Print WWW.SBEIY.COM
 هاوپەیمانى فراکسیۆنە کوردستانیەکان لەنێوان (تەماع )و (تموح)دا!
د.تاڤگە ئەحمەد میرزا
08/05/2015

گەرچى نوێنەرایەتى پێنج فراکسیۆنەکەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە بەغداد کۆبونەوەیەکان لە رۆژى ٣٠/٤/٢٠١٥ ئەنجام دا سەبارەت بە پرسى یەکڕیزى ماڵى کورد و بەرنگاربونەوەى کێشە هەڵپەسێراوە کەڵەکەبوەکانى سەردەمى (هاوپەیمانى کوردستانى) ئەوسا کە لە (یەکێتى و پارتى و حیزبە ئیسلامیەکان) پێکهاتبو، بزوتنەوەى گۆڕان کاتێک خولى دوەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وەک چۆن لە کوردستان موعارەزەبونى هەڵبژارد بە هەمان ئاقار لە بەغداد ئەوێ کات موعارەزەبونى پەسەندبو و پەسەند کرد، سەرەڕاى پابەندبونى بزوتنەوەى گۆڕان لە پرسە نیشتمانیەکان لەتەک هاوپەیمانى کوردستان!...

ئیستا خولى سێهەمى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دیدگاى جیاواز هەلى جیاواز قۆناغى جیاواز دەرهەق ماڵى کوردى و ستراتیژیەتى سیاسەتى کورد لە بەغداد چوارچێوەیەکى دیکە بەخۆوە دەبینێت!... کێشمە کێشى جیاوازیەکان لەیەکەم کۆبونەوە سەرەتاکانى بەدەرکەوت ئێستا دۆسیەى ئەم ئەم دیدە فرەڕەهەند و فرە دیدە تێکەڵەیەک لە لەدیدگاو بەرنامەڕێژى یەکبونى پرسەکان بەدەردەکەوێت!...

جارێ رۆناچمە نێو ئامانج و قۆستنەوەى ئەم سێکتەرە گرنگە و چۆنیەتى ویستى باڵادەستى لایەنێک یاخود زیاتر ئارەزویەکى نا بگرە حەشا هەڵنەگرە!... ناکرێ دەستەوەستان بوەستین و وەک کەڕەى شەربەت مامەڵە لەتەک پرسێکى ئاوا نیشتمانى ئاوا پڕ فەرهەنگ بکەین!...

ئیرادەى کەسێتى و تەرەفگیرى حیزبى وەک هەمیشە دیدگایەکى مشەخۆرانەى هەست پێکراوە، لەژێر پەردەى یەکبون و یەکڕیزى ماڵى کورد، مامەڵەکان مامەڵەیەکى دوگماییە، ئارەزوەکان ململانێى نێو خودى حیزبەکان پەڕینەوەى بۆ ناو ئەم یەکبونە پرسێکى مەترسیدارو کاردانەوە و ئاسەوارى خراپى لێ چاوەڕوان دەکرێت!...

کورد دەڵێت؛ (لە هێسرى نەبو ئاخوڕى هەڵبەستوە) جا کتومت ئەمەى ئێستا بونیاد دەنرێت کە بەدرێژاى دوخولى پێشوترى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق وەک دابونەریتێکى پەیڕەوکراوى نێوان (یەکێتى و پارتى) و لەبونى (رێکەوتنى ستراتیژى) هەردو حیزبەکە، کە زیاتر رۆژگار دەریخست، ئەم رێکەوتنە تەرخان کراوە بە چۆنیەتى دابەشکردنى (سامان و دەسەڵات) تا بەئەمڕۆش کاردانەوەو ئاسەوارى خراپى لێکەوتۆتەوە، دڵنیام بەردەوامى خراپى ئەم رێکەوتنە لە کوردستان و لە بەغداد درێژەى دەبێت!...

کارێکى خراپى ئەم هاوپەیمانیە وەک پێشتر بەدەرکەوت (توانەوەى ئەوى ترە لەناو خۆمدا) بەم تیۆرە پارتى و یەکێتى تاکتیکى رۆژانەى خۆیان بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنى کارەکان ئەنجام داوە!...

ئەوێ کات پۆلیسێکى گۆڕان پێویستى بەواژۆى دەسەڵاتى کوردى هەبو لە کوردستان، چونکە بزوتنەوەى گۆڕان موعارەزبونى خۆى ئیعلان کرد!... هەمو وتەکەى سەرۆکى پارتى (سەرۆکى هەرێم)مان وەبیرە کە دیدى خۆى ئاراستەى مالیکى و حوکمەتەکەى کرد سەبارەت بە هەڵوێست لە بزوتنەوەى گۆڕان!...

وەرن بزانین لەڕوى چەمکەوە برادەران بەچ هەڵەیەکدا واژۆیەکى سەرەتاییان لەسەر گرێبەستێکى سەرەتایى بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانى فراکسیۆنە کوردستانیەکان کردوە؟!... بێ ئێوەى جیاوازى لەڕوى چەمکى سیاسى لەنێوان ( تحالف) و (ائتلاف) بکەن، بزانن یان نەزانن ئاوێتەى (تەماع) و (تموح)ى کەسێتى و حیزبیان کردوە یان نا؟!...

تحالف(هاوپەیمانى) چەمکێکى سیاسییە بەواتاى (یەکگرتنى سیاسى) (یەکگرتنى دوحیزب) یاخود زیاتر پێک دێت، کە بیروبۆچونیان نزیکە لەیەکتر لەپێناو ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکدا یاخود حوکمڕانى وڵاتێک یان ناوچەیەک یان جیهەتێکى ئیدارى، هەریەک لەلایەنەکان لەنێو هاوپەیمانیەکەدا پەیڕەوى بەرنامەى سیاسى تایبەت بەخۆى دەکات، لێ بەشێوەیەکى کاتى جیاوازیە سیاسیەکان وەلا دەخەن لە پێناو ئامانج و بەرژەوەندى هاوبەش و ئایدۆلۆژیایەک.

ئیتلاف چەمکێکى سیاسیە هاوپەیمانیەکى کاتى پێ ناوزەد دەکرێت لەنێوان دو حیزب یاخود زیاتر بۆ گەیشتن بەئامانجى هاوبەش.ئەم چەمکە لەو وڵاتانەدا پەیڕەو دەکرێت کە تیایدا سیستەم سیستمى پەرلەمانیە کاتێک هیچ یەک لەحیزبەکان کورسى پێویست مسۆگەر ناکات بۆ گرتنە دەستى جڵەوى حوکمڕانى و دێت و هاوپەیمانى لەتەک حیزبە براوەکانى تردا ئەنجام دەدات.

کورد و نوێنەرانى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ خولى سێهەم ئەم جارە یارى ستراتیژى بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانیەک بەناوى بەرژەوەندى ماڵى کورد لە (زاهیردا) و بۆ بەرژەوەندى حیزبى و کەسێتى ( لەناواخندا) تەبەنى دەکەن. بێ ئاگا لەوەى کە توانەوەى ئەوى تر تا بەئێستا دیدگەیەکى پەیڕەوکراوى هەردو حیزبى (یەکێتى و پارتى) بەزەقى دەبینرێت.

هێشتا (پەیڕەوى نێوخۆ) بونى نیە، هێشتا (میکانیزمى کارکردن خەیاڵ پڵاوە)، بە چ دیدگایەک واژۆى گرێبەستێکى سەرەتایى لەم جۆرە بکەین؟!... دێن باس و خواست لەسەر ناو دەکەن؟!...

پێش ئەمە بیر لە (لیژنەیەکى هەشت کەسى)کرایەوە بەمەبەستى کاربەڕێکردن بۆخۆى ئەم لیژنەیەش بێ بەش نەبو کەموکوڕى و بچوکردنەوەى رۆڵى پەرلەمانتاران و بیرکردنەوەى هەندێک بە ( دەرکەوتنى خۆم لەسەر حسابى هاوڕێکەم بەناوى نیشتمانەوە)...

ئێمە هەمو نوێنەرى خەڵکین کێ لە ئێمە ئازایە کارى نیشتمانى ئەنجام بدات، دۆسییە ئینسانیەکەى کورد سەرەگوریسێکى لێ بگرێت و هەوڵى بەسیستەمکردن و دەرچونى لە ئینسانیەوە بۆ قەزەیە و مەلەفێکى مێژویى دورمەوداى سیاسى ناوزەد بکات!...

ئەرکى ئێمە (تەماع)ى حیزبى و کەسى نیە، ئیلتیزامى ئێمە ئیلتزامێکى یاخود (تموحێکى) نیشتمانى نەتەوەییە دور لە دەستکەوتى کەسى و حیزبى و خۆدەرخستن و وتەبێژى زۆرەملێ!... دور لەبیرۆکەى ژەهراوى (توانەوەى ئەوى تر لە نێو خۆمدا)...

وەک دەڵێن هەرکارێک سەرەتاکەى مەرجى رون و ستراتیژى گشتگیرى بەرژەوەندى گشتى بێت کۆتاییەکەى خێرو خۆشى گشتى و بەرژەوەندى باڵاى لە دوا دێت... ئەوەى دەبینرێت دورە لەم تێزە خۆ حەشاردان لەنێو سیاسەتى کەسێتى و حیزبى بەناوى بەرژەوەندى گشتى دوجار خیانەتە، جارێکیان خیانەتە لە دەنگدەرەکانمان، جارێکیان خیانەتە بەنەوەکانى ئایندەو ئیرادەى ستراتیژیەتى نیشتمان و نەتەوە.

پەرلەمانتار کۆتوبەند ناکرێت، ویژدانى پەرلەمانتار زۆر گەورەترە لە خولیاى پێگەو کورسى و خۆدەرخستنى کۆمەڵەکەسێک و تەنانەت ویست و تەداخولاتى حیزبى، پەرلەمانتار هەرکات بە ئایدیا و دیدگەى حیزبێک کاربکات کە لەمێژە توانەوەى ئەوى تر لەخودى خۆمدا ئامانجى بێت زۆر مەترسیدارە... پەرلەمانتار (تەماع)ى حیزبى و کەسێتى بخاتە پێش (تموحى) نەتەوە و نیشتمان سوێندى، کە خواردویەتى لەبەرامبەر خوداو دەنگدەرو هاوڵاتیانى تاوانێکى گەورەى ئەنجامداوە بیەوێ و نەیەوێت.

پابەندبون بە ئاوها ( هاوپەیمانیەتێکەوە) ئاسنى سارد کوتانە!...
بەشداربون لە ئاوها (هاوپەیمانیەتێک) گەر مانایەکى هەبێت ئەویش (جەهلى سیاسیە)!
خۆبەستنەوە لەنێو ئاوها(هاوپەیمانیەک) لادانە لەبەرنامە و دەستورى مەبدەئیانەى کەباوەڕت پێیەتى و لەسەر ئەو مەبدەئە جەنابم و جەنابتان کاندیدکراوین و هەڵبژێراوین و بوینەتە نوێنەرى خەڵک!...
ئاخر گێلیە (کچى خۆت بکەیتە قوربانى کوڕى خەڵک)...
خەڵکێک کە شوناسى نیشتمان و پرسى نیشتمانى تەنها و تەنها لە چۆنیەتى دابەشکردنى کێکى (دەسەڵات و سامان) چڕکردبێتەوە...

نەخێر بۆ (هاوپەیمانیەتیەک) کە تیایدا دیدى (تەماع) زاڵ بێت بەسەر (تموحى) ئایندەى نیشتمانێک شوناسى نەتەوەیەک ئایندەى نەوەکانى داهاتو...


ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق
فراکسیۆنى گۆڕان