Print WWW.SBEIY.COM
 هەوڵی پاشقول گرتن لە گۆڕان
مه‌لا فه‌رمان
13/09/2014

لەکوردەواری بونی ئەم رەفتارە لەمرۆڤدا و کردنی بە کردار لەکۆنەوە بە خەسڵەتێکی خراپ وەسفکراوە بەتایبەتی کاتێ بەرامبەر بەدۆست ئەنجام بدرێ. لەبواری سیاسی و حیزبیشدا لە دروستبونی حیزبی سیاسی کوردیەوە زۆرجار رەفتارەکان سنوری پاشقولگرتنی بەزاندوە و بە راکێشانی دەستی دوژمن چۆتە خانەی لەپشتەوە خەنجەر لێدان. لەمێژوی سیاسی حیزبی کوردیدا، بەتایبەتی لە ٥٠ ساڵی رابردودا لەمبارەوە چەندین نمونە بەرچاو دەکەون. پێدەچێت پاشقولدان لای هەندێ حیزب و سیاسەتمەداری کورد بوبێت بە خەسڵەت. ئەم رەفتارەش یەکێ بوە لەهۆکاری بونی بێ متمانەیی و لێرەوەش نەبونی پردی پەیوەندی نێوان لایەنەکان.

پردی پەیوەندی
لەماوەی ساڵی رابردودا جاروبار سەردانی سلێمانیم کردوە، لەوێشەوە چومەتە گردی زەرگەتە، ئەگەر دەرفەتیش بوبێت سەردانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانم کردوە. ئەوەندەی گوێم لە قسەکانی کاک نەوشیروان بوە و خوێندنەوەم بۆی کردوە، قسەکانی زیاتر ئامۆژگاریکردن بوە لەپێناوی کارکردن بۆ دروستبونی پردی پەیوەندی لەنێوان حیزبە کوردستانیەکان و هەوڵدان بۆ یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی بەرامبەر لایەنەکانی دەرەوەی هەرێم بەتایبەتی بەغدا. بەپێی خوێندنەوەی خۆم چونە ناو حکومەت و بەشداری لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و چوار ساڵی ئارامی لەپێناوی دروستکردنی ئەو پردە بوە.

کۆبونەوەی شاندی کوردی لەگردی زەرگەتە

دوا کۆبونەوەی شاندی کوردی بە ئامادەبونی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لەمەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان و بونی نوینەری ئەمەریکا و یونامی ئەوەندەی تر سەرنجی خەڵکی کوردستان و ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی بۆ ئەم کۆبونەوەیە راکێشا. گرنگی ئەم کۆبونەیە لەوەدا بو کورد بەیەک دەنگی لەئاستی باڵادا بڕیار لەیەکێ لە پرسە گرنگەکانی خۆی دەدات.

ئەوەی زیاتر جێی سەرنجی بەندە بو ئامادەنەبونی کاک مەسعود بارزانی بو، کە دەبو ئامادەبێت. لێرەوە کەوتمە گومانەوە و پێموابو بڕیاری پێشوەخت دراوە لە بەشداریکردن لە حکومەتەکەی عەبادی.

بەر لەتەواوبونی کۆبونەوەی سەرکردایەتی کورد لە گردی زەرگەتە، پەرلەمانی عێراق بەبێ پەرلەمانتارانی کورد دەستی بە کۆبونەوەی خۆی کردو، ئامادەکاریان دەکرد بۆ دەنگدان بە حکومەتی تازە. ئەم هەنگاوەی بەغدا جگەلەوەی بەهەند وەرنەگرتنی رای کورد بو و بێ رێزیەکیش بو بەرامبەر بەو کۆبونەوەیە.

خوێندنەوەی ناوی دو وەزیری کورد و جێگری سەرۆک وەزیران و پێدانی متمانە پێیان. جگە لە رێکەوتنی پێشوەختی پارتی و یەکێتی لەگەڵ عەبادی هیچی تر ناگەیەنێ. دیارە بەر لە دانیشتنەکەی پەرلەمانیش ناوی ئەو بەڕێزانە بۆ ئەو پۆستانە لە میدیاکان دەهات. دەستنیشانکردنی ئەو بەڕێزانە وەک وەزیر لە بەغدا هەڵەیەکی تری سەرکردایەتی کوردە، کە ئەو کەسانەی پۆست وەردەگرن باشتر وایە لە شاندی دانوستاندن نەبن. ئەمەش دوبارەکردنەوەی هەمان هەڵەی گفتوگۆی ساڵی ١٩٧٠.

بۆیە، جێی ئەوەیە بپرسین، ئەگەر ئەم هەنگاوە پاشقولگرتن نەبێت، ئەی ناوی چی لێدەنرێت؟

لەجێی خۆیدایە ئەم پرسیارە، پرسیاری هەرسێ هێزەکەی ئۆپۆزسیۆنی پێشو بێت و هەقیشیانە هەست بە پاشقولگرتن بکەن.

بۆیە بۆ رەوانەی ئەم هەستکردنە لای ئەو سێ لایەنە پێویستە هەرچی زووە، پارتی و یەکێتی بەتایبەتی کاک مەسعود بارزانی رونکردنەوەی پێویست لەو بارەوە بدەن.

خوێندنەوەی عەبادی و بەغداییەکان بۆ ئەم رەفتارە و لاوازی پەیوەندی کوردی - کوردی یەکێکە لەو درزانەی کە بەغدا توانی ئەمجارە لێی بێتە ژورەوە و ئەوەی ویستی بەرامبەر بە کورد کردی، دۆستەکانیشمان هەر لەو درزەوە تێمانیان روانی!

٢٠١٠ - ٢٠١٤
بەڵێ چوار ساڵ لەمەوپێش کورد بەسەنگێکی باشتر  لەئێستا، وەک بەشدار لەبڕیاردان و یەکلاکەرەوەی کێشەکان بەشداری حکومەتی کرد. لەبەغدا و لێرەوە بەرێگرتن لەبەشداریکردنی گۆڕان لەحکومەتی عێراق یەکەم پاشقولیان لەبزوتنەوەی گۆڕان گرت. مامەڵەی هێزە سیاسیەکانی کورد لەگەڵ یەکتر و هەڵەی کورد لەبەغدا و هەرێم لەچوار ساڵی رابردودا ئەم شێوە حکومەتەی ٢٠١٤ لێکەوتەوە.

دکتۆر بەرهەم ساڵح، جێگری دوەمی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی کابینەی پێشوتری حکومەتی عێراق ئەم پرۆسەیەی ئەمجارە زۆر بە جیاواز لە وانەی پێشو دەبینێت، زۆر راستە! بەڵام  بۆ کەسێکی نزیک لە ناوەندی بڕیاری سیاسی ئەم خێرا گوزەرکردنە بەس نیە، دەبو پەنجەی بۆ هۆکار و کاراکتەرەکان درێژ بکردایا. بەر لەهەمو کەسیش باسی لە رۆڵی خۆی و حیزبەکەی بکردیا لەم پرۆسەیە و هەمو ئەوانەی پێشو. ئەوسا، بەندەش هاوکاری دەبوم و دەمگوت "بەڵێ زۆر جیاوازە، دەبێ چی بکەین؟"...

ئەم هەوڵی پاشقولگرتنە لەکاتێکدایە:
١- رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەیەکی زۆرە لەهەوڵی سازکردنی زەمینەی دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان حیزبە کوردستانیەکان و خەڵکی کوردستان.
٢- شەڕی داعش بەر دەرگای لێگرتوین
٣- باسی زەرورەتی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد چۆتە هەمو ماڵێکەوە
٤- هەرێمی کوردستان لە چەندین قەیراندایە.
...... تاد.

بۆیە، باشتروایە هەمو لایەک و تاکێک دورکەوێتەوە لە خەسڵەتی پاشقول گرتن، چونکە نەک هەر خزمەت بە هیچ تاکێکی کورد ناکات، بەڵکە درزی نێوانمان دەمکراوەتر دەکات.