Print WWW.SBEIY.COM
 لۆژیکی خێڵ، لۆژیکێکی بەسەرچو
مەحمود عەبدوڵا
24/05/2014

بەڕەچاو کردنی زەمان و مەکان هەرشتێک بایەخی خۆی هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کات ناوەستێت و کۆمەڵگەش بەردەوام لەگۆڕاندایەو، مەنتیق و نەریت و بەهاکانیش دەگۆڕێن، ئەمەش لەبەر پێویستی خودی کۆمەڵگایە. بەڵام هەریەک لەمانە ئەگەر لەگەڵ بەرەو پێشچونی شارستانییەت دا نەگۆڕێن بۆگەن دەبن، کەواتە گۆڕان لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، وەک خوێ وایە.

دەڵێن: هەرشتێک بۆ ئەوەی بۆگەن نەبێت دەبێ خوێی تێبکرێت، بەڵام ئەگەر خوێ بۆگەن بو دەبێ فڕێ بدرێت. وەک ئەحمەدی خانی دەڵێت: بۆ بەدبەختی ئێمە خوێ بۆگەنە. راستە ئەو کۆمەڵگا پێشکەوتوانەی ئەمڕۆ دەیانبینین رۆژانێک پێکهاتەیەکی خێڵەکییان هەبوە، بەڵام تەنها ئەو کاتە پێشکەوتون و بون بەدەوڵەت کە عەقڵیەتی خێڵیان فڕێداوەو لەناو نەتەوە دا تواونەوە و گەیشتون بەم رۆژەی ئەمڕۆ. بۆ محمد فەریق حەسەن لە مێنتەلێتی خێڵدا دەڵێت: (خێڵ هەمیشە لەسەر حەقە، یان خۆی پێ لەسەر حەقە) بەڵێ ئەگەر سەیری مێژوی خێڵە کوردییەکان بکەین، دەبینین هەمیشە بەو لۆژیکە بیریانکردۆتەوە و رەفتاریان کردوە، تائێستاش هەر وەهایە. کارەساتەکەش ئەوکاتە دەست پێدەکات کە حیزبێک بەم مەنتیقە لەساحەی سیاسی دەکات، پێموایە حیزبێک بەم لۆژیکە یاری بکات قبوڵی ناکات گۆڵی تێ ببێت! رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گەواهی دەری ئەو راستییەبن.

هێز هەبو دەیگوت: قبوڵی ناکەین! یان قبوڵی دەکەین! من نازانم ئەم قسانە ئەم جۆرە لێدوانانە چ پەیوەندییەکیان بەسیاسەت و حیزبایەتیەوە هەیە. لەزانستی سیاسیدا وا پێناسەی حیزب کراوە کە ئامرازێکە بۆ هەڵسوڕاندنی کۆمەڵگا، بەڵام لەم دەڤەرە حیزب بۆتە بار بەسەر شانی کۆمەڵگاو بۆتە پەت و رێگای پێشکەوتن و گۆڕانی لێبەستوە. بۆیە لەکۆمەڵگای خێڵەکیدا هەرچەندە هەڵبژاردن دەکرێت وەک میکانیزمێک بۆ دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، بەڵام دەبینین هێزەکان ئەگەر ئەنجامەکەیان بەدڵنەبو، توشی هیستریا دەبن. ئەم هێزانە هەر لەبنەڕەتدا بڕوایان بەدیموکریسی نییە، با لافی دیموکراسیش لێبدەن ئەوەی لە واقعدا دەیبینین شتێکی ترە من ناوی دەنێم-خێڵ کراتی  (party) بەواتای بەش دێت واتە بەشێک لە کۆمەڵگا.

حیزبی مۆدرنە خۆی بەبەشێک لەکۆمەڵگا دەزانێت و دەیەوێت بەشداری ژیانی سیاسی بکات، بەڵام پارتی سیاسی لەم هەرێمە نەک خۆی بە بەشێک لەکۆمەڵگا نازانێت، بەڵکو هەمو کۆمەڵگا بەهی خۆی دەزانێت و بازرگانی بەخاک و ئاو و سەر زەمین و ژێرزەمینیەوە دەکات و بەمافی خۆیشی دەزانێت! هەرکەس رەخنەشیان بکات بەدوژمنی خۆیانی دەزانن. گەلۆ ئەمە سیاسەت و حیزبایەتیە یان خێڵ گەرایی؟! باشە حیزبێک حیزبی سیاسی بێت و خۆی بە مۆدێرن بزانێت، چۆن پەنا دەباتە بەر بارەگا سوتان و کوشتنی رۆژنامەنوسان؟! ئەرێ هێزێکی سیاسی مۆدێرن چۆن هاوڵاتیەکانی خۆی دەکوژێ بێ گوێدانە هیچ مۆڕاڵێکی سیاسی و پاشان خۆیشی بەزوڵم لێکراو بزانێت؟! ئەمەیە لۆژیکی خێڵ و بەسەرچو. بۆیە ئەم هێزانە مەحکومن بەگۆڕان و نوێبونەوە و گۆڕینی مەنتیقی هێز بۆ هێزی مەنتیق. بەڵام بەکردار، نەک بەوتار.

من پێموایە: مرۆڤی خێڵەکی لەنێوان دەمانچە و قەڵەمدا دەمانچە هەڵدەبژێڕێت، لەنێوان خێڵ و نەتەوەدا خێڵ و لەنێوان داب و نەریت و یاسادا، داب و نەریت و لەنێوان سوپای وڵات و میلیشیادا میلیشیایی و لە نێوان گەندەڵی و عەدالەت دا، گەندەڵی هەڵدەبژێرێت. چونکە ئەمانە دەسکەوتی خێڵن و خێڵیش بۆ ئەوەی لەسەر حیسابی نەتەوە درێژە بەمانەوەی خۆی بدات؛ پێویستی بەم پۆخڵەواتانەیە. بۆیە خێڵ و لۆژیکی خێل دوژمنی سەر سەختی نەتەوەن، کە ئەرکی هەر مرۆڤێکی رۆشنفکرو نیشتیمان دۆستە کە ئەم پەتایە لەکۆڵ نەتەوە بکاتەوە، چیتر لەنێوان بەرداشی خێڵدا نەتەوە نەکرێتە باراشی خێڵ. ئەی ئە گەر هێزێکی سیاسی ئەوە مەنتیقی  بێت! وەک محمەد فەریق دەڵێت: مرۆڤی خێڵەکی لەگەڵ هەر حیزبێک بێت زیانی پێ دەگەیەنێت. بە کورتی ئێمە لەدوڕیانێک داین، دوڕیانی گۆڕان و، چەق بەستن، نوێبونەوە و بۆگەن بون، یان دەبێ گۆڕان و نوێبونەوە هەڵبژێرین، یان دەبێ چەق ببەستین. تەنها ئەو هێزانەش براوەن کە خاوەنی ئەو لۆژیکەنین و پەرە بە هێزی مەنتیق دەدەن و بڕوایان بە ئازادی رادەربڕین و گفتوگۆ هەیە و رێز لەئیرادەی کۆمەڵگا دەگرن و پەنا بۆ هێز نابەن، بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و خزمەت بە کۆمەڵگا دەکەن.