Print WWW.SBEIY.COM
 ترس لە سیستەمی پەرلەمانی
مەحمود عەبدوڵا
11/04/2015

بێگومان بەپێی هەلومەرج و گۆڕانی بارودۆخ، سیستەمی سیاسیش دەگۆڕێت، گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێشچونی کۆمەڵگا، داخوازی بۆ سیستەمی سیاسی دەهێنێتەکایەوە، واتا هیچ سیستەمێک جێگیر نییە بۆ هەتا هەتایە، بەڵکو هەموشتێک لە گۆڕاندایە، ئێستا ئەمەریکا پەیڕەوی سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات و لە سەرەتاشەوە سیستەمێکی پەرلەمانی هەبو، بەڵام خۆ ناکرێت ئێمە بارودۆخی کوردستان لەبەرچاو نەگرین، هەرکاتێک بارودۆخی وڵات و ئاستی دیموکراتی بونی حیزبە سیاسیەکان لەبەرچاو نەگرین ئەوا وڵات دەکەوێتە دۆخێکی مەترسیدار. بۆیە بەرەچاوکردنی دۆخی هەرێم لەلایەک کە لەجەنگدایە و لە لایەک ئەزمونمان لەگەڵ نادیموکراتی بونی حیزبەکان هەیە ئەوا وەک نەوشیروان مستەفا وتی: "سیستەمی پەرلەمانی گونجاو ترینە".

ئێستا هەرێمی کوردستان دابەش بوە، بەسەر دودیدی جیاواز لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم داهاتوی سیستەمی سیاسی، هەردو تێڕوانینەکەش بەرەنجامی ترسە، یەکێکیان ترسە لە دیکتاتۆری، یەکێکیشیان ترس لە لەدەستدانی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمە، بۆچونی یەکەم کە ترسە لە دیکتاتۆری لەڕوی تیۆریەوە هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی پێشو و یەکێتی خاوەن گوتارێکی هاوبەشن، پێیانوایە سیستەمی سەرۆکایەتی سیستەمی سیاسی بەرەو دیکتاتۆریەت دەبات، بۆچونی دوەم کە پێیوایە سیستەمی سەرۆکایەتی گونجاوە بۆ هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان رابەرایەتی دەکات.

بە بۆچونی من هەردو لا حەقی خۆیانە کە دەترسن، چونکە لەکاتی یەکلایی بونەوەی ئەم دو بۆچونە بەرئەنجامی ئەم ترسە بۆ هەردولا دەبێتە واقیع. ئەگەر بێت و سیستەمی سەرۆکایەتی پەیڕەو بکرێت، واتا سیستەمی سەرۆکایەتی ئەوا ناهاوسەنگی هێز لە هەمو رویەکەوە پۆستی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتی دەباتەوە و جارێکی تر کاک مسعود بارزانی دەبێتەوە سەرۆکی هەرێم، ئەگەرچی سەرۆکی هەرێم بەپێی یاسا ناتوانێت خۆی کاندیدبکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر سیستەمی سەرۆکایەتی بێت، دیسان کاندیدی پارتی بەهێزتر دەبێت و لە بەرژەوەندی پارتیدا دەبێت، بیرمان نەچێت بەهێزی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، پەیوەستە بە یەکەم، ئەگەر مسعود بارزانی بێت ئەوا بەهۆی زۆری دەسەڵاتەکانیەتی کە دەتوانێت لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت. دوەم ئەگەر کەسێکی تر بێت لەناو پارتیدا بەهۆی ئەوەوەیە، کە پارتی جومگە هەستیارەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە. لە هەردو حاڵەتەکەدا سیستەمی سەرۆکایەتی لە بەرژەوەندی پارتیدایە و مەترسییە بۆ سەر داهاتوی سیستەمی سیاسی.

خۆ ئەگەر پەرلەمان هەمان پەرلەمانی پێش ٢٥-٧ بوایە بێگومان پارتی ئەو ترسەی نەدەبو لەوەی کە سیستەمەکە پەرلەمانی بێت! بەڵام لەدوای ئەم بەروارەی سەرەوە هەست دەکرێت پەرلەمان نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک دەکات، هەر ئەوەشە وادەکات کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی تریش جگە لە پارتی سیستەمی پەرلەمانییان پێ باشتر بێت بۆ داهاتوی سیستەمی سیاسی هەرێم و خەڵک پێی باشە سەرۆکی هەرێم بەدەنگی راستەقینەی خەڵک لە پەرلەمان هەڵبژێرێت، نەک بەدەنگی راستەوخۆ و لەلایەن خەڵکەوە! بۆچی؟ چونکە لە دەنگدانی راستەوخۆدا مەجالی تەزویر و بەکارهێنانی ئابوری وڵات هەیە. بەپێچەوانەوە ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێرێت پارتی چانسی ئەوەی نابێت. بۆیە بەڕەچاوکردنی بارودۆخی کوردستان و بونی دەنگێکی زۆری راستەقینەی خەڵک لە پەرلەمان سیستەمی پەرلەمانی گونجاو ترینە. لەم حاڵەتەدا و کە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان هەڵبژێرێت، ئەوا هەردو کاندیدەکە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هەمان هێزی یەکتریان دەبێت و هەڵبژاردنێکی راستەقینەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری یەکەم بەڕێوەدەچێت.