Print WWW.SBEIY.COM
 پەرلەمان، موزایەدە و میوان هەڕەشە و دوکەڵی زمان
مەحمود عەبدوڵا
07/06/2014

لەدنیادا پەرلەمان دەزگایەکە بۆ لێپرسینەوە و پرسیارکردن، نەک دیوەخان و هەڕەشە و قبوڵ نەکردن. وەک چۆن پرسیار کردن رۆحی فەلسەفەیە و فەلسەفەش گومانکارە دەبێ پەرلەمانیش وا بێت، ئەندام پەرلەمانیش دەبێ پرسیار بکات و گومان بکات ئەگەرنا رۆحی تێدا نابێت، کەواتە پرسیارکردن رۆحی پەرلەمانە و بەبێ ئەم رۆحە پەرلەمان دەبێت بە دیوەخان و ئاغاش لەسەری سەرەوە دادەنیشێت، ئەوەی پێویست نییە دەیڵێت و ئەوەی دەیڵێت پێویست نییە.

نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم ئەم پەرلەمانە ئەڵێی گیرفانی هەژارە هێندەی کون تێن و پینە پینەیە. با لەم هەڵە ئەستورە دەست پێ بکەم، یان بڵێین لەو زوڵمە ئەستورەی لەزمانی کوردی دەکرێت لە پەرلەماندا، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر یەک دوجار ئاماژەی بەوە کردوە کە عەرەبیەکەی دوکەڵ دەکات، ئەمە ئاساییە. بەڵام ئاسایی نییە کوردییەکەی دوکەڵ بکات! لە دانیشتنی ٤\٦ی پەرلەمان سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر زۆر هەڵەی زمانەوانی دەکرد، بەنمونە وتی: "هێزەکانی سیاسی" لەجیاتی هێزە سیاسیەکان یان "رەقەمێکی فوق العادە زۆر" ئەمە کوێی کوردییە، رقم، فوق العادە زۆر، لەم وشانە تەنها (زۆر) کوردییە. تۆ ئەگەر کوردییەکەت باشبێت دەتوانی پەرە بەزمانێکی تر بدەی، بەڵام کەسێک زمانی کوردی باش نەزانێت قەت ناتوانێ عەرەبیزانیکی باش بێت، بۆیە یان زمانەکەی تێکەڵ دەکات یان دوکەڵ دەکات. ئەمە لە لایەک، لەلایەکی کەوە ئەم بەڕێزە توشی هەڵچون بو کاتێک پرسیاری داهاتی نەوتی لێکراو هەڕەشەشی لە ئەندامانی پەرلەمان کرد! هەڕەشەکردن بەواتای باڵادەستی حکومەت بەسەر پەرلەمانەوە، هاتنی سەرۆک میواندارییە نەک بانگهێشت کردن، بۆیە لەسەرەتاوە وتی: ئامادەین هەمو رۆژێک بێین بۆ پەرلەمان، بەڵام دواتر هەڕەشەی کرد و توشی جۆرێک لە شڵەژان بو کە سەرچاوەکەی ترسە، ترس لە شەفافیەت!

ئەم حاڵەتی هەڵچوونە نەخۆشییەکە بەرۆکی زۆربەی بەرپرسانی گرتوە، لە بچوکەوە تا گەورە و چەند هۆکارێکی هەیە لەوانەش: یەکەم -عەقڵیەتێکی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی یان بەسەر تاکی کورددا زاڵە، پەیوەندی نێوان کاربەدەستان و هاوڵاتیان پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای گەورە و بچوکی، کە گەورە دەبێ قسەبکات و بچوک گوێ بگرێت.
دووەم -  هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی خۆ بەحەکیم دانان، ئەوەتا بینیمان چۆن فەرمویان کتێب بخوێننەوە و ئامۆژگاری ئەندامانی پەرلەمانیان دەکرد. زۆر سەیرە ئەرێ  بۆ لە شاشەی تیڤی دەترسن؟ بۆ نابێ خەڵک بزانێ چێتان کردوە و چی دەکەن؟ بەڵام ئەگەر من ئەندامی پەرلەمان بام لێم دەپرسی: قبوڵی ناکەی چێ دەکەی؟! پێویستە ئەم پرسیارەی روبەڕو بکرابایەوە، چونکە زەمەنی ئەم لۆژیکە نییە و پرسیارکردن لە داهاتی نەوت تاوان نییە. الحمدولیللاکەی وەزیری سامانە سروشتییەکانیش یەکێکە لەو هەڵە ئەستورانەی کە دەسەڵاتداران تێی کەوتون و پێیانوایە ئۆپۆزسیۆن بەڵایە بەسەرشانیانەوە، گەلۆ نازانن بونی ئۆپۆزسیۆن وەک ئۆکسجین وایە بۆ ژیانی سیاسی؟ ئەرێ ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت، چۆن باسی دیموکرسی و شەفافیەت و کێبەڕکێی سیاسی دەکەن. ئەمە چ عەقڵییەتێکە پرسیارکردن لە داهاتی نەوت بە موزایەدە بزانی، بێت وابێ بۆ خۆدەرخستن و سەرنج راکێشانی خەڵکە! گەلۆ خەڵک بۆیە دەنگی پێداون پرسیار بکەن، ئەگەر پرسیار نەکەن نیشانەی پرسیاریان لەسەر دادەنرێت.