Print
 په‌یامێك بۆ هونه‌رمه‌ندان له‌ نامدار قه‌ره‌داخیه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ سلێمانی‌
Tuesday, March 1, 2011

 (سبه‌ی‌):
هاونیشتیمانیانم له‌کوردستانی شیرین، سڵاوێکی پڕ له‌ خۆشه‌ویستیتان لێبێت.
پاش 30 ساڵ له‌ غه‌ریبی له‌ هۆله‌نداو بینینی دیمه‌نی خوێنی لاوه‌کانمان كه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی کوردستان ده‌ڕژێت به‌ده‌ستی خۆمان، ناکرێ و ناتوانم هه‌ڵوێسته‌ نه‌که‌م له‌سه‌ر ئه‌م خوێنڕشتنه‌ که‌ هه‌رگیزو هه‌رگیز په‌سه‌ند نیه‌ له‌لای که‌س.
من وه‌کو نامدار قه‌ره‌داخی مرۆڤ و هونه‌رمه‌ند، به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک پشتگیری داوا ڕه‌واکانی ئێوه‌ی گه‌نج و سه‌رجه‌م توێژه‌کانی گه‌له‌که‌م ده‌که‌م له‌ بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی دیارده‌ی هه‌یمه‌نه‌ی حیزبی به‌سه‌ر هه‌مو کایه‌کانی وڵاتدا؛ له‌وانه‌ش هونه‌ر که‌ ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌ حیزبیه‌ بۆی‌، بۆته‌ هۆی ئیفلیجبونی هونه‌ری کوردیمانی گه‌ر به‌ره‌و دواوه‌ه‌شی نه‌بردبێ، ئه‌وا وه‌ستاندویه‌تی له‌شوێنخۆی.
 بۆیه‌ منیش ده‌نگی خۆم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ئێوه‌ی کۆڵه‌که‌ی دواڕۆژی گه‌لمان و داواشتان لێده‌که‌م زۆر به‌هێمنانه‌و له‌چوارچێوه‌ی یاسادا به‌رده‌وام بن له‌ خۆپیشاندان تا گه‌شتن به‌ داوا ره‌واکانتان که‌ داوای هه‌موانه‌.
داواش له‌سه‌رجه‌م ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌که‌م که‌ هونه‌رو وڵاتی خۆیان خۆش ده‌وێت، بچنه‌ به‌ره‌ی خۆپیشانده‌ران و له‌ گۆڕه‌پانی ئازادی سلێمانی تیپه‌ مۆسیقیه‌کان به‌ئاهه‌نگ گێڕان و شادی خۆپیشاندان به‌رده‌وامی پێبده‌ن و هونه‌ر بکه‌نه‌ ئامرازێک بۆ دوا ڕۆژێکی گه‌ش بۆ هه‌موان.
 هه‌روه‌ها داواو تکام له‌ حکومه‌تی کوردستانیش هه‌یه‌ که‌ مامه‌ڵه‌یه‌کی شارستانیانه‌ بکات له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانداو گه‌ر ئه‌وانیش به‌ردێکیان هاویشت ئیوه‌ وه‌کو حکومه‌ت هێمنیان بکه‌نه‌وه‌و به‌فیشه‌ک وه‌ڵامیان مه‌ده‌نه‌وه،‌ چونکه‌ دواجار ماڵوێرانی به‌ته‌نها بۆ لایه‌ک نیه‌ بۆ هه‌موانه‌.

بژی کوردستان..

نامدار قه‌ره‌داخی
هۆڵه‌ندا – ئه‌مستردام

Sbeiy.com © 2007