو شکۆی ئیمپراتۆرمان داوە بەمامۆستا. یان کاتێ ئەندازیاران لەئەڵمان داوایانکرد موچەیان بەرز بکرێت وەک موچەی مامۆستایان، وەها وەڵامیان درایەوە (ئێوە چۆن داوادەکەن موچەکاتان وەک موچەی کەسێک بێت کە ئێوەی پێگەیاندوە) هەمو ئەمانە هاندەرن بۆ ئەوەی کۆمەڵگا تێڕوانینێکی باشی هەبێت بۆ مامۆستاو پیشەکەی، دیارە ئەم تێڕوانینەی کۆمەڵگای ژاپۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رۆشنبیری ئەوان. لەکوردستانیش بەڕێز وەزیری دارایی تێڕوانینێکی جوانی هەبو وتی: دەبێت فەرمانبەران شعوریان هەبێت کە بودجە بەشی ئەم هەمو موچەیە ناکات! دیارە ئەو بەگشتی قسەی کرد نەک تەنیا روی لە مامۆستا بێت.

کێشەیەکی تر کە بۆتە هۆی کەمکردنەوەی شکۆی مامۆستا راگەیاندنەکانی حیزبن، کە لە تیڤیەکانەوە قسەی دڵی خۆیان بەمامۆستایان دەڵێن وەک: مامۆستایان ئاستی زانیارییان نزمە. فەیلەسوفێک وتی: مامۆستایان هیچیان پێ نییە! بەم شێوەیە رێز لەمامۆستاو پیشەی مامۆستایەتی دەگیرێت. من نامەوێت لەفەسڵی هیچ پیشەیەک کەمکەمەوە، بەپێچەوانەوە هەمو پیشەیەک پیرۆزە و جێی بایەخە، بەڵام رەنگە گرنگی پیشەی مامۆستایەتی لەوەدا خۆی بەیان بکات کە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەکات و مرۆڤ چێ دەکات، بەجۆرێ خۆشەویستی خاک و خەڵک و کارو هتد. لەناخی تاکەکاندا دەچێێت، ئەمەش کۆمەڵگا بەرەو کەناری ئارامی دەبات. پیشەی مامۆستایی پیشەیەکی ئەخلاقی و ئینسانی و ویژدانیە، مامۆستایش لەپێناو کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی، ئینسانی و ویژدانی وەک پیشە، وەک وەڵامێک دێتە ئاراوە لەگەڵ سەرهەڵدانی پەروەردەدا مامۆستایش جێگەی باسە.

شاعیر ئەحمد شوقی دەڵێت: (خەریک بو، بڵێم پەیام بەرە مامۆستا)) چونکە مامۆستا مرۆڤ چێ دەکات و واتا بینای کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا دروستدەکات و خۆشبەختی و بەدبەختی هەر کۆمەڵگایەکیش پەیوەستە بەدروستی سیستەمی پەروەردەو مامۆستای باش، بەڵام بەبێ بونی سیستەمێکی باشی پەروەردە ناتوانین هیچ پێوەرێک بۆ مامۆستای باش دابنێین، هەرچەندە مامۆستای باش هەبێت، بەبێ بونی سیستەمێکی گونجاو ئامانجەکانی پەروەردە نایەتەدی. کە دەڵێم: مامۆستای باش مەبەست ئەوە نییە مامۆستای خراپ هەبێت! چونکە مامۆستا مامۆستایە. بەڵام پێویستە فلتەرێک هەبێت، بەر لەدامەزراندنی مامۆستاو هەڵگرتنی نازناوی مامۆستا، دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەو فلتەرەدا تێپەڕبن، بۆ ئەوەی توشی ئەم گرفتە نەبین، کە سەرپەرشتیاران بەمیزاجی کەسی خۆیان و بەپێوەری خۆیان مامۆستای باش و خراپ دیاری بکەن. واتە پێش بون بە مامۆستا باشی و خراپی یەکلایی بکرێتەوە، نەک بەپێچەوانەوە، چونکە هەڵسەنگاندن بەمیزاجی کەسی لەلایەن سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان زیان بە کەسایەتی مامۆستا و هاوکات بە پەروەردەش دەگەیەنن، لەئێستادا ئەمە کێشەیە کە دوچاری پەروەردە هاتوە پێویستە هەرچی زوە لێی دەرباز بین. مەبەستیشمان ئەوە نییە کە سیستەمی سەرپەرشتیاری نەبێت، بەڵام ئەم سیستەمەی سەرپەرشتیاری و دانانی سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان گرفتی هەیە، گرفتەکەش لەوەدایە: زۆرجار کەسانی حیزبی دادەنێن هەرچەندە کەم تواناشبن و ئاستی مەعریفیشیان لاواز بێت، یان کەسانێک کە دڵسۆزیان تیانییە تەنها لەبەر خزم خزمێنە و هتد دادەنرێن. لەلایەکی دیکەوە پێوەرەکان گونجاو نین یان هەر رەچاو ناکرێن وەک ئەوەی کەسەکە زمانزان بێت، یان کەسێک نەبێت کێشە بۆ مامۆستایان دروست بکات و ئاستی مەعریفی و رۆشنبیری بەرز بێت و هتد. بەڵام من هێشتا گەشبین نیم بە باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان و باروو دۆخیان لەگەڵ بونی ڕێکخراوی مامۆستایانیش کە پێناچێت سەربەخۆبن و لەخەمی مامۆستایان بن و دەسەڵاتیش بەگشتی هەوڵی بەفەقیرکردنی کۆمەڵگا دەدات و بەتایبەتیش چینی مامۆستایان لەڕێگای موچەوە.