Print WWW.SBEIY.COM
 حیزب و ٢٣ ساڵ دادۆشینی حکومەت و میللەت
مه‌لا فه‌رمان
18/01/2015

لە ١٩٩١ و دوای راپەڕینەوە، لەوکاتەی پارتی- یەکێتی و بەرەی کوردستانی کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتەکەی سەدام حوسێن، ئەو حکومەتەی پێشتر بەرپرسانی کورد موژدەی روخانیان بەگوێی میللەتدا دەدا. مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی ژانی گەل لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کادرەکانی یەکێتی گوتی "بە مام جەلال بڵێن ئەوەی ئەو و کاک مەسعود دەیکەن تەسلیم بونە نەک مفاوەزات، بە کادرەکانی پارتیش دەڵێم؛ بۆ ئەوەی بە کاک مەسعود بڵێن، باشتر وایە هەردوکیان بچنەوە ماڵی خۆیان و دابنیشن". ئێستا منیش دەڵێم "ئەگەر جەنابی لە ژیاندا بمایا، چی بەم حکومەت و حیزبانە دەوت و "ژانی گەلی چۆن دەنوسیەوە".

ئۆتۆمبێلەکەم ژمارەی هەولێرە، خۆشم خەڵکی کەرکوک و دانیشتوی کەرکوکم، وەک زانیم ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە بەناوی خۆمەوە تۆمار نەکەم، ناتوانم بچمە هەولێر. دەستم بە موعامەلەکردن کرد، رۆژێک بۆ فەحس، رۆژێک بۆ گۆڕینی سەنەویەکە و تابلۆکە. تا تەواو بو، ئەم بڕە پارەیەی خوارەوەی تێچو:
بەنزین         ٨٠٠٠٠ دینار دو سەفەر بۆ هەولێر
تابلۆی ئۆتۆمبێل    ٥٦٠٠٠ دینار
بەستنی تابلۆ      ٥٠٠٠ دینار
گوڕینی ناو      ٣٢٠٠٠  دینار
---------------------------------------------------
کۆی گشتی    ١٧٣٠٠٠ دینار
سزای خێرایی   ٦٠٠٠٠ دینار
-----------------------------------------------------
٢٣٣٠٠٠ دو سەدو سی و سی هەزار دینار.

کاتی لە ریزێکی ١٠ کەسی وەستابوم، بۆئەوەی نۆبەم بێت، گوێم هەڵخستبو، بزانم خەڵک چی دەڵێ؟ زۆر دەوترا، دو نمونە:
ئەو سزایەی دەسەندرێت، رێژەیەکی ٢٠% بۆ ئەو پۆلیسەیە کە لە کاردایا، ئەمەش وا دەکات ئەو کارمەندە تەپڵە و داوی باش بنێتەوە.

یەکێکی تر گوتی ٨٠٠٠٠٠ هەشت هەزار غەرامەی خێراییم بۆ هاتۆتەوە. چەندینی تر باسی چەندین ملیۆنیان دەکرد لە کڕینی تابلۆ و ژمارە بۆ ئۆتۆمبێلی نوێ.

تا کارەکەم تەواو کردوە، لە پێش زیاتر لە ١٠ دەرگا و پەنجەرە نۆبەم گرتوە. بە هەڵە سەرم کردە ژوری فایلەکان وا بزانم ژمارەکەی ٢٤ بو، چ ئەرشیف و فایلێک! دۆزینەوەی فایلێک دورنیە چەند کاژێڕێکی بوێت.

لە کاتێکدا هەمو ئەم پرۆسەیە لە وڵاتێکی وەک هۆڵەندا کەمتر لە ١٠ خولەکی پێ دەچێت، پێویست بە ئامادەبونی خاوەنی پێشوی ئۆتۆمبێلەکەش ناکات. ئەم پرۆسەیە لە دائیرەی پۆست و گەیاندن دەکرێت نەک لە پۆلیسی هاتوچو، لای یەک کارمەند و کۆمپیوتەرێک دەکرێت نەک ١٠ .

رەنگە بڵێن ئەوێ ئەوروپایە و ئێرە کوردستان، منیش دەڵێم "ژمارەی ئۆتۆبێلەکە هەولێرە، غەرامەی خێراییەکە لای تەکیەی نێوان سلێمانی- کەرکوک بو، ئەی چۆن لە ماوی کەمتر لە ١٢ رۆژ هەولێر زانی و پارەکەی وەرگرت، ئەی ئەم پێشکەوتنە لە پارە وەرگرتن وەک ئەروپا نیە، بەڵام لە رێگەی دەستیەوەە نەک سیستەمی بانکی".

١٥٣٠٠٠ سەدوپەنجا هەزار دینار داهاتی حکومەت لەیەک موعامەلەی بچوک و لە یەک هاوڵاتی، ئەی لە ٢٣ ساڵی رابردودا داهاتی ناوخۆ (رسومات، باج، گومرک... تاد) دەبێ چەند بێت.

حیزب و حکومەت
لە بەرامبەردا وا بۆ ٢٣ ساڵ دەچێت هەردو حیزبی خاوەن هێزی چەکدار حکومەت دەدۆشن! بۆ کۆمپانیای حیزب، بۆ ڤێللا و ژێر زەمینەکان بۆ دەزگا راگەیاندنەکانیان، بۆ کۆمپانیا بیانیەکان و بەرتیل و دیاری...تاد. ئەم حکومەتە بێ پلانە خاسیەتی ئەو بزنەی هەیە تەنها بۆ کارەکەی خۆی نەبێت بۆ هەمو کارێکی تر بانیوەتەوە، وەک شیری بزنەکە پارەی حکومەت بەشناکا و دەرئەنجام دەبێت کارەکەی خۆی زگ بگوشێ. بەڵێ بۆیە حکومەت نەیتوانیوە:
١- کارەبا دابین بکات
٢- قەیرانی نەوت و غاز چارەسەر بکات
٣- موچە بدات
٥- بواری پەردوەردە کە کەس حەسودی پێدا نایەت، هەرێم پڕ بو لە بڕوانەمەی ساختە.
٦- پێشمەرگە ئەمە حاڵێتی کە دەیبینین
٧- جگە لە چەند سەرکردەیەک کەسی تر نازانێت نەوت پارەکەی چۆن دێتە دەست و چی لێدێت.
٨- نەخۆشەکانی ئەم وڵاتە دەزانن، داودەرمان چۆنە، لەم بوارە چۆن بازرگانی دەکرێت، پایتەختەکانی ئێران و هیند و ئوردن گەواهی بێکەڵکی ئەم بوارە دەدەن.
٩- کاوە، سۆران و سەردەشت، ١٧ شوبات و سەدانی تر شایەدن لەسەر دادگاکانن.
١٠ - فەلاح و لادێکان و کشتوکاڵ گەر بێنە زمان، ئەم دەسەڵاتە دەبێت سەر داخات.
١١- تەراتێنی دەزگا هەواڵگریەکانی دونیا لە هەرێم بڕیاری خۆیان هەیە، دەتوانن سوڵحی نێوان حیزبەکان بکەن، لە هەڵبژاردنەکان رۆڵیان هەیە.
١٢- کارگە نیە
١٣- بازرگانی لە قاچاخچیەکانی ساڵانی هەشتاکان دەچێت.
١٤- پەیوەندیەکان تا ئێستا حیزبین. تورکیا تائێستا قبوڵ ناکات نوسینگەی حکومەت لە        پایتەختەکەی هەبێت. تا ئێستا هەردو نوێنەری پارتی و یەکێتی لە وی بونیان هەیە.
١٥ - هیچ سەرۆک و بەرپرسێکی ئەم هەرێمە لە پرۆسەیەکی بێگەردی هەڵبژاردندا بە دەنگی خەڵک نەچونەتە ئەو شوێنە، لە کاری رۆژانەدا بێگەرد نین، تەنها بۆ بنەماڵە و خزم و کەسوکارەکەی خۆیان کار دەکەن، بۆیە:
١- جورئەتی بڕیاردانیان نیە
٢- ئەگەر جاروبار لە ژێر فشاری جەماوەر و نوسەراندا بڕیارێ دەربکەن، زۆرجار بڕیارەکە لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە و لە خوارەوە جێبەجێ ناکرێت. توانای لێپرسینەوەی لەو کارمەندانە نیە کە بڕیارەکەی جێبەجێ ناکەن.
١٦- هەتیوکەوتنی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە سایەی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە وەک دەردێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گەواهی بێباکی دەسەڵاتی کوردی دەدەن لە ئاست پرسە نیشتمانیەکان.

خەڵکی کوردستان باش دەزانن هەمو ئەم خاڵانەی سەرەوە میراتەی حوکمڕانی حیزبی ساڵانی رابردوە نەک دەرهاویشتەی ئەم چەندمانگەی کابینەی ٨ هەشت، یان رونتر بڵێین دەرهاویشتەی کارو بەرنامەی ئەو چوار وەزارەتەی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆیە بێویژدانیەکی گەورەیە نەک پەنجەی تۆمەت بەڵکە لەم بارەوە باسیان بکرێت:
١- بۆ وەزارەتی مالیە، پێویستە باس لە وەرگرتنی قاسەی بەتاڵ و ٣ سێ ملیار دۆلار قەرزاری بکرێت، باس لە هەزاران مۆچەخۆری بندیوار و دو موچە و بە هەدەردانی سەروەت و سامان بکرێت.
٢- بۆ وەزارەتی پێشمەرگە : هێزی حیزبی، دو هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ . هەزارانی بندیوار و پاسەوانی بە سریە و فەوج و لیوای بەرپرسان بکرێت.

بەبەرچاوی هەموانەوە دیارە ئەم دو وەزارەتە خەریکی چین و چ بەرنامەیەکیان بەدەستەوەیە، سەرەڕای دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە بۆیان سورن لەسەر هەنگاونانی ورد و دروست بە مەبەستی بە سیستەمکردنی ئەو دو وەزارەتە، لێرەوەش حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان
١- پێویستە لە رێگەی پەرلەمانتارەکان، راگەیاندنەکان و رێکخستنەکانیەوە بەبەردەوامی دەنگدەرانی و جەماوەری کوردستان لە راستیەکان ئاگادار بکاتەوە.
٢- کاری جدی بکات بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی دادۆشینی حکومەت و میللەت.
٣- هەوڵەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە مەدەنیەکان و ناحکومیەکان چڕ بکاتەوە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بە:
- لە تەک سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و پەرلەمان کار بکرێت بۆ دامەزراندنی سەرۆکایەتیەکی دادوەری سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵات هاوشێوەی ئەو سێ دەسەڵاتەی تر.
- دانانی دەستورێکی سەردەمیانە بۆ هەرێمی کوردستان.
٤- ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و گەندەڵیەکانیان و راپێچکردنیان بەرەو دادگا.

ئەم ئەرکانە و تەواوی ئەرکەکانی تر پێویستە و باشتر وایە هەمو گۆڕانخوازێک لە هەر بەرپرسیارێتیەک بێت زۆرتر کار بکەن، کار بکەن و بە خەڵکی رابگەیەنن، خۆیان لە شەڕی راگەیاندن و شەڕە دەندوک دور بخەنەوە، دەبێ ئاگاداربن بە کاری لاوەکیەوە خەریکیان نەکەن و بە لاڕێدا نەیان بەن... تاد.

لە لایەکی ترەوە پێویستە سەرۆکی حکومەت و جێگرکەشی بە ئەرکی خۆیان هەڵسن و لە ئاست ئەو ژاوەژاوانە بێنە دەنگ کە بە ناڕەوا و لە بەروەژەندی هەندێ کەسانی حیزبی و کۆمپانیا دەکرێت دژ بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە تا پرسی دارایی و هەمو ئەوانی تر. ئەم دو بەڕێزە لە هەمو کەس زیاتر ئەرکیانە بپرسن، ئەرێ ئەگەر دادۆشینی حکومەت و میللەت نەبێت، ئیدارەی ئەو هەمو دەزگا ئیعلامیانە و ئەو هەمو کادر و دامودەزگا حیزبیانە لە ٢٣ ساڵی رابردودا چۆن دراوە؟