Print WWW.SBEIY.COM
 ئینتیمای دەسەڵات و دەسەڵاتیما
مەحمود عەبدوڵا
18/06/2014

دەسەڵاتی کوردی لەباشور دەسەڵاتیێکی حزبییە، حیزبیش کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات. حیزب وەک کارخانەیەک وایە مرۆڤی حیزبی و بێ ئینتیما دروست دەکات و ئینتیما بۆ نیشتیمان لاواز دەکات. چونکە لەواقعدا تائێستاش ئەم هەرێمە دابەشبوە بەسەر دو زۆندا (سەوز و زەرد) هەریەک لە (ینک و پدک) بەویست یان بێ ویست کار لەسەر لاوازکردنی ئینتیمای تاک دەکەن بۆ خاک و وڵات و لەپێناو سەروەری حیزب، سەروەری خاک پێشێل دەکەن و ئەوەش بەبەڵگەی ئەوەی هەریەک لەم هێزانە رێگەدەدەن بەدەستوەردان لەکێشە ناوخۆییەکانی هەرێم، لەلایەن هێزە هەرێمییەکانەوە، ئەمەش هەم پێشێلکردنی سەروەری خاکە و هەم دەبێتە هۆی لاوازی ئینتیمای هاونیشتیمانیان و نەمانی متمانە بەو هێزانە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە دەبێتە هۆی لاوازبونی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ باشوری کوردستان، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان نەتوانێت خۆی بڕیاری چارەنوسی خۆی بدات، ناشتوانێ پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆخۆی مسۆگەر بکات.

رەنگە ئەمە خاڵی لاوازی هەرێم بێت کە ناتوانێت دەستی دەرەکی ببڕێت، بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت. چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دان بەسەربەخۆیی وڵاتێکدا نانرێت، کە نەتوانێت سەربەخۆیی خاکی خۆی بپارێزێت.

کێشەی بەحیزبی کردنی کۆمەڵگا ئەوەیە، کە دەبێتە هۆی دابەشکردنی کۆمەڵگا و تاکەکان بەچاوی دوژمنکارانە لەیەکتر دەڕوانن و شەڕی یەکتر دەکەن و کۆمەڵگا دەکەوێتە ناو جەدەلێکی پوچ، ئینتیمای حیزبی جێگەی ئینتیمای نیشتیمان دەگرێتەوە. بۆیە جیاکردنەوەی راستیەکان مەحاڵ دەبێت، هەر یەکەو لەبەرژەوەندی خۆی شیکردنەوە بۆ روداوەکان دەکات، تاکێک کاتێک دەبێتە ئەندامی یەکێک لەم پارتانە، راستەوخۆ شێوەی ئەوان وەردەگرێت، وەک چۆن ئاو شێوەی ئەو دەفرە وەردەگرێت کە دەکرێتە ناوی، بۆیە ئەم تاکە بە حیزبی کراوە دەکەوێتە بەرگریکردنی کوێرانە لەحیزبەکەی خۆی، لەجیاتی بیرکردنەوەی عەقڵانی و رەخنەگرتن لە سیاسەتە هەڵەکانی حیزبەکەی، دەستدەکات بە بەڵگە هێنانەوەی نائەقڵانی، ئەمە یە ئینتیمای دەسەڵاتی حیزبی.

ئەم هێزانە لەڕێگەی بەخشینی کۆمەڵێک ئیمتیازات بە لایەنگرەکانیان شەڕی ئیرادە لەگەڵ کۆمەڵگا دەکەن و، ئیرادەی تێکدەشکێنن، ئەم ئیمتیازاتانە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە ئەندامێکی رێکخراوە قوتابیان دەسەڵاتی لەڕاگرێکی کۆلێژ زیاترە لەناوکۆلێژدا! ئەمەم وەک نمونە هێنایەوە، ئەگەر نا دەیان نمونەی لەم شێوەیە جێگای باسە. بەڵام ئەگەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا ئینتیمای بۆ نیشتیمان هەبێت، دەسەڵاتی حیزب فڕێدەدرێتە دەرەوەی حکومەت و حیزبێک ناتوانێ یاری بەچارەنوسی هاوڵاتیان بکات. هۆکارێکی تر کە دەبێتە هۆی لاوازی ئینتیما بۆ وڵات داڵدەدانی ئەو کەسانەیە کە هاوکاری بەعس بون لەپرۆسەی ئەنفالدا، نەک داڵدەدان بگرە کەمتەرخەمی لەدەستگیرکردنیان دەبێتە هۆی لاوازی ئینتیمای هاوڵاتیان و گومان لەسەر ئەم هێزانە دروست دەکات. کێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە، تائێستاش رۆشنبیرانمان دوای هاتو هوتی لایەنێک دەکەون لەکاتی هەر قەیرانێک، کێشەیەک کە روبەڕومان دەبێتەوە.

گومانی تێدانییە کە چەکدارەکانی (داعش) بونە هۆی دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، بەڵام یەکێک نەهات بەبێ لایەنی مەترسییەکان و مەبەستی ئەم گروپە بۆ خەڵک رونبکاتەوە، زۆربەی زۆریان شوێنی حیزبێک دەکەوتن، بەپێی خواستی ئەو لایەنە شرۆڤەی دەکەن. یەکێک دەیوت: سوننەی دۆست! بێگومان ئەم قسەیە قسەیەکی راست نییە، ئەگەر سوننە دۆست بێت، کورد کێی دوژمنە؟! بێگومان ئەم قسەیە لەوە سەرچاوە دەگرێ، کە لایەنێک نیگەرانە لە مالیکی و کێشە کە بەشەخسی کراوە، پێیانوایە کاتی تۆڵەکردنەوەیە لە مالیکی! کێشەکە لەوە ئاڵۆزترە و سیناریۆکانی داعش لەوە ئاڵۆزترن هەروا بەسانایی لێی دەرناچین. لەحاڵێکدا گەر کۆتایش بە حوکمی مالیکی بێت، کە باوەڕناکەم کۆتایشی بێت، ئەوا سوننەکان دوای خۆگرتنیان کارێکی گرنگ کە بیکەن، ماڵوێرانکردنی کوردە و تۆڵەی خۆیان لە کورد دەکەنەوە.