Print WWW.SBEIY.COM
 دەرونشیکاری فەیسبوک و لایک
مەحمود عەبدوڵا
16/01/2015

یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی جیهانی مجازی (سایبر)ی فەیسبوکە، کەئێستا بەپێی هەندێ سەرچاوە نزیکەی ١ملیار کەس بەشدارن لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە، جیاوازی فەیسبوک لەگەڵ تیۆری دەرونشیکاری فرۆید تەنها ئەوەیە کە لە فەیسبوک کەسەکان خۆیان دەرونی خۆیان شیتەڵدەکەنەوە، بێ ئەوەی پێویستیان بە دوانگەی سەربەست پزیشکی دەرونی هەبێت، بەڵکو لێرەدا لەناو ئەم کۆمەڵگا خەیاڵیەدا کەسەکان گوزارشت لەخۆیان دەکەن، تەنها ئێمە پێویستیمان بە سەرنج دان و ئاگاداربونە لەچالاکی کەسەکان بۆئەوەی حەزو خولیاو کەسایەتی و رەفتاریان بناسینەوە.

ئەم جیهانە مەجازییە دەشێت سێبەری جیهانی واقیع بێت، بەکارهێنەرانی هەمان شێوەی کەلەواقیعدا هەن رەفتار بکەن، واتە لەواقیعدا چۆنن لە جیهانی سایبریش بە هەمانشێوە رەفتار بکەن. لەهەمانکاتدا وادێتە بەرچاو کە جیهانی سایبری هیچ پەیوەندی بەواقیعی کۆمەڵگاوە نەبێت مرۆڤەکانیش مرۆڤی خەیاڵیبن و لەسروشتی مرۆڤانەی خۆیان داڕنابن و بەرگی فریشتەیان بەبەرداکرابێت، بەڵام پێویستە جیاوازی کۆمەڵگایەک لەگەڵ کۆمەڵگایەکی دیکە لەبەرچاو بگرین. واتا ئەگەر وەک ئامرازێک بۆ دەرونشیکاری سود لە فەیسبوک وەربگرین، دەبێت بەهەمان شێوەی کە لەواقیعدا کۆمەڵگاو شارستانیەتەکان دابەشدەکەین بۆ: پێشکەوتو دواکەوتو، توندوتیژ و لێبوردە، کراوەو داخراو، موسڵمان و مەسیحی ...هتد، ئەوا پێویستە لە جیهانی مەجازیشدا بەم شێوەیە پۆڵێنیان بکەین؛ ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە جیهانی سایبریش رەنگدانەوەی جیهاننی واقیعە. بەنمونە لەکۆمەڵگای ئێمەدا خاسیەتەکانی حەزی خۆدەرخستن، بیرکردنەوەی لوتبەرزانە، بیرکردنەوەی حیزبیانە، هەمیشە خۆ پێ لەسەر حەقبون، رۆحی دیکتاتۆریەت و یەکترسڕینەوە، گوزارشت کردن لەژیان و سیستەمی سیاسی بەگوێرەی بەرژەوەندی تایبەتی و ...هتد- خەسڵەتی زاڵن، کە هەمو ئەمانەش لە تۆڕی کۆمەڵایەت فەیسبوک دا دەبیندرێن.

ئەگەر چی هەندێ جار لەڕوکەشدا وادەرناکەوێت، بەڵام هۆیەکەی ئیزدیواجیەتە هەندێ جار تاکەکان بەجۆرێک خۆیان دەردەخەن کە پێچەوانەی ژیانی واقیعیانەی خۆیانە. بەگوێرەی دەرونناسی ژینگەی کۆمەڵایەتی، سیستەمی حوکمڕانی، ئابوری، ژینگەی سروشتی هەمویان بەشدارن لەدروستکردنی کەسایەتیدا، بۆیە تاک لەجیهانی سایبریشدا تاکەکان گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵگاکەیان دەکەن، باهەندێک جار پەنا بۆ ژیانی تاریک ببەن و بەپێچەوانەشەوە خۆدەرخەن لیرەش مرۆڤی دوڕو، خۆپەرست، راسگۆ، ماستاوچی، ئازادیخواز...هەن. بەڵام جیاوازییەکی فەیسبوک یان بەگشتی جیهانی سایبری ئەوەیە زۆرجار ناڕەزایەتی و هەڵچونەکان وەک پەتایەک بەخێرایی بڵاو دەبنەوەو رەنگە ئاشکرابونی دۆسیەیەکی گەندەڵی ببێتە هۆی هێنانەخوارەوەی سەرۆکێک لەعەرشی دەسەڵات، بەڵام لە کۆمەڵگایەکی دابەشبو بەسەر حیزبەکاندا ئەم حاڵەتە درەنگتر رودەدات، چونکە وەک وتمان خەڵک بەگوێرەی بەرژەوەندی حیزبەکانیان بڕیار دەدەن. ئێمە شاهیدی ئەو راستیەین کە فەیسبوک چ کاریگەریەکی هەبو لەدروستکردنی رای گشتی بۆ هێرشکردنە سەر عەرشی دیکتاتۆرەکان و هێنانیەخوارەوە لەسەروبەندی بەهاری عەرەبیدا گوێبیستی ئەو وتەیە بوم (شەڕی فەیسبوک بەحوشتر ناکرێت) هەرواش بو، واتا ناکرێ بەعەقڵییەتێکی کۆن روبەڕوی ئەم جیهانە ببینەوە، پەیامی من بۆ سەرکردە دەسەڵاتخوازو خۆپەرستەکان ئەوەیە کە شەڕی فەیسبوک بە گوێدرێژ ناکرێت، تکایە ئاگاداربن ئەو عەقڵیەتەی ئێوە سیاسەتی پێدەکەن بەسەرچوە ناتوانن ئیتر چاوی خەڵک ببەستن. زۆرجار هەواڵێکی ناڕاست هەرادەنێتەوە لە فەیسبوک، واتا لایەنی سۆز بەسەر لایەنی عەقڵیدا زاڵە حاڵەتێکی وەک جەماوەری جێگای باسە، گۆستاف لۆبۆن لە پەرتوکی سایکۆلۆژیای جەماوەردا دەڵێت؛ تاک لەکاتی کۆبونەوە جەماوەریەکاندا خۆی وندەکات شوێن جەماوەر دەکەوێت لۆبۆن پێی وایە تاک لەکاتی خۆپیشاندا یان هەر حاڵەتێکی جەماوەری لەژێر کاریگەری جەماوەردایە و سۆزبەسەر عەقڵدا زاڵدەبێت و تاک بەگوێرەی ئەوانی دی رەفتاردەکات واتا بۆی گرنگ نییە ئەوکارەی دەیکات مەنتیقییەیان نامەنتیقی. دورنییە کاتێک خەڵک گەیشتە قەناعەت کە دەسەڵات نییەتی چاکسازی نییە رای گشتی دروست ببێت و دیوارەکانی حیزب بڕوخێنێت و کۆمەڵگا ببێتەوە بەیەک.

چی وادەکات تاک بەشداربێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک؟
هەستی کۆمەڵایەتیبون شتێکی حاشاهەڵنەگرە، دەرونزانان کۆکن کەمرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێت بەتەنهابژیت؛ بەڵام هۆکاری بەشداریکردن لە تۆڕیکۆمەڵایەتی فەیسبوک لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکیتر ولەتاکێکەوە بۆیەکێکی تەجیاوازە، بەشێوەیەکی گشتی خەڵك بۆ بەسەربردنی کات، ئاگاداربون لە هاوڕێیان و بەردەوام بونی پەیوەندی هاوڕێیەتی، بۆ دەربڕینی بیروڕا، ریکلام بۆ حیزبێک یان ئایدۆلۆژیایەک بۆکەم کردنەوەی فشاری دەرونی... هتد.

بەپێی راپرسییەک لە وڵاتی تایلەند کە 7,735 بەشداریان تێداکردوە، بە دیدی خۆیان دوەمین هۆکاری بەشداریکردن لەفەیسبوک هۆکاری کەم کردنەوەی سترێسە. هەروەها کەسانێکی تر بەهۆی دوریان لەوڵات و گۆڕینی شوێنی ژیایان بەشداری لەفەیسبوک دەکەن، بەڵام لەوانەیە لەکۆمەڵگایەکی دیکەدا ببێتە هۆی زیاد بەنی سترێس ئەویش بەپێی عەقڵیەتی ئەو کۆمەڵگایە و ئاستی رۆشنبیری. واتە ئەگەر کەمکردنەوەی فشاری دەرونی لای یەکێک دەروازەیەک بێت بۆ چونەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، ئەوا زیادبونی فشاری دەرونی دەروازەیەکە بۆچونەدەرەوە لێی لای یەکێکی دیکە.

ئەویش بەهۆی نەبونی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ژینگە ئاڵۆزە و ئەم هەمو راوڕاجیاوازانە. بەگوێرەی دەروننزانی توانای خۆگونجاندن یەکێکە لەمەرجەکانی دەرون دروستی بۆیە تاکێک، کە توانای خۆگونجاندنی نەبێت لەم جیهانە خەیاڵیە گۆشەگیردەبێت و لێی دەچێتەدەرەوە، وەک چۆن لەجیهانی واقیعدا کەسانێک توانای خۆگونجاندنیان نییە لەگەڵ ژینگەکەیاندا و گۆشەگیردەبن.