Print WWW.SBEIY.COM
 لەم هەڵبژاردنەدا بزوتنەوەی گۆڕان رێژەی دەنگ و کورسییەکانی زیاتر دەبێت
26/08/2013 18:41:17
سازدانی عەدنان عەلی

لەم چاوپێکەوتنەدا کوێستان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، باس لە چوار ساڵی کاری ئۆپۆزسیۆن و گرفتەکانی بەردەمی و رۆڵی لە گۆڕینی کاری پەرلەمانی و شێوازی بەڕێوەبردنی حوکم لە کوردستاندا دەکات.

لەبەشێکی چاوپێکەوتنەکەیدا کوێستان محەمەد دەڵێت: بە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009دا توانی گۆڕانکاریی تەواو لەسیستەمی سیاسیدا بکات و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکەوە بباتە قۆناغێکی تر.

هەروەک سەبارەت بە شێوازی کاری سیاسی و پەرلەمانیش ئاماژە بەوە دەکات، توانیان زمانی چەک بگۆڕن بە زمانی چالاکی مەدەنی و خەباتی پەرلەمانی، ئەمەش یەکێکە لەو دەستکەوتانەی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتیش فراکسیۆنی گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕان کردویەتی.

لەو بڕوایەشدایە، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا، بزوتنەوەی گۆڕان رێژەی دەنگ و کورسییەکانی زیاتر دەبێت و ئەوە دەخاتەڕو "بزوتنەوەی گۆڕان، چوار ساڵ توانی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جدی بێت و متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێتەوە، بۆیە دەتوانێت لەم هەڵبژاردنەشدا دەنگی زیاتر و متمانەی خەڵک بەدەستبهێنێت، هاوکات ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بتوانێت زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کاتی ئەوەیە کە حکومەت پێکبهێنێت و بچێتە دەسەڵاتەوە"

دەقی چاوپێکەوتنەکە

رادیۆی گۆڕان: لەئێستادا چوار ساڵی تەمەنی ئەزمونی یەکەم کوتلەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی تێپەڕدەبێت، لەسەرەتای دەستپێکردنی کارکردنی ئۆپۆزسیۆندا کە چونە پەرلەمانەوە، گرفتەکانی بەردەمتان چیبون؟
کوێستان محەمەد: سەرەتا دەمەوێت لەوەوە دەستپێبکەم، کە دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009دا توانی گۆڕانکاریی تەواو لەسیستەمی سیاسیدا بکات. سیستەمی سیاسی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکەوە بباتە قۆناغێکی تر. لەهەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەشدا لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان توانی 25 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئازایانە رەتی کردەوە بچێتە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بونی هەڵبژارد. بەمەش گۆڕانێکی لەسیستەمی سیاسیدا کرد بەوەی 18 ساڵ بو لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن نەبو، 18 ساڵ بو یەکێتی و پارتی پەرلەمان و حکومەت و هەمو دامودەزگاکانیان بەسەر خۆیان و چەند حیزبێکی بچوک دابەشکردبو.

ئێستا لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، ئێستا ئۆپۆزسیۆنێکی جدی و کارا هەیە، ئۆپۆزسیۆنێک هەیە کە دەست دەخاتە سەر کەموکورتییەکان و گەندەڵییەکان ئاشکرا دەکات.

رادیۆی گۆڕان: پێتوایە ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەی گۆڕان وای لە یەکێتی و پارتی کردوە شێوازی ئەداکردن و مامەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا بگۆڕێت؟
کوێستان محەمەد: راستە گۆڕانکاری بنەڕەتی لەهەرێمی کوردستاندا نەبوە، بەڵام هەندێ گۆڕانکاری بوە کە ئەوەش دەستکەوتی ئۆپۆزسیۆنە بەتایبەتیش فراکسیۆنی گۆڕان.

لەم چوار ساڵەدا بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنیش بە گشتی، توانی هوشیاری سیاسی بە خەڵک بدات کە چی ئەگوزەرێت لەم هەرێمە و چاوی خەڵک رۆشن بکاتەوە بەرامبەر ئەو گەندەڵی و ناعەدالەتیانەی بەرامبەریان دەکرێت، بەرامبەر بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی ئەم هەرێمەو داهاتی نەوت، بەرامبەر کەموکوڕییەکانی بودجە، هەمو ئەو گەندەڵیانەی بەسیستەم بەڕێوەدەچێت لەدامودەزگاکانی حکومەتدا. 

بۆ هەمو ئەمانە ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان وایکرد خەڵک هۆشیار بکاتەوەو خەڵکی لێ ئاگادار بکاتەوە کە لەم هەرێمە چی دەگوزەرێت.

رادیۆی گۆڕان: فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن کاریگەریان لەسەر فراکسیۆنەکانی دەسەڵات هەبو بۆ ئەوەی زیاتر لە خەڵک نزیک ببنەوە، بەتایبەت کە لەخولەکانی رابردودا کەمجار دەمانبینی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان سەردانی خەڵک بکەن؟
کوێستان محەمەد: فراکسیۆنی گۆڕان خاوەنی کۆمەڵێک داهێنان بو، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە کۆمەڵێک داهێنانی گەورەی کرد لەکاری پەرلەمانیدا، لەوانە لەزۆرێک لە شار و قەزا گەورەکان نوسینگەی تایبەتی بە ئەندامانی پەرلەمان کردەوە، کە ئەمە شتێکی تازە بو، هەروەها ئامادەبون و دەوامی بەردەوامی ئەندامانی پەرلەمان لەنوسینگە رەسمییەکان کە وایکرد خەڵکێکی زۆر رو لەو نوسینگانە بکات.

پێشتر لە شارەکان کەم کەس ئاگاداربو کە پەرلەمان نوسینگەی تایبەتی هەیە، کەم کەس کێشەو داواکارییەکانی روبەڕوی ئەندامانی پەرلەمان دەکردەوە لە نوسینگەکان، بەڵام لەم خولەدا بە هەوڵی ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی گۆڕان وایکرد، کە بۆ هەمو داواکاری و کێشەکانی رو لە نوسینگەکانی پەرلەمان بکەن.

خاڵێکی تر، پەرلەمانتاران گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک، ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی فراکسیۆنی گۆڕان لەم چوار ساڵەدا، کەم شوێن هەیە لە قەزاو ناحیەکان و بەشێکی زۆری گوندەکان بەسەری نەکردبێتەوە. ئەمە وایکرد کە دواتر فراکسیۆنی کوردستانیش چاو لە فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن بکەن، بگەڕێنەوە ناو خەڵک و سەردانی خەڵک بکەن.

هەر ئەم سەردانانەی ئێمە وایکرد کە خەڵک ئازایانە باس لە کێشەو داواکارییەکانی خۆی بکات. لەسەرەتای سەردانەکانیشماندا، خەڵک بە جۆرێک لەترسەوە لێمان نزیک دەبونەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە لەدوای هەڵبژاردنەکان خەڵکێکی زۆر سزای سیاسی درابو، یەکێتی و پارتی هەڕەشەی جۆراوجۆریان لەخەڵک کردبو. بەڵام وردە وردە کە ئەندامانی پەرلەمان دەچونە لای خەڵک، کۆبونەوەو دانیشتنیان لەگەڵ دەکردن و لە کێشەو کەموکوڕییەکانیان دەکۆڵینەوە، خەڵک ئەو ترسەی شکاو وایلێهات خۆیان پەیوەندییان پێوە دەکردن لە قەزاو ناحیەکان و گوندەکان بۆ ئەوەی سەردانیان بکەین و کێشەو داواکانیان روبەڕوی ئێمە دەکردەوە.

هەر لەم خولەی پەرلەماندا وای لێهات، کە پەرلەمانتار داواکارییەکانی خەڵک بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەردانی بەرپرس و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکات. جگەلەوەش وەزیرەکان ناچار بکات کە گوێ لە پەرلەمانتاران بگرن و داواکاری و کێشەو کەموکوڕییەکانی خەڵک چارەسەر بکەن.

لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەمانیشەوە، فراکسیۆنی گۆڕان کۆمەڵێک پڕژە یاسای گرنگی پێشکەشکرد. لەناویاندا کۆمەڵێکیان بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی بو، کۆمەڵێکیان بۆ بەدیموکراتیزەکردنی هەرێمەکەمان بو، کۆمەڵێکیشیان بۆ بەرژەوەندی و داخوازییەکانی خەڵک بو، ئەم هەوڵەی ئێمەش وایکرد فراکسیۆنی کوردستانی بەدوای فراکسیۆنی گۆڕاندا کۆمەڵێک پڕۆژە هاوشێوەی پڕۆژەکانی ئێمە پێشکەشی پەرلەمان بکات.

من کە لەخولی پێشتریشدا ئەندامی پەرلەمان بوم، کەمترین گفتوگۆ دەکرا لەبارەی پڕۆژەیاساکان، لەسەر بودجە، لەسەر کێشەکانی خەڵک و ئەو قەیرانانەی لەهەرێمی کوردستاندا دروست دەبو، بەڵام لەخولی سێیەمدا ئەو پێداگرییەی ئەندامانی پەرلەمان لەفراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەتیش فراکسیۆنی گۆڕان، ئەو گفتوگۆ جدیانەی دەیانکرد لەسەر پڕۆژە یاساکان و لەسەر بودجەو داواکارییەکانی خەڵک و قەیرانە سیاسییەکان، وایکرد ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی کوردستانیش رابکێشێت کە هەندێکجار بە ئاراستەیەک قسە بکەن، خۆیان بەشێوازی ئۆپۆزسیۆن دەربخەن. راستە دواجار لەدەنگداندا بەداخەوە بەپێچەوانەی قسەکانیان دەنگیان دەدا. بەڵام زۆرجار قسەکانیان وادەکرد کە خەڵک لە خۆیان رازی بکەن.

رادیۆی گۆڕان: لەم خولەی پەرلەماندا چەند یاسایەک دەرکران کە دژی خەڵک و ئازادییەکان بون بە تایبەتی لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆندا، نمونە یاسای خۆپیشاندانەکان، کە هەندێک بەیاسای رێگری لە خۆپیشاندان ناوی دەبات، پێتانوایە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبوایە دەسەڵات بیری لەدەرکردنی ئەم جۆرە یاسایانە نەدەکردەوە بەشێوەیەک ئازادییەکان بە یاسا کۆتوبەند بکات؟
کوێستان محەمەد: دو حاڵەتە، یەکەمیان دوای دەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات ئیتر دەیویست ئازادی و مافەکانی خەڵک کۆنتڕۆڵ بکات و بیخاتە ژێر هەیمەنەی خۆیەوە. بە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا، لەوانەش دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، کە دو یاسای زۆر ترسناک و مەترسیدارن بۆ سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵک، کە چاودێر هەمو جموجۆڵێکی تاکەکان دەکات هەر لەکاسبکارێکەوە تا بەرزترین ئاستی پلەی وەزیفی. ئەمە هەوڵێک بو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک و ئۆپۆزسیۆنیش. حاڵەتێکی تر ئەوەیە لەڕابردوشدا کۆمەڵێک یاسای هاوشێوە دەرکراون، بەڵام لەبەر نەبونی ئۆپۆزسیۆن خەڵک ئاگاداری دەرکردنیان نەبوە، بۆ نمونە لەساڵی 1992 پەرلەمان و حکومەت هاتون ئەو زەویانەی کە پیاوانی رژێم وەریانگرتوە. گێڕاویەتیەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و ئەو وەزارەتەش دابەشیکردوە بەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵدا، دوای چەند ساڵێک پەرلەمان هاتوە ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندوەتەوەو ئەو زەویانەی گێڕاوەتەوە بۆ پیاوانی رژێم زەویەکی لەپێشمەرگەیەک لە زیندانییەکی سیاسی و مامۆستایەک سەندوەتەوەو داویەتی بەکەسێکی بەعسی و پیاوانی هەواڵگری، کە لەدوای راپەڕینەوە چونەتەوە بۆ ناوەند و دەستیان هەبوە لە تاوانکاری زۆر گەورەدا. ئێمە لەچوارەم ساڵی خولی پێشودا بۆمان دەرکەوت کە پەرلەمان کارێکی وا زۆر مەترسیداری کردوە. بەڵام لەبەر نەبونی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانداو لەبەرئەوەی کەسانێکیش کە ئەو غەدرەیان لێکراوە لایەنێک نەبوە سکاڵای خۆیان بەرنە بەردەمی و راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و ئەهلی وانەبوە ئەم حاڵەتانەیان بخەنە بەردەست، خەڵک ئاگای لەم هەوڵە مەترسیدارانەی دەسەڵات نەبوە.

رادیۆی گۆڕان: یەکەم سەدای ئێوە، لەساتی پەسەندکردنی بودجە بو لەساڵی 2009داو کێشاتان بەمێزەکانداو رێگریتان کرد لەوەی دەسەڵات بودجەکە بەوشێوەیەی کە خۆیان دەیەوێت تێپەڕێنن. دواتریش لەچەند پرسێکی تردا ئەم هەڵوێستانەتان دەنواند، دواترینشیان لە 30ی حوزەیراندا لەساتی تێپەڕاندنی هەردو پڕۆژەی درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی مەسعود بارزانی و ماوەی کاری پەرلەمانی کوردستان. ئەم شێوازە کارکردنەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا کە دەسەڵات بە "فەوزا" ناوی دەبات، ئێوە خۆتان چۆن ناوی دەبەن؟ ئایا پێتانوایە ئەمە ئەرکی ئۆپۆزسیۆنە بەو شێوەیە کار بکات، یاخود چۆن؟
کوێستان محەمەد: بەدڵنیاییەوە ئەوە جۆرێکە لەخەباتی پەرلەمانی و خەباتێکی زۆر مەدەنییە، لەباتی ئەوەی کاتێک گەیشتینە بنبەست چەک روبەڕوی یەکتر بکەینەوە، کاتێک لەساڵی 1994 یەکێتی و پارتی پەرلەمانیان پەنجا بە پەنجا دابەشکردبو، نەدەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و مەسەلەکان بەبنبەست دەگەیشتن، چەکیان بەڕوی یەکتردا بەرزکردەوەو شەڕی ناوخۆیان دروستکرد، ئێمە ئەم زمانەمان گۆڕی، زمانی چەکمان گۆڕی بە زمانی چالاکی مەدەنی و خەباتی پەرلەمانی، ئەمەش یەکێکە لەو دەستکەوتانەی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتیش فراکسیۆنی گۆڕان و بزوتنەوەی گۆڕان کردویەتی. بەڵێ دوای ئەوەی کە بودجەی 2009 هاتە بەردەستی ئەندامانی پەرلەمان، دوای ئەوەی ئەو بەڵگەو دۆکیۆمێنتانەی لەحکومەتەوە هاتبو و بینیمان کە چۆن بەشێوەیەکی ناڕەوا داهاتی ئەم هەرێمە تەخشان و پەخشان کراوە. بەهەدەردانێکی گەورە کرابو، داهاتی گشتی دەستکاری کرابو، داهاتی ناوخۆ شاردرابویەوە، جگەلەوەش چەندین پڕۆژەی حیزبی لەناو پڕۆژەی بودجەدا هەبو، چەندین پڕۆژەی وەهمی و دوبارە بویەوە هەبو، ئێمە نەمانتوانی لەمانە بێدەنگ بین، چونکە ئەوە دواجار بەرژەوەندی باڵاو قوتی خەڵکە، بۆیە ئێمە کە زانیمان سەرۆکایەتی پەرلەمان گوێمان لێناگرێت و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی قسەکانمان دەدات، بە ناچاری کێشامان بە مێزەکانی بەردەمماندا لەپەرلەمان، دواجاریش خۆشبەختانە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەڵامدەرەوەی ئەو فشارەی ئێمە بو، وایکرد رێگا بدات ئێمە هەمو قسەکانی خۆمان و کەموکورتییەکانی بودجە بخەینەڕو، دواجاریش توانیمان هیچ نەبێت پڕۆژە حیزبییەکان لەپڕۆژەی بودجە بکەینە دەرەوە، توانیمان هەندێک دادپەروەری بۆ کۆمەڵانی خەڵک بەدەستبهێنین لەناو بودجەکەدا.

ئێمە پێمانوایە ئەم جۆرە خەباتە هەتا لەگەڵ دەسەڵاتێکدا بیت لەناو پەرلەماندا کە گوێ لە تۆ نەگرێت و بڕیاری ئەوەشی دابێت گوێ نەگرێت و هیچ داخوازی و داوایەکی خەڵک جێبەجێ نەکات، بەنیاز بێت دەستبگرێت بەسەر داهات و قوتی خەڵکداو سامان گشتی بەهەدەر بدات و داهاتی گشتی بشارێتەوە، تۆ دەبێت بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت. لەباتی ئەوەی دەستبەرت بۆ چەک، پێویستە خەباتی پەرلەمانی لەگەڵ بکەیت و پێویستە بکێشیت بەمێزەکانی بەردەمتدا، پێویستە هەرچی جۆرە خەباتێک دەکرێت لەناو پەرلەماندا ئەنجامی بدەیت بۆ ئەوەی وابکات دەسەڵات وەڵامی تۆ بداتەوە، ئەمە زۆر باشترە لەوەی لەڕابردودا یەکێتی و پارتی گەیشتبێتنە ئاستێک دەستیان بردوە بۆ چەکەکانیان و بە هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتەیان بەکوشت داوە، بەڵام نەماهێشت بگاتە ئەو ئاستە.

رادیۆی گۆڕان: لەم خولەی پەرلەماندا بەتایبەتی دوای ئەو هەڵوێستەی ئێوە لە ساڵی 2009 لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان نواندتان، کۆتوبەندەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان زۆر کران و ئازادییەکان سنوردارکران و دانیشتنەکانی پەرلەمان راستەوخۆ نەدەگوازرایەوە و تەنانەت دوایش کە لەرێگەی راگەیاندنی پەرلەمانەوە وێنەی دانیشتنەکان دەگوازرایەوە، بەشێکی مۆنتاژ دەکرا، قسەت لەسەر ئەمە چیە.
کوێستان محەمەد: لە خولی دوەمدا کە من ئەندامی پەرلەمان بوم، لەگەڵ ئەوەی کەناڵی نەورۆز دانیشتنەکانی بەراستەوخۆ پەخش دەکرد، زۆرجار لە دانیشتنی گرنگ و دانیشتنەکانی بودجەیا کەناڵە حیزبییەکانیش بە راستەوخۆ پەخشیان دەکرد، نەک ئەمە بەڵکو بە بەردەوامی کەناڵە حیزبییەکانی وەکو گەلی کوردستان و کوردستان و کوردستان تیڤی زاگرۆس، دەهاتن روماڵی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان دەکرد و هیچ کەسێک رێگری نەدەکردن، نەک هەر ئەوان، پەیامنێری هاوڵاتی و ئاوێنەش دەهاتن و لەنێو هۆڵەکاندا روماڵیان دەکرد و ئازادییەکی تەواو بۆ راگەیاندنەکان هەبو، ئەمە بەردەوام بو تا ئەوکاتەی جەنابت ئاماژەت پێکرد، کە کێشامان بە مێزەکانی بەردەممان لە بودجەی 2009دا، هەر رۆژی دوای ئەوە دەرگاکان بەڕوی کەناڵەکانی راگەیاندندا داخرا، بەتەنها دواتر هاتن دانیشتەنەکانیان تۆمار دەکرد و بە مۆنتاژ  کراوی دەیاندا بە راگەیاندن.

دواتر لە سەردەمی کەمال کەرکوکیدا کەناڵێکی راگەیاندن دروستکرا بۆ پەرلەمان، بەهەمان شێوە دانیشتنەکانی تۆمار دەکرد و بە مۆنتاژکراوی دەدرا بەو کەناڵانەی بیسیوتایە و رۆژێکی رۆژنامەوانیش دروستکرابو، رۆژنامەنوسەکانیش لەوێەوە دەیانتوانی دانیشتنەکان ببین، بەڵام لە سەردەمی سەرۆکی ئێستای پەرلەمان، بەڕێز ئەرسەلان بایزدا، کەناڵی پەرلەمان داخرا، رۆژنامەنوسان کرانە دەرەوە، ئەو ژورەشی پەیامنێران سەیری دانیشتەکانیان دەرکرد، داخرا و پەنجەرەکان رەشکرا، بەتەواوەتی کاتیمێکی ئیعلامی گەورە خرایە سەر پەرلەمان، بەشێوەیەک کە کەس نازانێت چێ دەگوزەرێت لەناو پەرلەمان.

رادیۆی گۆڕان: مافی خەڵک نیە بزانێت نوێنەرانی باسی چی دەکات لە پەرلەمان و چۆن داکۆکی لە هاوڵاتیان دەکەن، لەکاتێکدا پەرلەمانتار و فراکسیۆن  بەباشی داکۆکی لە خەڵک نەکات، حەقە خەڵکیش باجیان لێوەربگرێتەوە یاخود سزای خۆیان بدات ئیتر لەرێگەی دەنگدانەوە بێت یان شێوازی دیکە.
کوێستان محمەمەد: بەدڵنیایەوە لە زۆربەی زۆری وڵاتاندا، بە تایبەت وڵاتە دیموکرات و پێشکەوتوەکاندا، نەک دانیشتنەکان بە راستەوخۆ پەخش دەکرێت، بەڵکو دانیشتنەکانی لیژنەکانیش پەخش دەکرێت، ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان و ئەوەی لە 30 حوزەیران رویدا ئێمە بە کامێرای خۆمان تۆماری دانیشتنەکەمان کرد و ئەگینا ئێستاشی لەسەر بێت ئەو تۆمارەیان نەداوە بە ئۆپۆزسیۆن و مۆنتاژیشیان کردوە و بە مۆبایلی خۆمان وێنەی ناو پەرلەمانمان گرتوە، بەدڵنیاییەوە لەهەر وڵاتێکدا کە بانگەشەی دیموکراتی بکات دەبێت دانیشتنەکان راستەوخۆ ببینرێت، ئەوەش بە یاسا رێکخراوە، لەیاسای رۆژنامەگەریدا هەمو  رۆژنامەنوسێک مافی ئەوەی هەیە بچێتە دانیشتنە گشتی و تایبەتییەکانەوە.

رادیۆی گۆڕان: ئەوە ئەو پرسیارە دروست دەکات، ئێوە ئۆپۆزسیۆن بونتان هەڵبژارد، تاوەکو پایەیەک لە پایەکانی دیموکراسی بچەسپێنن، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا هەردو حیزبی دەسەڵات هەوڵیانداوە ئەو شێوازە نوێیەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان وەکو خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن وەک لە شێوەی پەرلەمانی کوردستان، کە بینیمان چۆن ئازادییەکان کۆت و بەند دەکرێت و سانسۆری سەر رۆژنامەنوسان و کەناڵەکانی راگەیاندن زۆر دەبێت بەس لەبەر ئەوەی چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆن نەبینرێت، پێتوایە ئۆپۆزسیۆن هەوڵیداوە سیستمی دیموکراسی لە هەرێمدا بچەسپێنن و لەبەرامبەردا دەسەڵاتیش هاوکاری بوە، یاخود بە پێچەوانەوە زۆر دژی بوە.
کوێستان محەمەد: بەدڵنیاییەوە، ئێمە هەوڵمانداوە کە سیستمی سیاسی گۆڕانکاری بنەڕەتی تێدا بکەین و پایەکانی دیموکراتی لە هەرێمی کوردستان جێگیر و توند بکەین و بۆ ئەمەش چەندین پرۆژە یاسامان پێشکەشكردوە و خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتیمان کردوە لە پەرلەمانداو و هەوڵمانداوە هۆشیارییەکی وا بە خەڵک بدەین کە کاتی ئەوەیە خەڵک خەباتی چالاکی و مەدەنی بکات لەپێناو دیموکراتییەت و مافەکانی خۆیدا، لەبەرامبەردا و وەکو خۆت ئاماژەت بۆ کرد، دەسەڵات پڕاوپڕ پێچەوانەی ئەمە هەوڵیدا داوە، یەکەم نەیهێشتوە ئەو یاسانەی ئێمە کە رەهەندی نیشتیمانییان هەیە و بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگایە هەمو جارێک رەتیکردوەتەوە و کۆنتڕۆڵی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کردوە بە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای زۆر خراپ وەکو پێشتر ئاماژەم بۆکرد، دواجاریش کۆنتڕۆڵکرنی راگەیاندنی پەرلەمان تاوەکو هیچ کەس ئاگای لێ نەبێت.

رادیۆی گۆڕان: جگە لەوە هیچ هەوڵیداوە رۆڵی پەرلەمان لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا پێگە و رۆڵی کەمبکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی تێدایە و کەناڵێکە لەوێوە دەتوانێت لێکۆڵینەوەی خۆی بکات لە هەرێمی کوردستاندا؟
کوێستان محەمەد: خۆی ماوەی ئەم 21 ساڵە کە پەرلەمان هەبوە لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵات هەوڵیداوە ئەم دامەزراوە گرنگە، دامەزراوەیەکی کارتۆنی بێت، دامەزراوەیەک بێت کە بڕیارە چارەنوسسازەکان لەوێ نەدرێت و لەپشتی پەردەوە یەکێتی و پارتی کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵام ئەم چوار ساڵەی کە ئۆپۆزسیۆنی تێدابوە، زۆرترین هەوڵیانداوە پەرلەمان ناشرین و سوک و بەکارتۆنی بکەن، وای لێبکەن بەخەڵک بڵێن ئەو پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆنەکەی ئێوەی تیایە، بێکەڵکترین دامەزراوەیە، با خۆشمانی تێدا بین، راستە لە ساڵی 1992ەوە ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، بەڵام زۆرترین هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ نابوتکردنی پەرلەمان ئەم چوار ساڵە بوە.

رادیۆی گۆڕان: زۆرجار دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان باسلەوە دەکات، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی دروستبوە، ئۆپۆزسیۆنێکی نێگەتیڤ بوە نەوەک پۆزەتیف، خەڵکی پرسیاری ئەوە دەکەن، ئایا ئەو ئۆپۆزسیۆنە وا نێگەتیڤە  کە دەسەڵات باسی دەکات، لە کاتێکدا جگە لەوەی کۆمەڵێک کارتان کردوە لە بەرژەوەندی خەڵک و لەدوای 17ی شوباتیش جگە لە فراکسیۆنەکان، پاکێجیان هەبو بۆ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و چەندین کۆبونەوەی تر هەبوە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێم و بەتایبەتیش گۆڕان بەشداریکردوە و پرۆژەی هەبوە، هیچ خۆی بەدەر نەگرتوە لە شێوازی ئەم دەسەڵاتەی لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا دەسەڵات بە بەردەوام ئەو تۆمەتە بە ئۆپۆزسیۆن دەبەخشێت، پێتانوایە ئەو تۆمەتەی بە ئێوەی دەبەخشێتەوە، بۆچی بە ئۆپۆزسیۆنێکی پۆزستیف نایبینێت؟
کوێستان محەمەد: دەسەڵات لە سەرەتاوە دەیویست کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن بکات، دەسەڵات ئۆپۆزسیۆنێکی دەوێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت، بە عەقڵی ئەو بیربکاتەوە، بەعەقڵی ئەو بڕیار بدات، لەژێر هەیمەنە و دەسەڵاتی ئەودا بێت، مەسەلەی ئۆپۆزسیۆنی ئیجابی و سلبی بیدعەی یەکێتی و پارتییە کە دەیانەوێت ئۆپۆزسیۆنی پێ ناشرین بکەن، لەکوێی دونیا ئۆپۆزسیۆن هاتوە بۆ چاکسازی لە سیستمی سیاسی پاکێج پێشکەش بکات، هاتوە پرۆژە یاسا پێشکەش بکات، هاتوە کەموکورتییەکانی خەڵک بخاتە سەر دەسەڵات، بە پێچەوانەوە ئێمە ئۆپۆزسیۆنێک بوین، لەهەمو ئۆپۆزسیۆنەکانی دونیا جیاواز بوین و هەوڵمانداوە سیستمی سیاسی بگۆڕین، هەوڵمانداوە ئاشتی و ئارامی بەرقەرار بکەین، هەوڵمانداوە پرۆژە یاسا پیشکەش بکەین، هەوڵمانداوە کەموکورتییەکانی خەڵک چارەسەر بکەین، بۆخۆم لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانی وڵاتانی دیکە دانیشتوم، وتویانە ئێمە پرۆژە پێشکەش ناکەین بەدەسەڵات، ئەوەی کە هەمانە خۆمان لەکاتێکدا دەسەڵات دەگرینە دەست، ئێمە ئەوە جێبەجێ دەکەین بۆ سەرکەوتنی پەیام و بەرنامەکەمان و ئەوەی ئێوە کردوتانە حاڵەتێکی زۆر تایبەتە و بەرز نرخاندویانە کە بۆ سەرخستنی ئەزمونەکە هاتوین هاوکاری دەسەڵاتمانکردوە بە پێشکەشکردنی پاکێج و 50 پرۆژە یاسا لەلایەن فراکسیۆنی گۆڕانەوە، بەوە کێشە و کەموکورتی خەڵکمان بردوەتە بەردەمی دەسەڵات، ئێمە نەک ئۆپۆزسیۆنێکی سلبی، وەکو ئەوان دەڵێن نەبوین، لە ئیجابی ئیجابی تر بوین کە هەوڵمانداوە کێشە و کەموکورتییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا چارەسەر بکەین.

رادیۆی گۆڕان: سەبارەت بە فراکسیۆنی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بە گشتی، خەڵک دەڵێت ئێستا چوارساڵی پەرلەمان بەڕێکرا، فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و ئۆپۆزسیۆن چ دەستکەوتێکی لەمە بەدەستهێناوە؟
کوێستان محەمەد: بەڵێ کۆمەڵێک دەستکەوتی زۆر گرنگ هەیە، یەکەم پەڕینەوەی قۆناغەکە، لە قۆناغێکی چەق بەستو بۆ قۆناغێک کە تێیدا باسی کەموکورتی و گەندەڵییەکان بکرێت، قۆناغێک کە تیایا دەست بخرێتە سەر کەموکورتییەکان، وا تیایدا ئۆپۆزسیۆن لەم چوارساڵەدا هیچی نەکردبێت، ئەوا گەندەڵییەکانی ئاشکراکردوە و لەم چوار ساڵەدا هەمو کەلێنەکانی بودجەی بۆ خەڵک ئاشکراکردوە، داهاتەکانی گومرگەکان و باجەکان و نەوت، روی لەسەر هەڵماڵیوە، سەرباری ئەوەش وەکو فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتیش گۆڕان لەناو پەرلەماندا چەند دەستکەوتێکیان بەدەستهێناوە بۆ خەڵک، ئەگەر نەمانتوانیبێت گۆڕانکاری ریشەیی بکەین، ئەوا گۆڕانکاریمان لە ژیانی خەڵکدا کردوە کە هەندێکیان بەو پرۆژە یاسایانە بون کە ئێمە پێشکەشمانکردوە، هەروەها کاتێکیش ئێمە پرۆژە یاسامان بۆ چاککردنی باروگوزەرانی خەڵک پێشکەشکردوە، هاتون دەسەڵات هاوشێوەی ئەو پرۆژانەیان پێشکەشکردوە.

رادیۆی گۆڕان: ئەو پرۆژە یاسایانە چین کە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەبوە، پرۆژەی ئێوە بوە و جەختان لەسەریکردوەتەوە و پەسەندکراوە.
کوێستان محەمەد: ئێمە توانیومانە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ خەڵک دابینبکەین و بۆ پێنج ملیۆن زیادی بکەین، پێشتر پێشینەی هاوسەرگیری تەنها بۆ فەرمانبەران بو، ئێستا خەڵکی دیکەشە، جاران هەر کوڕان وەریان دەگرت، ئێستا کچانیش وەری دەگرن، ئێمە توانیومانە پێشینەی خانوبەرە بڕەکەی زۆر زیاد بکەین، جاران تەنها بۆ شارەکان بو، ئێمە توانیمان بۆ قەزا و ناحیە و گوندەکانیش دەستبەری بکەین، ئێمە توانیومانە موچە و دەرماڵەی هەرە زۆری فەرمانبەران و کارمەندانی هەرێم هاوتا بکەین لەگەڵ ناوەندا، کە پیشتر جیاوازییەکی زۆر زۆر هەبو، وە ئەو هاوتاکردنە و دواتر قەرەبوکردنەوەی فەرمانبەران کە پارەیەکی زۆریان لای حکومەت بو، ئێستا سلێمانی وەریگرتوە و هەولێریش بەشێکی وەریگرتوە و بەشێکی ماوە، ئەوە دەستکەوتی ئۆپۆزسیۆن بوە، ئەگینا هەرگیز یەکێتی و پارتی ئەو پارەیەیان نە ئەدایەوە بە فەرمانبەران و ئەو قەرەبویەیان نە ئەدانەوە و رێککردنەوەی موچەکانیان نەدەکرد، کە ئەوە یەکێک لە هەرە دەستکەوتە گرنگەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ چاککردنی موچە و دەرماڵەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ، چ لەناوەند و چ لە هەرێم دەستکەوتی ئۆپۆزسیۆن بون، وە هەروەها دەرکردنی یاسای زیندانی سیاسی و دواتر هەموارکردنی، ئەوە دەستکەوتی ئۆپۆزسیۆن بوە، هەمواکردنی یاسای ماف و سەرمافەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، ئەوە دەستکەوتی ئۆپۆزسیۆنە، دەرکردنی یاسای کەمئەندامان راستە جێبەجێ نەبوە، بەڵام دواجار یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئۆپۆزسیۆن.

رادیۆی گۆڕان: بەشێک لە پێشینەکانی خانوبەرە  و هاوسەرگیری وەستاون؟
کوێستان: ئێستا کراونەتەوە و لەمانگی شەش و حەوتەوە دەستکراوە بە دابەشکردن و لەدوای جەژنیشەوە، مامەڵە نوێیەکان وەرگیراوە، ئەوەش دوای بەدواداچونێکی زۆری ئێمە وەکو ئەندامانی پەرلەمان بۆ وەزارەتی دارایی و بە فشاری ئێمە دەستیپێکردوە و مامەڵە نوێیەکانیش وەردەگیرێن، ئێستاش ئەوانە دەستکەوتی ئۆپۆزسیۆنن، ئەمانە و کۆمەڵێک دەستکەوتی تر، ئێمە توانیومانە لەناو پرۆژەی بودجە کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر گەورە بکەین، کە هەم پرۆژە حیزبییەکانمان کردوەتە دەرەوە، توانیویشمانە هەندێک پرۆژەی گرنگ بۆ قەزا و ناحییە و گوندەکان جێگیر بکەین کە لەبەرچاو نەگیراون، هەروەها توانیومانە دادپەروەری لە نێوان فەرمانبەراندا دەستەبەر بکەین، هەندێک دەرماڵە بگێڕینەوە بۆ فەرمانبەران، ئەمانە کۆمەڵێک دەستکەوتن کە ئۆپۆزسیۆن پرۆژەی بۆی هەبوە، بەتایبەتیش فراکسیۆنی گۆڕان، لەگەڵ ئەوەش زۆر پرۆژە و کاری دیکە پێشکەشمانکردوە، بەڵام جێبەجێنەکراوە، وەکو بابەتی دەستور و هەموارکردنەوەی یاسای دەزگای ئەنجومەنی ئاسایش و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئاسایش، هەمواکردنەوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەموارکردنەوەی یاسای خۆپیشاندان، دەرکردنی یاسای بودجەی حیزبە سیاسییەکان، ئەمانە و کۆمەڵێک یاسای تر کە هەموی پرۆژەمان بۆ پێشکەشکردوە، بەڵام دەسەڵات نایەوێت، لەبەر ئەوەی ئەمە گۆڕانکاری ریشەیی لە سیستمی سیاسیدا دەکات، و پێیانوایە هەر گۆڕانکارییەک لە سیستمی سیاسیدا بکرێت، بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.

رادیۆی گۆڕان: بەرێزتان وەکو ئەندامێکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی گۆڕان، ماوەیەکیش سەرۆکی فراکسیۆن بویت لە پەرلەمانی کوردستان، ئاگاداری بزوتنەوەکەشیت و وەکو کادیرێکی ئۆپۆزسیۆن و گۆڕان کارتکردوە، ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردسات و بە تایبەتیش گۆڕان، خەسڵەتی ئەوەی تێدایە بگاتە دەسەڵات، بەوپێیەی لە ودەی هەڵبژاردنەکان نزیک بوەتەوە و چوار ساڵ کاری ئۆپۆزسیۆن بەڕێکرا و ئومێد دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕان دەنگ زیاتر بهێنێت و بتوانێت بچێتە دەسەڵات؟
کوێستان محەمەد: من پێموایە ئەو خەسڵەتانەی تێدایە، ئەم چوار ساڵە سەلماندویەتی کە ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر کارای جدی بێت، و چەندین پرۆژە و چەندین پاکێجی هەبوە، بۆ بە سیستەماتیککردنی هەرێمەکە و گۆڕینی سیستمی سیاسی، بەڵێ پێموایە سەرکەوتوترین لایەنی سیاسی، بزوتنەوەی گۆڕانە کە دەسەڵات بگرێتە دەست، خۆشبەختانەش دواجار کە خەڵک بینی چۆن سەروەت و سامانی هەرێم بە تاڵان دەبرێت و ئەو هەمو نایەکسانییە دەبینیت، ئەو هەمو گەندەڵییە دەبینێت، ئەو هەمو پێشێلکارییە یاساییە دەبینێت، من پێموایە خەڵک بە تەواوەتی هۆشیار بۆتەوە و بڕیاریداوە سزای سیاسی یەکێتی و پارتی بدات و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان، دەنگەکەی خۆی بگوێزێتەوە لە یەکێتی و پارتییەوە بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتیش بزوتنەوە گۆڕان، بەپێی ئەو راپرسیانەی کراون و بە خودی ئەوانەی دەسەڵاتیشەوە، بزوتنەوەی گۆڕان زۆر لە پێشی لایەنەکانی دیکەوەیەوە و کورسی و دەنگەکانی بەرەو زیادبون دەچێت، پێشم وایە گۆڕان کورسییەکی زۆر بەدەستدەهێنێت، بەوهیوایەی بتوانێت زۆرینەی کورسییەکان بەدەست بهێنێت و حکومەت پێکبهێنێت.

هەروەها ئەمە رای خۆمە و پێموایە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بتوانێت زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کاتی ئەوەیە کە حکومەت پێکبهێنێت و بچێتە دەسەڵاتەوە، با لایەنێکی کە تائێستا لەدەسەڵاتدا بوە بچێتە ئۆپۆزسیۆنەوە، چونکە ئۆپۆزسیۆنبون نە عەیبەیە نە کارێکی مەترسیدارە، بەڵکو ئەبوایە هەر لە ساڵی 1992ەوە کە هەڵبژاردن کرا، هەروەکو کاک نەوشیروان پێشنیاری بۆ یەکێتی کرد کە ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەبوایە هەر ئەوکاتە یەکێتی ئۆپۆزسیۆنبونی خۆی راگەیاندایە، ئەگەر ئەوکاتە یەکێتی و پارتی لایەنێکیان لەدەسەڵاتدا بوایە و لایەنێکیان ئۆپۆزسیۆن، هەرگیز قەیرانەکان نەدەگەیشتە ئەم ئاستەی کە ئێستا هەیە، ئەبوایە لەوکاتەوە ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنبون و دەسەڵات لەهەرێمدا هەبوایە، چونکە ئەمە رێگا راستەکەیە، ئەمە دیموکراتییەتە، بەداخەوە دوای 18 ساڵ ئۆپۆزسیۆن سەر هەڵبدات، وایکرد هەمو شتەکان بە بنبەست بگات و ئێستاش کە بزوتنەوەی گۆڕان چوار ساڵ توانی، ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و جدی بێت و متمانەی خەڵک بەدەست بێنێتەوە، دەتوانێت دەسەڵات زۆر بەباشی پیادە بکات و حکومەتێکی سەرکەوتو پێکبێنێت.