| 
                         | 
                     
                    
                        
                             کەرکوک و چیرۆکەکانی (١٦) مهلا فهرمان  | 
                     
                    
                        | 
                            30/04/2015 | 
                     
                    
                        
                             
بەشیر و مڕە ( تاڵاوە) 
ئەم دو ناوەی سەرەوە ناوی دو گوندن لەو دەیان گوندانەی کەوتونەتە باشوری کەرکوک، دوای ١٩٧٥ هەمو ئەم ناوچەیە بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوە. 
 
سەردەمی بەعس ( ١٩٦٣ - ٩/٤/٢٠٠٣) 
گوندی بەشیر 
 گوندێکی تورکمانی شیعە نشینە، بە دوری ٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری کەرکوکەوە. تورکمانەکانی ئەم گوندە هاوشێوەی کورد لە کەرکوک بەر شاڵاوی تەعریب و راگواستن کەوتن. خەڵکەکەی راگوێزرا و عەرەبی لێ نیشتەجێ کرا. 
 
موڕە ( تاڵاوە)  
ئەم گوندە یەکێکە لەو دەیان گوندەی کورد لە دوای ١٩٧٥ بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوە، کورد لێی دەرکراوە و عەرەب لە جێیان نیشتەجێ کراون.  ناوە گشتیەکەی کە ناوێکی کوردیە لە  تاڵاوە وە کراوە بە عەرەبی ( مرە) ، ( تاڵ = مر) 
 
قۆناغی دوای روخانی بەعس (٢٠٠٣ - ٦/٢٠١٤) 
لەدوای روخانی بەعسەوە، بە تایبەتی دوای ٢٠٠٤  گوندەکانی ئەم سنورە بە تایبەتی ئەو گوندانەی عەرەبی سونە لێی نیشتەجێن مۆڵگە و لانکەی تیرۆرستان بونە، لەم گوندانەوە ئامادەکاری بۆ زۆربەی کارە تیرۆرستیەکانی ناو کەرکوک کراوە. تەقینەوەکان روحی هەزارانی چنیوەتەوە.    
 
گوندی بەشیر  
لە ٢٠٠٣ و دوای روخانی رژێمی بەعس تورکمانەکان گەڕانەوە گوندەکەی خۆیان و عەرەبە هاوردەکانیان دەرکرد. لە دوبارە دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەم گوندە تورکمانیە بە فەرمانی مام جەلال تاڵەبانی حکومەتی ئەوکاتەی سنوری سەوز هاوکاری لە رادەبەری ئەم گوندەی کرد.  
 
گوندی موڕە ( تاڵاوە) 
بە پێچەوانەی گوندی بەشیری تورکماننشین، ئەم گوندە کوردنشینە و چەندین گوندی تر نە عەرەبە هاوردەکان دەرکران نە کوردەکانیش گەڕانەوە، نە دەسەڵاتی کوردیش لە گەڕانەوەیان رۆڵیان هەبو. 
 
هاتنی داعش ( ٦/٢٠١٤ - ...) 
دوای هاتنی داعش لە ٦/٢٠١٤ بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک، ئەم هێزە تیرۆرستیە توانی زۆر بە ئاسانی کۆنترۆڵی قەزای حەویجە و هەمو ئەو گوندانە بکات لە ناوچەکە، لێرەوە داعش بو بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کەرکوک و دانیشتوانەکەی. ئەگەر فیداکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوکاری هاوپەیمانان نەبوایا ئەو هەڕەشەیە دەبو بە واقیع و هاوشێوەی سەردەمی بەعس کۆڕەوێکی تر دروست دەبو. 
 
گوندی موڕە ( تاڵاوە) 
ئەم گوندە و گوندەکانی خالد، سەعد و وەحدە، عوزەیریە، عەتشانە ...هتد. پێشمەرگە کاری خۆی کرد و ئەم گوندانەی لە چنگی داعش دەرهێنا و ئازادیانی کرد، بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئەم گوندانە بۆ خاوەنی شەرعی خۆیان کە تاڵەبانیەکان و کاکەییەکانن، موخابن هەوڵێک هەیە لە لایەن ئیدارەی کەرکوکەوە بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ئەو گوندانە و قەرەبوکردنەوەیان. 
 
گوندی بەشیر 
هیشتا ئەم گوندە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە، هێزە شیعەکان و حەشدی شیعی دوای هەوڵێکی زۆر نەیانتوانیوە ئەم گوندە رزگار بکەن. لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و دەرکردنی عەرەبە هاوردەکان و گەڕانەوەی تورکمانەکان. 
 
لێرەوە و لەم دو گوندەوە (بەشیر و موڕە) جێی ئەوەیە روی دەم لە دەسەڵاتی کوردی و ئیدارەی کەرکوک بکرێت و بگوترێ "ئەرێ، ١٢ ساڵە دەسەڵاتتان بۆچی بە کارهێناوە؟".
  | 
                     
                    
                        | 
                         | 
                     
                 
             |