Print WWW.SBEIY.COM
 پێشنیارەكەی گۆڕان و داواکەی ئەنجومەنی کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان
24/05/2015
لە ٢٢/٧/٢٠٠٨ پەرلەمانی عێراق دور لە رەچاوکردنی مادە دەستوریەکان بە زۆرینەی دەنگ یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی پەسەند کرد، جیا لە پارێزگاکانی عێراق  تایبەتمەندی بە هەڵبژاردن دابو لە پارێزگای کەرکوک. ئەم یاسایە لە لایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە تایبەتی لستی برایەتی رەدکراوەیە و دانی پێدانەنرا و بریاری ئەوەیان دا کە کاری پێنەکرێت.

لە ٢٨/٧/٢٠٠٨ وەک کاردانەوە و ناڕەزاییەک بەرامبەر بە بڕیاری ٢٢/٧ لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری پێکهاتەی کورد لە ٢٨ /٧/٢٠٠٨ رژانە سەر شەقامەکان، ئەم رێپێوانە جەماوەرییە روبەڕوی تەقینەوەیەکی گەورە بوەوە و خوێنی دەیان کەسی تێدا رژا.

لە 31/7/2007 دوا وادەی دیاریکراوی جێبەجێکردنی مادەی ٥٨ و مادەی ١٤٠ بو لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام بەو ساو ئێستاوە ئەم مادەیە جێبەجێ نەکراوە.

ئەم سێ خاڵەی سەرەوە و بڕوا بونی لستی برایەتی بە کوردستانیەتی کەرکوک کۆبونەوەی ٣١/٧/٢٠٠٨  ئەنجومەنی لێکەوتەوە. لەم کۆبونەوەیە:
بە پشتبەستن و سودوەرگرتن لە یاسای (الاجراءات التنفیذیە) تایبەت بە دامەزراندنی هەرێمەکان، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن داوای رونکردنەوەی یاسایی و دەستوریان کرد لەم بارەوە.

هەر لەم کۆبونەوەیە لستی برایەتی بە ئیمزای ٢٢ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (رزگار عەلی ئەندامی مەکتەمی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان)  کرد. نامەکە لە لایەن محمد کەمال (سەرۆکی لستی برایەتی و بەرپرسی لقی کەرکوک - پارتی دیموکراتی کوردستان) خوێندرایەوە.
دەقی نامەکە ( بە زمانی عەرەبیە)
م/ طلب الانضمام الی اقلیم کوردستان العراق
تحیە طیبة
نحن الموقعون ادناە اکثر من ثلث اعضاء مجلس محافظة کرکوک نطلب انضمام المحافظە الی اقلیم کوردستان العراق وفقا لاحکام المادە (٢) فقرە ( ثالثا) من قانون رقم ( ١٣ ) لسنە ٢٠٠٨ ( قانون الاجراءات التنفیذیە الخاصە بتکوین الاقالیم)، ولمنشور فی الوقائع العراقیە، العدد ( ٤٠٦٠ ) فی ١١ شباط ٢٠٠٨، نطلب من سیادتکم وفق القانون المذکور احالة الطلب الی پرلمان اقلیم کوردستان العراق. و فی حالە عدم توصل کتلە التحالف الکوردستانی الی التوافق مع الکتل النیابیە الاخری فی مجلس النواب العراقی علی اقرار قانون انتخابات مجالس المحافظات بشکل ینسجم مع الدستور.
مع فائق التقدیر

بابەت/ داواکاری چونە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق
سڵاوێکی گەرم ...... ئێمە کە لە خوارەوە ئیمزامان کردووە ژمارەمان لە ١/٣ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک  زیاترە، داوای گەڕانەوەی پارێزگای کەرکوک دەکەین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە پێی ئەحکامەکانی مادە ( ٢) ، برگەی ( سێیەم) لە یاسای ژمارە ( ١٣ ) ساڵی ٢٠٠٨ ( قانون الاجراءات التنفیذیە بتکوین الاقالیم ) ، کە لە ١١ شوبات ٢٠٠٨ بڵاوکراوەتەوە لە ( الوقائع العراقیە ژمارە ٤٠٦٠ ). داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە پێی یاسای ناوهاتو داواکەمان بگەێینە ئەنجومەنی نیشتمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە کاتی نەگەیەشتنی فراکسیۆنی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕێکەوتن لەگەڵ فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانی تر لە بڕیاردان لە سەر یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان بە شێوەیەک گونجاوبێت لەگەڵ دەستوری عێراق.
لەگەڵ رێزدا...

ناوەڕۆکی نامەکە و داواکاریەکە جەخت دەکات لە ئەگەری نەگەیشتنی هەردوولا بە رێکەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکان پەرلەمانی کوردستان رەزامەندی دەربڕێ لەسەر داواکەیان (گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان). ئەم جۆرە داوایە دەچێتە خانەی داوا  مەرجدارەکانەوە، کات و ساتی پێشکەشکردنی داواکەش وا دەکات زۆرێک لە چاودێران ئەم داوایە وەک فشارێکی سیاسی و کاردانەوە ببینن نەک کار. بەڵام لەگەڵ هەمو رەخنەکاندا ئەم جۆرە نامەیە جێی رێز و پێزانینە.

دەقی یاسای ژمارە ( ١٣ ) ساڵی ٢٠٠٨ ( قانون الاجراءات التنفیذیە بتکوین الاقالیم)
هەرێم لە پارێزگایەک یان زیاتر پێکدێت
مادەی ٢
پێکهێنانی هەر هەرێمێک بە دەنگدان دەبێت و بە یەکێ لەم رێگایانە داوا پێشکەش دەکرێت:
یەکەم : لەسەر داوای ٣/١ ئەندامان لە هەر ئەنجومەنەێک لە ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان کە بە پێی دەستور دەیانەوێ هەرێم پێکبێت.
ثانیا : لەسەر داوای ١/٣ دەنگەدەران لە دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک لەو پارێزگایانەی دەیانەوێ هەرێم پێکبێت.

ثالثا: لە کاتی داواکردنی یەکێ لەپارێزگاکان بۆ چونە سەر هەرێمێک پێویستە ١/٣ ئەندامنی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە داوایەک پێشکەش بکات و ١/٣ ئەندامانی ئەنجومەنی تەشریعی هەڕێمەکان (پەرلەمان) رەزامەند بن.

ئەم یاسایەی سەرەوە ( یاسای ژمارە ( ١٣ ) ساڵی ٢٠٠٨ (قانون الاجراءات التنفیذیە بتکوین الاقالیم )  بە تەواوی پشتیوانی پرۆژەکەی بزوتنەوەی گۆڕانە، دەکرێت لێرەوە گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا و لایەنەکانی تر دەست پێبکەین.

پەرلەمانی کوردستان
لە ٢٠٠٨ - ٢٠١٥ دەکاتە ٧ ساڵ، لەم ماوەیە نەک هەر پەرلەمانی کوردستان وەڵامی ئەنجومەنی نەداوەتەوە بەڵکە نامەکە بۆ جارێکیش نەخوێندراوەتەوە. ئەمەش وای کردووە کە گومان لای نەیاران و ئەوانەی بە نیازی پلە و پایەی بەرزن و لای  بەشێکی زۆر کەمی هاوڵاتیانی کەرکوک دروست بێت و بڵێن " باشە، ئێمە دەمانەوێ بچینە سەر هەرێمی کوردستان، ئایا ئەم وەڵام نەدانەوەیە ئەوە ناگەیەنێ لایەنێک یان کەسانێک هەبن ئێمەیان نەوێ و نەیانەوێ کەرکوک ببێتە بەشێک لە هەرێم، یان پێیان وابی ئەم پرسە توشی سەرهێشەیانی کردووە، یان بەلای کەمەوە کەمتەرخەمی و خەمساردی نیە لە لایەن پەرلەمانەوە".

لەلایەکی ترەوە نەپرسینەوە لەم نامەیە لەلایەن ئەنجومەنی کەرکوک، پارێزگار و حیزبە کوردیەکان نیشانەی کەمتەرخەمی و ساردی دەگەیەنێ و وەک ریکلامێکی حیزبی دەردەکەوێ.

پێشنیارەکەی گۆڕان
- ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و هەموو قەزا و ناحیەکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان  بەفەرمی داوایەک پێشکەش بکەن بە  : پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و تێیدا داوای گەڕانەوی ناوچەکانیان بکەن بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
- هەرێمی کوردستان بە بەڵێ وەڵامی داواکەیان بداتەوە.
- رێگە خۆشبکرێت بۆ ئەنجامدانی راپرسی .................
- .................................................... هتد.

ئەم پێشنیارە هیچ مەرجێکی لەخۆ نەگرتوە، کاتەکەی زۆر گونجاوە، کاتی هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک نیە، لەکۆبونەوەی فەرمی پێشکەش کراوە، بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانە بە کردەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە. پێشتر و لەهەمو هەڵبژاردنەکانیش گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان یەکەم دروشم و سەرەکی بوە لەبانگەشەی هەڵبژاردنی هەمو لایەنە کوردستانیەکان. بۆیە دەبێت ئەم پێشنیارە وەک پرۆژەی هەموان سەیر بکرێت، خۆ بە خاوەنی بزانن و خاوەندارێتی بکەن، وەک چۆن پێشنیارەکە داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات خاوەندارێتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بگرێتە ئەستۆ.