Print WWW.SBEIY.COM
 سبەی موچەی ئەم وەزارەتە دەدرێت!
مەحمود عەبدوڵا
13/09/2014

ئەمە ئەو سەردێڕەیە، کە رۆژانە سەرنجی هەزاران کەس بۆ لای خۆی رادەکێشێت! هەر لەماڵپەڕەکانی سەر بەحکومەت تا ماڵپەڕە سەربەخۆکان، تەنانەت لەگەشتی هەواڵەکانیشدا گوێبیستی دەبین و رۆژانە بەدواداچونی بۆ دەکرێت لەلایەن میدیاکارانەوە!

ئەم سەردێڕە، چەند ساتێک لەساتەکانی مرۆڤی کورد دەگرێت، بەخوێندنەوە و گوێگرتن و بەدواداچون، ئەم سەردێڕە لاستیکییە دەکشێت و دەکشێت، رۆژانە و هەفتانەو مانگانە و ساڵانە هەردەکشێت و کۆتایی نایەت، ئەم مەخلوقە بێکارەی کورد دوای ئەم هەواڵە دەکەوێت و کۆتایی نایەت !

ئەم سەردێڕە نەفرەتییە سەرێکی لە کوردستانە و سەرێکی لە مەحشەر، کە مرۆڤی کورد لێبڕاوانە دوای دەکەوێت، گوێی بۆ دەگرێت و دەیخوێنێتەوە .

ئەم راکردنە بەدوای هیچدا، ئەم گوێگرتنە لە هیچ، یەکێکە لەو هەزاران شتە هیچانەی کە ئینسانی کورد دەیکات بەهیچ. ئەم تەنانەت لە مشتومڕی ئەم سیاسیانەش بێبایەخ ترە کە بەشێکی میدیای کوردی داگیر کردوە و مرۆڤی کوردی بەخۆیەوە سەڕقاڵ کردوە.

ئەم جوێنە شیرینە کە دەسەڵات و میدیای کوردی رۆژانە بەکاری دێنێت و کەرامەتی تاکی کوردی پێ دەشکێنێت کەی کۆتایی دێت؟!

ئای! ئینسانی کورد کە بە سەبرە، سەبری موچە و مقۆمقۆی سیاسیە نەخوێندەوارەکانی کورد، سەبری ئەیوبیشی تێپەڕاند.

ئای! خودایە ئێمە چ مەخلوقێکی بە سەبرین، لەسەدەی بیست و یەکدا، بەدوای سەردێرێکی پوچدا رادەکەین.

ئەم سیاسەتی بەموچە خۆرکردنەی دەسەڵات، ئەم بە "لات"کردنە، ئەم دانانی گەرای ترسە، لە گۆڕەپانی عەقڵی تاکی کوردا، ئەم بە"ئاش"کردنەی کۆمەڵگا، لەبەرئەوەیە دەسەڵات ببێت بەئاشەوان و هەرکات ویستی ژیان پەکبخات.

ئەم بێ ئیرادەکردنەی تاکی کورد و بێکار کردن و... بەواتای كڕکەوتنی دەسەڵات دێت لەسەر هێلکەی ترس، بەواتای ئیفلیج کردنی کۆمەڵگا دێت.

ئەگەر ترس "ترس"ی خۆماک غەریزەی مانەوە بێت، ئەوا ترسی دەستکرد، ترسی دەسەڵات مرۆڤ لەمرۆڤ بون دەخات، دەیکات بەکۆیلە، کۆیلەیەک کە بەردەوام ستایشی خاوەنەکەی دەکات و دەیپەرستێت.

ترس لەچی؟ ترس لە دواکەوتنی موچە، لە بڕینی موچە، ترس لە ژیان و هەژارکەوتن ...هتد، هەمو ئەم ترسە ساختانەی دەسەڵات خوڵقاندویەتی بۆ ئەوەیە تاکی کورد ترسی لە مرۆڤ کەوتنی بیر بچێتتەوە.

ئەم سیاسەتی بەموچەخۆرکردنەی کۆمەڵگا، ئەم خۆ بە خواکردنەی دەسەڵات! ئەم ماف فرۆشتنە بەتاکی کورد، ئەو چەکە بەهێزەیە کە عەقڵی کورد وێران دەکات و جەهل بەرهەم دەهێنێت.

دەسەڵاتی کوردی، گوندەکانی وێران کرد کشتوکاڵی پەکخست، کاری دەستی نەهێشت... ئەو چەکەی لە ئینسانی کورد ستاندەوە کە پێی دەڵێن: کار کاری خۆژێن. ئەم دەسەڵاتە هاوسەنگی نێوانی شارو گوندی تێکدا بۆئەوەی تاکی کورد لەچاوەڕوانی ئەم "مانشێت"ە چاوزەقەدا "سبەی موچە دەدرێت" چاوی دەربێت.

ئەمەی ئەمڕۆ دەبیندرێت، لەسەدەی شازدە و حەڤدەش نابیندرێت، تاکی کورد هەمیشە لەژێر دەسەڵاتی ستەمکاری تورک و فارسیشدا بەهۆی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری نەک هەرخۆی ژیاندوە؛ بەڵکو بەرهەمە کشتوکاڵی و دەستیەکانی ناردوە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی ئەم دەسەڵاتە کە خۆشی موچەخۆرە، لەگەڵ دواکەوتنی موچە بازاڕ پەکی دەکەوێت، لەڕاستیدا ژیان پەکی دەکەوێت، تاکی کورد لەچاوەڕوانی موچەدا دەژیت.

ئەم جۆرە لە موچە خۆرکردنی کۆمەڵگا، بۆتە هۆی ئەوەی لەلایەک دەسەڵات بەئاسانی کۆمەڵگا بە حیزبی بکات،لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵگا لەجێگای خۆی بوەستێت و بۆگەن ببێت. تاکی کورد لەجیاتی ئەوەی هەوڵبدات دەستکاری ژیان بکات.

بەجێگای ئەوەی هەوڵێ گۆڕانکاری بدات لە ژیانیدا، هەوڵی ئەوە دەدات ژیانی نەگۆڕێت و وەک خۆی بمێنێتەوە و موچەخۆر بێت، لەڕاستیدا دەرفەتی ژیانکردنی شەرەفمەندانە لەم جۆرە بەموچە خۆرکردنەدا گرانە. لەکاتێکدا دەرفەتی کارکردن لەدەرەوەی خوانی دەسەڵاتدا کەمە. بۆیە تاکی کورد لەجیاتی ئەوەی هەوڵی ئەوە بدات شتێک بۆ کۆمەڵگەکەی زیاد بکات لە فکر و داهێنان و ...هتد، لە خەمی ئەوەدایە چۆن و کەی موچەکەی پێدەدرێت و زیاد دەکات.

لەکۆتایدا دەبێ ئەوە بڵێم: موچە مافێکی سروشتی هەر فەرمانبەرێکە، بەڵام قسەی من لەسەر موچەخۆر کردنی بەپلان و ناچارکردنی تاکی کوردە، بۆئەوەی موچەخۆر بێت و پاشان دەبینین چۆن دەسەڵات سوپاسی هاوڵاتیان دەکات بۆئەوەی سازش لەسەر مافەکانیان بکەن!