Print WWW.SBEIY.COM
 چارەسەر لە شوێنی نەخۆشیە
مەحمود عەبدوڵا
10/10/2014

ئەم ڤایرۆسە کوردکوژە (داعش) لەجەستەی تورکیاوە پەیدابو، جارێکیتر پیاوەنەخۆشەکە پێویستی بەچارەسەرە، چارەسەریش لەشوێنی نەخۆشی دەکرێت نەک جێگایەکی دیکە.

ئەگەر تورکیا خەون بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە ببینێت و بیهەوێت رۆڵی خەلافەت ببینێت، ئەوا پێویستە کورد بگەڕێتەوە بۆ مێژو، مێژو دوبارە بکاتەوە دوبارەیەکی پیرۆز، بەڕشتنی رقێکی پیرۆز دەبێت بەسەر دەوڵەتی تورکدا.

عەبدوڵا ئۆج ئالان لە پەرتوکی (قەیرانی شارستانی لەخۆر هەڵاتی ناوین)دا سەبارەت بەچارەسەری قەیرانی شارستانی دەڵێت (چارەسەر لەشوێنی نەخۆشییە) واتا لە ئەوروپا. بۆیە ئەم قسەیە سەبارەت بەداعش راستە سەرچاوەی داعش تورکیایە، بۆیە چارەسەرەکەی لە تورکیایە تەنیا بە ئالۆزبونی دۆخی تورکیا و راپەڕین ئەتوانین ئەم ڤایرۆسە لە کۆڵ کۆبانی بکەینەوە.

ریشەی کێشەکان لە مێژودایە، وەک چۆن لەناو مێژودا، ژن شکۆی لێوەرگیرایەوە، لەخوداوەندەوە (عشتار) کرا بە کۆیلە و پاشان کەنیزەک و دواتر لەناو شارستانیەتی سەرمایەداریدا، بو بەئامرازێک بۆ رکلام کردن و ساغکردنەوەی کاڵاکان و...هتد.

بەڵام ئۆجەلان لەڕێگەی شڕۆڤەکردنی مێژو و دۆزینەوەی رۆحی شارستانیەت (ژن) جارێکی تر رۆحی بەبەرداکردەوە .

بەهەمان شێوە پێویستە لەبارەی کورد وەک نەتەوە مێژو شڕۆڤە بکرێت. کەی؟ چۆن بۆچی کورد فڕێ درایە دەرەوەی مێژو؟ کام روداو بوە هۆی پەرتەوازە بونی؟ چ روداوێکیش دەبێتە هۆی یەکگرتنەوەی .

نامەوێ لێرەدا باسی رۆڵی ئۆجەلان بکەم لەگێڕانەوەی رۆڵی ژن و دانانی لەشوێنی خۆی، چونکە ئەوە ئاشکرایە کە ژن نەک پەیوەستە بەشەرەفی پیاوەوە؛ بەڵکو ژنە شەڕڤانان رۆڵی پاراستنی شەڕەفی نەتەوەیەک دەگێڕن.

جارێکی دیکە دوپاتی دەکەمەوە (بە سەرکەوتنی کۆبانێ تورکیا شەرمەزار دەبێت) ناونیشانی وتارێکە، کە لە رۆژی ٢٢/ ٩/ لە رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوکرایەوە، لەوێدا پێویستی شێواندنی تورکیام وەک شکاندنی گەمارۆی سەر کۆبانێ بینی.

بەکورتی و بەکوردی دۆخی ئاشتی کۆتایی هاتوە، کوردان دەنها لەڕێگەی روداوێکی مێژویی گرنگ و گەوردا دەتوانن بێنەوەسەر شانۆیی مێژو و رۆڵێ خۆیان بگێڕن.

ئەم روداوەش راپەڕینی گەلی کوردە بەتایبەت لەباکوری کوردستان، یەکگرتنی کوردان لەهەمو پارچەکانی کوردستان زامنی سەرکەوتنە. یەکگرتن ئەتۆمی کوردانە. مافی هیچ سەرکردەیەکیش نییە، خۆی بەباوکی ناسیۆنالیزمی کوردی بناسێنێت، ئەوە ئەحمەدی خانییە لە مەم و زینەکەیدا پێمان دەڵێت: یەکگرتن و سەرکەوتن دوڕوی دراوێکن، بەڵام مخابن تائێستاش هەندێ لە سەرکردەی کورد خەیاڵێکی وایان نییە.

کوردان لەمێژودا یەکجار یەکگرتوبون ئیمپڕاتۆریای میدیایان دامەزراند، نەک هەر ئەوە بەڵکو دەوڵەتی ئاشوریان روخاند کە هەمیشە لەگەڵ دانیشتوانی کۆنی کوردستان لەشەڕدابو.

نەتەوەیی بون بۆ هەر حیزبێک مەرجێکی سەرەکییە بۆمانەوەیی، لەگەڵ هەڵکشانی هەستی نەتەوەیی و هۆشیاری مێژویی، نەتەوەیی بون رۆحی هەر پارتێکی سیاسییە. بەپێچەوانەوە خێڵەکی بون و ناوچەیی بون دەبێتە هۆی ئەوەی رۆڵی سەرکردایەتی کردن بەناوی نەتەوەوە لێوەر بگیرێتەوە. واتا نەتەوەیی بون لەپێش هەر بەرنامە و ئایدۆلۆژیایەکەوە بۆ هەر حیزبێک.

ئەمڕۆ پێویستە کورد رۆڵێکی مەزن بگێڕێت، رابن راپەڕن، وەک سوکرات بڵێن: ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە ژیان نییە. بەڵێ خەباتێکیش کە تاقی نەکرابێتەوە خەبات نییە، ئێمەی کورد مەحکومین بە شەڕکردن لەگەڵ دوژمن. ئۆج ئالان دەڵێت: ئەگەر درەختە گوڵێک پێویستی بەبەرهەم هێنانی درک بێت لەپێناو پاراستنی گوڵە جوانەکانی ئەوا هێزی واتا شەڕکردنە لەپێناو ژیانێکی ئازاد دا کە لەوپەڕی جوانیدایە.

بەڵێ :ئەوانەی کە نیشتیمان بەدڵ و گوڵ دەچوێنن شەڕبکەن لەپێناو پاراستنیدا.

جیهانێک کورد تێدا ئازاد نەبێت، با تاریک بێت. مرۆڤایەتی قەرزاری ئێمەیە، ئێمە قەرزاری شارستانیەت و مرۆڤایەتی نین.