Print WWW.SBEIY.COM
 چەند زانیاری و قسەیەک لەسەر یاسای بودجەی ''بەرگری نیشتیمانی بۆ ساڵی 2016''
کامەران کوردی
18/05/2015
ئەم پڕۆژەیە کە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەند کرا، لە لایەن جانی ئێرنست، سیناتۆری ویلایەتی ئایاوا سەر بە کۆماریەکان پێشنیار کراوە بە پشتگیری پێنج سیناتۆری تر کە چواریان کۆمارین و یەکێکیشیان دیموکراتە. سێ لە سیناتۆرە کۆماریەکان کاندیدی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ن کە بریتین لە لینسی گرام، مارکۆ روبیۆ و ران پۆڵ.

ئەوەی بۆ کورد گرنگە لەم یاسا نوێیەی کۆنگرێس ئەم خاڵانەن:
١- لە بەشی "Section"  1223لاپەڕە 559 دا کە تایبەتە بە "دابینکردنی هاوکاری بۆ روبەڕوبونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام-داعش" 715$ ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە بۆ هاوکاری هێزەکانی ئاسایش و بەرگری نیشتیمانی عێراق. بڕێک کە 25% کەمتر نەبێت بۆ هێزی پێشمەرگە و  هێزە سونەکان تەرخانکراوە.
٢- چەند مەرجێک بۆ هاوکاری حکومەتی مەرکەزی عێراق دانراوە کە خۆیان لە:
- لەبەرچاوگرتنی کێشەو ناکۆکییە مەزهەبی و نەتەوەیەکان.
- زیادکردنی هاوبەشی و بەشداری سیاسی.
- بەکارهێنانی هەوڵی گرنگ و پێویست بۆ کەمکردنەوەی پشتگیری داعش لەگەڵە باشکردنی سەقامگیری لەعێراقدا.
- جێبەجێکردنی یاسای هێزی نیشتیمانی سونی "ناشناڵ گاردی سونی"
- دڵنیابون لەبونی نوێنەرایەتی کەمە نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی یەکسان، لەگەڵ پڕچەکردن و مەشقپێکردنیان لەناو دام و دەزگاکانی ئاسایش و حکومەتدا.
- کۆتایهێنان بە پشتگیری هێزە میلیشیا شیعەکان و وەستانی زیادەڕەوی چەوساندنەوەی بەشەکانی کۆمەڵگای عێراقی لەلایەن ئەو میلشیانەوە.
- دڵنیابون لەدابەشکردنی یەکسانی هاوکاری و ئامێرە سەربازی و جەنگیەکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاوە بەسەر هێزەکانی ئاسایشدا، بە بونی ئامانجی نیشتیمانی، هێزەکانی پێشمەرگە و خێڵە سونیەکانیش دەگرێتەوە و هێزی نیشتیمانی سونی کە بە "ناشناڵ گاردی سونی" ناویان هاتوە.
- ئازادکردنی زیندانیانی مەزهەبی و نەتەوەیی کە بێ دادگایکردنی دادوەرانە و شەفافانە یان بەڵگە دەستگیرکراون.
- گرتنەبەری هەر کردارو داواکارییەک کە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا پێشنارو داوای بکەن.

گەر حکومەتی مەرکەزی عێراق نەیتوانی ئەو مەرجانەی سەرەوە بەدەست بێنێت، یاساکە هەردو وەزیری بەرگری و دەرەوە سەرپشک دەکات کە لە 60% هاوکاریەکان بدەنە هێزی پێشمەرگە و هێزە سونیەکان. ئەو دو هێزەش وەک دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت بەمەستی دابینکردن و جێبەجێکردنی تایبەتمەندیە یاساییەکانی "کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ناردە" ی ساڵی 1961. ئەمە لەبەشی د. "Section D" ی یاساکەدا ئاماژەی پێدراوە.

بەم شێوەیە دەبینین و هەست دەکەین کەوا سیاسەتی ناوەوەی ئەمەریکا بە تایبەتی لەڕوی یاساییەوە کە دەسەڵاتی کۆنگرێسە، لەلایەن حیزبی کۆمارییەکانەوە گۆڕانی بەسەردا هاتوە، پشتگیریەکی زۆری کورد و هێزی پێشمەرگە بەدیدەکرێت. من خۆشم هەست دەکەم هەنگاوەکانی دابەشکردنی عێراق بۆ سێ ناوچە یان دەوڵەت دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە. گرنگ و پێویستە سیاسیەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان بتوانن سود لەبونی ئەو پشگیری و هاوسۆزیەی ئەمەریکیەکان وەربگرن تاوەکو بتوانرێت هەنگاو بۆ هێنانە کایەی سیاسەتێکی تایبەتی ئەمەریکی بە کورد بێتە دی، کە گرنگترینیان گرنتی پاراستنی ئاسایشی کورد دەبێت لەناوەڕاستی رۆژهەڵاتدا.

زۆر گرنگ و پێویستیشە کار لەسەر زیادکردن و فراوانکردنی پشتگیری و هاوسۆزی هاوڵاتیانی ئەمەریکی بکرێت لەناوخۆدا ئەمیش لەڕێگەی سودوەرگرتن لەئامێرو هۆکارەکانی راگەیاندنی ئەمەریکی کە کاریگەری سەرەکیان هەیە لەدروستکردن و ئاڕاستەکردنی رای گشتی ئەمەریکیدا. پاشانیش هەنگاونانی پێویست بۆ دروستکردنی لۆبیەکی بەهێزی کوردی لێرە لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کە ئەمەش بەپشتگیری و پاڵپشتی رەوەندی کوردی لە ئەمەریکا بەدەست دەهێنرێت.

ئەمڕۆ لەهەمو کات زیاتر و باشتر، پشتگیری و هاوسۆزی  نێودەوڵەتی بۆ پرس و دۆزی کورد لە ئارادایە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە نەتەوەی کوردی خۆی و سیاسی و حیزب و دەسەڵاتەکەی چۆن و چەندە دەتوانێت سود لەو پشتگیری و هاوکاریە نێودەوڵەتیانە ببینن.