Print WWW.SBEIY.COM
 دیکتاتۆر و منداڵ
مەحمود عەبدوڵا
30/03/2015

دیکتاتۆرەکان، لەمناڵیەوە دروست دەبن و جێگای مناڵەکان دەگرنەوە، لەجیاتی ئەوان دەژین، بۆیە لە هەرجێگایەک دیکتاتۆر هەبێت مناڵەکان لەوپەڕی بینازیدا دەژین.

دیکتاتۆر بەرهەمی کۆمەڵگای دواکەوتو، خێڵ، حیزبی تاکڕەوە. پەپێچەوانەی ئەوڕایەی کە دەڵێ؛ لەپشت هەردیکتاتۆرێکەوە کۆمەڵێک گەمژەهەن، دەشێ لەم سەردەمەدا بڵێین لەپشت هەر دیکتاتۆرێکەوە کۆمەڵێک ئەکادیمی هەن، کەم نین ئەو ئەکادیمیانەی بە بڕوانامە باڵاکانیانەوە بە شان و باڵی دیکتاتۆرەکان هەڵدەدەن.

لەڕابردوشدا زۆرن ئەو زانایانەی لەدەرباری سوڵتانەکاندا سەریان سپیکرد، بەڵام پەیوەندی نێوان ئەکادیمی و دیکتاتۆرەکان بابەتی ئەوباسە نییە؛ بەڵکو لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێکی هاوبەش لەنێوان سایکۆلۆژیای مناڵ و دیکتاتۆر بدۆزمەوە.

پێویستە ئەوەش بڵیم مناڵ بە دیکتاتۆریەکەیەوە جوانە و دیکتاتۆریش بە مناڵیەکەیەوە ناشیرینە، وەک چۆن هەمو دیکتاتۆرێک ناشیرینە، ئەوا هەمو مناڵێکیش جوانە.

وتراوە منداڵ دیکتاتۆرێکی بچوکە، دەکرێت بڵێین؛ دیکتاتۆرێکی گەورەش منداڵێکی بچوکە. هەردوکیان جۆرێک رەفتار دەکەن، کە لەگەڵ تەمەنەکەیاندا ناگونجێت، مناڵ بچوکێکە، وەک دیکتاتۆرێکی گەورە رەفتار دەکات و دیکتاتۆریش بەتەمەن گەورەیە، بەڵام وەک مناڵێکی بچکۆلەرەفتار دەکات. بەڵام هەمو مناڵێک دیکتاتۆرنییە، وەلێ هەمو دیکتاتۆرێک مناڵە. هەردوکیان ژینگە دروستیان دەکات، مناڵێک کە لەلایەن دایک و باوک بەناز گەورە دەکرێت و هەمیشە گوێبیستی ئەوەدە بێت، کە ئەو جوانترینە، چاکترینە و شایستە ترینە، ئەوا ئەو وێنەیەی لادەبێت بەڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و چاوەڕوانە لەدەرەوەی خێزانیش هەمان وێنە، کە لەخەیاڵی خۆیدا جێگای کردۆتەوە پەسند بکرێت، لەبەرئەوە هەمیشە وەک کەسێکی خۆپەرست رەفتار دەکات و هەوڵدەدات لەناو هاوڕێکانی بەرچاو بێت و گوێڕایەڵی لێبکەن، کەسی دیکتاتۆریش وەک ئەو مناڵە، چونکە لەلایەن دەوروبەرەکەی گوێبیستی ئەوەدە بێت، کە ئەو جوانترینە، چاکترینە و شایستە ترینە، ئەوا دوچاری هەمان دەرد دەبێت کە مناڵێکی بەناز پەروەردە توشی دەبێت.

سیفەتی لەیەکچو لەنێوان مناڵ و دیکتاتۆردا زۆرن، کەمترین خاڵی جیاوازیان هەیە، جیاوازییەکی نێوانیان ئەوەیە کە دیکتاتۆر دەتوانێت وێنە ئەفسانەییەکەی خۆی لەخەیاڵی ئەوانی تردا جێگا بکاتەوە، بەهۆی ئەوە هێزەی کە هەیەتی، دەتوانێت خەیاڵەکانی پراکتیک بکات، بەپێچەوانەی مناڵەوە.

دیکتاتۆر چەند لەمناڵ دەچێت، کاتێک دەگریەت بۆ هاونیشتیمانیەکانی، بۆ وڵاتەکەی، بۆ هەرشتێک کە بەسەر گەلدادێت و کەچی هۆکارەکەی نەزانی دیکتاتۆرەکەیە، چەند لەو مناڵە دەچێت کە خۆی کەلوپەلەکانی یاریکردنی خۆی شکاندوە و پاشان بۆیان دەگریت، بیرمان نەچێت دیکتاتۆرەکان گەل وەک یاری مناڵان دەبینن، هەندێجار مناڵ لەدوای شکاندنی کەلوپەڵەکانی رەنگە لەترسی سزادانی لەلایەن دایک و باوک بگریەت، بۆئەوەی رزگاری بێت، دیکتاتۆریش هەندێجار بۆ کارکردن لەسۆزی خەڵک دەگریەت، گریان بەشێکە لە پیشەی دیکتاتۆرەکان کاتێک هەموشتێک تێک دەدەن و دەیان هەوێت بەگریان هەموشتێک چاک بەکەنەوە. سەیری ئەم لێکچونە هەردوکیان سزادەدرێن دەدرێن کاتێک لێیان بێزاردەبن، دایک و باوک کاتێک دەزانن مناڵەکەیان خراپ پەروەردەکردوە و کەسێکی خۆپەرستە و هیچ گوێیان پێنادات و تەنها بەقسەی خۆی دەکات و لە دەستوری خێزان لایداوە مناڵەکە سزادەدەن. گەلیش کاتێک دەزانێت ئەو کەسەی چەپڵەیان بۆ لێدا و پیایاندا هەڵدا، ئێستا ئەو خاوەنی هەموشتێکە و خۆیان هیچ نین و سەرۆکەکەیان لە دەستوری وڵات لایداوە، ئەوا دەدرێتە بەرشەقی رق و بیزاری وەک دەبینیین مێژوی هەمو دیکتاتۆرەکان وەهایە.

مناڵ و دیکتاتۆر، هەردوکیان دەستبڵاون، مناڵ گەر رێگەی لێنەگیرێت لەتوانای دایە خێزانێک ئیفلاس بکات، بەهەمان شێوە دیکتاتۆرەکانیش وڵات دوچاری ئیفلاسکردن و قەرزداری دەکەن ئەگەر رێگەیان لێنەگیرێت، بەڵام دیکتاتۆرەکان گەر رێگەشیان لێنەگیرێت بەهۆی ئیفلاسکردنەکەیانەوە لەناودەچن، چونکە پارەیان نامێنێت تەخشان و پەخشانی بکەن و بەرەبەرە هەوای دەربار ناخۆش دەبێت و کۆیلەکان چیتر گوێڕایەڵی نابن روخانی دەسەڵاتە قەرزدارەکان لەمێژودا زۆر بەرچاو دەکەوێت.

دەستبڵاوی سیفەتی زۆر بەی دیکتاتۆرەکانە دەڵێن ئەسکەندەر بەڵێنیدا بو دەستبڵاوترین پیاوی دونیابێت. لەو خاڵەشدا زۆر لەیەکدەچن مناڵ و دیکتاتۆر، کە هەردوکیان حەز دەکەن بەشی کەسانی تر ببەن و پاشان بیدەنەوە بۆ سەرنجڕاکێشانی دەوروبەر، بەخێر و چاکە یان وەک میهرەبانی نیشانی بدەن، سەیرکە دەسەڵاتە پاشاییو دیکتاتۆرەکانی کەنداو سەرەڕای دەوڵەمەندی وڵاتەکەیان، کەچی ئەم دیکتاتۆرانە خاوەنی دەزگای خێرخوازین ئەوان هەم دزن هەم خێرخواز، بۆیە لەهەر جێگایەک دەزگای خێرخوازی سەر بەدەسەڵات هەبێت، لەو جێگایە دەسەڵاتێکی مافیایی هەیە، هەر دەسەڵاتێک خێر بە هاوڵاتیەکانی بکات خێری تێدانییە، دەیەوێت کۆمەڵگایەکی کۆیلەدروست بکات.