Print WWW.SBEIY.COM
 شانازی و نەفرەت
مەحمود عەبدوڵا
22/07/2014


سروشتی مرۆڤ وایە بەرژەوەندیخوازە، بۆیە هەمو ئەو شتانەی لە بەرژەوەندی تۆدان تۆشانازیان پێوەدەکەی، بەپێچەوانەشەوە راستە. تەنانەت شەیتان نەفرەت دەکرێت نەک لەبەرئەوەی خراپە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی ئێمەدانییە. کەواتە؛ لەنێوان شانازی و نەفرەتدا بەرژەوەندی هەیە کەوا دەکات کۆک نەبین لەسەر شتێک، حیزبێک، کەسایەتییەک ...هتد. ئەوە بەرژەوەندییە کە ئێمەی کردۆتە دوبەرە، بەرەی شانازی و بەرەی نەفرەت.

کاتیک شانازی دەگاتە ئاستی مەترسیدار کە مرۆڤ تاڕاددەی کۆیلە بون شانازی دەکات بە شتێکەوە کە لە بەرژەوەندی ئەو دایە، پێچەوانەی بەرژەوەندی کۆمەڵگایە، تەنانەت مرۆڤ بونی خۆی لەدەست دەدات لەپێناو بەرژەوەندییەکی ماددی، لێرەوە وزەی داهێنەرانەی مرۆڤ دەمرێت و لە دۆزینەوەی کەسێکی تردا بەهەدەر دەدریت، بەڵام سودی چیە، کاتێک تۆ خۆت ون دەکەیت. خۆ ئەگەر پارە و شەیتان پێچەوانە ببنەوە، پارە نەفرەت دەکرێت و شەیتان لەسەر عەرشی پیرۆزی دادەنیشێت، لەجیاتی راوە دینار مرۆڤ راوە شەیتان دەکات، ئەمە لەکاتێکایە پارە ئامرازێکی شەیتانە، بەلآم بەدەست مرۆڤەوەیە. ئەم تێڕوانینە سەراپای کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتۆتەوە، لەدوای کۆمۆنەی سەرەتایی یان بڵێین، دوای هاتنەکایەی خاوەنداریەتی تایبەتی.

بەرژەوەندیخوازی کودەتای بەسەر مرۆڤ دۆستیدا کردوە. دەتوانین بڵێین: نوخبەی بەرژەوەندی خوازی تۆتالیتاری، بۆچی؟ چونکە بیرکردنەوەی بەرژەوەندیخوازانەی ئەم تاقمە تۆتالیتارانەیە، بەرامبەر ئەوانی دیکە هەرشتێک، هەردەنگێک لەدەرەوەی ئەم بیرکردنەوەی ئەوانە رەتی دەکەنەوە چاوەڕوانی ئەوەن کۆمەڵگا بێدەنگ بێت و یەک رەنگ بێت؛ لەکاتێکا  جیاوازی نێوان نوخبە و هاوڵاتی ئاسایی  ئاسمان و رێسمانە لەڕوی ئیمتیاز و گوزەرانەوە. بۆیە هەر ئەم تێڕوانینەیە کە پایەکانی رژێمی تۆتالیتار دەچەسپێنیت، رژێمەکەی سەدام نمونەیە کاتێک ئەم هەمو کاولکاری و تاوانەی بەرامبەر کورد دەکرد، بەڵام کۆمەڵێک نوسەر و شاعیر و ...هتد. خەریکی ماکیاج کردنی بون! لەبەرئەوەی تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی ئەوانەدا بو کە لەدەوری کۆببونەوە.

بۆیە ستەمکار تەنها لە کۆمەڵگایەکی وادا دروست دەبێت، کە کەمینەیەکی هەلپەرستی بەرژەوەندیخواز ماکیاجی دەسەڵات دەکەن، چونکە ئەوانە دەستبەرداری ئازادی خۆیان دەبن، لەسەر حیسابی ئازادی کۆمەڵگا. ئەو کۆمەڵگایەی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی شانازی و نەفرەتی شتەکان دەکات چۆن دەیناسینەوە؟ کۆمەڵگایەکی لەم چەشنە بەوە دەناسرێتەوە، کە ناسەقامگیرە فرەکوێخا و بێ یاسایە، میزاجی کەسی تێیدا جێگای یاسا دەگرێتەوە، رای جیاواز قبوڵ ناکرێت، نەک لەبەرئەوەی رایەکی هەڵەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی دژی ئەو دۆخەیە کە خەڵک لەسەری راهاتون. لێرەدا کۆمەڵگا دەبێت بەدوبەشەوە و پارچە پارچە دەکرێت، گروپەکان و رێخراوەکان هەریەکەیان بەرەو بەرژەوەندی خۆیان هەنگاودەنێن، بێگوێدانە بەهاکانی مرۆڤ دۆستی و بەها باڵاکانی کۆمەڵگا و بەهای فکر. بۆیە کاتێک لەسەر رای جیاواز و بیرکردنەوەی جیاواز، جیاواز لە حیزبێک، بنەماڵەیەک ...هتد. دەکەویتە بەر نەفرەتی ئەو گروپەی کە جیاواز لەتۆ بیر دەکاتەوە. بۆئەم مەبەستە دەسەڵات بەناوی پیرۆزی نیشتیمان و خۆشەویستی خاک و ...هتد. هەمو رایەکی جیاواز نەفرەت دەکات، کاتێک تۆ جیاواز بیر دەکەیتەوە بەخائین ناوت دێنن، بەپێچەوانەشەوە تۆ مەزنی و عاقڵی ئەگەر غافڵیش بیت، مادام هاوڕای هاو بەرژەوەندی لەگەڵ ئەم گروپە، ئەمە لەکاتێکدا هێز هەیە خیانەتی نیشتیمانی کردوە، بەڵام لەلایەن گروپێکی بەرژەوەندیخواز بەدەستکەوت دادەنرێت! لەم لاشەوە هەمو ئەوانەی هاوڕانین لەگەڵیدا بەخائین وەسفیان دەکات.