Print WWW.SBEIY.COM
 دەسەڵاتی مەعریفە و مەعریفەی دەسەڵات
مەحمود عەبدوڵا
27/05/2014

شارستانیەتی ئەمڕۆ، شارستانییەتێکە خێرایە، بەوە دەناسرێتەوە کە مرۆڤەکان و گەلان لەهەڵپەی سامان و پێشکەوتندان وەک دوڕوی یەک دراو سەیری سامان و پێشکەوتن دەکرێت، واتا پێوەر بۆ پێشکەوتویی کۆمەڵگایەک ئاستی گوزەرانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایەیە. هەڵبەت راستییەکی تێدایە، چونکە مەعریفە رۆڵی هەیە لە کەڵەکەکردنی سەرمایە و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگادا لەلایەک، لەلایەکی ترەوە سەرچاوەی هێزە لەسەر ئاستی تاک و دەوڵەتیش، چونکە ئەو وڵاتانەی کە ئاستی مەعریفییان بەرزە داهاتی تاکیش تێیدا بەرزترە بەبەراورد بەوڵاتانەی لەڕوی مەعریفییەوە هەژارن. لەسەر ئاستی دەوڵەتیش هەروایە لەلایەک دەوڵەت بەهێزە لەبەرامبەر دەوڵەتانی دیکە و ئیعتیباری هەیە، لەلایەکی دیکە بێهێزە لەناوخۆدا بەوەی ناتوانێ کۆنتڕۆڵی تاکەکان بکات وەک لە وڵاتە دواکەوتوەکاندا دەکرێت، کە دەوڵەت لەڕێگەی دابینکردنی بژێوی کۆمەڵگا بە نمونە لەڕێگەی موچە کۆنتڕۆڵی تاک و کۆمەڵگا دەکات و دەیکات بە کۆمەڵگەیەکی کۆیلە بەجۆرێ هەمیشە پێویستی بە دەسەڵاتە بۆئەوەی بژی، لێرەوە کۆمەڵگا لە جوڵە دەکەوێت و چەق دەبەستێت و گەندەڵ دەبێت و کۆمەڵگایەکی ناسیاسی بێ فەضیلەت دروست دەبێت، کە کۆمەڵگایەکی بێ بێ مۆڕاڵە.

کەواتا: مەعریفە یەکسانە بەئازادی، بۆیە کۆمەڵگەیەکی هەژار لەڕوی مەعریفییەوە کۆمەڵگەیەکی مێگەل ئاسایە و لێدەخوڕەرێت و پێویستی بەشوانە، بۆیە لەم کۆمەڵگایانەدا بەرخۆری پێش دەخرێت و ئازادی پاشەکشە دەکات و لەبیری تاکەکاندا و ورگ دەکرێتە مەحەک بۆ باشی و خراپی دەسەڵات، لە کۆمەڵگای مەڕئاسادا مەعریفە دەگۆڕێت بۆ هێز، هێز جێ بە مەعریفە لەق دەکات و تاکە مەعریفەی دەسەڵات هێز دەبێت واتە دەسەڵات لەڕێگەی هێزەوە کۆنتڕۆلی کۆمەڵگا دەکات و دەیخەسێنێت و دوچاری ترسی دەکات، کە وەک کەلەپچە دەیکاتە دەستی تاکەکان، ئەم ترسە دەبێتە بەشێک پێکهاتەی سایکۆلۆجی تاکەکان، کە هەمیشە لە ترسدا دەژین، ترسی ئەوەی کە چۆن نەمرن لەبرسان، بێکار نەبن ...هتد، ئەم ترسە سەرچاوەی نادادی و گەندەڵی و هاوکات سەرچاوەی هێزی دەسەڵاتە. مرۆڤ لەم کۆمەڵگایەدا رێک وەک قۆناغی بێدەوڵەتی رەفتار دەکات، کە هۆبز دەڵێ: لەحاڵەتی سروشتیدا مرۆڤ گورگی مرۆڤە. لەم کۆمەڵگایەدا هەموان لەگەڵ یەک لەشەڕدان کێ بەڕكێ دەکەن لەسەر حیسابی یەکتر، نەک بۆ پێشکەوتن، بەڵکو بۆ نزیکبونەوە لە دەسەڵات و پۆست، لێرەویە کە ماستاوچییەتی دەست پێدەکات کێ زیاتر واز لەمافە سیاسییەکانی بهێنێت زیاتر دەچێتە پێشەوە، واتا ئاستی گوێڕایەڵی ئاستی کەسایەتی دیاری دەکات لای دەسەڵات. ئەم کەسانە کە سانی نەشیاوی بێ مەعریفەن، ئەوان لە گوێڕایەڵی زیاتر کارێک نازانن ئەنجامی بدەن بۆ سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکانیان دا. ئیدی کەسانێکی مشەخۆر دێنە پێشەوە، هەمو شتێکیان هەیە جگە لە مۆڕاڵ. چونکە ئەوان ئازادنین، مرۆڤیش بەبێ ئازادی سەربەست نییە لە هەڵبژاردنی رەفتارێکدا ئەو مەحکومە بە جێبەجێکردنی ئەوەی پێی دەوترێت، چونکە لەبەرامبەر هەر نایەکدا دور نییە هەمو شتێک لەدەست بدات.

کارەسات ئەوەیە کاتێ ئەم کۆمەڵگایە دەبێتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەل و هەمو ئامرازەکانی چێژ لە شارستانیەتی ئەمڕۆدا و بەلێشاو روی تێدەکەن، لەم حاڵەتەدا کۆمەڵگا دەگاتە قیمەی کۆیلایەتی لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو ئامرازانە و کێ زیاتر دەست لە ماف و ئازادییەکانی هەڵبگرێت زیاتر دەوڵەمەند دەبێت لەسەر حیسابی کۆمەڵگا. لەم حاڵەتەدا نوخبەیەکی خۆشگوزەران پەیدا دەبێت کە شەیدای پۆست و پارەیە و ئەوانە دەبن بەجەلادی دەسەڵات، روتدەبنەوە لە بەها. هەر لەگەڵ پێدانی پۆستێک نەرسیزمی ئەوانە دەردەکەوێت و لەهەر ناوەندێکی حکومی کاربکەن، چواردەوریان بێزاردەکەن، لەبەر هیچ نا، بەڵکو تەنیا لەبەرئەوەی بێ مەعریفەن و لافی مەعریفە لێدەدەن و باسی مەهاڕەتی خۆیان دەکەن، کە لە راستیدا ئەوەی دەیزانن گوێڕایەڵییە.

لێرەوە هەستی بەرپرسیاریەتی ئەوانی تر لاواز دەبێت، کە دەبینن کۆیلەکان بەڕێزترن لای دەسەڵات و مافی زیاتریشیان هەیە و لەناو کۆمەڵگاش هەروان، چونکە ئەوانە دەبنە خاوەن هێزو پردێک لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا. ئەمانە هێزەکەیان دوئەوەندە دەکەن، چونکە دەسەڵات و یاسایەک نییە لێیان بپرسێتەوە بەرتیلخۆری و واسیتە دەکەن بەپیشەی خۆیان و سەرەنجام بەپیاوەتیش بۆیان تەواو دەبێت، چونکە ئەم تاقمە پلەیان بەرز دەکرێتەوە بەجۆرێک بتوانن خەڵک دابمەزرێنن، ئەوان لەنێوان وەزارەتەکان و خەڵکدا لە پەیوەندیدان بۆ دامەزراندنی خەڵک.
نامیلکەیەکم خوێندەوە باسی هەڵمەتی هەڵبژاردن نوسەرەکە پێی وابو ئەندام پەرلەمان پێویستە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا زۆرترین خەڵک دابمەزرێنێت لە ناوچەکەی خۆی! ئەمە بۆ؟