Print WWW.SBEIY.COM
 کۆتایی ژیان
مەحمود عەبدوڵا
29/01/2015

دەشێ مرۆڤی ژیر پرسیار لە چۆنیەتی پەیدابونی ژیان لەسەرزەوی بکات؛ بەڵام پرسیار کردن لەوەی کێ کۆتایی بەژیان دێنێت کاری مرۆڤی ژیرنییە. تەواوی مێژوی مرۆڤایەتی بریتییە لەهەست نەکردن بەبەرپرسیاریەتی بەرانبەر بە داهاتو، وادیارە تەمەنی مرۆڤ لەم بارەیەوە رۆڵی هەبێت، هەریەکێک لە ئێمە رەنگە وابیر بکاتەوە دەرفەتی سەدساڵ ژیانکردنی هەبێت، بەڵام بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی ئێمە ئەوەیە دەرفەتی ژیانکردن برەخسێنین بۆ ئەوانەی دوای سەد ساڵی تردێن و لەسەر ئەم هەسارەیە ژیان دەکەن. هەریەکێک لەئێمە هەست دەکات ئەگەر ژیان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ژینگەی چالاک دەرفەتی ژیانکردنی تێدانامێنێت، بەڵام هەست بەبەرپرسیاریەتی ناکەین، چونکە ئەوە بەبیری ئێمەدانایەت کە بتوانیین ٥٠٠ ساڵ بژین، ئەگەر خەیاڵێکی وامان هەبایە گومانی تێدانییە دەستمان دەکرد بەشۆڕش دژی نابودکردنی ئەم هەسارەیە، بەڵام نەک لەبەرئەوەی چاکەخوازین، بەڵکو لەبەرئەوەی خۆپەرستین، بۆئەوەی زیاتربژین. رۆژانە هەواڵی بەرهەممهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبیستین، هەواڵی گەرمبونی زەوی و زیان گەیشتن بەچینی ئۆزۆن و توانەوەی بەفری جەمسەرەکان دەبیستین، کە هەمویان ئاماژەن بۆ کۆتایی ژیان لەسەر زەوی.

وادیارە غەریزەی مەرگ زاڵبوەو دەمانەوێت خۆمان بکوژین، تائێستا لەگەڵ ئەم هەمو پێشکەوتنەی زانست، بەڵام دەرفەتی مەرگ زیاترە لەژیان، هێشتا ئەوەی لەپێناو مەرگ ئامادەی دەکەین زیاترە لەوەی لەپێناو ژیاندا ئامادە دەکرێت. رەنگە لەم روەوە مرۆڤێکی شارستانی لەگەڵ دەشتەکییەک، یان مرۆڤێکی رۆژئاوایی لەگەڵ مرۆڤێکی رۆژهەڵاتی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبێت، هەردوکیان لەژێر کاریگەری سیاسەت و ئایندان، ئەم کاریگەریەش دەرفەتی ئەوە بەمرۆڤ نابەخشێت ببێت بەمرۆڤێکی جیهانی، بەو واتایەی زەوی بەنیشتیمانی خۆمان بزانیین، تائێستا سنوری نیشتیمانی مرۆڤ لەگەڵ سنوری ئاین و سیاسەت دایە، هەندێک جار سنورێکی بچوکتریشە. ئارنۆڵد توینبی- لەپەرتوکی ئادەمیزاد و سەرزەوی دایک دادەڵێ: "ئەگەر هەر رەگەزێک لەبونەوەرە زیندوەکان زێدەرەوی بکات لەبەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەی نوێ دەبنەوە یان ئەلتەرناتیڤیان نییەئەواخۆیان لەناودەبەن،ئێستا ئەوهێزەمادیانەی مرۆڤایەتی چێژیان لێوەردەگرێت هێندەزیادی کردوە وادەکات ژینگەی چالاک بەکەڵكی نیشتە جێبون نەیەت ولەماوەیەکی کورت دا بەم ئاکامە خۆکوژییە دەگات" . لە ئێستادا رەگەزی مرۆڤ هەوڵی خۆکوژیدەدات خەرجیەکانی جەنگ ساڵانە لەجیهاندا هەزار ملیارد دۆلار زیاترە!

سەدان ژێردەریایی لەهاتوچۆدان کەهێزی چەکەناوکیەکانی هەریەکێکیان شەش بەرامبەریی هەمو ئەو چەکانەیە کە لە جەنگی جیهانی دوەمدا بەکاربراون، لەخولەکیک دا نزیکەی ٣منداڵ بەهۆی نەبونی خۆراک و کوتانی هەرزان باییەوە دەمرن لەهەمانکاتدا لەخولەکاتدا ٣, ١ ملیۆن دۆلار لەسەرمایەی میللەتان خەرجی بودجەی نیزامی دەکرێت، نیوملیۆن زانا خەریکی دروستکردنی چەکن) بڕوانە پەرتوکی- ئایندەی زێڕین- نوسینی ئۆشۆ .کێ رێگەلەم کارەساتە دەگرێت کە چاوەرێمان دەکات؟ رەنگە خەڵکی وەڵامی جیاوازیان هەبێت و کەسانێکیش خۆیان تەسلیمی ئەم واقیعەبکەن. پێدەچێ کۆمۆنیستێک بڵێ سۆشیالیزم موسڵمانێک بێژێ ئیسلام و پاپاش وەها ئامۆژگاریمان بکات کە نابێت وەک کەروێشک منداڵتان ببێت وەک لەسەردانەکەیدا بۆ فلیپین وای بەکاسۆلیکەکان وت. بەڵام تا کاتێک تاک زەوی بە نیشتیمانی خۆی نەزانێت و پێی وانەبێت هەمو هێڵەکانی درێژی و بازنەکانی پانی بەنیشتیمانی ئەودا تێپەڕدەبن نابێتە بەشەربەواتا هایدگەریەکەی ئەگەرمرۆڤ هەبێت دەبێ نیگەران بێت، ئەگەرچی ئەوانەی دەستێکیان لەئاخوردایە بەمە دەڵێن  ئایدیاڵی، لێ ئەگەر مرۆڤ خۆی گێل نەکات دەزانێت بۆچی دەبێت بەسەرباز بۆ کوشتنی ئەویتر، نەک بۆ لەناوبردنی داینەسۆڕەکان. هەمو سەربازەکان بەرهەمی پەروەردەن، دەکرێت لەڕێگەی پەروەردەوە کۆتایی بەسوپاکان بێت.