Print WWW.SBEIY.COM
 یەشار کەمال ماڵئاوا، بەڵام پاڵەوانی رۆمانەکانت لە کۆمەڵگادا هەردەمێنن!
ئاسۆ حامدی
01/03/2015

کەماڵ سادق کوکجەلی لە ساڵی ١٩٢٣ لە دایک بوە، لە گوندێکی نزیک وان لە دایک بوە لە گوندێ کە زۆربەی ماڵەکانی تورک بون. بەڵام ماڵی کەمال کورد بون. یەشار رۆماننوسس و چیرۆک نوس و پەیامنێری رۆژنامە بوە. تاکە نوسەری کوردە کە بۆ خەڵاتی نۆبل پاڵێوراوە.

یەشار کەمال بیروباوەری چەپ و نوسینەکانی لەگەڵ کرێکارانی چقورئاوا تێکەڵاو بون، مرۆڤێکی بە سەلیقە و بە توانا و خاوەنی بیروخەیاڵاتێکی بێ وێنە بو. هەر کەسێ رۆمانەکانی باش بخوێنتەوە نەک هەر وشەکان، بەڵکو وێنەکان و پاڵەوانەکانی رۆمانەکانی لە بیر ناکەن.

ئەم مرۆڤە بەتوانایە هەقە نەتەوەی کورد شانازی بە نوسینەکانی بکات و لە زانکۆ و قوتابخانەکاندا لە بەشی ئاداب دراسە بکرێن و بخوێندرێن، حکومەت و گەلی کوردستان یادی رۆژی لە دایکبون و مردنی بکەنەوە. ئینجە مەمەد و سەلیمی ماسیگر نمونەی پالەوانەکانی یەشارن و خەڵکی کرێکار زەحمەتکێش لەگەڵ بیری مارکسیستی یەشاردا ئاوێزان بون، یەشار ناوێ نهێنی سیاسی بو، لە دوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵات یەشار گوتی بە روخانی دیواری بەرلین سوسیالیزم هەروەکو خۆی دەمێنێتەوە و چەوسانەوەی چینایەتی هەر چەوسانەوەیە تا ئەویش بمێنێ سوسیالیزم دەمێنێ.

یەشار کەمال لە تەمەنی خۆیدا لە ئیش پارتسی چەندین رۆڵی بینوە، هەر لە سالێ ١٩٧٨ تا دەگاتە ساڵی نەوەدەکان لەسەدەی رابردو، بیری چەپ  ولایەنگری بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان یەکێ لە سیماتی سەرەکی نوسینەکانی یەشار بون.

تەنانەت لە ژیانی تایبەتی خۆیدا و تێکەلاوبون و خێزانداری لەگەڵ عایشە باباندا لەدوای مردنی ژنی یەکەمی نمونەیەکی تری کورد بون و خۆپاراستنی لە کەلتورێ کە زاڵکراو بو لە تورکیەدا. یەشار کەمال هەمو کەس لە تورکیە دەیزانی کە کوردێکی چەپە و بەمەش قەبوڵکرابو. تەنانەت پەیوەندیەکانی لەگەڵ کوردەکانی باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەردەم ماڵەکەی مەیدانی چاوپێکەوتن بون. یەشار کەمال لە ناوەندە نێونەتەوەیەکانیش خۆی وەک نوسەرێکی کوردی تورکیا دەناساند. ئەگەر سەیری پەرتوکە وەرگێڕاوەکانی بکەی چ لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئەڵمانی یان ئینگلیزی ئەوا هەمویان باس لە وە دەکەن کە نوسەرێکی کوردی تورکیایە.

یەشارکەمال وەک هەمو هونەرمەندە کوردەکانی تری چەپ لە تورکیا کورد بونی ئەوان لە روانگەیەکی ناسیونالیستی نیە، بەڵکو لە روانگەی بەرگری لە ئازادی و یەکسانی ئینسانەکانە، بەرگریە لە چەوسانەوەی ئینسانەکان ئەمەش سیماتێکی بەرزە بۆ ئەم مرۆڤانە. ئەوان بەرگری لە هەمو نەتەوەیەکی چەوساوە دەکەن.

یەشارکەمال لە ژیانی دا گەلێ خەڵاتی ئەدەبی جۆراجۆری پێبەخشرا، هەر لە دکتۆرای فەخری هەندێ زانکۆی ئەوروپایی تا دەگاتە خەڵاتە ئینتەرناسیونالەکان و خەڵاتی شعری هۆمیروس.

یەشارکەمال مرۆڤێکی روخۆش و بەتوانا و خەیاڵێکی بەتوانای هەبو، هەمو رۆمانی کاریتەی لەوە بۆ هاتوە، کەسێ بۆ بارەگای حزب هاتوە و وتویەتی ژنێ ئەمڕۆ زۆر زەحمەت لە ناوچەی چقورئاواوە هاتبوە شار، ئەمە هەوێنی ئەم رۆمانە بەنرخەیە.

مردنی ئەم مرۆڤە بەتوانایە زیانێکی گەورە بە ئەدەب و مێژو و کەلتوری کوردیدا، کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی و دوبارە چاپکردن و وەرگێڕانی هەمو نوسینەکانی بۆ سەر زمانی کوردی خزمەتێکی گەورە بە کۆمەڵانی خەڵک دەگەیەنێ و لە لایەکی تریش نەوەی نوێ شارەزایی بە تواناکارێکی نەتەوەکەی دەبێ. یەشار نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە ئەوروپا و ئەمەریکا لە زانکۆکان و ناوەندە ئەدەبیەکاندا سەداو ناوێکی بەرزی هەیە و بە نوسەرێکی کورد ناسراوە و میللەتی کوردی بەم گەل و کۆمەڵگایانە ناساندوە، ڕاستە بە نوسینەکانی بەزمانی تورکی نوسراون، بەڵام هەمو ئەفسانە  و پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانی لە کۆمەڵگای کوردیدا هەڵکەوتون.

یەشار وەک جەستە ماڵئاوایی کرد و ئینێرژی ژیانی وەستا، بەڵام وشەکان و پاڵەوانەکانی هەردەمێنن و تا مێژوی ئەدەبی ماوە لە تورکیە و لە کوردستان ناکرێ باسی رۆمانی کوردی بکرێ باسی ئینجەمەمەد، یان تەنەکە، کاریتە یان ئەودیوی چیا و زەوی ئاسن و ئاسمانی مس، بڕوانە فورات خوێناویە یان هەر رۆمانێکی تری نەکرێ.