Print
 په‌یامی به‌ختیار عه‌لی بۆ سه‌رای ئازادی: ئێوه‌ له‌ رێگادان بۆ له‌دایكبونی‌ سه‌رده‌مێكی‌ تر و ده‌سه‌ڵاتیش له‌ رێگادایه‌ بۆ ماڵاوایی
Saturday, March 26, 2011

(سبه‌ی):
ده‌قی په‌یامی به‌ختیار عه‌لی بۆ سه‌رای ئازادی سلێمانی..
ده‌سه‌ڵات ناوی‌ پیاوكوژه‌كان نازانێت، چونكه‌ پیاوكوژه‌كان یه‌ك و دوان و سیان نین... زۆرن زۆر... له‌هه‌ ر نیشتیمانێكیشدا ژماره‌ی‌ پیاوكوژه‌كان زۆربو، ناوه‌كانیان نرخی‌ نامێنێت.
ده‌سه‌ڵات ناوی‌ شه‌هیده‌كانی‌ ئێوه‌ش نازانێت، چونكه‌ ناوی‌ شه‌هیده‌كان زۆرن زۆر...  له‌ هه‌ر نیشتمانێكیشدا ژماره‌ی‌ شه‌هیده‌كان زۆربو، ناوه‌كان نرخیان نامێنێت.
ده‌سه‌ڵات ناتوانێت وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كانتان بداته‌وه‌، چونكه‌ پرسیاره‌كان زۆرن زۆر... له‌ هه‌ر نیشتمانێكیشدا پرسیار وه‌ها زۆربو، وه‌ڵام نرخی‌ نامێنێت.
ئازیزان. جێگای‌ سه‌رسامی‌ هه‌مومانه‌ كه‌ رۆژ دوای‌ رۆژ ده‌سه‌ڵات له‌بری‌ گوێگرتن له‌ ئێوه‌، گوێنه‌گرتنی‌ هه‌ڵبژاردوه‌.
له‌بری‌ سه‌یركردنی‌ ئێوه‌، سه‌رقاڵی‌ سه‌یركردنی‌ خۆیه‌تی‌.
له‌بری‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئێوه‌ ته‌نیا و ته‌نیا بیر له‌ خۆی‌ ده‌كاته‌وه‌... له‌هه‌ر نیشتمانێكیشدا ده‌سه‌ڵات بیری‌ له‌خۆی‌ كرده‌وه‌، ده‌سه‌ڵات نرخی‌ نامێنێت.
ده‌سه‌ڵات نا توانێن ئێوه‌ ببینێت... نایه‌وێت ئێوه‌ ببینێت... چونكه‌ ئێوه‌ جوانی‌ و ئه‌و شوێنی‌ مردنی‌ جوانییه‌... نایه‌وێت تێتانبگات چونكه‌ نوێنه‌ری‌ سه‌رده‌مێكن كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ستی‌ پیایدا ناگات... ده‌سه‌ڵات تێتانناگات، چونكه‌ ئێوه‌ زیندو ئه‌و مردوه‌... ئازیزان ئێوه‌ ره‌مزی‌ نوێبونه‌وه‌ی‌ دونیا و ده‌سه‌ڵات ره‌مزی‌ پیربونی‌ دونیایه‌... ئێوه‌ له‌ رێگادان بۆ له‌دایكبونی‌ سه‌رده‌مێكی‌ تر و ده‌سه‌ڵات له‌ رێگادایه‌ بۆ ماڵاوایی... ئێوه‌ هاتون و ئه‌و ده‌ڕوات... ئێوه‌ هه‌ڵدێن و ئه‌و ئاوا ده‌بێت... هیچ شتێك ئێوه‌ و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه‌ كۆنه‌كردۆته‌وه‌ رێكه‌وت نه‌بێت.
رێكه‌وته‌ كه‌ رۆحی‌ ئێوه‌،  له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و زه‌مینه‌ سه‌وزبوه‌ كه‌ كه‌سانێكی‌ بێباك ده‌رهه‌ق به‌ هاواری‌ ئێوه‌شی‌ سه‌وزكردوه‌. ئێوه‌و ئه‌وان له‌ هیچدا له‌ یه‌ك ناچن... ده‌بێت دروشمی‌ ژیانی‌ ئێوه‌ بێت له‌ هیچدا له‌وان نه‌چن... ده‌بێت ئێوه‌ له‌ هه‌ر كه‌س وردتر سه‌یری‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، تا هه‌وڵبده‌ن له‌وان نه‌چن... ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان رقیان له‌ ده‌نگی‌ تره‌، ده‌بێت هۆیه‌كی‌ گه‌وره‌ بێت بۆ ئێوه‌ تا ده‌نگی‌ ترتان خۆشبوێت... ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان پاشه‌ڕۆژی‌ ئه‌م وڵاته‌یان پێ‌ گرنگ نیه‌، هه‌وڵبده‌ن پاشه‌ڕۆژتان بۆ گرنگ بێت... ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌ ئازادی‌ تێناگه‌ن، ئێوه‌ هه‌وڵبده‌ن قوڵتر و رونتر له‌م وشه‌یه‌ تێبگه‌ن. ئازیزان ته‌نیا رێگا تا ئێوه‌ بتوانن له‌ رێگایه‌وه‌ دونیا بگۆڕن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هیچدا له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌چن.
ئێوه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵات خۆی‌ تێدا ده‌بینێته‌وه‌... جگه‌ له‌ ئێوه‌ ئێستا و‌ڵاتی‌ ئێمه‌ ئاوێنه‌یه‌كی‌ تێدا نیه‌ كه‌ هه‌قیقه‌تی‌ مێژوی‌ سیاسی‌ ئێمه‌ پیشانبداته‌وه‌. هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش بترسێت له‌وه‌ی‌ له‌ ئاوێنه‌ی‌ ئێوه‌دا سه‌یری‌ خۆی‌ بكات، ناچاره‌ تا كۆتایی له‌ ئاوێنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ درۆزنه‌وه‌ كه‌ وێنه‌ی‌ راسته‌قینه‌ پیشانناداته‌وه‌ خۆی‌ ببینێت. ئێوه‌ ته‌نیا چاوێكن كه‌ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت له‌ رێگایه‌وه‌ خۆی‌ ببینێت، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش نه‌یه‌وێت له‌ رێگای‌ چاوی‌ ئێوه‌وه‌ خۆی‌ بینێت.. نابینایه‌.
كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ ئێمه‌ بێزاربو له‌ حوكمی‌ ئه‌رستۆكراتیه‌تكی‌ لوت به‌رز كه‌ نایه‌وێت تێبگات چی‌ رویداوه‌و خه‌ڵك داوای‌ چی‌ ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵات زۆر دره‌نگ تێده‌گات، چونكه‌ له‌ سروشتی‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ كه‌ هه‌میشه‌ واتێده‌گات كات له‌ قازانجی‌ ئه‌وه‌... له‌ كاتێكدا مێژو سه‌لماندوێتی‌، میله‌تان هه‌مو كاتی‌ دونیایان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مێژوی‌ خۆیان دروستبكه‌ن... ده‌سه‌ڵات ئه‌مڕۆ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ تری‌ خۆی‌ ده‌كات كه‌ واتێده‌گات كات له‌ قازانجی‌ ئه‌وه‌... كات هه‌میشه‌و هه‌میشه‌ له‌ قازانجی‌ ئێوه‌یه‌، چونكه‌ ئێوه‌ ته‌نیا هێزن كه‌ پیر نابن و ناڕۆن و هه‌میشه‌یین.
گره‌وكردن له‌سه‌ر كات، دۆڕاوترین گره‌وێكه‌ ده‌سه‌ڵاتێك له‌ دونیادا ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵك بیگرێته‌ به‌ر، چونكه‌ ئێوه‌ ئه‌و هێزه‌ن كه‌ له‌ پاشه‌ڕۆژه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌  له‌ رابوردودا خه‌وتوه‌... ترسناكترین ده‌سه‌ڵاتێك له‌ دونیادا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ كه‌ نه‌ترسێت له‌وه‌ی‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ رۆژی‌ ئه‌و نییه‌.
ئازیزان..
ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت به‌ مێژوی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكیش نه‌یویست به‌ مێژوی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، شایسته‌ی‌  پاشه‌ڕۆژ نییه‌.
ده‌سه‌ڵات له‌وه‌ تێناگات كه‌ وه‌ستانی‌ ئێوه‌ لێره‌دا وه‌ستانه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك هیواو ئومێدی‌ ئه‌به‌دی‌ كه‌ هه‌رگیز پیرنابێت... من دڵنیام كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ له‌م مه‌یدانه‌دا كۆده‌كاته‌وه‌، خه‌ونێكه‌ پێشتر زۆر دیكتاتۆری‌ گۆڕكردوه‌... ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ دونیا ته‌مه‌نی‌ درێژتره‌... ئه‌وه‌ی‌ گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كات هیواكانی‌ ئێوه‌ بمرێت... ئومێده‌كانتان پیر بێت... گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپێكی‌ دۆڕاو ده‌كات... به‌رده‌وامبن... ئێوه‌ ته‌نیا هێزن كه‌ ئه‌به‌دین و پیرنابن... ته‌نیا شتن كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیسابی‌ كات و شوێن و پیربونه‌وه‌ هه‌ڵقوڵیون، چونكه‌ هه‌ڵگری‌ هیوایه‌كن كه‌ ئه‌به‌دییه‌ ئه‌ویش هیوای‌ ئازادبونه‌.


ئه‌م په‌یامه‌ی به‌ختیار عه‌لی دوێنێ (هه‌ینی) له‌ سه‌رای ئازادی سلێمانی خوێندرایه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007