Print WWW.SBEIY.COM
 ڤاکسین دژی ئیفلیجی دەسەڵات
مەحمود عەبدوڵا
20/08/2014

رەخنەگرتن لە دەسەڵات، وەک کوتان(vaccine)  وایە بۆئەوەی دەسەڵات توشی ئیفلیجی نەبێت و سیستەمی بەرگری تێک نەچێت، بەڵام دەبێ (کوتان) لەکاتی خۆیدا بەکار بێت، ئەگەرنا سودی نابێت.

واتا ئەگەر لەکاتی خۆیدا رەخنە لە دەسەڵات نەگیرێت و باوەڕ بەم درۆیە بکەین کە دەڵێ: (حکومەت ساوایە) وەک ئەوەوایە لێگەڕێی تا منداڵ گەورە دەبێت و پاشان کوتانی بۆ بەکار بهێنیت .

بەنمونە: ئەگەر مناڵ کوتانی بۆبەکار نەهات دوای ئەوەی توشی ئیفلیجی، یان هەر نەخۆشیەکی درێژ خایەن دەبێت؛ ئەوا هەر هەوڵێک بۆ ئەوە دەبێت کەتەمەنی درێژ بکەینەوە نەک چاک ببێتەوە.

جا ئەگەر دەسەڵات لە قۆناغی ساوایدا رەخنەی لێنەگیرێت، ئەوا کاتێک بەخۆمان دەزانین ئەم دەسەڵاتە پیر بوە، نەگوێی هەیە بۆ بیستن و نەچاوی باش دەبینێت ئیتر رەخنەگرتن سودی نابێت، ئەوکاتە دەکەوینە دۆخێکی بەم جۆرەی وەک پاشای بەریتانیا کە دەیگوت "ئێمە لەگەڵ خەڵک کەیشتوینە رێککەوتنێک ئەوان هەرچی پێیانخۆشە بابیڵێن، منیش هەرچی پێم خۆشە دەیکەم"
مخابن! ئێستا دەسەڵات وەک پاشای بەریتانیا رەفتار دەکات، خەلک چی دەڵێ بابڵێت، ئێمەش بەکەیفی خۆمان دەکەین، پێدەچێ ئەمە تێگەیشتنی دەسەڵات بێت بۆ رەخنە گران.

هۆکاری ئەم بێسەروبەریە ئەوەیە، کە دەسەڵاتداران و خوێندەوارانی سەر بە دەسەڵات لە رابردودا هەرکات رەخنەیان لێگیرابێت وەڵامێکی حازریان پێ بوە و وتویانە "حکومەتەکەمان ساوایە" ئەم رستەیە دەیان و بگرە سەدان جار بەگوێی رەخنەگران و کۆمەڵگادا دراوە، کە بێگومان ئەوەی ئێستا رودەدات بەرئەنجامی گوێنەگرتنە لە رەخنەی جددی.

من پێموایە دەسەڵاتداران کەمتر بەرپرسن لەچاو رۆشنبیران، چونکە ئەوان هەم خەڵک و هەم دەسەڵات بە هەڵەدەبەن کاتێک ناشیرینیەکانی دەسەڵات دەشارنەوە.

ئەوان کاتێک راستیەک دەزانن و دەیشارنەوە، لەم دکتۆرە دەچن کە دەردێک لە نەخۆشەکەی دەشارێتەوە بۆئەوەی دڵتەنگ نەبێت، بۆیە ئەم نەخۆشە لەوەهمی لەش ساغیدا دەژیت و بەرە بەرەش لە مردن نزیک سەبێتەوە.

ئاخرکەی ئیشی رۆشنبیرە ستایشی دەسەڵات بکات و خەریکی ماکیاژ کردنی کەموکوڕییەکانی دەسەڵات بێت؟ هەمو کەسێک لایەنە باشەکانی دەسەڵات دەبینێت ئیشی رۆشنبیر ئەوەیە ئە و دەمامکە لابدات کە هەموکەس نایبینێت.

مەهزەلە ئەوەیە کاتێک رۆشنبیر دێت، لەسەر شاشە حیکایەتی رۆژانەی دەسەڵات بۆ خەڵک دەگێڕێتەوە، وەک ئەوەی خەڵک لە هەسارەیەکی تر بژیت و ئاگای لەوە نە بێت چەند کارەبای هەیە و چەند شەقامی مەرگی هەیە.

پێویستە خەڵک بزانن ئەوانەی ستایشی دەسەڵات دەکەن نەک رۆشنبیر نین و کۆمەڵگا پێویستی پێ نین، بەڵکو زیان بەخوددی دەسەڵاتیش دەگەیەنن و گەندەڵی دەکەن.

ئەم دۆخەی کوردستان ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ئەم هەرێمە تائێستا لەژێر هەرەشەیەکی جددی دابوە، ئەو قەیرانە دارایی و سیاسی و سەربازییەی کە روبەڕومان بۆتەوە پێویستە خەبەرمان بکاتەوە و چی تر بە لایلایەی بەناو رۆشنبیران خەو نەمان باتەوە.

ئەگەر لەسەرەتاوە دەسەڵات گوێی گرتبایە و لەپێناو فەخرو شانازی کاری نەکردبایە، بەم رۆژە نەدەگەیشتین. بەڵام بەداخەوە ئێمە مێژو لەبیر دەکەین و دەیکەین بەحیکایەت، بەحیکایەت کردنی مێژو وایکردوە، مێژوی ئێمە دوبارەببێتەوە، ئێمە هەڵەبجەمان لەبیر کرد و شەنگال مان کرد بە هەڵەبجە.