Print WWW.SBEIY.COM
 سایکۆلۆژیای لایک
مەحمود عەبدوڵا
21/01/2015

سەرەتاداوای لێبوردن لەخوێنەران دەکەم کە پێشتر بابەتی (دەرونشیکاری فەیسبوک ولایک) بڵاوکرایەوە، سەرەتا نیازم وابو بەیەک جاردابەزێت، بەڵام دەرفەت نەبو، بۆیە بەشی یەکەم کە بڵاوکرایەوە دەبوایە ناونیشانەکەی بەم شێوەیەبێت - درونشیکاری فەیسبوک.

(مرۆڤ ئارام نابێت، تائەوکاتەی خۆی خۆی پەسند نەکات، وادێتە بەرچاو رازی بون لەخود، سەختترە لە بەدەستهێنانی رەزامەندی ئەوانی تر) مارک تواین.

یەکێکی تر لەهۆکارەکانی بەشداریکردن لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە لایکە، ئەم خزمەتگوزارییە لەساڵی ٢٠١٠ لەلایان فەیسبوکەوە پێشکەشی بەکارهێنەران کرا، واتا پێشتر لەجێگای like, کە بەواتای پەسندکردن دێت، سود لە (fan) کەبەواتای لایەنگیری دێت وەرگیراوە. لایک دەرخەری کەسایەتییە، وەڵام دانەوە و دەستخۆشیەکان لەبەرامبەر کارێکی مەعنەوی وەک لایک، گوزارشت لەوەدەکات کە مرۆڤ چەند لەخەمی ئەوەدایە لای ئەوانیدیکە پەسەند بکرێت، ئێمە رەنگە لەواقیعدا نەتوانین پەی بەو راستییە ببەین، بەڵام لەم جیهانە مەجازییە کە وەک دوانگەیەکی سەربەست وایە بۆ شیتەڵکردنەوەی دەرونی بەئاسانی هەستی پێ دەکەین واتا لایک وروژێنەرێکە ولای کەسەکان یەک جۆر وەڵامدانەوەی بۆهەیە. کە ئەویش سوپاسکردن یا پێزانینە بەلایکردنی پۆست جانوسین وێنە هەرشتێکی تربێت، کەواتا ئەگەر فەیسبوک وروژێنەری unlike زیادبکات وەڵامدانەوەکەش جیاوازدەبێت.

بەهەرحاڵ رەنگە ئەمەش هۆکارێک بێت، بۆئەوەی لەژیانی رۆژانەشماندا باشتر مامەڵە بکەین لەگەڵ تاکەکاندا، چونکە مامەڵەکردن لەگەڵشتی ناسراودا ئاسنانترە وەک لەگەڵ شتێک کە ئاشنای نین. واتا فێربین لەجیاتی هەمیشە رەدکردنەوە و رەخنەگرتن لەو کەسانەی لە دەوروبەرمانن، دەستخۆشیان لێبکەین. ئەوە راستە بۆ هەریەکێک لەئێمە کە دەتوانین کەسانی دیکە بناسین، بەڵام سەبارەت بەخۆناسین دۆخەکە پێچەوانەیە و بەپێی هەندێک توێژینەوە فەیسبوک هۆکارە بۆ نەرسیزم! چونکە زۆرجار ئێمە دەبینین کەسەکان پێچەوانەی ژیانی تۆژانە مامەڵەدەکەن لەگەڵ کەسەکان بەهۆکاری جیاجیا، زۆرجار لەکۆمەڵگادا رەخنەگرتن لە روخسار، لەستایلی جلوبەرگ و...هتد دەگرین، بەڵام لەفەیسبوک بەپێچەوانەوە هەمیشە ستایش و پەسندکردن و زۆرجوانە جێگای باسن. بەڵام ئەگەر unlike هەبێت رێگە بەخۆمان دەدەین وێنەیان نوسینێک unlike بکەین؟

زۆرجار وتارێک دەبینین کە پێویستی بە ٣-٤ خولەک هەیە بۆخوێندنەوە، بەڵام دوای پۆستکردنی کەمتر لەخولەکێک نزیکەی ٥-١٠جار لایک دەکرێت! ئەمەش واتا بڕیاردانی پێشوەختە. ئەو کەسەی بابەتەکەی پەسند کردوە لەبەر بەهاو ناوەڕۆکی نوسینەکەنییە، بەڵکو خوددی کەسەکە پەسند دەکات زۆرجاریش لەبەر ناسیاوی و تەنانەت خزمایەتیش! یاخود لەبەرئەوەی لەدەرەوەی ئەم جیهانە مەجازییە پەیوەندی هاوڕێیەتییان هەیە، یاخود لەبەرئەوەی کەسایەتییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتییە. نمونەیەکی سادە زۆرجار وتارێک کە لەپەیجی فەرمی سایتێک پۆست دەکرێت ١٠-٢٠ جار پەسند دەکرێت لەکاتێکا ئەم پەیجە هەزاران لایکی هەیە، بەڵام هەمان بابەت لە لاپەڕەی نوسەرەکە خۆیدا دا ٧٠-١٥٠ لایک دەکرێت، ئەمەش گوزارشت لەم بۆچونەی سەرەوە دەکات.

دیاردەیەکی ناشیرین هەیە لەفەیسبوک کە ئەویش گوزارشت لەوەدەکات کە کەسەکان چەند لەخەمی ئەوەدان پەسەندبکرێن، زۆرجار دەبینین کەسانێک گازندەی ئەوەیانە کە هاوڕێکانیان چالاکییان نییە، خۆی لەڕاستییدا دەڵێت: بۆلایکم ناکەن، ئەوە ئاساییە، بەڵام هەڕەشەی پاکسازی دەکەن واتا ئەڵێن دەست دەکەین بەسڕینەوەی ئەوانەی پەسەندمان ناکەن، واتا پەسەندم کەو پەسەندت دەکەم، ئەوەی پەسەندم نەکات لەو جیهانە مەجازییە دەیسڕمەوە.