Print WWW.SBEIY.COM
 دەسەڵات و ئازادی
مەحمود عەبدوڵا
12/03/2015

هەر کە باس لە ئازادی دەکریت کەسانیک بیریان بۆلای ئەوەدەچێت، کە ئازادی واتا رزگاربونی جەستە لە کۆت و بەند، لەکاتیکدا هەرگیز کۆیلایەتی بەواتای زیندانیکردن و کۆتکردنی جەستە ناێت. بۆیە کەسانێک وادەزان توانای ستایشکردنی کەسێک، سەرکردەیەک حیزبێک ...هتد. بەواتای ئازادی بیرو را دێت، لەکاتیکدا هەمو ستایشێک لە رۆحیەتیکی بچوک و بێ ئیرادە سەرچاوە دەگرێت. جگە لە هەستکردن بە پوچێتی خود، هیج پاساوێکی ترمان نییە بۆ ئارەزوکردن لە کۆیلایەتی وپیاهەڵدان، رەنگە مرۆڤ گیرۆدەی جۆریک لەکۆیلایەتی ببێت، کە خۆی هەستی پی نەکات، تەنها کەسانی دیکە بتوانن ئەو راستییە ببینن کە ئەو کۆیلەیە.

چونکە ئەو کۆیلایەتیەکەی لە روانگەی بەرژەوەندیەکانی وەک مامەڵەکردن بە بەشێک لە ئازادییەکانی دەبینیت، لەکاتێکا ئەو کۆی ئازادی خۆی وەک مرۆڤی خاوەن ئیرادە دەدات لەپێناو بەدەستهێنانی پارە و سامان، یاخود دەسەڵات، چونکە ئەو بە جەستە ئازادە، بەڵام بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانی ناتوانیت ئازادانە بیربکاتەوە. لە روانگەی جۆن لۆکەوە دەبیێت دەسەڵات وەک مامەڵەی بازرگانی سەیر بکریت، واتا کاتێک دەسەڵات لەڕێگەی دەنگدان دێتەکایەوە، ئەوا دەسەڵات بەرپرسیار دەبێت، بەرامبەر دەنگدەران و دەبێت باشترین خزمەت بکات، دەنا وەک ئەو کۆمپانیایەی لێدێت کە رۆژ بە رۆژ بەهۆی بەرهەمهێنانی خراپەوە موشتەریەکانی لەدەست دەدات. چ کاتێك دەسەڵات مرۆی کۆیلە بەرهەم دێنێت؟ دروستکردنی مرۆڤی کۆیلە و ستایشکەری دەسەڵات، خراپترین بەرهەمی دەسەڵاتە، کە پێشکەشی کۆمەڵگەی دەکات، چونکە دەسەڵات پێویستی بە ستایشكەرو چە پڵە لێدەر نییە، ئەگەر نییەتی دەسەڵات خۆسەپاندنی نەبێت و بە نیازی پاشەکشەکردن نەبێت، لە گرێپەستە کۆمەڵایەتییەکە، کە دەسەڵاتی بەرهەمهێناوە. چۆن لوک ماف بە هاوڵاتیان دەدات کەدژی دەسەڵات شۆڕش بکەن کاتێک دەسەڵات بەڵێنەکانی ناباتە سەر و دەڵێت: (مافی شۆڕش دژی سەر کەشی).

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئەو کەسانە ی بەردەوام ستایشی دەسەڵات دەکەن ئەوانیش بەشێك نین لە گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکە، ئەی بۆچی ستایشی دەسەڵات دەکەن؟ بەبڕوای من دەسەڵات لەباشترین حاڵەتدا پابەندە بەو پەیمانەی کە لەگەڵ هاونیشتیمانیان هەیەتی و هیچ شتێكێ زیادەی نەکردوە کە هاوڵاتییان ستایشی بکەن، بەڵام کەسانێک لە خراپترین حاڵەتیشدا ستایشی دەسەڵات دەکەن، بۆچی و چۆن؟ بەر لە هەرشتێک دەبێ ئەوە بزانین، دروستکردنی مرۆی ستایشکەری دەسەڵات دروست نابێت ئەگەر دەسەڵات سامانی گشتی بۆ ئەم مە بەستە نەخاتەگەڕ، بۆیە لەهەر جێگایەک لەشکرێک مرۆڤی ستایشکەری دەسەڵات ببینرێت، ئەوا بەهەدەردانێکی گەورە هەیە، هەر چەندە شاراوەتر بێت بە هەدەردانەکە گەورەترە، چونکە ئەو کەسانە کۆیلەی دەسەڵات نین، بەڵکو کۆیلەی پارەن چەندە زیاتر بن ئاستی کۆیلایەتیەکەیان زیاتر دەبێت. بەڵام ئەم حاڵەتی بەکۆیلەکردنە بەبێ تێکەڵکردنی حیزب و حکومەت نابێت، واتا بە کۆیلەکردنەکە لەڕێگەی حیزبەوە دەکرێت و كاتێکیش ئەو کەسانە هەر رەخنەگرتنێک لە دەسەڵات بەگوناه دەزانن لەبەرئەوەیە کە حکومەت وەک مارەکراوی حیزبەکەیان دەبینن، ئەو کەسانەی کە بەم شێوەیە لە دەسەڵات دەڕوانن سەرەتا بە کوالیتی کۆنتڕۆڵی حیزبدا تێپەڕیون، بەر لە هەرشتێک حیزب لە کۆمەگای دابڕیون، ئەوان نابێ خەمی کۆمەڵگایان هەبێت بۆئەوەی بەرژەوەندی کۆمەڵگا بخەنە خزمەتی حیزب لای ئەوان کۆمەڵگا یەکسانە بەحیزب حیزبیش یەکسانە بە کۆمەڵگا، بۆیە هەرچەندە تاکەکان لە کۆمەڵگا دابڕێنرێن زیاتر ‌هێزی کۆمەڵگا نابود دەکرێت بەرامبەر بە حیزب، نەبونی دەستور دەرگای بەڕوی ئەو کەسانەدا کردۆتەوە، سەفسەتە و هێنانەوەی بەڵگەی لۆژیکی و نا لۆژیکی، دیسپۆتیزم جیگای دەستوریان گرتۆتەوە، لەکاتێکدا دەستور بۆ کۆتایی هینانە بەو حاڵەتە و دیاریکردنی شێوازی سیستەمی حوکمڕانی، بەڵام لە فەراغی دەستوردا دیسپۆتیزم بۆتە دەستور، حكومڕانی وڵات بە دەستور دەبێت نەک بەلۆجیک و قسەی کۆیلانە.