Print WWW.SBEIY.COM
 ئایا پەرلەمان درەنگ کەوت لە هاوکاری کۆبانێ؟
مه‌لا فه‌رمان
11/10/2014

داعش کاتێ لە ١٠/٦/٢٠١٤ کە تائێستا دەکاتە ٤ چوار مانگ، پەلاماری پارێزگای موسڵ و ناوچەکانی داو بە چاو تروکانێک زۆرێک لە سوپای عێراق خۆی دا بەدەستەوە و هەرچی چەکی قورس و سوک بو کەوتە دەست داعش. هێندەی نەبرد دەسەڵاتی ئەم هێزە تیرۆرستیە پارێزگای سەلاحەدین و بەشێک لە باشوری کەرکوک و پارێزگای دیالەی گرتەوە و لێرەوەش بەغدا کەوتە مەترسیەوە، جگە لەمەش لە ئاقاری رومادی و فەلوجەوە هێزەکانی داعش هەڕەشەیان لە بەغدا دەکرد.

داعش کاتێ روی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد، بینیمان چ کارەساتیک بەسەر شەنگال، مەخمور و گوێر و چەندین شوێنی تر هات، هەولێر کەوتە خەتەرەوە، بەشێک لە خەڵک و بەرپرسان خەریکی جانتا پێچانەوە و پەیداکردنی بلیتی فڕۆکە بون، ئەگەر دەستبەکاربونی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان نەبوایا دورنەبو خەڵکی هەولێر توشی ئاوارەبون بێت. هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر کەرکوک و توزخورماتو و ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە زۆر کەمتر نەبو لە ناوچەکانی هەولێر و موسڵ. دوای چەند مانگێک هێشتا، نەتواندراوە هێزەکانی داعش لە جەلەولا و سەعدیە دوربخرێنەوە. لە کەرکوکەوەش هێزەکانی داعش لە هەندێ شوێندا کەمتر لە ١٥ پازدە کیلۆمەتر دورن.

جگەلەمەش ئەم هەرێمە هێشتا سەرهێشە و تای بە میراتبۆماوەی حوکمی جوت حیزبی دو دەیەی رابردو بەری نەداوە، هەرێم لە چەندین قەیرانی گەورەدایە، دارایی دیارترینیانە، وا بۆ دو مانگ دەچێ هێزی پێشمەرگە ، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدو ئەنفالکراوان موچەیان وەرنەگرتوە. بە کورتی هەرێم لە چەند مانگی رابردودا تاڕادەیەک لە حاڵەتی نیمچە غەیبوبە بوە و هێشتا ئاساوەرەکانی پێوەدیارە، ئێستا خەرێکە بە هاوکاری هاوپەیمانان بەتەواوی بەرێ بدا و بە تەواوی بێتەوە خۆی.

لێرە، جێی ئەوەیە بپرسین، سەرباری ئەوەی هەرێمێ ئەمە وەزعی خۆی بێت و تائێستا خاوەن یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتو نەبێت، ئەو هێزەش رۆژانە بەدرێژایی زیاتر لە ١٠٠٠ هەزار کم پەنجە لەسەر پەلاپیتکە و ئامادە، قارەمانانە سنگی خۆیان کردبێتە قەڵغان بۆ پاراستنی باشوری کوردستان. دەبێ نەک لە پەرلەمان بەڵکە لەم هەرێمە بە گشتی چاوەڕوانی چی لێ بکرێت و چی لێ داوا بکرێت؟ بۆیە ئەوەی داوای زۆر لەم هەرێمە بکات و چاوەڕوانی زۆری لێبکات، وەک ئەو کەسە وایە دەستی خۆی نەبێ و ماری پێبگرێ.

بۆیە باشترین هاوکاری ئەم هەرێمە کە ئەرکیەتی بتوانێ پێشکەشی کۆبانی بکات، بریتین لە:
١- پەیداکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی؛
٢- توندکردنی شەڕ لەگەڵ داعش لە باشوری کوردستان و فراوانکردنی بەرەو  کانتۆنەکانی حەسەکە و جزیرە. لەم رۆژانە شەڕڤان خاتو ئاسیا عبداللە هاوسەروۆکی پەیەدە لە کۆبانێ لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا پێی وتم "شەڕکردنی داعش لە باشور وەک شەڕکردنیەتی لە کۆبانێ، هەموی خاکی کوردستانە".
٣- پشتیوانی مرۆیی وەک پارە و داودەرمان و پێشوازیکردنی بریندارەکان و حەوانەوەی ئاوارەکان.

ئەوەی کە ماوەتەوە بینوسم:
کاتی ئەوە هاتوە بە عەقڵ و واقعیانە بیر بکەینەوە نەک بە کاریگەری سۆز و حیزب، با ئیش زۆر بکەین و کەم قسە بکەین و کەم لە شاشەکانەوە دەرکەوین.  شوکر شەقامی کوردی یەکگرتوە و دەزانێ چی دەوێ، ئەوەی ماوە فشاری زۆر و هەمەلایەنە بکەین بۆ کەمبونەوەی پەرتەوازەیی شەقامی حیزبی و بچوککردنەوەی درزی نێوانیان. ئەو درزەی لە ماوەی چل ٤٠ ساڵی رابردودا نەیاری میلەتەکەمان نەما لێی نەیەتە ژورەوە، دیارترینیان درزی ٣١ ئابی ١٩٩٦ بو، درزی ئەم جارە ئەوەندە گەورە بو بەشی هاتنە ناوەوەی هەرسێ دەوڵەتی عێراق و ئێران و تورکیای کرد.  بۆ ئەم ئەرکانەش پێویستە پەرلەمان پێشەنگ بێت و لە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە دەست پێبکات نەک لە تەلەفزیۆنەکانەوە، کاتی یەکگرتن و کارکردنە نەک موزایەدەکردن، گومان لە دڵسۆزیتان نیە بۆ کۆبانێ و کوردستان!