دەسەڵات وەردەگرین، نەک دەچینە دەسەڵاتەوە

(سبەی):

سازدانی: هوشیار عەبدوڵا

نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەی روبەڕوی کەناڵی (KNN) جەخت دەکاتەوە کە لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا بە وردی دراسەی هەمو لایەنەکانی حوکمڕانیان کردوە و پرۆژەیان ئامادە کردوە کە چۆن لەکاتی وەرگرتنی دەسەڵاتدا چاکسازی بکەن.

ئاماژە بەوەشدەکات کە دژی هیچ حیزبێک نین، بەڵکو مونافیسیانن و بۆڕبۆڕێنی سیاسیان لەگەڵ دەکەن، لەسەر ئەوەی کێ دەتوانێت باشترین خزمەت بە خەڵک بکات.

ئەوەشی خستوەتەڕو کاتی خۆی کە دەستیانکردوە بە کاری سیاسی و بە کاری پێشمەرگایەتی، کۆمەڵێک بەهای بەرز و ئامانجی پیرۆز و پرنسیبی بەرز پاڵی پێوەناون، هێشتا ئەو ئامانجانە نەهاتونەتە دی یاخود بە تەواوەتی نەهاتونەتەدی.

سەبارەت بە وەرگرتنی دەسەڵاتیش دەڵێت: ئێمه‌ ناچین چه‌ند وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرین و چه‌ند وه‌زیرێك بنێرین بۆ ئه‌وێ‌ و چه‌ند كه‌سێك ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین، به‌ڵكو كه‌ وه‌رمانگرت به‌ وه‌زاره‌ت وه‌ریده‌گرین كه‌ بتوانین ئه‌و پاكێج و به‌رنامه‌چاكسازیانه‌ی‌ هه‌مانه‌ تێیدا جێبه‌جێی‌ بكه‌ین.

هەروەک داوا له‌ هه‌مو دانیشتوانی كوردستان ده‌كات كه‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌ر ویژدانی خۆیان و بڕۆن بۆ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ بده‌ن بە لیستی (117)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

- پاش تێپەڕبونی چەند رۆژێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان جۆش و خرۆشێکی زۆری لایەنگرانتان دەبینرێت لەسەر شەقام، باس لەوە دەکرێت حەماسێکی زۆر بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری کوردستاندا لایەنگرانتان رژاونەتە سەر شەقامەکان و کەمپین بۆ لیستەکەی ئێوە، بۆ بزوتنەوەکەی ئێوە دەکەن، راتان لەوبارەیەوە چیە؟
نەوشیروان مستەفا: لێرەدا من بەپێویستی دەزانم کە بە پێزانین و سوپاسێکی زۆر زۆرەوە، سوپاسی هەمو ئەو کەسانە بکەم کە لەسەر جادەکان گەنج، پیر، کچ، کوڕ، ژن، پیاو، شاری، خەڵکی دەرەوە، سوپاسی یەک بەیەکیان بکەم بۆ ئەو جۆش و خرۆشە، بۆ ئەو پەرۆشیەی کە بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارە پیشانی ئەدەن، لەهەمانکاتدا دەمەوێ پڕ بەدڵ سوپاسی هەمو ئەو کەسانە بکەم کە لەتاریکیدا یاخود لەناو ماڵەکانی خۆیانەوە لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە بەشداری ئەکەن بۆ ئەوەی کە خەڵک هان بدەن بڕۆن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و بۆ دەنگدان بە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان.

- کاک نەوشیروان دروشمی سەرەکی ئەم هەڵمەتەی ئێوە چونە بەرەو دەسەڵات یاخود دەسەڵاتێکی نوێیە، پێشتریش لە کۆنفرانسەکانتاندا باسی قۆناغێکی نوێتان دەکرد، ئایا پێتانوایە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتوە بڕۆنە دەسەڵاتەوە؟
نەوشیروان مستەفا: پێمانوایە بەڵێ، ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە دەسەڵات وەربگرین، نەک بچینە دەسەڵاتەوە، پێمانوایە لەچوار ساڵی رابردودا، ئێمە لەسەر شەقامەکان، لە راگەیاندندا، لەناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا، لە هۆڵی پەرلەمانی بەغدا، لە کۆڕ و کۆبونەوەکانماندا، ئەوەی کە لەتواناماندا بوە بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک بۆ ئەوەی کە خەڵک شارەزا بکەین ئاشنای بکەین بە کەموکوڕییەکانی دەسەڵات، پێمانوایە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندوەو ئێستا قۆناغی ئەوە هاتوەتە پێشەوە کە خەڵک متمانەی خۆی ببەخشێت بە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی دەسەڵات وەربگرێت.

- ئێوە لە 25/7 داو لە هەردو ئەو بەشەی کابینەی شەش و حەوتی پێدەوترێت یاخود کابینەکەی بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی ئەتانتوانی بەشداری لە حکومەت بکەن ئەوکاتەش و بانگهێشتیش کرابون، بۆ ئەوکاتە بەشداریتان نەکرد؟
نەوشیروان مستەفا: ئەوکاتە هێشتا بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن خەڵکەوە بە باشی نەناسێندرابو، بزوتنەوەی گۆڕان روئیایەکی سیاسی جیاواز، بینینێکی جیاوازی هەبو بۆ هەلومەرجی کوردستان و بەرنامەی سیاسی جیاوازیشی هەبو بۆ جۆری بەڕێوەبردنی حکومەت. ئەوکاتە ئەگەر ئێمە بەشداریمان بکردایە، ئەبوایە ببین بە بەشێک لە ئەو سیستەمی حوکمڕانییەی کە ئێمە خۆمان بەلامانەوە پەسەند نەبو، بەلامانەوە ناڕاست بو.
ئێمە جیاوازیمان هەبو لە شێوەی بەڕێوەبردنی حوکمدا، لە سیستەمی سیاسی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا، ئەمانویست ئەو جیاوازیانەی کە لە بەینی بۆچونەکانی ئێمەو بەرنامەی سیاسی ئێمە هەیە لەگەڵ بەرنامەی ئەو دو حیزبەی دەسەڵاتدا بۆ خەڵکی رۆشن بکەینەوە، پێشمانوایە توانیومانە تا ئەندازەیەکی باش ئەمە بە خەڵک بگەیەنین.

- ئەمە هەر بە خەڵک گەیشتوە، یان ئێستا لایەنەکانی دەسەڵاتیش لە ئێوە تێگەیشتون کە ئەتانەوێ چ جۆرێک لە دەسەڵات پێشکەش بکەن؟
نەوشیروان مستەفا: پێموایە ئەو وەختە کە ئێمە بەشداریمان نەکرد لە حکومەتدا ئێمە پەیامێکی دولایەنەمان هەبو، پەیامێکمان هەبو بۆ خەڵک کە پێیان بڵێین ئێمە لە دەسەڵاتدا بەتەماین ئەم شتانە بگۆڕین، چاکسازی ریشەیی لەم وەزارەتانە بکەین، لە شێوەی ئەدای حکومەتدا بکەین، لە پەیوەندی نێوان حکومەت و کۆمەڵانی خەڵکدا بکەین. لەهەمانکاتدا پەیامێکیشمان هەبو بۆ حکومەت کە تێیان بگەیەینین کە جیاوازیەکانی ئێمە لەگەڵ ئەواندا لە بەرنامەی سیاسی و لە جۆری بەڕێوەبردنی حوکمدا چیە.

- لەسەر مەسەلەی ئەم جۆری بەڕێوەبردنی حوکم، یان ئەو جیاوازیانەی ئێوە، قسەی سەر زاری خۆتان و لایەنگرانتان و میدیاکانتان یان هەڵسوڕاوانتان مەسەلەی گۆڕینە، ئێوە چی دەگۆڕن؟
نەوشیروان مستەفا: ئێمە لە پێش هەمو شتێکدا هەوڵئەدەین سیستەمی بەڕێوەبردن بگۆڕین، هەوڵئەدەین پەیوەندی حکومەت و کۆمەڵانی خەڵک کە ئێستا هیچ متمانەی تیا نەماوە ئەمانەوێ متمانە بگێڕینەوە بۆ ئەو حوکمەتەی کە کاروباری کوردستان بەڕێوەدەبات متمانە لەنێوان کۆمەڵانی خەڵک و لە نێوان حکومەتەکەی خۆیدا هەبێت، لە نێوان پەرلەمان و خەڵکدا هەبێت، لە نێوان سوڵتەی قەزائی و خەڵکدا هەبێت، ئەمانەوێ متمانە بگێڕینەوە بۆ ئەوە.

- لەسەر مەسەلەی ئەوەی کە ئێوە چی ئەگۆڕن یان گۆڕانکاری، زۆرجار قسە لەسەر ئەوە دەکرێت ئێوە کێشەتان لەگەڵ سیستەمدا هەیە یاخود لەگەڵ کەسەکان، زیاد لەجارێک ئەمە باسکراوە، بەڵام ئەمەوێ جارێکی تر بپرسمەوە کە ئەوەی ئیوە دەیگۆڕن سیستمە یاخود کەسەکانە؟
نەوشیروان مستەفا: ئێمە بەدیاریکراوی لەگەڵ هیچ کەسێک کێشەمان نیە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ سیستەمەکەدا هەیە، نەک هەر کێشەمان لەگەڵ کەسەکاندا نیە، ئێمە لە چوار ساڵی رابردودا چەندین جار پڕۆژە و پێشنیارمان پێشکەش بە حکومەت کردوە، لەکاتێکدا ئێمە موعاریزی حکومەت بوین، ئێمە جارێک شەش پاکێجمان پێشکەشکردوە، جارێکی تر چەندین پڕۆژەی قانون لەوانە پڕۆژەیەک بۆ ئەوەی کە جۆری پەیوەندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا رێکبخرێت، لە پەرلەمانیشدا هاوڕێکانی ئێمە چەندین جار پڕۆژە و تەعدیلی پڕۆژەی قانونیان پێشکەش کردوە، کە زۆرجار خەڵکی خۆمان و خەڵکی تریش گلەییان لێکردوین پێیان ئەوتین ئێوە نەشارەزان لە کاروباری ئۆپۆزسیۆندا ئەگینا واز لە حکومەت و هەردو حیزبی دەسەڵات بهێنن با یەک لەسەر یەک غەڵەت بکەن، ئێوەش غەڵەتەکانیان ئیستیفادە لێ بکەن، بەڵام ئێمە پێمانوابوە کە هەستمان بە مەسولیات کردوە بەرامبەر بە میلەتەکەمان، بۆیە هەمو جار پێشنیاری باشمان پێشکەش بە حکومەت کردوە، بەڵام گوێیان لێنەگرتوین. ئەوان ئامادەنەبون چونکە شێوەی بەڕێوەبردنی ئەوان جیاوازە لەگەڵ بیروبۆچونەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.

- رایەک هەیە کە وەک تۆمەتیش ئەدرێتە پاڵ ئێوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئێوە دەسەڵات وەربگرن بە تەعبیرەکەی خۆت، خەڵکێکی زۆر دەردەکەن و خەڵکێکی زۆر سزا دەدەن و تۆڵە لە کۆمەڵێک خەڵک دەکەنەوە.
نەوشیروان مستەفا: بە هیچ جۆرێک ئەوە راست نیە، ئێمە هیچ کەسێک دەرناکەین، ئەسڵەن بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەساسی رق و کینە دروست نەبوە دژی ئەم حیزب یان ئەو حیزب، بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئامانجانەی کە لەماوەی 20 ساڵی رابردودا جێبەجێ نەکراوە. ئێمە نە کەس دەرئەکەین، نە سزای کەس ئەدەین، نە ئازاری کەس ئەدەین. ئەمە نەریتێکە کە حیزبە دەسەڵاتدارە شمولییەکانی ئێستا دایانهێناوە، ئێمە خۆمان قوربانی سزادان و دەرکردن و ئەوانە بوین، لەبەر ئەوە ئێمە هەوڵدەدەین ئیستفادەی زۆر لە هەمو ئەو کەفائەت و توانایانە بکەین کە ئێستا لەناو وەزارەتەکاندان و لەناو حکومەتدان، ئێمە لەگەڵ سیستەمەکەدا کێشەمان هەیە لەگەڵ ئەشخاسەکاندا نیمانە، چونکە پێمانوایە لە سیستەمێکی باشدا کەسە باشەکان ئەتوانن دەوری باشتر ببینن.

- هەر دیسانەوە نەیارەکانتان پێیانوایە کە ئێوە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان هەندێ جاریش لەسەر ئاستی شەخسیش دژی هەمو شتێکن. بۆ نمونە کە ئێوە دژی بنەماڵەکانن؟
نەوشیروان مستەفا: ئێمە بەپێچەوانەوە، دژی بنەماڵە نین، پێمانوایە کە خێزان و بنەماڵە کۆڵەکەی سەرەکی پێکهاتەی کۆمەڵگای ئێمەیە، ئەو بەها بەرزانەی کە بنەماڵەکان و خێزانەکان تائێستا پاراستویانە، ئێمە هەوڵئەدەین زیاتر جێگیر ببێت، ئێمە بەهیچ جۆرێک دژی بنەماڵە نین، بە پێچەوانەوە پێمانوایە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئەو بنەماڵە بەڕێزانەیە کە هەیە، لەبەرئەوە ئێمە بۆچی دژی بنەماڵەین، هەر یەکێک لە ئێمە بگری سەر بە بنەماڵەیەک و سەر بە خێزانێکە.

- بەڕای ئێوە بۆچی ئەمە تۆخ دەکرێتەوە کە ئێوە دژی بنەماڵەیەکن، یان ئێوە ئەگەر دژی بنەماڵەیەکن دژی چ جۆرێ لە سیستەمی بنەماڵەیین؟
نەوشیروان مستەفا: ئێمە دژی هیچ جۆرە بنەماڵەیەک نین، بەڵام ئێمە دژی حوکمڕانی ویراسین، دژی پشتاوپشتکردنی دەسەڵاتی سیاسین لە کوردستان، بە ماناش دژیش نین ئێمە پێمانوایە کە ئەمە شێوەیەکی حوکمڕانی دروست نیە لەم سەدەیەو لەم زەمانەدا بۆ کوردستانی عێراق، ئێمە دژی پشتاوپشتکردنی دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەین، دژی ئەوەنین کە بنەماڵە لە کوردستاندا هەبێت، بە پێچەوانەوە ئێمە پێمانخۆشە شیرازەی خێزان، شیرازەی بنەماڵە، لە بنەماڵە گەورەتر شیرازەی تیرەو ئەمارە قەت نەپچڕێت، بەڵکو رێزی بگرین و بمێنێتەوە.

- دیسانەوە هەر لەسەر مەسەلەی رەخنە یاخود ئەو تۆمەتانەی ئەدرێتە پاڵتان لەسەر مەسەلەی ئەوەی کە ئێوە ئۆپۆزسیۆنێکی سلبین یان ئێوە تەنها رەخنە دەزانن و هیچ بەدیلێکتان نیەو تەنها قسە دەکەن.
نەوشیروان مستەفا: ئەوە لایەکی مەسەلەکانە، لەماوەی چوار ساڵی رابردودا ئێمە کۆمەڵێک رایەڵەی پیشەییمان دروستکردوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئەو رایەڵە پیشەییانەی کە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستکراوە بۆ مونافەسەکردنی رێکخراوە دیموکراتییەکان و بۆ لاساییکردنەوەی حیزبە نەریتوانەکان نییە، بۆ نمونە رایەڵەی مامۆستایان، رایەڵەی ئەندازیاران، رایەڵەی پزیشکەکان، رایەڵەی پارێزەران، رایەڵەی پیشەوەرانی ناو بازاڕ ئەم رایەڵانە کاری سەرەکیان ئەوەیە هەوڵیانداوە لەناو وەزارەتەکاندا یاخود لە شێوەی بەڕێوەبردنی حوکمڕانیدا ئەمانە کەموکوڕیەکانیان چیە بۆ ئەوەی سبەی رۆژ کە بزوتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی گرتە دەست بە ئامادەکارییەوە بچێتە ناو مەسەلەکەوە یانی هاوزەمان لەگەڵ رەخنەگرتندا گروپی تایبەتی دروستکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە سیستەمی پەروەردە لە سیستەمی تەندروستی لە سیستەمی قەزائی، تەنانەت لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئێستا هەر کام لە وەزارەتەکانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، سبەی رۆژ تەسلیمی پاڵێوراوی بزوتنەوەی گۆڕان بکرێت، ئەزانێت کەموکوڕییەکانی ئەو وەزارەتە چیەو خۆی بۆ ئامادەکردوە بۆ ئەوەی کە بەشێوەیەکی باشتر لەئێستا بەڕێوەبەرێت.

- ئەوە بە نسبەت ژیانی دامەزراوەیی خۆتان کە بچنە حوکمەوە، بەڵام ئەو رەخنانەی کە گرتوتانە لە سیستەمی سیاسی یان لە دەسەڵاتی سیاسی بەدیلتان بۆ ئەوان لە چوار ساڵی داهاتو نەخستوەتەڕو؟
نەوشیروان مستەفا: بێجگە لەوەی جارێک شەش پاکێج بۆ چاکسازی ریشەیی لە حەوت وەزارەتی گرنگ یاخود لە حەوت دامەزراوەی گرنگی کوردستاندا کە بریتی بون لە دامەزراوەی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی داد، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی دارایی، ئاسایشی گشتی، ئەمانە چەند پاکێجێک بون پێشکەش بە حکومەت کراون و بڵاوکراوەتەوە، هەمو ئەوانە ئامادەکارییە بۆ ئەوەی سبەی رۆژ کە بزوتنەوەی گۆڕان یان هەر لایەنێک ئەگەر ویستی چاکسازی لەو وەزارەتانە بکات کۆمەڵێک بابەتی دیراسەکراوی لەبەردەستدایە کە ئەتوانێت کاری لەسەر بکات، هەروەها بۆ جۆری رێکخستنی پەیوەندی بەینی هەرێمی کوردستان و حکومەتی مەرکەزی، بۆ کۆمەڵێک لەو بابەتانە پاکێجەکانیان راگەیاندوە، بێجگە لەوەش وەکو باسمکرد بۆ هەمو یەکێک لەو وەزارەتانە مەسەلەن بۆ وەزارەتی پەروەردە گروپێکی تایبەتیمان هەیە کە لە سێ ساڵی رابردودا لێکۆڵینەوە گشتگیر و هەمەلایەنەی کردوە لەسەر سیستەمی پەروەردە لە کوردستانی عێراقدا، بۆ ئەوەی هەمو کەموکوڕییەکان و پێویستییەکانی بزانێت، پێویستیمان بە چەند قوتابخانە هەیە بە چەند مامۆستا هەیە چەند خوێندکار لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا دێتە بەر خوێندن، خۆیان ئامادەکردوە بۆ ئەوەی کە سبەینێ وەزارەتی پەروەردەیان وەرگرت، بە چاکی بەڕێوەیبەرن، بەهەمان شێوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا گروپێکمان هەیە لە مامۆستاکانی زانکۆ کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردودا زۆر بە وردی سیستەمی خوێندنی باڵایان لە کوردستانی عێراقدا دیراسە کردوە و بەراوردیان کردوە لەگەڵ سیستەمی کۆمەڵێک لە وڵاتانی پێشکەوتو و زانکۆکانی وڵاتانی دنیا، خۆیان ئامادەکردوە بۆ وەزارەتی داد، بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ وەزارەتی ناوخۆ، بۆ هەمو ئەو دامودەزگایانە، شانبەشانی رەخنەگرتن کادریشمان پەروەردە کردوە بۆ ئەوەی سبەی رۆژ بتوانن ئەو کاروبارانە بەڕێوەبەرن.

- لەسەر ئەو تۆمەت یا رەخنانەی ئاراستەتان دەکرێت، هەن پێیانوایە ئێوە دژی یەکێتین و ئەتانەوێ ئەو حیزبە هەڵلوشن یان قوتی بەن.
نەوشیروان مستەفا: ئێمە نە دژی یەکێتین، نە دژی هیچ حیزبێک ترین، ئێمە مونافیسی ئەوانین، ئێمە بۆڕبۆڕێنی سیاسیان لەگەڵ دەکەین، بۆڕبۆڕێنی ئەوەیان لەگەڵ دەکەین کە کێ ئەتوانێت باشترین ئەدا بە خەڵک بکات، کاتی خۆی کە ئێمە دەستمانکردوە بە کاری سیاسی و بە کاری پێشمەرگایەتی، کۆمەڵێک بەهای بەرز و ئامانجی پیرۆز پاڵی پێوەناوین، ئێمە پێمانوایە ئەو بەها بەرزانە هەندێکی ئێستا ئەڕوشێنرێت و خراپ ئەکرێت، پێشمانوایە ئەو ئامانجە پیرۆزانەی کە کاتی خۆی زۆر لەپێناویا، ئێستا هەندێ کەس خۆیان ئەکەن بە خاوەنی ئەسڵەن هەر خاوەنی نین، ئێمە قەت نەمانویستوە کە وەختێ بوین بە پێشمەرگە ئێمە بازرگان نەبوین بچین دو ساڵ پێشمەرگایەتی بکەین بۆ ئەوەی لەبەرامبەر ئەو دو ساڵەیا دەیان ملیۆن دۆلار وەربگرین سەدان ملین دۆلار وەربگرین، قۆنتەرات وەربگرین، پلەوپایەی بەرز لەحکومەتدا وەربگرین، بەڵکو ئەو زەمانەیە کە کاری سیاسیمان کردوە کۆمەڵێک بەهای بەرز کۆمەڵێک پرنسیبی بەرز پاڵی پێوەناوین، کۆمەڵێک ئامانجی پیرۆزمان هەبوە، پێمانوایە کە هێشتا ئەو ئامانجانە نەهاتونەتە دی یاخود بە تەواوەتی نەهاتونەتەدی، ئێمە کار بۆ ئەوە ئەکەین کە ئەوە بێتەدی، ئەگینا ئێمە دژی کەس نین، ئێمە مونافیسی ئەوانین.

- هه‌مان قسه‌ یان هه‌مان پرسیار بۆ پارتیش راسته‌، ره‌نگه‌ فه‌رقه‌كه‌ بریتی بێت له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ بتانه‌وێت یه‌كێتی هه‌ڵلوشن، تۆمه‌تتان ئاراسته‌ ده‌كرێت كه‌ ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت پارتی له‌ناوبه‌رن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌ ستراتیژی ئێمه‌ له‌ناوبردنی هیچ گروپێكی بچوك یان گه‌وره‌ نییه‌، ئێمه‌ رێزی بیروبۆچونی سیاسی و ئایدۆلۆجی سیاسی رێكخراوه‌ سیاسیه‌كان چه‌ند بچوك بن، ئێمه‌ رێزی ئه‌وانه‌ ده‌گرین، هه‌ندێك له‌م حیزبانه‌ یان وه‌كو چۆن ده‌وڵه‌ته‌ دواكه‌وتوه‌كانی دنیا هه‌تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دهژین، كه‌ دایمه‌ دوژمنی وه‌همی بۆ خۆیان دروست ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمەڵانی خه‌ڵك له‌ ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ده‌وترێت ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت فڵان كه‌س له‌ناوبه‌رین و فیسار حیزب له‌ناوبه‌رین، نه‌ پێمان له‌ناوده‌چێت نه‌ له‌ ستراتیجی ئێمه‌دا هه‌یه‌، وه‌كو باسم كرد ئێمه‌ مونافیسی ئه‌وانین.

- هه‌رچه‌ند ئاماژه‌ت پێدا، به‌ڵام ده‌مه‌وێت جارێكی تر ئاماژه‌ی پێبده‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئێوه‌ بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات، له‌ڕوی دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ ئێوه‌ ئاماده‌ن بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌ تایبه‌ت له‌ سێ و چوار ساڵی رابردودا ئێوه‌ چیتان كردوه‌ له‌ په‌یوه‌ست به‌وه‌یا ئه‌گه‌ر زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كاتی خۆی نه‌یانهێشت ئێمه‌ حكومه‌تی سێبه‌ر دروست بكه‌ین، وه‌ گاڵته‌شیان پێده‌هات، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌ماندا نه‌مانتوانی ئه‌وه‌ دروست بكه‌ین، له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌مو یه‌كێك له‌و وه‌زاره‌تانه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكمان ته‌كلیف كردوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردودا زۆر به‌ وردی دراسه‌ی یه‌ك به‌ یه‌كی ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌یان كردوه‌، وه‌ ئێمه‌ نیازی ئه‌وه‌مان نییه‌ هیچ وه‌زاره‌تێك بڕوخێنین، نیازی ئه‌وه‌مان نییه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌ربكه‌ین، ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ پڕیه‌تی له‌ خه‌ڵكی به‌ توانا و لێوه‌شاوه‌، ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ زۆر به‌ باشی ده‌توانن كاره‌كانیان بكه‌ن، بۆ خۆشبه‌ختی ئێمه‌ وڵاتێكمان هه‌یه‌ پڕیه‌تی له‌ كه‌فائه‌تی گه‌وره‌ گه‌وره‌، ئه‌گه‌ر شێوه‌ی رێژه‌یی وه‌ربگرین رێژه‌ی خه‌ڵكی به‌ توانا ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نی كاركردندایه‌ كه‌ بتوانێت كاری باش بكات له‌ كوردستانی عێراقدا زۆر زۆره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویست ناكات هیچ وه‌زاره‌تێك هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌، یان بیڕوخێنین، یان بچین خه‌ڵك بهێنین، گۆڕینه‌كه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراودا ده‌بێت، به‌نمونه‌ ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ سیسته‌می ته‌ندروستی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا كه‌ به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ كێشه‌مان هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هیچ كام له‌ كارمه‌نده‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ كێشه‌مان نییه‌.

- وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵێك رایه‌ڵه‌ كه‌ دروستانكردوه‌ زیاتر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه‌، خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، یان وه‌كو به‌شێك له‌ نه‌ریتی حیزبه‌ نه‌ریته‌وانه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بیانه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ هه‌موی بكه‌ن به‌ گۆڕان، یان هه‌موی بكه‌ن به‌ یه‌ك ره‌نگ؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌بێ گومان ئه‌وه‌ نییه‌، زۆرجیاوازه‌ له‌وه‌ی حیزبه‌ ته‌قلیدیه‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شتێك دروست ده‌كه‌ن به‌ناوی ئه‌ندازیارانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی هه‌مو ئه‌ندازیاران بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئیجباریان بكه‌ن بیانكه‌ن به‌ حیزبی، به‌نمونه‌ رایه‌ڵه‌ی ئه‌ندازیارانمان هه‌یه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ كاره‌كانی ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ كه‌می ئاو له‌ كوردستاندا چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، كاره‌با چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، رێگاوبان چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، شاره‌وانی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، رایه‌ڵه‌ی ئه‌ندازیاران سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وانه‌ی كردوه‌، نه‌خشه‌ی ئاماده‌كردوه‌، پلانی ئاماده‌كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كێشه‌ی نیشته‌جێبون له‌ كوردستانی عێراقدا چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، كێشه‌ی رێگاوبان له‌ كوردستانی عێراق چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌وشێوه‌یه‌ ئیشیان كردوه‌ نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بچن هه‌رچی ئه‌ندازیاره‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێبكه‌ن، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ئیشبكه‌ی سبه‌ینێ واده‌كه‌ین و وا ده‌كه‌ین.

- له‌ڕوی دامه‌زراوه‌یه‌ ئاماده‌ن بۆ وه‌رگرتن ده‌سه‌ڵات و جۆش و خرۆشێكی زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن، به‌ڵام بۆچونێكی تر هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش ببنه‌وه‌ ئه‌م حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستا، ده‌سه‌ڵاتتان راده‌ست ناكه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ پڕوپاگه‌نده‌ و جه‌نگی سایكۆلۆجی ئه‌و حیزبانه‌ بن كه‌ ترسی دۆڕانیان هه‌یه‌، ئه‌گینا له‌م زه‌مانه‌یا له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای كوردستانی عێراقدا هیچ لایه‌نێك ناتوانێت یاخی بێت له‌ ئیراده‌ی میله‌ته‌كه‌مان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یاخیش بێت له‌ ئیراده‌ی میله‌ته‌كه‌مان، میله‌ته‌كه‌مان قبوڵی ناكات، هه‌لومه‌رجی ئێستای عێراق قبوڵی ناكات، هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی دراوسێكانی عێراق قبوڵی ناكات، هه‌لومه‌رجی ناوده‌وڵه‌تی قبوڵی ناكات، هه‌ركه‌سێك بڵێت ده‌سه‌ڵات راده‌ست ناكه‌م، پێموایه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕی ده‌رونی و جه‌نگی سایكۆلۆجی و پڕوپاگه‌نده‌، شتێكی تر نییه‌.

- هه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌سه‌ڵات، قسه‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بون و وه‌رگرتنی‌ ده‌سه‌ڵات گرنگ نیه‌،  چونكه‌ ده‌گوترێت هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتدان  و رۆڵێكی‌ گرنگیان نیه‌، مه‌به‌ستم ده‌سه‌ڵاتی‌ فیعلیه‌، ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فیعلیه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بن یان نا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ چاوه‌ڕێ‌ ناكه‌ین كه‌س خێرمان پێبكان، ئێمه‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ین به‌گوێره‌ی‌ ئیتسحقاقی‌ ئینتیخابی‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ زۆرینه‌مان هێنا مه‌جبور ده‌بن یه‌كێك له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ته‌كلیف بكه‌ن حكومه‌ت دروست بكات، یاخود ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی‌ دیكه‌ زۆرینه‌ی‌ هێنا ئه‌و ته‌كلیف ده‌كه‌ن وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مجار هیچ هێزێكی‌ سیاسی‌ به‌ تاقی‌ ته‌نیا ره‌نگه‌ نه‌توانێت حكومه‌ت پێكبینێت. به‌ڵام ئێمه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌رێ‌ ناكه‌ین كه‌س خێرمان پێبكات و به‌شمان بدات، ئێمه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ رێكده‌كه‌وین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌دا كه‌ چی‌ بكرێت و چی‌ نه‌كرێت، له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌ بۆ چوار ساڵی‌ داهاتو كه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكانی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا چی‌ ئه‌نجام بدرێت.
ئێمه‌ ناچین چه‌ند وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرین و چه‌ند وه‌زیرێك بنێرین بۆ ئه‌وێ‌ و چه‌ند كه‌سێك ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین، به‌ڵكو ئێمه‌ كه‌ وه‌رمانگرت به‌ وه‌زاره‌ت وه‌ریده‌گرین كه‌ بتوانین ئه‌و پاكێج و به‌رنامه‌چاكسازیانه‌ی‌ هه‌مانه‌ تێیدا جێبه‌جێی‌ بكه‌ین. ئه‌گینا نامانه‌وێت ئێمه‌ له‌ حكومه‌تێكدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ شكڵی‌ نیوه‌ناچڵ به‌شداریی‌ بكه‌ین ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ بڵێین به‌شدارین له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، ئێمه‌ بۆیه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ین له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌ به‌رنامه‌كانی‌ خۆمان جێبه‌جێ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاكسازی‌ ریشه‌یی‌ له‌ هه‌ندێك له‌و وه‌زاره‌تانه‌دا بكه‌ین.

- قسه‌یه‌ك هه‌یه‌، كه‌ ئێوه‌ ئایا به‌ چوار ساڵ گریمان ده‌سه‌ڵاتتان وه‌رگرت یان به‌شداریه‌كی‌ فیعلیتان كرد ده‌توانن به‌و ماوه‌یه‌ گۆڕانكاریه‌كی‌ وا نیشانی‌ خه‌ڵك بده‌ن كه‌ ماوه‌ی‌ 20 ساڵه‌ ئه‌م دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ دروستیان كردوه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ‌ ده‌توانین، هه‌مو حكومه‌تێكی‌ هاوچه‌رخ سێ جۆر پلانی‌ هه‌یه‌، پلانی‌ كورتخایه‌نی‌ هه‌یه‌، پلانی‌ ناوه‌نجی‌ هه‌یه‌، پلانی‌ درێژخایه‌نی‌ هه‌یه‌، پێویست بو حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستانیش بۆ هه‌مو مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كان له‌ بواری‌ كشتوكاڵد و له‌بواری‌ پیشه‌سازیدا، له‌بواری‌ گه‌شتیاریدا، له‌بواری‌ نیشته‌جێبوندا، له‌بواری‌ نه‌وتدا، له‌بواری‌ غازدا، له‌بواری‌ كاره‌بادا كۆمه‌ڵێك له‌و به‌رنامانه‌ی‌ هه‌بوایه‌.
بۆنمونه‌ ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ كه‌ قابیلی‌ جێبه‌جێكردنه‌، بۆنمونه‌ له‌و به‌رنامانه‌ی‌ بیرمان لێكردوه‌ته‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ خانه‌نشینیه‌، پێمانوایه‌ مافی‌ خانه‌نشینی‌ مافی‌ هه‌مو هاوڵاتیه‌كی‌ كوردستانه‌  كه‌ گه‌یشته‌ ته‌مه‌نێكی‌ دیاریكراو به‌تایبه‌ت دوای‌ ته‌مه‌نی‌ (60) ساڵی‌ هه‌مو كه‌سێك له‌م وڵاته‌ حه‌قی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ مافی‌ خانه‌نشینی‌ هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ كه‌می‌ ژیانی‌ ته‌ئمین بێت.

- مه‌به‌ستت هه‌مو كه‌سێك ئه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ و دانه‌مه‌زراوه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌رتی‌ گشتی‌ و كه‌رتی‌ تایبه‌ت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ی‌ كاری‌ كردوه‌ و كاری‌ نه‌كردوه‌ ئه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌ و دانه‌مه‌زراوه‌، كه‌ گه‌یشته‌ ته‌مه‌نێك حه‌قی‌ به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ و مافی‌ سروشتی‌ خۆیه‌تی‌ كه‌ له‌ به‌روبوم و خێری‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌شداربێت، له‌رێگه‌ی‌ مافی‌ خانه‌نشینیه‌وه‌، بە نمونە مافی‌ خانه‌نشینی‌ ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مافانه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ مافێكی‌ سه‌لمێنراوی‌ هه‌مو كه‌سێكی‌ ده‌زانین.
یه‌كێكی‌ تر له‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كابانی‌ ماڵه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ماندا به‌ درێژی‌ باس كرابێت ، مافی‌ كابانی‌ ماڵ ئه‌وه‌ نیه‌ ئێمه‌ ژن له‌ماڵه‌وه‌ فێری‌ ته‌مه‌ڵی‌ بكه‌ین، ‌ به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌ركه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك له‌ كابانی‌ ماڵ، جگه‌ له‌وه‌ی‌ منداڵی‌ خۆی‌ به‌خێو ده‌كات ئه‌ركی‌ ناوماڵه‌كه‌ی‌ به‌كار ده‌هێنێت هه‌یانه‌ پیاوی‌ پیر به‌خێو ده‌كات یان چاودێری‌ ژنی‌ پیر ده‌كات.
بێجگه‌ له‌وه‌ كۆمه‌كی‌ دارایی‌ منداڵ، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ زۆری‌ وڵاتانی‌ پێشكه‌وتوی‌ دنیا هه‌یه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ له‌ رێی‌ ئه‌و سندوقی‌ یارمه‌تیدانی‌ بارگرانی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك ، كۆمه‌ڵێك له‌و پرۆژانه‌ی‌ كه‌ هاوڕێكانی‌ ئێمه‌ له‌م لیسته‌ تازه‌یه‌دا ئاماده‌یان كردوه‌، پێمانوایه‌ له‌ چوارساڵی‌ داهاتودا به‌ڵێ‌ ده‌توانن زۆر به‌چاكی‌ جێبه‌جێی‌ بكه‌ن.

- ئێوه‌ زۆر باس له‌ خۆشگوزه‌رانكردنی‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ئه‌م چه‌ند بواری‌ خانه‌نشینی‌ و سندوقی‌ بارگرانی‌ ژیان و كابانی‌ ماڵ، ئایا بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌حه‌مولی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات یان هه‌ر جۆرێكه‌ له‌ دروشم؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: نه‌خێر ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی‌ كه‌ ژوره‌ تایبه‌تمه‌نده‌ پسپۆڕه‌كانی‌ ئێمه‌ كردویانه‌، به‌ڵێ‌ ئه‌و (17%)ی‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت و ئه‌و داهاته‌ی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌ به‌ داهاتی‌ نه‌وت و غازه‌وه‌ به‌ڵێ‌ به‌زیاده‌وه‌ به‌شی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات.

- له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ رابردودا په‌یامی‌ تایبه‌تت هه‌بو بۆ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی‌ ئاسایش، له‌ چوار ساڵی‌ رابردودا فراكسیۆنه‌كه‌تان له‌ په‌رله‌مان به‌رده‌وام داكۆكیان له‌ و هێزانه‌ كردوه‌ و له‌ میدیاكانتاندا به‌رده‌وام داكۆكیتان له‌ خۆشگوزه‌رانكردنی‌ ئه‌و هێزانه‌ كردوه‌، له‌كاتێكدا ره‌خنه‌شتان هه‌یه‌ له‌م هێزانه‌ كه‌ هێزی‌ حیزبین و نیشتمانی‌ نین بۆچی‌، یانه‌ ئەمه‌ جۆرێك نیه‌ له‌ دژ به‌ یه‌كی‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه‌ كه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین بكرێن به‌ هێزی‌ نیشتمانی‌ مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نیه‌ نیشتیمان په‌روه‌ری‌ و نا نیشتیمان په‌روه‌ری‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هێزی‌ حیزبیه‌وه‌ بكرێن به‌ هێزی‌ هه‌مو خه‌ڵك، ئێمه‌ به‌چاوی‌ رێزه‌و ئیحتیرامێكی‌ زۆره‌وه‌ سه‌یری‌ پێشمه‌رگه‌، ئاسایش و پۆلیس و هه‌مو ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ ده‌كه‌ین، ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ ئێمه‌ ده‌وری‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوبێت له‌ بنیاتنان و دروستكردنی‌ به‌شێك له‌و دامه‌زراوانه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان به‌لاوه‌ راست نیه‌ كه‌ حیزبێك به‌ تاقی‌ ته‌نیا ئه‌م ده‌زگایانه‌ بۆخۆی‌ قۆرخ بكات و بۆ سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ و سه‌ركوتكردن و ترساندنی‌ خه‌ڵك به‌كاری‌ بێنێت.

ئه‌گینا ئێمه‌ پێمانوایه‌ دامه‌زراوه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانیه‌، ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وان پارێزگاریكردنی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وان سه‌ركوتكردنی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ خه‌ڵك نیه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ دامه‌زراوه‌ی ئاسایش دامه‌زراوه‌یه‌كه‌ كورد پێویستی‌ پێیه‌تی‌ و ده‌بێت هه‌مان بێت، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ی‌ ئاسایش هی‌ ئه‌وه‌ نیه‌ نیوه‌شه‌و هه‌ڵبكوتێته‌ سه‌ر ماڵان و خه‌ڵك بفڕێنێت، به‌ڵكو ئیشه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاسایشی ‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ بپارێزێت له‌ جه‌ریمه‌ی‌ منه‌زه‌م و مه‌سه‌له‌ی‌ مخه‌ده‌رات و مه‌سه‌له‌ی‌ جاسوسی‌ خاریجی‌ و ئه‌وانه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ ئیشه‌كه‌ی‌ جاسوسی‌ به‌سه‌ر حیزبه‌كانی‌ خۆمانه‌وه‌ بكات.

ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌م هێزانه‌ ئینسانی‌ زۆر شاره‌زایان تێدایه‌ كه‌ ناكرێت به‌هیچ جۆرێك ده‌ستبه‌رداری‌ لێهاتویی‌ و لێوه‌شاوه‌یی‌ ئه‌وانه‌ بن، بۆنمونه‌ كه‌سێك كه‌ بۆماوه‌ی‌ (20) ساڵ كاریكردوه‌ ئه‌وه‌ سه‌روه‌تێكی‌ نیشتمانیه‌، پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی‌ (20 -30) ساڵ پێشمه‌رگایه‌تی‌ كردوه‌ و شه‌ڕی‌ بینیوه‌ و ته‌دریبی‌  كردوه‌ و چه‌كی‌ به‌كارهێناوه‌ ئه‌وه‌ سه‌روه‌تێكی‌ نیشتمانیه‌، پۆلیسی‌ سه‌ر جاده‌كان و پۆلیسی‌ مرور و جینایه‌ت و ئه‌وانه‌ی‌ تر به‌شێكن له‌ هێزی‌ مرۆیی‌ زۆر گرنگی‌ میله‌ته‌كه‌مان.
یه‌عنی‌ میله‌تان ته‌نها به‌ ئاڵتون و نه‌وت ناپێورێت به‌وه‌ی‌ چه‌ند سه‌رمایه‌ی‌ به‌شه‌ری‌ هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ش به‌شێكن له‌سه‌رمایه‌ی‌ به‌شه‌ری‌ ئێمه‌، ئیعتیرازی‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ ئه‌وانه‌ خراپ له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌  گۆڕاوه‌، وه‌زیفه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ پاراستنی‌ نیشتمانه‌ وه‌زیفه‌ی‌ ئاسایش پارێزگاریكردنی‌  ئاسایشی‌ كۆمه‌ڵگایه‌، وه‌زیفه‌ی‌ پۆلیس پارێزگاریكردنی‌  قانون و سه‌روه‌ری‌ قانونه‌، ئه‌مانه‌ ئێستا وه‌زیفه‌كانیان گۆڕیون و ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت بچنه‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌كانی‌ خۆیان.

- رایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ دیسان ره‌نگه‌ وه‌ك تۆمه‌ت بدرێته‌ پاڵ ئێوه‌، كه‌  ئێوه‌ دژی‌ خانه‌نشینكردن و خه‌ڵكی‌ خانه‌نشین بون، ئێوه‌ دژی‌ چ جۆرێك له‌ خانه‌نشین كردنن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: یه‌كه‌م ئێمه‌ پێمانوایه‌ خانه‌نشینی‌ فه‌زڵێك نیه‌ هیچ حیزبێك بیبه‌خشێت به‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ خۆیان، پێمانوایه‌ خانه‌نشینی‌ مافێكی‌ قانونی‌ و ده‌ستوری‌ هه‌مو هاوڵاتیه‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی‌ دیاریكراودا و پێمانوایه‌ موچه‌ی‌ خانه‌نشین به‌شێكه‌ له‌ سیستمی‌ موچه‌ له‌ كوردستانی‌ عێراقدا كه‌ سیستمی‌ موچه‌ له‌ كوردستانی‌ عێراق سیستمێكه‌ عه‌داله‌تی‌ تێدا نیه‌، له‌ به‌ینی‌ پله‌ جیاوازه‌كاندا ناعه‌داله‌تی‌ و بێدادی‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ لایه‌نگری‌ ئه‌وه‌ین كه‌ چاوخشاندنه‌وه‌ بكرێت به‌ سیستمی‌ موچه‌ به‌ گشتی‌ نه‌ك ته‌نها خانه‌نشینی‌ بۆئه‌وه‌ی‌ جۆرێك له‌ عه‌داله‌ت له‌ دابه‌شكردنی‌ سه‌روه‌ت و سامان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا په‌یڕه‌و بكرێت، به‌ڵام وه‌ك سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌مو كه‌سێك كه‌ ته‌مه‌نی‌ گه‌یشته‌ (65) ساڵ سه‌ر به‌ حیزب بێت یان نا له‌ كاروباری‌ ده‌وڵه‌ت كاری‌ كردبێت یان نا، خه‌ڵكی‌ ناوشار بێت یان ده‌ره‌وه‌ له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بێت یان كه‌رتی‌ گشتی‌، مافی‌ سروشتی‌ خۆیه‌تی‌ لایه‌نی‌ كه‌می‌ ژیانی‌ بۆ دابین بكرێت كه‌ ئه‌ویش مافی‌ خانه‌نشینیه‌.

- ئێوه‌ له‌ رابردودا به‌ رونی‌ راتان گه‌یاندوه‌ كه‌ دژی‌ ئه‌وه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و گروپێكه‌وه‌ قۆرخ بكرێت، ئێوه‌ خۆتان به‌ چ فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات له‌ كوردستان ده‌به‌ن به‌رێوه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا: فه‌لسه‌فه‌ی‌ سیاسی‌ ئێمه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ ناكۆكی‌ سه‌ره‌كی‌ نێوان ئێمه‌ و لایه‌نه‌كانی‌ تر بێت به‌تایبه‌ت پارتی‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تی‌ هاوڵاتی‌ دروست بكرێت ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌ له‌یه‌كتر جیا بكرێنه‌وه‌ و تێكه‌ڵاو نه‌كرێت، ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌زائی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ پیشه‌یی‌ و سه‌ربه‌خۆ بێت، ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌شریعی‌ ئاكتیڤ و كارا بكرێت بۆئه‌وه‌ی‌ چاودێری‌ حكومه‌ت بكات و قانونی‌ باش ده‌ربكات، ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن به‌ یه‌ك چاو سه‌یری‌ هه‌مو هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكات و جیاوازی‌ نه‌كات له‌نێوانیاندا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئینتیمای‌ حیزبی‌ و ئینتیمای‌ مه‌نتیقه‌ و ئینتیمای‌ عه‌شیره‌تی‌، فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، فه‌لسه‌فه‌ی‌ ئێمه‌ بنیاتنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ هاوڵاتیه‌ نه‌ك بنیاتنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌ندامی‌ حیزب.

- با باسی‌ گه‌نج بكه‌ین، بۆچی‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامانتان له‌ خولی‌ سێی‌ په‌رله‌مان و كاندیده‌كانی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت رێكخه‌ری‌ ژوره‌كانتان و هه‌ڵسوڕاوه‌كانتان زۆرینه‌یان گه‌نجن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌سه‌ره‌تاوه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ڵێنی‌ به‌ خه‌ڵك دا گه‌نج بهێنێته‌ پێشه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ بكه‌ن له‌  بڕیاردانی‌ سیاسی‌ و ژیانی‌ گشتی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئێمه‌ پێمانوایه‌ گه‌نج سه‌رمایه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێستا و بۆ داهاتوه‌، پێمانوایه‌ مافی‌ سروشتی‌ خۆیانه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س زانكۆكانیان ته‌واو كردوه‌ به‌شداری‌ بكه‌ن له‌ ده‌زگا جۆراوجۆره‌كان و له‌ ده‌زگای‌ بڕیاردانی‌ سیاسی‌ و ته‌شریعی‌ و جێبه‌جێكردنی‌ قانونه‌كاندا، وه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌بێت هه‌لی‌ یه‌كسان بۆ هه‌مو گه‌نجێكی‌ ئه‌م وڵاته‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌  سه‌ر به‌ چ حیزبێكه‌، سه‌ر به‌ چ عه‌شیره‌تێكه‌، سه‌ر به‌ چ ناوچه‌یه‌كه‌، سه‌ر به‌ چ بیروباوه‌ڕێكی‌ سیاسیه‌، سه‌ر به‌ چ دین و مه‌زهه‌بێكه‌، هه‌لی‌ یه‌كسان بۆ هه‌مویان بڕه‌خسێنرێت بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت چ له‌ كه‌رتی‌ گشتیدا بێت وه‌ له‌ داموده‌زگاكانی‌ تر، چ له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت بێت، هه‌لی‌ یه‌كسان بۆ هه‌مویان بڕه‌خسێنین بێنه‌ پێشه‌وه‌، وه‌ پێمانوایه‌ ئێمه‌ له‌و ماوه‌یه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی‌ به‌ خه‌ڵكمان دابو گه‌نج بێنینه‌ پێشه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ بكات له‌ ژیانی‌ سیاسیدا له‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌ستمان پێكردوه‌ و له‌ داموده‌زگاكانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا له‌ هه‌ر جێگایه‌كیاندا ببینیت، راسته‌ خه‌ڵكی‌ به‌ته‌مه‌ن و تێكۆشه‌ری‌ دێرینی‌ تێدایه‌، به‌ڵام هه‌وڵمانداوه‌ هیمه‌ت و جۆشوخرۆش و په‌رۆشی‌ گه‌نج له‌گه‌ڵ ته‌جروبه‌ی‌ دێرینه‌كاندا تێكه‌ڵاو بكه‌ین و تائێستا به‌ سه‌ركه‌وتویی‌ ئه‌م كاره‌مان هێناوه‌ و ئومێدیشم وایه‌ له‌ ئاینده‌دا بتوانین ئه‌و به‌ڵێنه‌ی‌ به‌ خه‌ڵكمان دابو جێبه‌جێی‌ بكه‌ین.

- له‌سه‌ر دانانی‌ گه‌نجێك به‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌تان بۆ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان راتان چیه‌، هه‌ن كه‌ پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ موجازه‌فه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێمانوانیه‌ ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ موجازه‌فه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی‌ به‌ گه‌نجه‌كانی‌ كوردستانمان دابو، پێمانوایه‌ گه‌نجه‌كانی‌ كوردستان ئه‌گه‌ر به‌راوردی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ لیسته‌كه‌ی‌ ئێمه‌ و سه‌رۆكایه‌تی‌ لیسته‌كانی‌ تر بكه‌ن، ئه‌زانن كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ خۆمان راستگۆ بوین و گه‌نجێكمان كردوه‌ به‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌ كه‌ رابردویه‌كی‌ نیه‌ كه‌س بتوانێت ره‌خنه‌ی‌ لێبگرێت.
-    جاری رابردو نه‌یاره‌كانتان هه‌وڵیاندا له‌ڕێگه‌ی ترسه‌وه‌ كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئێوه‌، یان له‌سه‌ر رێژه‌ی كاریگه‌ری و به‌رفراوانی ئێوه‌، پێتانوایه‌ ئه‌مجاره‌ یان ترس له‌م قۆناغه‌دا كاریگه‌ری ده‌بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌مو حكومه‌ته‌ فاشیله‌كانی دنیا یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ی به‌كاریده‌هێنن بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگا ترسه‌، لێره‌ش هه‌مان شتیان كردوه‌، به‌ڵام حكومه‌تێك یان هێزێك بتوانێت كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بترسێنێت بۆ ماوه‌یه‌ك، ناتوانێت تا سه‌ر بیترسێنێت، بۆ خۆشبه‌ختی له‌ كوردستانی عێراقدا خه‌ڵك بۆخۆی به‌شێكی گه‌وره‌ی دیواری ترسی روخاندوه‌، خۆیشتان ده‌یبینن له‌ ته‌لەفزیۆنه‌كه‌ی ئێوه‌وه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی تره‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌ خه‌ڵك به‌ ئازادی قسه‌ ده‌كات، ئازایانه‌ قسه‌ ده‌كات، نه‌ك هه‌ر به‌ ئازادی قسه‌ ده‌كات، به‌مانایه‌كی تر ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌ی كه‌ جاره‌كانی تر به‌كاریانهێنا، ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ ناخوات.

- قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ پاره‌ بێننه‌ ناو هاوكێشه‌كه‌وه‌، ره‌نگه‌ بیانه‌وێت به‌ پاره‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی نراوه‌ كڕینی ده‌نگ، یان كڕینی ویژدان، كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر ئێوه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه‌ش هه‌روه‌كو ترس، ره‌نگه‌ حكومه‌تێك له‌رێگای ترس و تۆقاندنه‌وه‌، وه‌كو چۆن ده‌توانێت له‌رێی ترس و تۆقاندنه‌وه‌ ماوه‌یه‌ك كۆنترۆڵی كۆمه‌ڵگا بكات، به‌ڵام دوایی كۆمه‌ڵگا به‌ڕویدا ده‌ته‌قێته‌وه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ ره‌نگه‌ حكومه‌تێك بتوانێت به‌ پاره‌ به‌شێك له‌ خه‌ڵك بكڕێت، بۆ ماوه‌یه‌ك، به‌ڵام هیچ حكومه‌تێك له‌ دنیادا ناتوانێت هه‌مو خه‌ڵك بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ پاره‌ بكڕێت، ئێستا خه‌ڵكی ئێمه‌ هۆشیاری سیاسیان گه‌یشتوه‌ته‌ راده‌یه‌ك، كه‌ به‌ پاره‌ قابیلی كڕین نین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌شی لێوه‌ربگرێت به‌ قسه‌ی ناكات.

- له‌ روبه‌ڕوی پێشودا باست له‌وه‌كرد كه‌ قسه‌كه‌ت وه‌كو خۆی نه‌قڵ ده‌كه‌م كه‌ وتت :" من و هاوڕێكانم له‌ ماوه‌ی رابردودا ئه‌ركی ئه‌خلاقی و دینی و نیشتیمانیان به‌رامبه‌ر میله‌ته‌كه‌تان، له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ به‌ ئاشناكردنیان به‌ مافه‌كانیان، كه‌ چی مافه‌یانه‌ و چی مافیان نییه‌ ئاشناتان كردون، ئه‌ركی خۆتان جێبه‌جێكردوه‌، خواستی ئه‌وه‌تان كرد كه‌ قه‌زاوه‌تێكی عادیلانه‌  له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ببینن، پێتانوایه‌ فیعله‌ن خه‌ڵك قه‌زاوه‌تێكی عادیلانه‌تان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و متمانه‌ی خۆیانتان ده‌ده‌نێ؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ئێستا له‌به‌رده‌می دادگای خه‌ڵكدان، خه‌ڵك قه‌زاوه‌ت ده‌كات به‌رامبه‌ر ئه‌م حیزبه‌ هه‌ڵوێستی چییه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌و حیزبه‌ی تر هه‌ڵوێستی چییه‌؟ به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هه‌ڵوێستی چییه‌؟ ئه‌م ده‌نگدانه‌ وه‌كو دادگا وایه‌ كێ سزا ده‌درێت، كێ سزا نادرێت.
 ئێمه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ر شانمان بوه‌ چی وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، چی وه‌كو په‌رله‌مانتاره‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، چی وه‌كو راگه‌یاندنكار چی وه‌كو رێكخستن، چی وه‌كو ره‌وه‌ندی ده‌ره‌وه‌، چی وه‌كو ژوره‌ جیاجیاكانی وه‌كو په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی په‌یوه‌ندی سیاسی، ژوه‌ركانی تر، ئێمه‌ پێمانوایه‌ واجبی خۆمان به‌جێهێناوه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین میله‌ته‌كه‌مان پاداشتمان بداته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌مان بداتێ.

- ئه‌م قسه‌یه‌ هیچ ته‌فسیرێك هه‌ڵناگرێت، به‌دیوه‌كه‌ی تردا هیچ پاداشتێكی نه‌دانه‌وه‌، به‌جۆرێكی تر یه‌عنی متمانه‌ی خه‌ڵكتان به‌ده‌ست نه‌هێنا لایه‌نی كه‌م له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانی خۆتاندا، ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ پاساو نییه‌ بۆ بێئومێدی یان بێئومێدی دروست ناكات لای خه‌ڵك؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌ هیچ حاڵه‌تێكدا نابێت خه‌ڵك بێئومێد بێت، هه‌میشه‌ ده‌بێت خه‌ڵك چاوی له‌ ئاسۆبێت، به‌ته‌مای پاشه‌ڕۆژێكی باشتربێت، هیوای گه‌وره‌ی هه‌بێت، نابێت هیچ وه‌ختێك نه‌ ئێمه‌ كه‌ كه‌سی تر بێئومێد بین.

- پرسیارێك زیاد له‌ جارێك ئه‌م پرسیاره‌ هاتوه‌ بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ و له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌وێ بیكه‌م، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌خۆی داوای پۆست ده‌كات، نه‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی ده‌چێته‌ پۆسته‌وه‌، چی دابو له‌وه‌ی بكه‌وێته‌ ئه‌م ململانێیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتی، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی شه‌خسی خۆی داوای هه‌رچییه‌كی بكردایه‌ و هه‌رچییه‌كی بویستایه‌ بۆیان ده‌كرد، ته‌علیقت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چییه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: كاتی خۆی چی من و چی هاوڕێكانم كه‌ ده‌ستمانكرد به‌ كاركردن، له‌ زه‌مانێكدا كارمانكرد كه‌ زۆر سه‌خت بو حكومه‌تی كوردی دانه‌مه‌زرابو، جوڵانه‌وه‌ی كورد نه‌ سه‌ركه‌وتن و نه‌ نیوه‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنابو، كه‌س نه‌یه‌زانی چاره‌نوسی چی ده‌بێت، له‌و زه‌مانه‌ كه‌ ده‌ستمانكرد به‌ كاری سیاسی و دواتریش ده‌ستمانكرد به‌ كاری پێشمه‌رگانه‌، كه‌سی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ناكرد له‌ پاداشتی ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێك خه‌باتی سیاسی كردوه‌ ببێت به‌ وه‌زیر، یان ته‌قاعودیه‌كی زۆر وه‌ربگرێت، یان قەسرێك بۆخۆی دروست بكات، یان ببێت به‌ قۆنته‌رات چی، به‌ڵكو زۆر له‌وانه‌ی به‌شداربوی ئه‌و خه‌باته‌ بون، به‌شێكیان شه‌هید بون، به‌شێكیان ئێستا كه‌م ئه‌ندامن، به‌شێكیان شه‌هیدی زیندون، كۆمه‌ڵێك ئامانج ئێمه‌ كۆكردبوه‌وه‌، ئه‌و ئامانجانه‌ هه‌موی ئامانجی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی بون، ئامانجی سیاسی بو، ئامانجی كۆمه‌ڵایه‌تی بو، ئامانجی رۆشنبیری بو، شتی تایبه‌تی نه‌بو، ئه‌گه‌ر به‌دوای شتی تایبه‌تیدا بگه‌ڕاینایانه‌، ده‌مانتوانی بچین رێگایه‌كی تر بگرین، ئێستاش ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و ئامانجانه‌ ته‌واو نه‌كراون، ئه‌و رێگایه‌ی كه‌ گرتبومان هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌نجامی ته‌واو، بۆیه‌ پێمانوایه‌ به‌ هەمان هه‌ناسه‌ و نه‌فه‌سی و ره‌وشتی جاران به‌رده‌وام ده‌بین هه‌تا ده‌گه‌ینه‌ ئامانجه‌كانی خۆمان.

- ئەگەر په‌یامت بۆ خه‌ڵكی كوردستان و به‌ تایبه‌ت بۆ ده‌نگده‌رانی كوردستان چییه‌؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: داوا له‌ هه‌مو دانیشتوانی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ سه‌ر ویژدانی خۆیان و بڕۆن بۆ هه‌ڵبژاردن بچن بۆ سه‌ر سندوق بۆ دادگاییكردن و ئه‌و قه‌زاوه‌تی باسمان كرد وه‌ ده‌نگ بده‌ن له‌ لیستی (117)ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان. 

به‌ڕێز نه‌شیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زۆر سوپاس بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی ئێمه‌.


14/09/2013 بینین: 37718
 
زیاتر
دەبێت ئەو تاڵە داوانە بدۆزینەوە کە هەموانی کۆ
شێخ ئه‌نوه‌ر ئه‌لعاسی‌
ئەسیل نوجێفی: پلانی ئازادکردنی موسڵ لە قۆناغی
کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێم: ئارامی‌ كوردستا
محەمەد ئاکیف‌
ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكە وایكردوه‌ بتوانین روبه‌ڕوی ق
د.یوسف محەمەد‌
د. دەرباز محەمەد: گەلێك جوڵاوە، نەك ئاوارەبون
وه‌زیری‌ ئه‌وقاف: له‌ هه‌ولێرەوە ده‌ستمان پێك
به‌غدا بوه‌هۆی‌ دواكه‌وتنی‌ گه‌شتنی‌ چه‌ك به‌
مسته‌فا سه‌ید قادر‌
گۆڕان بوەتە جێی ئومێدی خەڵکی کەرکوک
مه‌لا فه‌رمان‌
یەکێتی و پارتی خەڵکی کەرکوکیان دابەشکردوە
ئه‌دهه‌م جومعه‌‌
سلێمانی به‌رده‌وام سزا دراوه‌
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر‌
ئەگەر رێگەی هەڵبژاردن شکستی خوارد، خەڵک بیر ل
نەوشیروان مستەفا‌
كەس تەفاسیلی كێشەكان و گفتوگۆ داخراوەكان ناز
ئارام شێخ محەمەد‌
حه‌جمێ‌ حه‌قیقی‌ ده‌سه‌لات ژ بادینان ل موعار
حه‌مید حه‌سه‌ن‌
گه‌نجێن بادینان بهیچ ره‌نگه‌كێ‌ تاكره‌ویێ‌ ق
حاجی‌ رێكانی‌‌
ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌ی‌ به‌شداریكردن له‌حكومه‌ت ن
جه‌لال جه‌وهه‌ر‌
له‌به‌ر نه‌وت كه‌ركوكیان كردۆته‌ قوربانی‌
نه‌وزاد شوانی‌‌
عه‌یب ‌و عاره‌كانیان كه‌شف بو
كاوه‌ محه‌مه‌د‌
له‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێم كاره‌بای‌ به‌رده‌وام نی
عه‌بدولڕه‌حمان موهەندیس‌
هه‌ندێك قه‌باره‌ی‌ خۆیان نازانن
یوسف محه‌مه‌د:‌
پارێزگاری‌ نوێی‌ سلێمانی‌ هه‌ڵده‌بژێرین
دانا عەبدولکەریم‌
 1      
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبەجێدەکات
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێدایە
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت
نەتەوە یەكگرتوەكان: 85 هەزار كەس لە رومادی هەڵاتون
واشنتۆن كوبای لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەرهێنا
سەدان كۆچبەری نایاسایی لە كەناراوەكانی ئیتالیا رزگاردەكرێن
قەتەر لە بەغدا باڵیۆزخانە دەكاتەوە
پلاتەر بۆ جاری پێنجەم وەك سەرۆكی (فیفا) هەڵبژێردرایەوە
لەبارەی هەڵبژاردنەكەی (فیفا)وە
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فیفا كەوتە قۆناغی دوەم
مەرجەعیەتی شیعە: دورنییە جەنگێكی خوێناوی هەڵگیرسێت
''کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن بودجەی یەک ساڵی هەرێم بدەن''
سلێمانی؛ كۆنگرەی سێیەمی ئازادی ژنانی كوردستان بەڕێوەدەچێت
بەوێنە؛ سەردانی وەزیری دارایی بۆ لای خانەنشینان
هەولێر؛ سەندیكای پارێزەران بایكۆتی كۆنگرەی دادوەری دەكات
پسپۆڕێكی بواری تیرۆر: داعش تەنها لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان شارەزایە
سوریا؛ بەری نوسرە شاری ئیدلەب كۆنتڕۆڵ دەكات
كۆمەڵی ئیسلامی سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت
هەڵەبجە؛ روداوێکی هاتوچۆ پێنج کەسی کردە قوربانی
حەویجە؛ داعش هێزێكی تایبەت بە سزادانی ژنان پێكدێنێت
لیبیا؛ داعش گەورەترین بنكەی ئاسمانی لە شاری سەرت کۆنتڕۆڵکرد
یەمەن؛ هۆزە میلیەكان شاخی عەریش-یان كۆنتڕۆڵ كرد
جۆش ئارنست: ئەمەریكا بەرپرس نیە لە ئاسایشی عێراق