Print WWW.SBEIY.COM
 پۆست و کەمسەری و داهێنان
مەحمود عەبدوڵا
14/12/2014

پۆست چییە؟ کورد چۆن سەیری پۆست دەکات؟ بۆچی تاکی کورد شەیدای پۆستە؟
کەمسەری چ پەیوەندییەکی بە ئەم شەیدابونەوە هەیە؟ ئایا کەسێک کە هەستی خۆ بەکەم زانین(Inferiority complex) ی هەبێت لەڕێگەی پۆستەکەیەوە خزمەت دەکات یان تۆڵە دەکاتەوە؟ کەمسەری چییە و چ پەیوەندیەکی بەداهێنان( invent)ەوە هەیە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە پەیوەستن بەسایکۆلۆجیای تاک
.
کەم نین ئەوانەی بەدەست گرفتی خۆبە کەمزانینەوە (Inferiority complex) دەناڵێنن، بەهەمان شێوە کەسانێکی زۆریش دوچاری نەخۆشی خۆبەگەورەزانینن  (megalomania)، پێموایە هەردو حاڵەتەکەش رێژەکەیان لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکیدا زیاترە تاکۆمەڵگایەکی پێشکەوتو، چونکە لەکۆمەڵگای خێڵەکیدا کەسایەتی بەهێز دەپێورێت، واتا دەبێت ((بەهێزبیت بۆئەوەی بەڕێز بێت)). ئەم تێڕوانینەی کۆمەڵگا کاریگەرییەکی نەرێنی (negative)ی هەیە لەسەر توانای داهێنان و ئاستی رۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگا، چونکە ئەوە تاک نییە عەقڵی کۆمەڵگا دروست دەکات، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگایە تاک ئاڕاستەی جۆرێک لەبیرکردنەوە و هەڵسوکەوت دەکات. ونستۆن چەرچڵ دەڵێت؛ ((کێشەی کۆمەڵگا ئەوەیە هەموان دەیانهەوێت موهیم بن، کەس نایەوێت بەسود بێت)) بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کەسێکی بێ سود گرنگە؟ بێگومان لەکۆمەڵگایەکی دواکەوتو و ناعەقڵانیدا وەڵامەکەی بەڵێیە،چونکە وەک وتم هێز پێوەری کەسایەتییە. کاتێکیش خزم خزمێنەو ناسیاوی وەلائی حیزبی رۆڵی گرنگی هەبێت لە پێدانی پۆست ئەگەرچی کەسەکە شیاوی ئەو پۆستەش نەبێت؛ ئەوا ئەوکەسە بەکەسێکی گرنگ دێتە هەژمار، وەک دەڵێن با هیچ لەبارا نەبوش بێت. لێرەدا بەڕەهایی قسە ناکەم و باوەڕم بەڕێژەیی بونی شتە کان هەیە، بۆیە مەبەستم ئەوە نییە، کە هەمو ئەوانەی پۆستێکیان هەیە شیاو نەبن، بەپێچەوانەوە کەسانێکی دڵسۆز و بەسود و شیاو هەن کە پۆستەکەیان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا و بەرژەوەندی گشتی بەکارهێناوە. قسەم لەسەر ئەو کەسانەیە کەشەیدای پۆستن و پۆستەکەیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت، یاخود بەرژەوەندی حیزبی بەکاردەهێنن. لێرەدا دەبێ بپرسین ئەو ئەندام پەرلەمانەی موچەیەکی بەرز وەردەگرێت و پاشان خانەنشین دەکرێت بێ ئەوەی رۆژێک بەرگری لەچینی چەوساوە کردبێت، بێ ئەوەی هەڵوێستێکی هەبوبێت لەکاتی خستنە ژێرپێی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان، چۆن ئاسودە دەبێت .

پۆست ماف نییە تا هەر کەسێک شەیدای بێت و شەڕی بەدەست هێنانی بکات، پۆست بەر پرسیاریەتییە و هەموکەسێکیش توانای بەرپرسیاریەتی نییە، دەشێ کەسێک ئەوپەڕی خزمەت بەکۆمەڵگا بکات بەبێ ئەوەی پۆستێکی ئیداری هەبێت، بۆچی ئێمە فێرنابین کە هەموکەسێک گرنگە، هەمومان یەکسانین لە کەرامەت و رێزدا، باکاری جیاواز و پیشەی جیاوازیشمان هەبێت. ئەرێ ئێمە کەی فێردەبین رێزی مرۆڤ بگرین لەبەرئەوەی مرۆڤە، نەک لەبەرئەوەی بەهێزە؟ بۆچی بەهێزێکی بێمەعریفە مان پێ باشترە لە بێهێزێکی خاوەن مەعریفە؟! ئەگەر ئەمە خۆ بەکەم زانین نییە چییە؟ بۆچی سیاسییەکی نەخوێندەوار مان پێ پەسند ترە لە رۆشنبیرێکی دور لە سیاسەت، بۆچی ئەوەی عەقڵمان دەجوڵێنێ رقمان لێ ئەبێتەوە، ئەوەی سۆزمان دەجوڵێنێ و یاری بەهەستمان دەکات خۆشمان دەوێت؟

بێگومان کەمسە ری یەکێکە لەهۆکارەکانی ئەم شەیدا بونە بۆ پۆست، مرۆڤ کاتێک هەست بەکەمی دەکات بۆشاییەکی رۆحی بۆدروست دەبێت لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکار کەدواتر دێمەوە سەر ئەم باسە، ئەوا بەهەر رێگەیەک بێت دەیەوێت هەستی خۆبەکەم زانینەکەی پەردەپۆشبکات، بۆیە ئەگەر بەهەر هۆیەک بەرپرسیاریەتیەکی وەرگرت کەشیاوی ئەو نییە ئەوا دەبێتە کەسێکی مەرایکەر و چوپڵوس نەک خزمەتکار، بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەو خۆی دەناسێ جابۆئەوەی ناشایستەییەکەی پەردەپۆش بکات دەبێتە کەسێکی مەراییکەر. هەندێ جار ئەم کەسانە خۆبەکەم زانینەکەیان دەگۆڕێت بۆ غرورو خۆ بەگەورەزانین وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە کۆمەڵگا، چونکە ئەو کەسە هەستی خۆبەکەم زانینی هەیە واهەست دەکات خەڵک بەچاوێکی کەم سەیریدەکەن بۆیە کە ئێستا پۆستێکی هەیە خۆبەکەمزانینەکەی گۆڕاوە بۆغرور. لەگەڵ ئەوەشدا دەرونناسان پێیانوایە خۆبەکەم زانین لایەنی ئەرێنی (positive)y )ی هەیو ئەگەر لەحاڵەتی ئاسایدابێت دەبێتە هۆی داهێنان و پێشکەوتنی مرۆڤ، چونکە تاکێک، کە هەستی خۆبەکەم زانینی هەیە و بەڵام پێیوایە ئەو هێشتا تواناکانی خۆی بەکار نەهێناوەو ئەو لەوەزیاترە کە هەیە و لەلایەنێک لەلایەنەکانی ژیان خۆی پێشدەخات، بۆیە سود بەخۆی و کۆمەڵگایەکەشی دەگەیەنێت، بەڵام کاتێک تاک بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنای پۆست و پارە کەمسەریەکەی دەشارێتەوە لەدولاوە زیانبارە، هەم بۆخی کە خۆی ناناسێت و پێیوایە ئەو شیاوی هەمو پۆستێکە و کاتێکیش پۆستێک وەردەگرێت بێخەم دادەنیشێت پێیوایە ئەو لەبەرخاتری کۆمەڵگا خەڵقکراوە و ئیتر دۆگما دەبێت، کەم نین ئەوانەی بە بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ پێیانوایە ئیتر مرۆڤێکی کامڵن و کاریان بەخوێندنەوە نەماوە ئیتر دەبێت کۆمەڵگا بەچاوی رێزەوە سەیریان بکات، لەلایەکی ترەوە ئەو کەسە پۆستەکەی ئیستغلال دەکات، یاخود زیان بە ئەو دەزگایە دەگەیەنێت کە کاری تێدادەکات بەهۆی نەشارەزاییەوە.

کەمسەری یا خۆبەکەم زانین کەمسەری کۆمەڵێک هۆکاری ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی هەیە، یاخود بونی نوقسانیەکی فیزیکی، یاخود ئیهانە کردن لەقۆناغی منداڵیدا، یا بێئامانجی لەژیاندا ...هتد. ئەمانە هەمویان هۆکارن بۆ دەرکەوتنی هەستی خۆبەکەم زانین.

بەپێی توێژینەوەیەکی ئەدلەر %٧٠ی وێنەکێشە بەناوبانگەکان نوقسانیەکیان هەبوە و بۆتە هۆی ئەوەی هەست بەکەمی بکەن، لەبەرامبەردا ئەم کەسانە هەوڵیان داوە ئەم بۆشاییە دەرونیە پڕبکەنەوە. سەبارەت بە کەسانی نوسەر یا موسیک ژەنیش هەروایە بتهۆڤن کەڕ بو، بەڵام مۆزیک ژەنێکی بلیمەت بو ،هەروەها، پیاژەی دەروناس دەڵێ: ((زەحمەتە سەرکەوتنە گەورەکان بەبێ هەستی خۆبەکەم زانیین بەدەست بێن))، ئەم جۆرە خۆ بەکەم زانیینە ئەرێنییە لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی داهێنان. بەڵام جۆرێکی تری هەستکردنی بەکەمی نەرێنیی ئەوەیە کەتاک خۆی بەکەسێکی ناچیز دەبینێت و لەجیاتی داهێنان دەبێتە کەسێکی مەراییکەر و چاپڵوس ئەم کەسانە شەیدای پۆستن، چونکە هەست بەکەمی دەکەن دەیانهەوێت پۆست ئەم بۆشاییە دەرونییەیان بۆ پڕبکاتەوە، جاکاتێ کەسێکی وا دەبێتە خاوەن پلەیەک کەشایەنی نییە، دورنییە خۆبەکەم زانینەکەی بگۆڕیت بۆ غرور .

بۆیە کەمسەری لای تاکی کورد هۆکار نییە بۆ داهێنان، بەڵکو هۆکارێکە بۆشەیدابونی پۆست و مەرایی کردن، پشت بەستن بەکەسانیتر بۆ گەیشتن بەئامانج. ئەم جۆرە کەسایەتییە کەشەیدای پۆستە بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵگای ئێمە، وەک وتم دیاردەی ناسیاوی خزم خزمێنەو وەلائی حیزبی دەرگا بەروی ئەو کەسانەدا دەکاتەوە، کە بەهۆی مەرایکردن بگەنە پۆستێک، ئەمەش وادەکات ئەم کەسە بیر لەڕێگای دوەم نەکاتەوە بۆ داپۆشینی کەمسەریەکەی، کە بریتییە لە تێکۆشان بۆدۆزینەوەی توانا شاراوەکانی.


تێبینی: بۆنوسینی ئەم بابەتە سودم لە وتارێکی (محمد سبحانی نیا) وەرگرتوە-بەناو نیشانی (احساس حقارت يا خود کم بيني) سایتی( تبیان)