Print WWW.SBEIY.COM
 کەرکوک و چیرۆکەکانی (١٥)
مه‌لا فه‌رمان
27/04/2015

ناو و رەگەزنامە

ئاخۆ ئاوارەی ئەم شارە کەی بە یەکجارەکی دەگەڕێنەوە، پەرشوبڵاوی رێکدەخرێتەوە، شکۆ بۆ مێژوی ئەم شارە دەگەڕێندرێتەوە، ئامادەی سەرکەوتن دەبێت و دەچێتەوە سەر نەتەوە و خاکەکەی، ترس دەڕەوێندرێتەوە، خوێنی قوربانیانی ئەنفالکراوان بەر دەگرێت و نەخشە دەکێشرێتەوە.... کێن ئەوانەی ئەم ئاواتە لە مێژینیانەی ئەم شارە و خەڵکەکەی دێننە دی!؟ ئەم رێگە دورودرێژکراوەیە لە کوێوە دەست پێدەکات؟

شەنگە دەکرێت بە شفگە!
لەیەک گەڕەک ٣٦ مزگەوت دروست دەکرێت و هەر یەک بەجۆرێک باس لە ئایینی پیرۆز دەکەن، زۆربەیان دەمی شمشێرەکە تیژ دەکەنەوە و ئامادەی دەکەن. لێرەوە سەردار دەکرێت بە فتح اللە.

 لە ١٩٨٧ کاتێ تۆماری ناوەکان لە دائیرەکانی نفوس گواسترانەوە بۆ هەولێر و موسڵ پەرشوبڵاوی کوردی کەرکوک دەستی پێکرد، بەشێکی لە ناوچون، بەشێکی تائێستا نەگەڕێنراونەتەوە، دەستکاری بەشێکی زۆری ناوە کوردیەکان و ساڵی لە دایکبونیان کرابو. ئەم پەرشوبڵاویی و  دەستکاریە تائێستا نەک چارەسەر نەکراوە بەڵکە بەردەوامی هەیە. شەنگەکان بە نموونە:

زۆرن ئەوانەی ناوەکانیان کوردییە و توشی کێشەی هەڵەی نوسین بونەتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ زۆری فەرمانبەری عەرەب لە دائیرەی نفوس و رەگەزنامە و پاسپۆرت. دوای بەدواداچون دەرکەوت بەشێک لە خاوەن کێشەکان پێیانوایە رودانی ئەم جۆرە هەڵەیە بە مەبەست و زۆری فەرمانبەری عەرەب و کەمی فەرمانبەر یان نەبونی فەرمانبەری کوردە لەو دائیرانە. هەندێکیان باس لە بونی هەمان فەرمانبەرە کۆنەکانی سەردەمی بەعس دەکەن لەم شوێنانە.

مەلایەکی کوردپەروەر بۆی گێڕامەوە لە گەڕەکی ١٠٠% کوردشین بە ناوی (پەنجە عەلی)  نزیکەی ٣٦ سی و شەش مزگەوت هەیە، ماوەی نێوان ٢ دو مزگەوت کەمترە لە ٢٥٠ مەتر و بەرامبەر یەکن، زۆرجار ریکدەکەوێت قسە و وتارەکانیان لە رۆژی هەینی یەک ناگرنەوە و دژ بە یەکن. ئەم جیاوزایە بۆتە هۆی دروستبونی شێوەیەک لە دو بەرەکی لەناو هاتوچۆکەرانی ئەو ٢ دو مزگەوتە.

لە گەڕەکی رەحیم ئاوا لە ماوەی نزیکەی ١٥٠٠ هەزار و پێنج سەد مەتر سێ ٣ مزگەوتی گەورە بونیان هەیە، یەکێ لەو مزگەوتانە لەناو خەڵک بە مزگەوتی سەلەفەیەکان ناوی دەرکردوە. لە کەرکوک بە ئاشکرا هەست دەکرێت بە بونی رەوتە جیاجیاکانی وەک سەلەفی بە هەمو جۆرەکانیاوە، سۆفیزم، وەهابی... هتد. ئەم ئاراستە جیاجیانە خەریکە باڵ دەکێشێت بەسەر بیرکردنەوەی دانیشتوانی شارەکە و دەبنە قسەی جادە و ناو شوێنە گشتیەکان و دائیرەکانی حکومەت. لە بەرامبەر بونی زیاد لە پێویستی ئەو ژمارە زۆرە لە مزگەوت، بە پێچەوانەوە ژمارەی قوتابخانە و نەخۆشخانە و سەنتەرە کۆمەڵایەتیەکان زۆر کەمن. بە نمونە: قوتابخانەی زێوەر لە گەڕەکی رەحیم ئاوا یەکێکە لە قوتابخانە کۆنەکانی کەرکوک، لەگەڵ چەندین قوتابخانەی تر بۆ زیاتر لە ٤ چوار ساڵ دەچێت روخێندراوە، کەچی تائێستا دروست نەکراوەتەوە.

هاوڵاتیەک لەم بارەوە دەڵێت
"جاران لە جیاتی تاکسی خەڵک بە عەرەبانە هاتوچۆی دەکرد، عەرەبانچیەکە نەفەری بار دەکرد، تەنها سەیری پێش خۆی دەکرد و بە قامچی لە ئەسپەکانی دەدا، ئاگای لە دواوە نەبو، مناڵانی گەڕەک خۆیان بە عەرەبانەکەدا هەڵدەواسی و باری ئەسپەکان قورستر دەبو. پاش ماوەیەک عەرەبانچیەکە پێی دەزانێ و جارجارە قامچیەکی بۆ دواوە دەوەشاند، یان تەلی دڕکاوی بە عەرەبانەکەوە دەکرد. ئەم حکومەتە لەو عەرەبانچیە دەچێت کە تەنها پێش خۆی دەبینێ، پارەی خۆی وەردەگرێ و ئاگای لە دوای خۆی نییە". 

منیش دەپرسم " تۆ بڵێی ئەو تاکە عەرەبانچیەی شار بتوانێ ئەو ئەرکانەی سەرەوە جێبەجێ بکات!؟