Print WWW.SBEIY.COM
 كێشه‌ی‌ كۆچپێكراوان و چۆنێتی‌ چاره‌سه‌ر
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
28/10/2014

سه‌ره‌تا:

له‌دوای‌ په‌لاماری‌ موسڵ له‌لایه‌ن داعش و هه‌ڵاتنی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌وێ‌ بون، واته‌ له‌دوای‌ روداوه‌كانی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014وه‌ لێشاوێكی‌ فراوانی‌ ده‌ربه‌ده‌ر بون له‌ ناوخۆی‌ عێراق سه‌ریهه‌ڵدا، ده‌ربه‌ده‌ربونی‌ ئه‌م جاره‌ی‌ خه‌ڵك هه‌م به‌ قه‌باره‌، هه‌م به‌خێرای‌ و له‌ ناكاوی‌ وه‌ك ئاواره‌بونی‌ هیچ جارێكی‌ تر نه‌بو، بۆیه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر كردن و بیركردنه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ له‌ پێشه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پارێزگای‌ كه‌ركوك، ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ خه‌ڵك پێویسته‌ بكرێته‌ كارتێكی‌ فشار بۆ سه‌ر حكومه‌تی‌ عێراقی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ده‌م داواكانیانه‌وه‌ بێت و كێشه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كه‌مپ و قوتابخانه‌ و بنكه‌ی‌ ته‌ندروستیان بۆ چاره‌سه‌ر بكات، بونی‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ قورساییه‌كی‌ زۆری‌ خستوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و شاروشارۆكه‌و ناوچانه‌ی‌ لێی‌ نیشته‌ جێبون، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ خێرایی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌و گرفته‌كانیان بكرێ‌.

كردنه‌وه‌ی‌ كه‌مپی‌ نیشته‌جێ‌:
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ به‌رده‌ست، ته‌نیا له‌ناو شاری‌ كه‌ركوك 65 هه‌زار خێزانی‌ ده‌ربه‌ده‌ر هه‌ن، ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌ ناو هه‌مو كه‌ركوكدا بڵاوبونه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ی‌ ئه‌و شوێنانه‌ی‌ ئه‌وانی‌ تیایه‌ له‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان بێبه‌شه‌، به‌شێكیشیان خانویان به‌ كرێ‌ گرتوه‌و له‌ ناو گه‌ڕه‌كه‌كان ده‌ژین، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وانه‌ی‌ چونه‌ته‌ گونده‌كان، هه‌مو ئه‌م ژماره‌یه‌ پێویستیان به‌ كۆكردنه‌وه‌و سه‌رژمێری‌ و دابینكردنی‌ كه‌مپ و پاراستنه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ دابینكردنی‌ خوێندنگه‌ بۆ مناڵه‌كانیان و پێویستیه‌كانی‌ دیكه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ ئه‌گه‌ر وادابنه‌ین هه‌ر خێزانێك بریتیه‌ له‌ 5 كه‌س ئه‌وه‌ زیاتر له‌ 300 هه‌زار كه‌س ده‌كات ئه‌وه‌ش به‌ ته‌نێ‌ خۆی‌ نزیكه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ شارێكی‌ گه‌وره‌یه‌، هه‌ڵبه‌ت له‌ كوردستانیش زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و نیو ئاواره‌ هه‌ن، كه‌ زۆربه‌یان له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆكن.ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ هه‌مو شاره‌كانی‌ كوردستاندا بڵاو بونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ زۆری‌ ده‌ربه‌ده‌ره‌كان قسه‌ له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ شه‌قڵاوه‌ ژماره‌ی‌ بۆ هاتوی‌ له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ زۆرتره‌.

كۆی‌ ئه‌م ده‌ركراوانه‌، یان ره‌نگه‌ باشتر بێت بڵێین هه‌ڵكه‌نراو، راونراو، راستی‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ناوێكیش بۆ ئه‌وان ره‌نگه‌ پێویستمان به‌ هه‌ڵوه‌سته‌ بێت، ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌مه‌یان بابه‌تی‌ ئێمه‌ نیه‌، كۆی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ پێویستیان به‌ دیاری‌ كردنی‌ شوێنی‌ تایبه‌ت و كه‌مپی‌ تایبه‌ته‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ له‌ چه‌ندشوێنێكی‌ تایبه‌ت و نزیك له‌ پارێزگاو قه‌زاكان كۆبكرێنه‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌زمونی‌ ئێران له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر باش بێت به‌و پێیه‌ی‌ له‌ هه‌فتاكانه‌وه‌ به‌رده‌وام كه‌مپی‌ ئاواره‌ی‌ هه‌بوه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ‌ سود له‌ ئه‌زمونی‌ ئه‌وان ببینرێ‌، من بۆخۆم كه‌مپه‌كانی‌ كامیاران "ورمه‌هه‌نگ " و زێوه‌ ی‌ لای‌ راژانم بینیوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌مپانه‌ كه‌م و كوڕی‌ خۆیان هه‌بو، به‌ڵام زۆرباش رێكخرابون، لانی‌ كه‌م له‌ روی‌ ئاگاداربونه‌وه‌ له‌ خه‌ڵكه‌كه‌.

وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌ران و به‌رپرسیاری‌:

وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌رانی‌ عێراقی‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی‌ زۆرترین ئه‌ركیان ده‌كه‌وێته‌سه‌ر بۆ به‌ ته‌نگه‌وه‌ چون و ده‌نگه‌وه‌چونی‌ ئه‌و خێزانه‌ هه‌ڵاتوانه‌، ئه‌وان ده‌توانن:
یه‌كه‌م: له‌ كه‌مپه‌كاندا سه‌رژمێری‌ وردیان بكه‌ن و ناوی‌ ته‌واوی‌ خێزانه‌كان بنوسن و بیخه‌نه‌ داتا لیسته‌وه‌.
دوه‌م: له‌و لیستانه‌دا ژماره‌ی‌ به‌ته‌مه‌ن، قوتابی‌، كه‌مئه‌ندام، فه‌رمانبه‌ر، سه‌ربازو پیاوانی‌ دامو ده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ، جیابكرێنه‌وه‌و كاریان له‌سه‌ر بكرێت.
سێیه‌م: له‌ هه‌ركه‌مپێكا جگه‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ كه‌مپ ئه‌نجومه‌نی‌ كه‌مپ دروست بكرێت.
چواره‌م: هه‌ر خێزانه‌و كارتی‌ تایبه‌تی‌ بۆ بكرێت، وه‌ك گرین كارت.
پێنجه‌م: هه‌وڵبدرێت سود له‌ به‌هره‌و توانای‌ شاره‌زاكانیان وه‌ربگیرێ‌ و وه‌رشه‌ی‌ تایبه‌ت له‌ كه‌مپه‌كان بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تواندارو شاره‌زاو به‌هره‌مه‌ندان بێكار نه‌بن.

راستی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ هاوكاری‌ رێكخراوه‌ مرۆدۆسته‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌توانێت نمونه‌یه‌كی‌ باشی‌ به‌ ده‌نگه‌وه‌چون و هاوكاری‌ پێشكه‌ش بكات، ئه‌مه‌ش هه‌م بۆ ناوناوبانگی‌ وه‌زاره‌ت زۆرباشه‌، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ده‌ست كوردێكه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ رۆڵی‌ زیاتر بۆ ئه‌وان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگێڕێ‌.

گرفتێك و نیگه‌رانی‌:

بونی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ركراو، هه‌ڵاتو، هه‌روه‌ها نه‌بونی‌ پلانێكی‌ باش بۆ دانان و نیشته‌ جێكردنیان له‌ كه‌مپا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ پێشنیازی‌ ده‌كه‌ین، رۆژ به‌رۆژ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ گیرو گرفتی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ دوادا بێت، راستی‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردوشدا له‌ چه‌ندین شوین گیرو گرفتی‌ جیا جیا دروست بوه‌، ره‌نگه‌ رفاندن و كوشتنی‌ خاوه‌ن ته‌كسیه‌كانی‌ كه‌ركوك دیار ترین نمونه‌ بێت، یان ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ كه‌ پێشتر لێره‌و له‌وێ‌ ده‌دران بۆ ده‌ركردنی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌و هاندانی‌ خه‌ڵك لێیان، هه‌ر ئێستاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك جۆرێك له‌ كێشه‌ی‌ سیاسی‌ به‌ دوی‌ خۆیدا هێناوه‌و هه‌ندێك حزبی‌ سیاسی‌ وه‌ك چه‌ك به‌رانبه‌ر یه‌كتر به‌كاری‌ دێنن، لایه‌ك لاكه‌ی‌ تر تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ داڵده‌دان و لاكه‌ی‌ دیكه‌ش ده‌یه‌وێ‌ وانیشانبدات كه‌ ئه‌وی‌ تر جۆرێك له‌ گیرو گازی‌ خود په‌سه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌یی تیایه‌.

راستی‌ ئه‌م گرفتانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ریان پێنه‌گیرێ‌ ره‌نگه‌ گرفتی‌ گه‌وره‌ تریان لێبكه‌وێته‌وه‌، یان له‌ ئاینده‌دا ببنه‌ كێشه‌یه‌كی‌ قورس بۆیه‌ هه‌قه‌ هه‌مو نیگه‌رانیه‌ك به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێ‌.

ئه‌م بابه‌ته‌ پێویستی‌ به‌ توێژینه‌وه‌و به‌ دوادا چونی‌ زیاتره‌، لانی‌ كه‌م له‌ وڵاتێكی‌ وه‌ك عێراقدا كه‌ هه‌وڵێكی‌ گه‌وره‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ دروستكردنی‌ نه‌یاری‌ ده‌رهه‌ق یه‌كتر.