Print WWW.SBEIY.COM
 ئەمەریکا ئەسپ ئەدات بە کورد!
مەحمود عەبدوڵا
11/05/2015

نزیکەی حەفتا ساڵ لەمەوبەر، لەکۆتایی جەنگی جیهانی دوەم خەریک بو کورد بە مافەڕەواکانی خۆی دەگەیشت، لەنێو ململانێی زلهێزەکاندا (کۆماری کوردستان) لەدایک بو، کە نزیکەی یانزە مانگ تەمەنی بو. ئەوکاتەی کە کورد کۆشکی هیوای لەسەر پشتگیریەکانی سۆڤیەت هەڵچنی بو، بەڵام لە کۆتایدا کۆشکی هیوای روخاو، وەک هەمیشە کورد بوە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەکان. دیارە بونە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەکان پەیوەستە بەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان زیرەکانەتر مامەڵەیان لەگەڵ زلهێزەکان کردوە، ئەوان ئامادەبون سازش لەسەر هەندێشت بکەن لەپێناو شکست پێهێنانی شۆڕشەکانی کورد لەلایەک، لەلایەکی تر زلهێزەکان هەمیشە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بۆ گرنگتر بوە لە لایەنگیری کورد بۆیان لەڕوی ئایدۆلۆجییەوە، ئەمە جگە لە کێشە ناوخۆییەکانی کورد خۆی. واتا شەڕی زلهێزەکان شەڕی بەرژەوەندی بوە، نەک ئایدۆلۆجی. نە ئەمەریکا بەوە شاگەشکە بوە، کە کورد باوەڕی بە دیموکراسیەتی لیبڕاڵ  و کاپیتاڵیزم هەیە، نە یەکێتی سۆڤیەت بەوەی کە کورد رۆشنبیریەکی سوری هەیە و دەچێتە ژێر باڵی کۆمۆنیزم؛ بەڵکو ئەوان زیاتر بەرژەوەندی ئابوریان بۆ گرنگ بوە. بۆیە ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەگەر کورد خاوەنی ستراتیجیەتێکی هاوبەش نەبێت و لە لایەنی ئابوری و سەربازی پشت بەخۆی نەبەستێت دەبێتەوە قوربانی بەرژەوەندی زلهێزەکان. مەبەستی ئەم باسە سەردانەکەی بارزانییە بۆ ئەمەریکا و بەدەستهێنانی پشتگیری، وەک ئەگەرێک ئەگەر هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت و لە عێراق جیابێتەوە، ئایا ئەمەریکا بەڕاستی پشتگیری کورد دەکات و چەکی قورسی ئەداتێ؟!

لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٥ وەفدێکی کورد بە سەرۆکایەتی (قازی محەمەد) سەردانی سۆڤیەت دەکەن، لەوێ وەفدەکە چاویان بە (جەعفەر باقرۆف) دەکەوێت و جەعفەر لەسەرەتادا دەیەوێت کورد رازی بکات بەمانەوەی لە چوارچێوەی خودموختاری کۆماری ئازەربایجاندا بمێنێتەوە، (وەک چۆن ئێستاش ئەمەریکا دەیهەوێت کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە)، بەڵام وەفدی کورد بەم پێشنیارە رازی نەبون، دوای ئەوەی کە جەعفەر باقرۆف زانی وەفدی کورد بەم پێشنیارە رازی نابێت لەکاتی کۆبونەوەکەدا مستێک لە مێزەکە دەدات و دەڵێت: (لەبەرئەوەی سۆڤیەت لەئارادایە کورد بەمافی رەوای خۆی دەگات)، بەڵام جگە لە سۆڤیەت شتێکی تر لە ئارادا بو کە کورد لێی بێ ئاگا بو ئەویش نەوت بو، کە دواتر سۆڤیەت و ئێران رێککەوتن لەسەری و کۆمارە ساواکەی کوردیش کۆتایی هات. قازی محەمەد لەکاتی گفتوگۆدا سەرگوزشتەیەک بۆ جەعفەر دەگێڕێتەوە و دەڵێ: جارێکیان ئاغایەک تانجییەک دەدات بە لادێییەک، بۆ رۆژی دوەم کابرای لا دێیی دێتەوە لای ئاغا و زۆر زۆر سوپاسی دەکات بە زۆرێک سوپاس و ستایشی دەکات، کە ئاغا چاوەنواڕی نەدەکرد بۆیە ئاغا رودەکاتە کابرا و دەڵێت: دیاریەکی بچوک ئەم هەمو سوپاسە دەهێنێت؟ لادێیەکە دەڵێت: لەبەرئەوەی تانجییەکت پێ بەخشیوم و تانجیش بۆ راوە راویش کەرەستەی راوەنێچێری پێویستە، دیارە ئەسپیشم دەدەیتێ و ئەسپەکە خاوەنە نوێیەکەی بێ لانە و بێ خواردن ناژین و ئەوانیشم دەدەیتێ، جامن ئەم هەمو شتانەم ئەدرێتێ چۆن هێندە رەزامەند و خۆشحاڵ نابم.

راستی قسە ئەوەیە ئەگەر ئەمەریکا بیهەوێت کورد لە عێراق جیابێتەوە پێویستە هەم تانجی و هەم ئەسپیشی بداتێ. بەڵام ئایا ئەمەریکا دەیهەوێت کورد لە عێراق جیابێتەوە؟ ئایا ئەمەریکا ئامادەیە چەکی قورس بدات بە کورد؟ یان وەک سۆڤیەت هەر کلاشینکۆفی ئەداتێ؟


تێبینی - سەرگوزشتەی قازی محەمەدم لە پەرتوکی کۆماری کوردستان وەرگرتوە