Print WWW.SBEIY.COM
 فەلسەفەی گوناح
مەحمود عەبدوڵا
22/04/2015

ئە و کۆمەڵگایەی بۆمبڕێژکرابێت بەگوناه، گۆمەڵگایەکی داخراوە، ئەم کۆمەڵگایە مرۆڤەکانی (گوناه)ن، مرۆڤەکان لەم کۆمەڵگایەدا، هەست دەکەن مرۆڤ هایەکی تاوانبارن دەبێ سزا بدرێن بۆ پاکبونەوەیان لە گوناهی (بون) گوناهێک کە بەویستی خۆیان نەبوە، لەم کۆمەڵگایەدا کە واعیزەکان گوناهەکان دیاری دەکەن دەرفەتی ژیانێکی مرۆڤانە سەختە، لەپێناو ژیانێکی مرۆڤانە دەبێ بەسەر لوغمەکانی گوناه دابڕۆیت، کە واعیزەکان دایان ناون بۆ هەمو ئەوانەی دەیان هەوێت وەک مرۆڤێکی خاوەن شئن و حورمەت بژین، بۆ هەمو ئەوانەی بیردەکەنەوە و گوناه لای واعیزەکان هەمو ئەو غەریزانەن کە موڵکی مرۆڤن، ئەگەر بڕیار بێت مرۆڤ ئازاد بێت، وەک مرۆڤ بژیت، نەک وەک فریشتە. بەڵام واعیزەکان مرۆڤ وەک ئەوەی هەیە قبوڵناکەن؛ بەڵکو وەک ئەوەی دەبێ هەبێت و وەک ئەوەی خۆیان دەیانهەوێت و بەرپرسیاری دەکەن لەهەر لادانێک لەو بازنەیەی خۆیان کێشاویانە.

ئێمە ئەگەرچی چێژ لە دورکەوتنەوە لە گوناه دەبینین، بەڵام خۆپارێزی لەو گوناهە ساختانە ژیانمان لێ ون دەکات. ئەم خۆپارێزییە لە گوناه کۆیلەمان دەکات، دەمان کات بەکۆیلەی- ژیان- ژیانێک کە تەنها مرۆڤی خاوەن ئیرادە دەتوانێت چێژی لێ ببینێت و بیناسێت، ژیانێک کە هەر هێندەی مردن پەی پێ دەبەین!

سوقرات دەڵێت: (ژیانێک کە تاقی نەکرابێتەوە ژیان نییە) ئەو ژیانەی کە پەرژین کراوە، واعیزەکان پاسەوانی دەکەن خاڵییە لە جوانی و داهێنان و ژیانێکە تاقی نەکراوەتەوە؛ بەڵکو لەنێوان ئێمە و ئەو ژیانەدا دنیایەک گوناه هەیە و بارگاوییە بە ترس. واعیزەکان دەڵێن: تۆ دەمریت بۆیە دەستبردن بۆ ئەم ژیانە ژیانێکی ترت نرخەکەیەتی، هەر ئەم تاقی نەکردنەوەیە کە مردن دەکات بە دێوەزمەیەک و هەمو رۆژێک لەسنورەکانی ژیان دورمان دەخاتەوە، ترس لە مەرگ ژیانمان لێ ون دەکات و سستمان دەکات رۆحی داهێنانمان تێدا دەکوژێت.

مرۆڤێک کە نەژیابێت لە مردن دەترسێت، هەر ئەم ترسەشە وادەکات کۆیلەی ژیان بێت، بەمانەوە بەبێ وەی رازی بێت، چونکە هێشتا ژیانی (فحص) نەکردوە و هێشتا پرسیاری باشترین ژیانی نەکردوە؟ ئەو مرۆڤە هەمیشە پرسیار لە مەرگ دەکات، چییە؟ چۆنە؟ کەی دێت؟ ئەو هێشتا ناپرسێت ژیان چییە؟ چۆن بژیم؟ بۆچی بژیم؟

مرۆڤێک کە بەسەر لوغمە کانی گوناهدا تێنە پەڕیبێت، دەترسێت دڵخۆش بێت، پێبکەنێت، گوێ لە مۆسیقا بگرێت ...هتد. چونکە دڵی، چاوی، گوێچکەی، گەدەی، مێشکی، ئەندامی زاوزێی، دەبێت بەگوێرەی بیرکردنەوەی واعیزەکان بەهرەمەند بن لە چێژەکان، چونکە دواجار هەر لادانێک نرخەکەی ئەو ژیانە ئایدیاڵەیە کە واعیزەکان مژدەیان پێ داوە.

کەواتە پێشکەوتنی ژیاری هەر نەتەوەیەک، بەندە لەسەر تێڕاوانین و چالاکی و ژیان دۆستی. فەلسەفەی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و تێگەیشتن لەژیان و ئاین بە عەقڵ نەک بەنەقڵ، دەبێتە هۆی دروستبونی کەلتوری ژیان دۆستی و داهێنان و رزگار بون لەچەق بەستن و توندوتیژی و هەژاری و...هتد. کۆمەڵگایەک کە ژیان (فحص) نەکات، ئاین لە بێژینگی عەقڵ نەدات بەگوێرەی خواستی واعیزەکان بژیت کۆمەڵگایەکی بێ جوڵە، بێ داهێنان و پێشکەوتن دەبێت و لەناو هەستکردن بەگوناه دا دەخنکێت و رۆشنایی ئازادی نابینێت.