Print WWW.SBEIY.COM
 عەشیرەت مەکتەبلەری
مەحمود عەبدوڵا
24/02/2015

قوتابخانەی هۆزەکان یاخود قوتابخانە خێڵەکیەکان، کە لە ساڵی ١٨٩٠ سوڵتانی عوسمانی دروستیکردن، بۆئەوەی مناڵی سەرۆک هۆزەکان (کورد و عەرەب) تێیدا پەروەردە بکرێن بە رۆشنبیری عوسمانی و دڵسۆزییان بۆ سوڵتان هەبێت. بۆیە هەر خوێندنگەیەکی دینی و هەر رەوتێکی دینی کە بانگەشە بۆ سەلەفیزم و وەهابیزم و داعشیزم ئەردۆگانیزم بکات، دەکرێت وەک (عەشیرەت مەکتەبلەری)یەک چاوی لێبکەین، کە دەیهەوێت هەست و سۆزی تاکی کورد بۆلای سوڵتان رابکێشێت، دەیهەوێت تاکی کورد لەژیاری خۆی داببڕێت و بیبات بۆ دنیایەک کە گەڕانەوەوی بۆ نییە.

هیچ سەیر نییە بەلامەوە، کە مەلاشوانێک دەچێت بۆناو داعش، بەڵکو ئەوە سەیرە ئێمە هێشتا پێمانوایە، یاخود چاوەنواڕیمان لە مەلاشوانەکان هەیە کە هەم کوردبن هەم ئیسلام! بێگومان مەبەستم ئیسلامی سیاسییە، روی قسەم لەو کەسانەیە کە قوتابی (حەسەن بەنناو و سەید قطب و محمد عەبدولوەهاب)ن، ئەوانە ناتوانن هەم کوردبن هەم داعش، هەم کورد بن هەم سەلەفی. دواجار مەلاکرێکاریش، کە وەک تاکە چارە خەلیفەکەی داعش هەڵدەبژێرێت هەر لەبەر ئەوەیە کە ناتوانێت هەم کورد بێت و هەم داعش، چونکە ئەوانە سەر بەدنیاو ئایدۆلۆژیایەکن، کە یەکەم جار سەر بە دنیابینی و دنیای کورد نییە، دوەم جار سەربە دنیابینی ودنیای مۆدێرن نییە، ساموئیل هانتنگتون لە پەرتوکی ململانێی شارستانیەتەکاندا دەڵێت: "دین لەپێش نەتەوەشەوە خەڵکەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە، دەشێ تاقە کەسێک نیوە عەرەب و نیوە فەرەنسی بێت، بەڵام زۆر سەختە نیوە موسڵمان و نیوە مەسیحی بێت" بۆیە سەختە کەسێک نیوە وەهابی بێت نیوە کورد، نیوە داعش بێت و نیوە کورد، کورد و بیری کورد زۆر جوانتر و خاوێنترە لە فیکری ئیسلامی سیاسی بە هەمو شێوەکانیەوە.

بێگومان ئەم قسەیەی سامۆئیل بەسەر تەواوی ئەو گروپە ئیسلامیانەدا دەچەسپێت، کە وەلائیان بۆ مورسی و ئەردۆگان و گویلەن و...تاد هەیە، ئەم گروپانە باوەڕیان بەزیندوکردنەوەی خەلافەت هەیە، بەڵام نەک بۆئەوەی خەلافەتێکی کوردی ئیسلامی دەبمەزرێنن، نەخێر خەونێکی وایان نییە، بەڵکو ئەوان خەونی بون بە (والی) یان هەیە لەسایەی خەلیفەدا.

من بەتەواوی باوەڕەوە دەڵێم: بەسەلەفیکردنی تاکی کورد سەد قات مەترسیدارترە لە (تفریس و تتریک و تبعیس) لەبەرئەوەی بە عەرەبکردن و بەتورک کردن و بەفارسکردن پرۆسەیەکە بەزۆر و بۆتواندوەیە لە بۆتەی نەتەوەیەکیتردا، بەڵام بەسەلەفی کردن پرۆسەیەکە بەئارەزو بۆ تواندنەوە لە بۆتەی ئایدۆلۆژیا یەک، کەوادەکات نەک سەر بە نەتەوەکەی خۆی نەبێت، بەڵکو سەر بە دنیای نەتەوە کەی خۆشی نەبێت و گێڕانەوەی تاکێکی بە سەلەفیکراو بتەوێت وای لێبکەی نەتەوە پەروەر بێت هەزار ئەوەندە سەختە وەک لەوەی جاشێک بکەیتەوە بە کورد بگرە مەحاڵیشە، ئە گەر لەناو کورددا بەداخەوە جاشی پارە هەبوبێت، ئەوا مەلاشوان جاشی دینییە. بۆ نمونە دەوڵەتی تازەی تورکیا کە لەسەر دەستی ئەتاتورک دامەزرا لەگەڵ بەعەلمانیکردنی تورکیا پرۆسەی بەتورککردنیشی دەست پێکردوە، بەڵام ئەو تاکەی کە بەزمانی دایک نەیخوێندوە و هەر لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە فێری ئەوە کراوە بڵیت: (من تورکم دایکم تورکە... بنیادەم هەموی تورکە) ئەمڕۆ بەهۆی گەشەکردنی هۆشیاری نەتەوەیی و هەستی نەتەوەیی دەڵێت: بژی کورد، بژی ئاپۆ...

بەڵام لەسایەی خەلافەتی عوسمانی و سیاسەتەکانی سوڵتانە عوسمانییەکان تەنانەت لە سەرەمەرگی خەلافەتیشدا یەکێک نەیگوت بژی کورد، بەڵکو تا دواسات چینی رۆشنبیری کورد بەڕۆشنبیری عوسمانی لە هەوڵی ئەوە دابون چارەسەرێک بۆ پیاوە نەخۆشە کە بدۆزنەوە! لەشەڕی جیهانی یەکەمیش سوڵتان دوای ئەوەی بانگەوازی غەزا بڵاودەکاتەوە کوردەکان بەپیر بانگەوازەکەی سوڵتانەوە دەچن! ئەمە لەکاتێکدا خەلافەت بەناو ئیسلامییە، نەک ئیسلامی محەمەد عبدولوەهاب و بەننا و...هتد. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە مەترسی بە عوسمانی کردن یەکسان بێت بە سەلەفیکردن یا بەداعش کردن، بەڵکو تەنها جیاوازی کردنە لەنێوان بەتورککردن لە دو سەردەمی جیاواز (خەلافەتی عوسمانی و تورکیای عەلمانی)، ئەگەرنا خەتەری ساڵێک خوێندن لە قوتابخانەیەکی سەلەفی و بەسەلەفیکردن زیاترە لە هەمو ماوەی خەلافەتی عوسمانی و پەروەردەکردنی تاکی کورد بە رۆشنبیری عوسمانی، یان لە بەتورک کردن لەسەر دەمی تورکیای عەلمانی.

بۆیە پێموایە، ئەمڕۆ لە هەمو سەردەمێک زیاتر نەتەوەکەمان لەژێر هەڕەشەی ئایدۆلۆژیای بێگانەدایە، بەتایبەت لەم بەشەی باشور کە دەسەڵاتێکی نیمچە رەهایان هەیە بۆ هاوردەکردنی فکری عەرەبی بەدەوی و بۆ گێڕانەوەی تاکی کورد بۆ دنیایەی هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوبەر.

ئەم رەوتە سەلەفیەش کە بە جلی کوردی و فکری وەهابییەوە، بانگەشەی هەم کورد بون و هەم سەلەفی بون دەکەن، هەمو جۆرەکانی میدیایان لەبەردەست دایە، بەتەواوی دەرگایان بۆ خراوەتە سەرپشت بۆ بەسەلەفیکردنی کۆمەڵگا. کارەساتە کە لەوەدایە کە تائێستاش قوتابخانە حەزی قوتابی تێر ناکات لە کوردستان، تائێستاش قوتابی لەدەرەوەی قوتابخانە لەرێگەی دەرسی دینییەوە دەیهەوێت فێری زمانی عەرەبی ببێت، کە بێگومان لای مامۆستایەکی سەلەفی. دەرس خوێندن لەدەروەی قوتابخانە بۆ قوتابییەکی پێنجی بنەڕەتی لای مامۆستایەکی سەلەفی چ واتایەکی هەیە لە بەسەلەفیکردن زیاتر!

بەپێی هەواڵێکی سایتی خەندان لەماوەی چوارساڵدا پەنجا هەزار مناڵ وازی لە خوێندن هێناوە. ئایا وازهێنانی ٥٠ هەزار منداڵ لەخوێندن و لەبەرامبەردا پەیوەندیکردنی ٦٠ هەزار منداڵ بەخوێندنی ئاینییەوە لەشکرێکی سەلەفیمان بۆ دروستناکات؟!