Print WWW.SBEIY.COM
 ویژدانی رەش
ئامانج هەرتەلی
18/01/2015

بەدرێژای 23 ساڵی رابردو دەسەڵاتدارانی کورد لەهەردو زۆنی سەوز و زەرد بەردەوام کاریان لەسەر کوشتنی ویژدانی تاکی کورد کردوە، ئەوان دوای راپەڕین یەکەم وێرانکاری کە دەستیان پێکرد، ئاودیوکردنی کەرەستە بەجێماوەکانی حکومەتی عێراق بون، کە دەتوانرا وڵاتیان پێ ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام ئەوان لەیەکەم کاردانەوەیاندا بەرامبەر بە بەڕێوبردنی وڵات، فەشەلیان هێناو هەستان بە تێرکردنی خۆیان، سەرەنجام ئەگەر وێژدانیک هەبو بێت لە ناخیاندا بۆئەوەی رێگای راستی خزمەت و نیشتیمان دۆستیان پێ نیشاندا، بەرەبەرە بەرەو رەشبون رۆیشت.

رەشبونی ویژدانی بەرپرسانی ئەم دو حیزبە، بەرەبەرە ئەو خەڵکانەی لەدەورەی خۆیان، کە هەیان بوە بەرەو کوشتنی وێژدانیان بردن، بۆئەوەی دواجار کۆمەڵگایەکی وێران بنیات بنێن و دۆخی خەڵکی کوردستان بەرەو خراپی ببەن، هەستی کوردبون نیشتیمانیان بگۆڕن بۆ هەستی خۆژیان، رازیبون بەتێرکردنی سکیان، رەشبونی ویژدانی بەرپرسانی ئەم هەرێمە، وایکردوە سڵ نەک هەر لە خواردنی قوتی خەڵک ناکەنەوە، بەڵکو رشتنی خوێنی تاکی کوردیشیان بەلاوە گرنگ نیە.

ویژدانی رەشی بەرپرسانی ئەم هەرێمە وای کردوە، لەبری خزمەت کردنی کەسوکاری پێشمەرگە بەگشتی و خودی پێشمەرگەش بەتایبەتی، کە لەبەرەکانی جەنگ پارێزگاری لەماڵ و مناڵانی ئێوەدەکات، کەچی بەرەوای نابین موچەی لەکاتی خۆی پێبدەن، یان دروستکردنی سەدان پرۆژە کەخزمەتی بە هیچ بە گەلی کورد ناکەن، زیانی گەورەشیان گەیاندوە بەژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، ویژدانی رەشی بەرپرسانی ئەم هەرێمە، 23 ساڵە گەلی کورد لەبری بەرەو پێشەوە ببەن، کردویانە بە قوربانی خەونەکانیان.

بەرپرسانی ئەم هەرێمە سەرەڕای رەش بونی ویژدانیان، کۆمەڵیک خەڵکی ویژدان رەشیان لەدەورەی خۆیان کۆکردۆتە، بە ویژدانیکی مردوە کەوتونە دەهۆڵ کوتان بۆ بەرپرسە ویژدان رەشەکانیان، بیریان چوە کە بەرپرسانی خۆیان لەدوای راپەرینەوە تا ئەمڕۆ خەرکی بردنی داهاتی ئەم هەرێمەن و کەس پێی نەوتوە لەکوێت ‌هێنا، بەمڕۆش بەڕویەکی قایم هاتون هەرچی پیسی و پاشماوەی خراپی خۆیانە، دەیانەوێت بیدەن بەملی خەڵک و خۆشیان بکەن رزگارکەری گەلەکەیان.

سەیرم پێدێک کەسانێک ئەمڕۆ دەیانەتە هاوار، فرمێسکی تیمساحی دەبارێنن بۆ هاوڵاتیان، خۆیان بە پارێزەری رەوایان دەبینن، کەچی شەرم لە قسەکانی خۆیان ناکەن کاتێک ڤێلا و کۆشکی بەرپرسانی خۆیان لە کەشکەڵانی ئاسمانن و بەپارەی ئەم خەڵکە رەش و روتەی ئەم هەرێمە دروستکران، کە خۆی فرمیسکیان بۆ دەرێژیت، بەرلەوەی ئەم هەرایە لە راگەیاندنەکانەوە بەویژدانیکی مردوە بکەونە چەواشەکردن خەڵک رەش و روت بۆئەوەی بەرپرسە ویژدان رەشەکەی تەمەنی بۆ بەیانی درێژبێتەوە، پێویستە خۆتان پرسیاریان لێبکەن و پێیان بگێڕنەوە.

گەر دەتانەوێت ویژدانتان ئاسودەکەن و لەسەر شاشەکان چیتر قسەی زل مەکەن، بڕۆن لە بەرپرسە ویژدان رەشەکانتان بپرسنەوە بڵین داهاتی ئەم هەرێمەتان چی لێکردوە و لەکوێیە و لە پێخەفی کام ژێر زەمینتان خەواندتانە، ئێوە 23 ساڵە داهاتی ئەم خەڵکە دەخۆن، ئیوە بە قسەی سەر تیڤیەکان، ناتوانی ویژدانی فرۆشاوتان ئاسودەکەن و ویژدانی رەشی ئەوان سپی کەنەوە.

25/7/2009 پەردە لەسەر ئەوکەسانە لادرا ئەوانی ویژدانیان رەش بوە کێن و لە کوێن، ئەوانەی ئەمڕۆ قسە دەکەن وەک ئەوەی ئەوانە قەت فەرمان رەوا نەبونە لەم هەرێمە، ئەوان تێوەگلاوی وێرانکردنی ئەم هەرێمە نین و قسەی زل دەکەن، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان نەبوایە، ئەوا هەردەبوایە پەرلەمانی کوردستان ببوایە خەڵوەتگەی پیری و کەسانی قسەزلی وەک ئەوان لەم شوێنە جێگەیان نەدەبوەوە بۆئەوەی بەویژدانێکی لەرزۆکەوە قسەی گەورە بکات، بەسیاسەتێکی شکستخواردو کە تەنیا نوزەی تیایە بگایە ئەوێ.

 ئەوانە ئەگەر باوەڕیان بە دادپەروەری و یەکسانی هەیە، ئەگەر لە سیاسەتا شکستخواردو نین و لە هێزی سیاسیان بەس نوزە ناکەن، فەرمون داهاتی ونی چەند ساڵەی ئەم خەڵکە بگێرنەوە، فەرمون بڕۆن سەیری داهات و پرۆژەی ساڵانی تەمەنی حکومەتەکەتان بکەن، دوای وەرن قسەبکەن، تۆزێکیش ئاو بەویژدانی رەشی بەرپرسەکانتان بکەن، بۆئەوەی نەوتی رەشی سەرویژدانیان لاچێ.

خەفەکردنی ویژدانی راستیەکان و زاڵکردنی درۆ بەسەریدا، ناتان گەیەنیتە مەنزڵگەی ئارامی، گەمارۆدانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان، بۆ شکاندنی هەیبەتی و قورسای ئۆپۆزسیۆنی پێشو بەگشتی و لەسەروی هەموشیان بەتیبەتی گۆران، ناتان گەیەنیتە خەوێکی ئاسودە، ئەگەر هەمو خەڵکی کوردستان کەسایەتی سەرکردەکانی گۆرانیان نەخوێند بیتوە ئێوە باش خوێندوتانەوە، دەیان ناسن و هەرگیز ناتوان ئارام دانیشن و ساتێک بێخەم سەر بنێنە سەر سەرین.

سەرکردەکانی گۆڕان بەوەی ئێوە دەیکەن بۆ شکاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوان بەهێز دەکات، ئەوان لەگەڵ خەڵکی ویژدان زیندوی کوردستان کەوتونەتە بەرامبەرتان، ئەوەی ئێوە دەهێڵێتەوەئەوەیە کە دەرگای خزمەتکردن بۆ خەڵکی کوردستان واڵابکەن و ئەوەی بردوتان چەندساڵە بەمەردانە بیهێنەوە، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبداوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان تاکات ماوە لەبەردەستان، ئەگینا دوای پەشیمانی داتان نادات، سەرەنجام ویژدانی رەشی خۆتان سەرتان دەخوات.