Print WWW.SBEIY.COM
 هەڵەبجە وەك سیمبولێك
فایەق سەرچناری
15/03/2015

دیارە چۆن دوژمنانی گەلەکەمان درێغیان نەکردوە لە ئازار و ئەشکەنجەی کورد و هەرکاتێ خۆیان بە پێویستیان زانیبێ ئەوا بڕیاری کۆمەڵکوژی و ئەنفال و راگوستن و چەوسانەوەی نەتەوەیییان لە دژی کورد ئەنجامداوە، بۆیە لەهەمو شۆڕشەکاندا نەتەوەی کورد لەشەڕی بەرگریدا بوە و هەوڵی ئەوەی داوە کە وەك میللەتانی دونیا بە ئازادی بژی و مافەکانی وەك نەتەوەیەك بپارێزرێ و خاکەکەی داگیر نەکرێ.

ئەگەر ئاوڕێك لە تاوانە قێزەونەکانی رژێمی شۆڤێنی ئەوسای عێراق بدەینەوە کە لە 16/3 دا بەرامبەر بە کورد کردیان و شاری هەڵەبجەیان بەچەکی قەدەغەکراو بۆردومانکرد، کە بەهەزاران مرۆڤی ئەم شارەیان بە پیاو و ژن و مناڵەوە لە چەند کاتژمێرێکدا شەهید و بریندار کرد و ژینگەی ئەو شارەیان وا شێواند کە جێگەی ژیانی باڵندەکانیش بۆ ژیان نەبێتەوە تیایدا. لەدژی کورد ئەو چەکەیان بەکارهێنا کە هیچ مرۆڤایەتیەك رێگەی پێنادات. بۆیە ئەم رۆژە بوە رۆژێکی مێژویی رەشی دیکە بە ناوچەوانی رژێمی کۆنەپەرست و فاشیزمی ئەوسای بەعسەوە. دیارە لەو مێژوە دورودرێژەوە تاوەکو ئەمڕۆش ئاسەواری ئەو چەکە بەسەر زۆرێك لەخەڵکی ئەم شارە ماوەتەوە و کاریگەری خراپی خۆی هەیە.

لەدوای راپەڕینەکەی خەڵکی کوردستانەوە ئیدارەی ئەم شارەش کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی ئەو دو حیزبە فەرمانڕەوایەی، کە لەوکاتەوە ئیدارەی تێکڕای کوردستانیان بەدەستەوە بوە و ئەم شارەش لەباتی ئەوەی هەوڵی تەواویان بۆ بدایە و بیانکردایەتە شارێکی نمونەیی و سیمبولێك بۆ کوردستان و ناوچەکە، چونکە ئەبینین ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانەوە دێنە سەردانی و ئەیانەوێ لە نزیکەوە ئەم شارە ببینن. ئەوەی بۆ ئەم شارە کرابێ ئەوەیە هەمو ساڵێك لە 16ی3 دا بەرپرسانی ئەم دو حیزبە سەردانیان کردوە و کۆمەڵێ بەڵێنیان بە خەڵکەکەی داوە، هەرچەندە لە ساڵیادەکانیشدا کۆمەڵێ تێچونی خەرجی بۆ تەرخانکراوە کە بوەتە جێگەی گومان لای هاوڵاتیانی ئەم شارە.

ئەو بڕیارەی کە لەم دواییانەدا درا بۆ بە پارێزگابونی بوە جێی خۆشحاڵی نەك بە تەنها هەڵەبجەییەکان، بەڵکو تێکڕای خەڵکی کوردستانیش، ئەمڕۆ بە ناساندنی ئەم شارە وەك پارێزگایەك ئەرکی ئیداری زۆر زیادی کردوە و پێویستی ئەم شارەش بە ئاوڕدانەوەیەکی خێراتر و دڵسۆزانەتر هەیە بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ قەرەبوی خەڵکەکەی لێرەوە ببێتە هۆی دڵنیابونیان لە بەرەوپێشچونی شارەکەیان وەك پارێزگایەك. هەرچەندە بەداخەوە کە ئەمڕۆ ململانێ حیزبیەکان لەسەر پۆستی ئەنجومەنی پارێزگای ئەم شارە زۆر بەزەقی دەرئەکەون و درێژەپێدانی یان ناکۆکی حیزبی کاریگەری خراپ دروست ئەکات لە دواکەوتنی بەشێکی زۆر لە ئیشوکاری ئیدارەی شارەکە، بۆیە ئەم حیزبە فەرمانڕەوایانەی کوردستان لە مێژەوە ئەوەی بەلایانەوە گرنگتربێ پۆستەکانە. دواکەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش نمونەیەکی بەرچاو بو بۆ ئەو راستیە کە نەڕێز بۆ رای خەڵك گیراو نە بۆ دەنگدانیش.

بۆیە ئەمڕۆ ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە کە هەوڵی تەواوی خۆی بخاتەگەڕ لەم شارەدا و ئەو ئەرکە ئیداریانەی، کە تاوەکو ئەمڕۆ پشتگوێخراون  یان کاری جدیان بۆ نەکراوە بیانخاتەوەگەڕ و بە دڵسۆزانەو بەرپرسیارێتیەوە بیسەلمێنێ، کە بەڕاستی لە خزمەتی ئەم شارەدایە، چونکە لەدوای بیست و چوار ساڵی فەرمانڕەوایی دو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستان، ئەبو ئەم شارە لەم مێژوە دورودرێژەدا ببوایە بە شارێکی نمونەیی و سیمبولێك بوایە لەناو وڵاتانی جیهاندا.