Print WWW.SBEIY.COM
 چین؛ هەڕەشیەکی مەزن بۆسەر دەوڵەتی کوردی
مەحمود عەبدوڵا
06/08/2014

بەرلەوەی باس لە چۆنێتی هەڕەشەی چین بکەم لەسەر دەوڵەتی کوردی، پێویستە ئاماژە بەوەبدەین کە دروستبونی دەوڵەت زەرو رەتێکە لە ئەنجامی ماندوبونی چینەکان و بەتایبەتیش چینی چەوساوە دێتەکایەوە و بۆ دورکەوتنەوە لەهەڕەشەی ئاسایشی نەتەوەیی. چونکە تاکاتێک نەتەوە خاوەن دەوڵەت نییە مەترسی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەرە. هەرچەندە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا چینی دەسەڵاتدار یان سەرمایەدار و بنەماڵەکان دانیان نەناوە بە دەست هەڵگرتن لە هەندێ لەمافەکانیان، بۆئەوەی هەموان یەکسان بن لە بەردەم یاسا و لەچوارچێوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیدا بیر لە دروستکردنی دەوڵەت بکەنەوە؛ بەڵکو هەر گروپ و تاقمێک بەئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خۆی کاردەکات. نمونەیەکی سادەش ئەوەیە کەدەسەڵات هەوڵی نەداوە سوپایەکی نیشتیمانی دروست بکات بۆئەوەی هەمو چین و توێژەکان بەشداربن لە بەرگریکردن لە نیشتیمان، نیشتیمان رەحمەت بێت بۆ هەموان و هەموان رەحمەت بن بۆ نیشتیمان. نەبونی یاسایەکی سەربازی و سوپایەکی نیشتیمانی وای کردوە چینی سەرمایەدار و دەسەڵاتدار بێبەش بن لە ئەرکی پاراستنی نیشتیمان و پاراستنی سنورەکانی نیشتیمان، تەنها چینێکی چەوساوە سنگیان بە گولەوە دەنێن و چینی دەسەڵاتداریش لەبەری رەنجی چەوساوەکان سودمەندن، نیشتیمان هی هەموانە و دەبێ هەموان بیپارێزن.

ئەمڕۆ کۆمەڵگای کوردی، بەبارودۆخێکی هەستیاردا دەڕوات، لە هەموکات زیاتر پێویستیمان بەکەم کردنەوەی کەلێنی نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانە. ئاشتی کۆمەڵایەتی تەنها لەوکاتەدا دێتەدی کە جیاوازی نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتیان کەم بکرێتەوە، ئەمەش تەنها کاتێک دیتەدی کەیاسا سەروەربیت و پانتایی ئازادی رادەربڕین فراوان بکرێت. لەلایەکی دیکەوە زۆر گرنگە هەر پارتێکی سیاسی ئاگاداری ئەوە بێت کە شۆڕشی تەکنەلۆژی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک: فەیس بوک و تویتەر و ...هتد - شۆڕشێکی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگان کە چیتر خەڵکی بێ ئاگانین لەوەی لەدنیادا چی دەگوزەرێت؛ با بۆ ماوەیەکی کاتیش دەرفەت بدەن بە دەسەڵاتداران و پارتەسیاسیەکان تا بە ئارەزوی خۆیان یاساکان بشکێنن و سامانی وڵات بەفیڕۆ بدەن. ئەمڕۆ خەڵکی وشیارن و وشیارتر دەبن، بەم هۆیە شەوە ئایندە بۆ هێزە دیموکرات خوازەکانە و هیچ دەسەڵاتێکی خێڵەکی و نادیموکرات ئایندەیەکی باش چاوەڕێی ناکات، ئەمەش بەوەناکریت کە هێزەکان پاشناوی دیموکرات هەڵبگرن وەک نازناوێک، بەڵکو دەبێ بیسەڵمێنن کە دیموکراتخوازن. چونکە سیاسەت (پراکتیک)ە نەک دروشم، لەمەودوا خەڵک بەتەنیا بەپاشناوی دیموکرات رازی نابێت، بەڵکو دەبێت ئەوە بزانن کە هاوڵاتی بەختەوەری خۆی لەناو هێزە (شۆسیال دیموکراتەکان )دا دەبینیتەوە، بەڵام دیسان دەبێ هەر هێزێک کەخۆی بەشۆسیال دیموکرات دەزانێ لە پراکتیکدا شۆسیال دیموکرات بێت. پێموایە کاتێک هاوڵاتی هۆشیار دەبێتەوە و بەماف و ئازادییەکانی خۆی ئاشنا دەبێت لە ئایندەدا دەسەڵات رادەستی هێزە سۆشیال دیموکراتەکان دەکات، چونکە (هاو پەیوەندی و یەکسانی و دادپەروەری) خەسڵەتی سۆشیال دیموکراتین و خوازراوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتین.
چین ئاماژەیە بۆ خۆجیاکردنەوە و ململانێ و نایەکسانی، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژو بێ چین نەبوە لەدوای کۆمەڵگەی سەرەتاییەوە، هاوکات چینایەتیش کۆمەڵگاکانی ماندوکردوە، هەرچینێک لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا تێکۆشاوە و هەوڵی باڵادەستی داوە بەسەر چینکانی دیکەدا.

لەهەر کۆمەڵگایەکدا چەند چینێک هەیە، کە دنیابینی و فەلسەفەی ژیانی هەریەکێکیان جیاوازە لەویتر؛ بۆیە هەمیشە ژینگەی کۆمەڵایەتی دوچاری جۆرێک لە پیس بون دەبێت. چەمکی ژینگەی کۆمەڵایەتی: (گوزارشت لە پەیوەندی تاک دەکات بە کۆمەلگەکەیەوە). پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە چینی دەسەڵاتدار پشکی شێریان بەردەکەوێت، لە پیسبونی ژینگەی کۆمەڵایەتیدا؛ بەتایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، چونکە لەم وڵاتانەدا یاسا نەیتوانیوە دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار سنورداربکات. لەهەر قۆناغێکی مێژوییدا هەر لەقۆناغی کۆیلایەتییەوە تا رۆژگاری ئەمڕۆ کە قۆناغی سەرمایەدارییە، هەمیشە لە کۆمەڵگا دا چەند چینێک هەبوە وەک چینی: ئاینی، هەژار، دەوڵەمەند، خوێندەوارو نەخوێندەوار و ...هتد.
لەناو ئەم چینانەدا هەمیشە دو جۆر بیرکردنەوە باوە و پێچەوانە (پارادوکس)ی یەکترن و هەریەکەیان بەئاڕاستەی بەڕژەوەندی خۆی هەنگاو دەنێت، ئەگەرچی هەنگاونانی هەر یەکێکیان جیاوازە لەویتر.

دەتوانین دوجۆر چین لە کۆمەڵگادا دیاری بکەین وەک ناونانێک بۆگشتیان کە بریتین لە: چینی (هەژار وسەرمایەدار) ئەم پۆڵێنکردنە بەواتایەی کە یەکەم هەمیشە چەوساوەو دوەمیان هەمیشە چەوسێنەر، یەکەم یەکسانی خوازو دوەم جیاوازی خواز ئەم سەر بەدەسەڵات و ئەو دژ بەدەسەڵات.

ململانێی چینەکان لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتودا، بەو واتایەی کە ئەم کۆمەڵگایە لەڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا خۆی رێکخستوە، جۆرێک لە هاوسەنگی هێز هەیە، کە ناهێڵێت چینی دەسەڵاتدار کەلێنێکی گەورە لەنیوان خۆیی و چینەکانی تردا دروست بکات. بێگومان ئەمەش بە هۆی یاسا و بەدەرەجەی یەکەم و هۆشیاری ئەم کۆمەڵگایانەش بە دەرەجەی دوەم. سیستەمی دیموکڕاسی و پارتە شۆسیال دیموکراتەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بچوک کردنەوەی کەلێنی نیوان چینی دەسەڵاتدارو هاوڵاتیان بەجۆرێک لانی کەم لە وڵاتانی دیموکراسی ئەگەر چی چینی دەسەڵاتدار بەشێوەیەک لەشێوە کان لەدۆخێکی باشتر دا ژیان دەکەن و بەئاسانی دەستیان دەگات بە بە هەمو پێداویستییە ساختە و رەسەنەکان ؛بەڵام لە هەمانکاتدا هاوڵاتیانی ئاسایش دەستیان دەگات بە پێداویستییە رەسەنەکان بەبێ مل کەچ بون و واسیتە و پێبەندی و وەلائی حیزبی. ئەمە جگەلەوەی یاسا سەروەرەو دەرفەتی یەکاسانی خویندن وکارکردن وهتد رەخساوە.

بەڵام لەم وڵاتانەی کەسیستەمێکی سیاسی و ئابوری گونجاویان نییە، هاوسەنگی هێز یش نییە، لەنێوان چینەکان تا پێشبڕکێیەکی عەقڵانی بکەن و ببێتە هۆی پێشکەوتن، بەڵکو بەپێچەوانەوە چینی دەسەڵاتدار هەمو ئمتیازێکیان هەیە و بەپێچەوانەشەوە هاوڵاتیان دەستیان ناگات بە مافە سەرەتاییەکانیشیان و ژیان و کەرامەتیشیان تا ئەو شوێنە پارێزراوە کە بێدەنگن لەئاستی سەرەڕۆیی دەسەڵاتداران. هەروەها لە وڵاتانی نادیموکرات شکۆی ئینسان پارێزراو نییە و ململانێیەکی توندی دەرونی جێگای باسە، لەناو تاکەکاندا لەسەر ئایندەی خۆیان و تەنانەت ئایندەی وڵاتیش. چونکە لەهەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە دەسەڵاتداران هاوڵاتیان روبەڕوی قەیرانێکی دارایی بکەنەوە و سەرەنجام هەمو قەیرانێکی دارایی دەبێتە هۆی زۆربونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لەوڵاتێکدا کە دەسەڵاتداران رێز بۆ یاسادانانێن چۆن شکۆی ئینسان پارێزراو دەبێت؟ ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت بە هێزەکان هەڕەشەیەکی گەورەن لەسەر ماف و ئازادی و ژیانی تاکەکان.

لە هەر وڵاتێک دەرفەتی یەکسان نەبێت و یاسا سەروەر نەبێت، کفرە باسی دیموکراسی بکرێت، تەنانەت باسی دەسەڵات و دەوڵەتیش. بۆچی؟ چونکە ئەگەر دەوڵەت و دەسەڵات بەرەنجامی پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بێت وەک لۆک و هۆبز و...هتد باسی لێوەدەکەن، ئەوا دەسەڵاتداران بەرپرسن لە دەستەبەرکردنی مافە سروشتییەکانیان، بەڵام کاتێ دەسەڵاتداران بەتۆڕی یاساوەنابن، ئەوا ئەو پەیمانە هەڵدەوەشێتەوە و کۆمەڵگا دەچێتەوە دۆخی سروشتی. لەدۆخی سروشتیدا وەک هۆبز دەڵی: "مرۆڤ گورگی مرۆڤە  واتە: شەڕی هەموان دژی هەموان". لەم حاڵەتەدا ناسە قامگیری دێتەکایەوە و بەهێزەکان لاوازەکان دەچەوسێننەوە و بێسەروبەری دێتەکایەوە کە کەس نازانێت کۆمەڵگا بەرەوچ ئاڕاستەیەک دەچیت. هەر گروپێک و چینێک شەڕی مانەوەدەکات لە سەر حیسابی ئەوانی دیکە و گیانی مرۆڤ دۆستی و خۆشەویستی نامێنیت و وڵات دەبێتە کارخانەی بەرهەم هێنانی رق و کینە و سەرەنجام توندو تیژی وزەی داهێنەرانەی کۆمەڵگا دەکوژێت.

بۆیە پێویستە بزانین دروستکردنی دەوڵەت کاتێک دەبێت، کە گەل ئەوەندە هۆشیار بێت، بزانێت کە دەوڵەت مافی هەموچینەکان دەپارێزێت لەچوارچێوەی یاسادا. بەڵام ئەمە کاتێک دەبێت هەمو هاوڵاتیان لە هەموچینە کان دەست بەرداری هەندێ لەمافەکانیان ببن بۆ دەوڵەت. بەپێچەوانەوەلە وڵاتێکدا، کە هەر بەرپرسێک چەکداری خۆی هەبێت و لەدەرەوەی یاسادا بێت و مل نەدەن بۆ یاسا، ئەوکاتە هێزی نەتەوە بڵاو دەبێت و هەر کەس بەئاڕاستەی بەرژەوەندی خۆی کاردەکات و کۆدەنگی نیشتیمانی دروست نابێت. ئەم جۆرە لەململانی و ئەم جۆرە تێڕوانینەی بۆ دەوڵەت هەیە لە ئێستادا مەترسییە لەسەر دروستکردنی دەوڵەت، چونکە دەرفەتەکان بەبەرچاوی ململانێی هێزەسیاسیەکانەوە دێن و هاتون، بەڵام دەرفەتی ئەوەیان نەبوە سودییان لێوەر بگرن.