Print WWW.SBEIY.COM
 یەکێتی و پارت و گۆڕان
مەحمود عەبدوڵا
07/09/2014

هێزی تاقی نەکراوەی گەلی کورد یەکێتییە، بەڵام بەبێ گۆڕانیش بونی ئەم یەکێتییە مەحاڵە، پێویستە پارتیش رۆڵ ببینێت، ئەگەر نا ئەم چەق بەستنە کۆتایی نایەت. لێرەدا یەکێتی گەل و گۆڕان لە زهنیەتی تاکی کورد و گۆڕانکاری لە فۆڕمی کارکردنی پارتی سیاسیدا دەرگای چونە ناو دنیای مەدەنیەت و مێژومان بەڕودا دەکاتەوە.

ئەوەش بەو واتایە نییە، کە ئێمە هێشتا لەدەرەوەی شارستانییەت و مێژودابین نەخێر، ئێمە لەناو شارستانیەتی سەرمایەداریداین، بەڵام نەک لەبەرئەوەی ئێمە عەقڵێکی شارستانیانە مان هەیە و رابوردومان جێ هێشتبێت؛ بەڵکو رابوردومان بەکۆڵەوەیە و بەناو ئەم شارستانییەتە خێراو جەنجاڵەدا رادەکەین، کە دور نییە جێهێشتنێک جێمان بهێڵێت بەسەد ساڵێش بەدیداری شاد نەبینەوە. ئەگەر بەم عەقڵییەتەو، بەم تەرزە لەکاری حیزبایەتی و کوردایەتی بەردەوام بین.

هۆکاری ئەم جۆرە رەشبینییە لەخۆڕانییە، ئاخر گەمژەییە مرۆڤ لە خۆوە گەشبین بێت، میللەتێک بەوە نابێتە شارستانی، کە توانای کڕینی ئامرازەکانی شارستانییەتی هەبێت، هەمو ئامرازەکانی شارستانیەتی لەبەردەست دابێت؛ بەڵکو چونە ناو شارستانیەت و شارستانی بون ئەوەیە، کە چی دەکەیت و رۆڵت چییە؟ چی وەردەگریت و چی پێدەبەخشیت؟ ئامرازەکانی چۆن بەکاردێنیت و بۆ چییان بەکاردێنیت؟ چونکە ئەگەر عەقڵێکی هاوتای شارستانیەتت نەبێت، ئەوکاتە شارستانییەتی زاڵ دەتکات بەخۆراکی خۆی، لەناو سیستەمی سەر مایەداریدا، بەبێ بەگەڕخستنی توانا مرۆییەکانمان و بێ ئەوەی توانای بەرهەم هێنانمان هەبێت، ئەوا کڕیارێکین و هیچی تر، نەک مرۆڤێکی شارستانی، بەواتایەکی تر خەسڵەتەکانی شارستانیەتی هاوچەرخمان هەڵنەگرتوە و لەبیرکردنەوە و رەفتاردا هەمان مرۆڤین، کە رۆسۆ بەحاڵەتی سروشتی دەیناسێنێت.

زۆرن ئەوانەی بازنەیەکیان بەدەوری خۆیان دا کێشاوە و بەدەوری خۆیان دا دەخولێنەوە، تازە بەتازە دەیان هەوێت پەرە بەعەقڵییەتی خێڵ و سیستەمی خێڵایەتی بدەن، لەکاتێکا وڵات بەڕوی شەپۆلی شارستانییەتدا دەکرێتەوە، ئەوان خەریکی ئەوەن مرۆڤی گوێڕایەڵ بار بهێنن، ئەوان بێئاگان لەوەی کەکرانەوە بەڕوی شارستانییەتی ئەمڕۆدا، هەر تەنها بریتینییە لە هێنانی جل و بەرگ و ماشێن و ...هتد، بەڵکو عەقڵی ئەم شارستانییەش دەگاتە جێ واتاهاتنی شەپۆلی شارستانییەت هەربریتی نییە لەجل و بەرگ و ماشێت و... بەتەنها شتە باشەکانیشی نایەت، بەڵکو باش و خراپی دێت، وەک عەلی وەردی دەڵێت: ئەوانەی پێیانوایە پێویستە بەس شتە چاکەکانی شارستانیەت بێنەناومان هەڵەن، لەبەرئەوەی شارستانیەت کەلوپەلی بازرگانی نییە تالەسەر سنور بتوانین لەڕێگەی پۆلیسەوە باش و خراپەکان لێک جیابکەینەوە، بەڵکو پێویستە خۆمان لەڕێگەی پەروەردەوە عەقڵێ مەدەنییەت پەرەپێبدەین و ببین بەبەشێک لە شارستانیەت و داهێنانەکانی، ئەگەر نا ئەو شارستانییە تە لەسەر بەهاکانی ئێمە خۆی قەڵەو دەکات، ئەمەش درۆیەکی ئاشکرایە کە ئەڵێن؛ یەکێتی کوردان.

بەدرێژایی مێژو کورد دەچەوسێتەوە، نەک لەبەرئەوەی پارچە پارچەکراون، بەڵکو خۆیان پارچە پارچەکردوە، ئەگەر کوردەکانی کەونارا سیستەمی خێڵایەتی دابەشیکردون، ئەوا ئەمڕۆ کوردەکان لەهەر چوار پارچەی کوردستان دابەش بون بەسەر حیزبەکاندا، کوردانی هەر پارچەیەک ئەوەندە هۆگری حیزبەکانیانن، نیو ئەوەندەش هۆگری نەتەوەکەیان نین، ئەگەر سەیری مێژو بکەین دەبینین لەسەردەمی میرنیشینەکاندا خێڵە کوردەکان نەک هەستی نەتەوایەتییان نەبوە، بەڵکو زۆریش خۆشحاڵ بون کاتێک دوژمن هاتوە یەکێک لە هۆزەکانی پەرتەوازەکردوە، هۆزەکانی تر بونەتە تەماشا چی، ئەوەی ئەمڕۆش دەیبینین لە روخساردا شتێکی ترە، وەلێ لە ناوەرۆکدا هەمان عەقڵییەتە.

ئەگەرچی هەندێک هێز جیاوازن لەڕوی بیرکردنەوە، لانیکەم باوەڕیان بەهێزی یەکێتی نەتەوەیی هەیە کە لایەنێکی بەشە، بەڵام هیچ هێزێک نییە بەتەواوی مانا حیزبێکی مۆدێرن بێت. کەواتە چەکی بەهێزی کورد یەکێتییە، ئەو چەکە بەهێزەیە کە کورد لەسەر دوژمنی تاقی نەکردۆتەوە، داگیر کەران هەمو چەکێکیان تاقیکردۆتەوە،کوردیش دەبێت ئەم چەکە لەسەردوژمن هەر تاقی بکاتەوە.

بەداخەوە ! من لەزاری کەسانێکەوە کە بە حیساب رۆشنبیرن گوێبیستی تەبڵی حیزبایەتی بوم دەیان وت: "با هێزەکانی دەرەوەی باشور، خەریکی وڵاتی خۆیان بن "لەکاتێکا پێشتر حەیرانی یەکێتی نەتەوەیی ببون. من باش لەو ڕۆشنبیرانە تێدەگەم ئەوان یەکێتی نەتەوەییان گەرەکە ،بەڵام لەژێر چەتری یەک حزب دا کەخۆیان سەر بەو پارتەن،هەروەها پێیان وایە پێویستمان بە میرێکە کە( ماکیا فیللی) باسی دەکات .

کەواتا پێویستە تێڕوانین مان بۆپارتی سیاسی بگۆڕین،چیتڕ شەڕی حزبایەتی نەکەین بەناوی کوردایەتییەوە،لەڕابوردودا شەڕی ئایدۆلۆجیا،شەڕی دەسەڵات،شەڕی پارە هێزی کوردی لەناو بردوە.

لەگەڵ ئاشکرا بونی ناوی خانەنشینان ئەو ڕاستییە بەدەر دەکەوێت، کە پارە ڕۆڵێکی یەکلایی کەرەوەی هەیە لەپەرتەوازە کردنی گەلی کورد ،تاکەکان ئەوەندەی خوانی حزب کۆیان دەکاتەوە ،نیو ئەوەندەش هاوخەمی و هاوچارەنوسی و کوردبون کۆیان ناکاتەوە،بەڵام لەڕاستیدا کۆی تاکەکانی کورد ئەم عەقڵییەتەیان نییە،بەپێچەوانەوە زۆرن ئەوانەی شەڕی کوردایەتی دەکەن و دڵسۆزن بۆخاک و وڵات ،لەدەرەوەی پارتە سیاسییەکان و ڕەنگە لەناویشیاندا هەبێت.

کورد بەدینار دەڵێ پارە، ڕەنگە لەبەر ئەوەش بێت ،کەمرۆڤ پارە پارە (پارچە پارچە) دەکات، لانیکەم دو پارچەی دەکات، دەیکات بە کەسێتییەکی دو جەمسەر .زۆرن ئەوانەی لەسەرێکەوە باسی عەدالەت و یەکسانی دەکەن، لەسەرێکیشەوە، ناعەدالەتی نیعمەتی بەسەردا ڕشتون ،لەڕاستیدا ئەوانە دەبوایە لانیکەم لەگەڵ نادادی بەوەفا بان و ستایشیان کردبا ، چونکە ئەوەی ناعەدالەتی بۆی دەستەبەرکردون عەدالەت لێیان وەردەگرێتەوە. کەم نین ئەوانەی لەسەر خوانی نادادی گۆرانی بۆ دادپەروەری دەچڕن، واتا :"هەم لەفیک دەدەن هەم لە مافیک".

لەڕاستی دا ئەمانە گروپێکی بەرژەوەندی خوازن،هەموشتێک بەتەرازوی بەرژەوەندی دەپێون ،هەرشتێکیش لەبەرژەوەندی ئەوان دابێت،ئەوە دەبێ لەبەرژەوەندی خاک و خەڵکیش دابێت،ئەوانە پێیان سەیرە خەڵکی لەو سەردەمە زێڕینە ناڕازین!عەڵی وەردی دەڵێت: (هەمو سەردەمێک زێڕینە بۆئەوانەی لەدەوری دەسەڵات داران کۆبونەتەوە و هەمو سەردەمێکیش خەڵوزیننە بۆئەوانەی ڕە حمەتی پاشا نایان گرێتەوە"

کەواتا ئەم فۆڕمە لەکاری حزبایەتی هەستی نەتەوایەتی دەکوژێت،دەسەڵاتی حزب بەسەر حکومەت دا زیاترو زیاتر دەکات،کام پارتیش هێزی ئابوری گەورەتربێت زیاتر خەڵک لەدەوری کۆدەبێتەوە،ئەگەر نەتەوەیش نەبێت و هەر ڕێبازو بیرکردنەوەیەکی هەبێت،گەورەترین ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکاندا ئەم بەهەدەردانەیە لەسەروەت و سامانی هاوڵاتیان،ئەمەبەڵگانەگەورەترین بەڵگەی ساختەکاریین.

لەلایەکی ترەوە مەسەلەی گۆڕان و پێشکەوتنی کۆمەڵگاشتێکی مەحاڵە،لەسایەی ئەم تەرزە لە حزبایەتی . ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن مەترسییەکی گەورەیە لەسەر لێکترازانی تاکەکان ودورکەوتنەوە یان لەیەکتر،بێ هیواکردن و بێ ئومێد کردن و داخستنی دەرگاکان لەبەردەم گەنجی ئەم وڵاتە و بێبەریکردنیان،جیالەوەی توندوتیژی گەشەدەکات،دەبێتە هۆی واڵاکردنی کوردستان بەڕوی وەهمی ئایدۆلۆژیا کان . هەموئەم ناعەقیانەی لەم هەرێمەدا لەژێر پەردەی کوردایەتی دادەکرێن، دژایەتی هاوڵاتیان بۆدەسەڵات زیاد دەکات. کە سەرەنجامێکی باشی نابێت.