Print WWW.SBEIY.COM
 پێشمەرگە هێزی نیشتیمانە یان حیزب!
فایەق سەرچناری
04/06/2014

دیارە هەمو خەڵکی کوردستان ناوی پیرۆزی پێشمەرگەی بیستوە و پێناسەی ئەم ناوەی وەکو دروشمێك بەرزنرخاندوە، سەرەتای دروستبونی پێشمەرگە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژوەی کە دوژمنان هەوڵی داگیرکردنی کوردستان و تاڵان و کوشتوبڕی خەڵکەکەیان داوە و هەمیشە لە پلاندابون بۆ لەناوبردنی، بەڵام ئەگەر ئاوڕێك بۆ دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991 بدەینەوە ئەوا بەشێکی بەرچاوی ئەم نیشتیمانە داگیرکراوە لەسەر دەستی خەڵك و هێزی پێشمەرگە رزگاری بو و لەوکاتە بەدواوە کورد خۆی پارێزگاری لەم دەسکەوتەی راپەڕین کردوە، بەڵام نەتوانرا پێشمەرگە وەك یەك هێزی نیشتیمانی رێکبخەن بۆ پارێزگاری کردن لێێ، بەڵکو ئەم هێزەیان کرد بەدو بەشەوە و کردیان بەگژیەکتریدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان، بۆیە دوای شەڕێکی خوێناوی بەهەزاران کوڕی هەژاری ئەم نیشتیمانەیان بە یەکتری بەکوشتداو بەوەشەوە نەوەستان هێزی دەرەکیان بەکارهێنا بۆ ترس و تۆقاندنی خەڵکی ئەم هەرێمە. ئەوەبو دواییش لەبەرئەوەی بەرژەوەندیەکانیان نەکەوێتە مەترسیەوە بەناچاری رێکەوتن و هێزی پێشمەرگەش بو بەدو هێزی حیزبی جیاواز بە ئێستاشەوە، ئەوەتا بەرپرسەکان پێشمەرگە بەکارئەهێنن بۆ پاسەوانی باخ و بەخێوکردنی ئاژەڵ و...هتد.

ئەمە سکاڵای پێشمەرگە خۆیەتی، هێزێکی زۆری بندیواریان تۆمارکردوە کە دەوام ناکەن و نیوە موچەیان پێئەدەن یان کەسی نزیکی بەرپرسەکانە بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساکانی سەربازی پلەیان بە نایاسایی پێئەبەخشرێ یان بە پلەیەکی بەرزی سەربازی خانەنشین ئەکرێن.

نمونەش:
من خۆم یەکێ بوم لەو پێشمەرگانەی کە لە ساڵی 1992وەوە کە یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم دامەزرا وەك شۆفێری وەزیری کاروباری پێشمەرگە کارم کردوە لە شاری هەولێر، بۆیە ئەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە هەر لەو سەردەمەدا پێشمەرگەی بندیواریان دروستکرد لەناو وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا، چونکە ئێمە بەڕەسمی 27 پێشمەرگە بوین، بەڵام جاری وا هەبوە تەنها 7 پێشمەرگەمان دەوامی کردوە، موچەی ئەوانی کە وەرئەگیراو ون ئەبو، جگە لە ونبونی نەسریە و مەسرەف و شتی تریش، بۆیە سەرهەڵدانی موچەی بندیوار سەرەتاکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.

سەیرە ئەمڕۆ بریکار و ئەمینداری وەزیری پێشمەرگە بێئاگایی خۆیان ئەسەلمێنن و ئاگایان لەم هەمو گەندەڵیەی ناو هێزی پێشمەرگە نیە، ئەم لێدوانانە ئەوەمان پێئەڵێ کە ئەم بەڕێزانە یان پاکانە بۆ حیزبەکانیان ئەکەن یان ئەوەتا بێئاگان لە حساب و کتابی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە خۆیانەوە لێدوان ئەدەن.

ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکێکی گەورەی لەسەرشانە بۆ یەکخستنەوەی ئەم هێزە حیزبیانە و پێویستە هەوڵی تەواو بخاتەگەڕ بۆی لەڕێگەی وەزیرە بەڕێزەکەیەوە بۆئەوەی شکۆمەندی بگەڕێتەوە بۆ هێزی پێشمەرگە و بتوانێ بیکات بە هێزێکی نیشتیمانی بەهێز، بۆ داکۆکیکردن لەم نیشتیمانە نەك بۆ خزمەتی حیزب و بەرپرس و بنەماڵە و رەز و باخ و ئاژەڵ بەخێوکردن، چونکە هێزی پێشمەرگە هەمو کوڕی جوتیار و کرێکار و هەژاری ئەم نیشتیمانەن و پێویستە رێزیان لێبگیرێ.