| 
                         | 
                     
                    
                        
                             وڵات مایەپوچە، ئەی چارە؟ مهلا فهرمان  | 
                     
                    
                        | 
                            19/02/2015 | 
                     
                    
                        
                             
حاجی عەلی (جێی بەهەشت بێت) ، پاش نیوەڕوانێک لە سەر سەرینە کوردیەکە بە رامبەرم ئانیشکی دابوەوە، فڕی لە چایە رەشەکە دەدا. سەری هەڵبری و چاوی تێ بڕیم و گوتی:   
حاجی عەلی: (مەلا فرمان، ئەرێ کەی لە برسانا دەمرن) 
بەندە: بە زەردەخەنەیەکەوە گوتم: "بۆ حاجی تائێستا کەس لە برسا مردوە". 
حاجی: نا مەبەستم ئەوە نەبو بمرن، مەبەستم ئەوەیە موچەخۆر یەک سەرچاوەی دارایی هەیە، ئەگەر وشکی کرد، چۆن بژێوی رۆژانە دابین دەکەن؟ بەتایبەتی ئەگەر عاقڵ نەبن و دەستی پێوەنەگرن و پاشەکەوت نەکەن. 
بەندە: کاسبی دەکەین 
حاجی: ئێوە دەست سپین، کاسبیتان بۆ ناکرێت 
بەندە: ئەی تۆ چی دەکەیت حاجی؟ 
حاجی: نا، من توشی ئەو حاڵەی ئێوە نابم، من جوتیارم: مریشک، قەل، قاز، مەر، بزن، مانگا، گەنم و جۆ، پەرێزەکە و کایەکەی، بەهارانیش کاردی و کنگەر، ئاوی بیرەکەش پاکە. کرێ خانو نادەم و زۆریش بە قەناعەتم. هەمو ئەمانەم هەیە، ئەگەر یەکیان وشک کات، ئەوانی تر دەمژێنن. 
بەندە: منیش پەنا بۆ ئێوە دێنم 
 
بەڵێ، ئەم قسانەی حاجی باس لە فەلسەفەیەکی ئابوری وا دەکات، ئەگەر حکومەتی هەرێم وەک حاجی بیری بکردایاتەوە و کاری بکردایا توشی ئەم مایەپوچیە نەدەهات و ژیان و گوزەرانی هەموانیش مسۆگەر دەبو.  
 
بەڵێ، ٢٣ ساڵە حکومەت نە بە قسەی حاجیەکانی کردوە، نە هاوکاری کردون، کەمتەرخەمبونە، هەڵەی گەورەیان کردوە، گەندەڵییان گەیاندۆتە ئاستیک ئەگەر وریا نەبین خەریکە دەبێت بە خۆرە و هەمو گیانمان دەتەنێ. بۆیە ئەمرۆ بییرکردنەوە لە چارەکردن گرنگە. چارەسەرەکەش لە وڵاتی خۆمان و لە ناو میلەتی خۆمان دەکرێت نەک لە شوێنێکی تر، بەڵام: 
١- سەرۆک دەبێت سک بگوشێ، دەتوانێ و دەیەوێ؟ 
٢- دیاریکردنی بڕی موچە : کەمترین ٥٠٠٠٠٠ پینج سەد هەزار و  زۆرترین ٢٠٠٠٠٠٠ دو ملیۆن، پلەدار و ملیۆنێرەکان دەیانەوێ، دەیەکەن؟  
٣- کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ زۆر بە وردی لە خەزینەی حکومەت. 
٤- نەهێشتنی دو موچە، لە هەرێم یان یەکێ لێرە و یەکێ لە بەغدا. 
٥- زیادکردنی باج لەسەر کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان. حیزب بوار دەدات؟ بە ئاسانی و ویستی خۆیان دەیکەن؟  
٦- کەمکردنەوەی کەناڵە ئاسمانیەکانی حیزب.  
٧- کۆمپانیاکانی حیزب بە پارەی حکومەت و میلەت دامەزراون، ئایا ئامادەن بیدەنەوە بە حکومەت    و میلەت لەم رۆژە تەنگانەیە؟ 
٩- بەهای شوقە و ڤیلا و باخەکانی بەرپرسان و خەرجیەکانی کەم نیە!. ئایا سەرۆکی حکومەت ئامادەیە لە خۆیەوە دەست پێدەکات؟. ئاسان نیە.  
١٠- کەمکردنەوەی خەرجیەکان 
١١- پێشمەرگە خوێن دەبەخشی، روح دەدا، مناڵ ...... تاد. دەبێت پلەدارەکانیش               دەستبەرداری بەشێکی سەروەت و دەسەڵاتەکانتان بن.       
 
خۆبژێوی ( خودکفایی) (Self-sufficiency) 
سیاسەتێکی ئابوریە بەکاردێت بۆ ئەوەی بێ پشتیوانی دەرەکی بتوانیت لەسەرپێی خۆت بوەستیت و بژیت. بۆ ژیانی دەوڵەتداری زۆر پێویستە، بە تایبەتی بۆ ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم. 
 
بەڵی، ئەم حکومەتە لە جیاتی ئەوەی بە خۆرەزیلی دەست لە وڵاتان پان بکاتەوە، با پرس بە پسپۆر و شارەزا ئابوریەکانی ناوخۆی وەک حاجی و نێو زانکۆکان بکات و کارەکانیان پێ بسپێرێ. شوکر، عەقڵی خۆماڵی باش و دڵسۆز و خۆبەخش زۆرە. ئەم سیاسەتە دەتواندرێت بۆ تەواوی جومگەکانی حکومەت بەکار بهێندرێت. لێرەوەش رزگاربون  لە مایەپوچی و دەستپانکردنەوەی ئابوری و سیاسی دەست پێدەکات. 
  | 
                     
                    
                        | 
                         | 
                     
                 
             |