Print WWW.SBEIY.COM
 سەری بەرزمان بۆ پۆست نەوی ناکەین
مەحمود عەبدوڵا
23/09/2014

ئەم سەردێڕە، دەبێت دروشمی نوێی مامۆستایان بێت. ئەگەر لە ساڵانی نەوەدەکان "سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەین'' دروشمی مامۆستایان بوبێت، ئەوا ئێستا "سەری بەرزمان بۆ پۆست نەوی ناکەین" دروشمێکە لەجێگای خۆیدایە، چونکە ئەگەر ئەوێ رۆژێ مامۆستایان ئەو دروشمەیان هەڵگرتوە لەپێناو ئامانجێکدابوە، بێگومان ئامانجەکەش تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارەبوە، کە وڵات دوچای هاتوە، بۆئەوە بوە رۆژێک بێت هاونیشتیمانیانی ئەم وڵاتە ژیانێکی شەرەفمەندانە بژین، ئەمڕۆش لەم وڵاتە قەیرانێک هەیە، قەیرانی خراپ بەکار هێنانی پۆست، بەهەدەردانی سامانی گشتی، ملکەچکردن لەپێناو پۆست، دەست هەڵگرتن لەماف لەپێناو پۆست و سەفسەتە بازی و گاڵتەکردن بەهەستی خەڵک، بۆیە بۆزگاربون لەم قەیرانانە پێویستە مامۆستایان سەرمەشق بن و لەپێناو پۆست و ئیمتیازاتی تایبەتی بێدەنگ نەبن لە و گەندەڵی و بەهەدەردانە، لەم بێ پرەنسیپیە کە خەریکە دەبێتە پرەنسیپی زۆرێک لەتاکەکان.

ئەگەر ساڵانی نەوەدەکان سەرەتای بنیادنانەوەی وڵات و ئابوری سەرجەم دامودەزگاکانی بەڕیوەبردن بوە، پاشانیش شەڕی ناوخۆ ئەوەندەی تر قەیرانەکەی قوڵتر کردۆتەوە، ئەوا ئەمڕۆ سەرەتای داڕوخانێکی گەورەیە، سەرەتای قەیرانی بەهاو لێکترازانی تاکە لەگەڵ کۆمەڵگا بەهۆی پۆست و پارەوە، سەرەتای داڕوخانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە بەهۆی پۆستەوە، خەریکە پۆست و پارە وەک دوڕوی یەک دراو جێگای هەمو بەهاکان دەگرنەوە.

پۆست و پارە یەکتر بەرهەم دێنن، پۆست هۆکارێکە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن لەهەمانکاتدا پارەش هۆکارێکە بۆ کڕینی پۆست. بەڵام ئەم دروشمە دەبێت دروشمی هەمو مامۆستایان بێت، مامۆستایان لەدەوری رێکخراوێکی سەربەخۆ کۆبکاتەوە بۆئەوەی مامۆستایان بتوانن فشار دروستبکەن، نەک ئەم رێکخراوەی کە ئێستا بەپێچەوانەی نیازی مامۆستایان کاردەکات و رێگرە لەبەردەم یەکگرتویی مامۆستایان، ئەم رێکخراوە خواستەکانی دەسەڵات بەدی دێنێت وکاردەکات بۆ بێ دەنگکردنی مامۆستایان و سازشکردن لەسەر مافەکانیان.

تائێستاش دروشمی "سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەین "وەک قاوانی کۆن لێدەدەنەوە. پرسیار ئەوەیە :ئایا داواکردنی مافێکی سەرەتایی و سروشتی سەرنەویکردنە بۆ موچە؟ ئەرێ بێ دەنگی و سازشکردن لەسەر ماف لەکاتێکدا کە بودجەی ئەم وڵاتە بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە دەدزرێت ملکەچ کردن نییە بۆ دەسەڵات؟

زۆرن ئەو مامۆستایانەی ئەندامی کۆمیتەن و بەرپرسی لق و ناوچەو. ..هتد. لەهەمانکاتیشدا لە قوتابخانەکاندا بەڕێوەبەرن، موچەی مامۆستایەتیان هەیە و موچە لەحیزبیش وەردەگرن، هەر ئەوانەش لەناو رێکخراوی یەکێتی مامۆستایاندا چالاکن بۆیە ئەوانە خوڵقێنەری کێشەکانی مامۆستایانن، ئەوان لەپێناو پۆست و پارە بێ دەنگی هەڵدەبژێرن، بەشێکیشن لەم گەندەڵی و بەهەدەردانەی وڵاتی گرتۆتەوە.

ئەم رێکخراوە کە من پێموایە لەهەناوی حیزبە دەسەڵات دەرەکان هاتونەدەرو هەمیشە بۆلای باوانیان دەگەڕێنەوە بۆ بڕیار دان و وەرگرتن. پێموایە ئەم رێکخراوە کاریگەری نییە و شتێکی ناپێویستە لەبەر چەند هۆیەک: ئەم رێکخراوە کە سێ ساڵ تەمەنی بچوکترە لە یەکێتی مامۆستایانی ژاپۆن، بەڵام هیچ کاریگەری نەبوە لەبەرەو پێش چونی گوزەرانی مامۆستایان و بەدەستهێنانی مافەکانی مامۆستایان، بەڵکو هەمیشەسازشی لەسەر مافەکانی مامۆستایانکردوە و مامۆستایانی پەرتەوازەکردوە، کەئەمەش بەزیانی مامۆستایان و پەروەردەش تەواو
دەبێت، چونکە تا ئێستاش بەڕێوەبەری قوتابخانەکان لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی
دادەنرێن و شارەزایی و مەهاڕەت لەبەرچاو ناگیرێت. ئەم رێکخراوە لەکاتێکدا گاڵتە بە
شعوری مامۆستایان دەکرێت و شکۆی دەشکێنرێت هەڵوێست وەرناگرێت بەنمونە
لە هەڵبژاردنەکانی نیسانی ٢٠١٤ لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بەرید بۆ قوتابخانەکان
هات کەتێی داهاتبو (هەر مامۆستایەک کارتی ئەلیکتۆنی دەنگدانی پێنەبێت
موچەکەی پێنادرێت)، بەڵام ئەم رێکخراوە وەک نەبای دیبێت و نەباران، ئەمە ئەوپەڕی
بێ رێزی بو بە مامۆستایان کرا.

ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ئازادی مرۆڤە، ناچارکردنییەتی بۆ ئەنجامدانی کارێک بەناچاری و مرۆڤیش ئەگەر ئازادی بڕیاردانی نە بو، دەکرێت بڕیارێکی نالۆژیکی، نائینسانی، نائەخلاقی بدات، چونکە ئازادی و ئەخلاق دوڕوی دراوێکن. مرۆڤ هەرکات ناچارکرا بە ئەنجامدانی کارێک، جالەژێر هەرناوێکدابێت مرۆڤێکە کەرامەتی شکاوە و مرۆڤ بە بێئازادی ناکرێت باس لە شکۆمەندی خۆی بکات و تەنها لەڕێگەی ئازادییەوە دەتوانێت پارێزگاری لە کەرامەتی خۆی بکات.

ئەم رێکخراوە بە حساب بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی شکۆی مامۆستا کار دەکات، بەڵام بەپێچەوەنەوە خۆیان خەریکی شکاندنی شکۆی مامۆستان بە نمونە فۆڕمێکیان دابەشکرد باسەر مامۆستایان دا، کە ناوی چەند نەخۆشیەکی تێدابو تا ئەگەر خوانەخواستە مامۆستا دوچاری یەکێک لەم نەخۆشیانە بو فریای بکەون لەوانە: مایەسیری ١٥٠٠٠٠هەزار و سەرەتان ١٠٠٠٠٠٠ ملیۆن بۆ مامۆستایان سەرف دەکرێت بەمەرجێک ئەندامی ئەم رێکخراوە بن! لە دواهەوڵی پەنجا ساڵەشیاندا توانیان سیمکارتێکی سێ هەزاری بدەن بە مامۆستا، کە ئەمەش گەمەکردنە بەپیرۆزی مامۆستا و پیشەی مامۆستایەتی، باشە بۆچی لەجیاتی ئەمە هەوڵنادەن گوزەرانی مامۆستا باشتر بکەن بەجۆرێک کە خۆی توانای ئەوەی هەبێت بۆ چارەسەری بەنا بۆ ئێوە نەهێنێت تا خێری پێبکەن، ئێمە رێکخراوی خێرخوازیمان ناوێ، ئەم رێکخراوە پێی وایە خێر بە مامۆستایان دەکات.

لەئێستادا کە چەند مانگێکە موچەی مامۆستایان دواکەوتوە، ئەم رێکخراوە رێگربوە لەبەردەم مامۆستایان و خەریکی پیا هەڵدانی مامۆستایانن تا سازش لەسەر مافەکانیان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە بەوتەی خۆیان دەبێ مامۆستایان قەرەبو بکرێنەوە و ئەمساڵیان بۆ بەدوساڵ خزمەت حیساب بکرێت، دیسان ئەمەش یەکێکە لەئامرازەکانی مل پێکەچ کردن بۆ دەسەڵات،" پیاهەڵدان و هاندان یەکێکە لە خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی قەرەبو گەرا" بڕوانە کتێبی ئەنا تۆمی دەسەڵات.

هۆشیاری مامۆستا بای ئەوەندە دەبێت لەم قەرەبوکردنەوە تێبگا. بەشان و باڵی مامۆستا هەلدەڵێن لەبەرئەوەی بێدەنگ بوە بەرامبەر مافەکانی، گەلۆ ئاوا شکۆی مامۆستا دەپارێزن.